‎گوڵ ئەستێرە. سەید خدر میرسەیدی

ئەوێ شەوێ بەدیار ترپەی بارانەوە وەنەوزان خزانە نێو پێلوی چاوەکانم،دنەیان دەدام بەسپایی سەرم بەماڵی فریشتەی خەودا دەکرد،دەگەڕامەوە، بەلاواندنەوە دەیانبردمەوە دەرگای خەو! گڤەی درزی پەنجەرەکەمان رایتڵەکاندم کە سەیرم کرد لیزگەی لێزمەبارانێ هۆن هۆن بە روخساری شوشەکانەوە رێچکەیان بەستوە، هەورو باران و با شەو و شوشە هەودای خەیاڵمیان برد وەنەوزان وەک باڕیزە دابارینە سەرم،خوای خەو فریشتەیەکی سپی پۆش نەرم نەرم گرتمێ باوەش، هەستم بەجیڕەی دەرگا کرد، تۆمەز لە قۆناغی پرخەدا بووم چاوەکانم تەواو قورس ببوون،شەوبایەکی فینک لە سەران شۆڕ ببۆوە و ئەو دەڤەرەی دارماڵ کردبوو لە بۆنی جاترە و گیاخاو و کەنیرەی زەرد، بۆنی گڵی دوای باران، تۆپەڵە هەورەکان وەک کەڵافە لۆکەی هەللاجی کراو تێک چڕژابوون نەوی نەوی، دوور لە تیشکی خۆر و هەتاو بەدیار چاوی کسکی ئەستێرەکان لەنگەرمان گرتبوو!

شنەبای شەو و شەونمی گەڵا و گوڵە گەنم و دەمەن، هەڵمی چەم و هاڵاوی چەمەن،تۆڕێکی کەوکی تەنکیان تەنیبوو،تریفەی مانگە شەو دەیان شەبەنگی زێوینی ئافراندبوو، مانگ خزیبۆ ناخی کانی تێکچڕژا بوون لەگەڵ زیخ وچەو، وەک دووگراوی لێک وون بوو،لەیاڵی سەروو تولەرێی بستوو، کاروانێک بەرەو ئێرەدێ ماندوو،ماندوو!

چەند تەرمێکان پێیە لەسەر پشتی یەکسمەکان شتەک دراون رووبەخاک دەلاژێنەوە،خشپەی خیزەڵان و چەخماخەی سمی وڵاخەکان تیکەڵ بە نرکەی سواران و زرمەی ناڵان لەخڕیک نەدیوبوون، هێدی هێدی هەڵکشانە بەرماڵان، کۆزیلەیان بەست سەرقافڵەچی پیرێکی بەساڵداچوو چاوەتیژەکانی لەژێر شەپکەی برۆ چڕ وپڕەکانیدا دەتروسکاوە، لەسێ کوڕی زیت وقۆچاغ خوڕی، بچوون ئاگاداریان کەنەوە، کۆڵانی تەسک و ترووسک، دەرو دیواری قورێن،نە جریوەدێ لەماڵێ، نە لەدەرکێ حەپەی گەماڵـێ، پاش چەند خولەکێک هەرچی هەژار ورەش و رووتی دێ بوو، وورووژان و داگەڕانە خوارێ، بوو بە زەناو شین و شەپۆڕ،چەند ڕێچکەی باریک شەقڵی ئاونگی سەر مێرگیان شکاندبوو، وەک پێنج هێڵی نالێک لە دەوری تەرمەکان جەمبوورەیان کرد،فەرماندە بڕیاریدا دوا ماچی ماڵاوایی لە ئازیزانیان بکەن، تێکیان داویشت هەرکەسەو تەرمی ئازیزەکەی خۆی دیتەوە ماچیان دەکردن پەنجەی سارد، ئەنگوستی مشتکراو، کاکۆڵی ئاڵۆسکاو، زەنگاڵی نوسەکاوی، جەمەدانی خوێناوی، چەند سەرەژنی مێرانە شینیان ئەهوەن دەکردەوە:مەکەن مەگرین با دوژمنمان پێخۆش نەبێ،کوڕینە کاروان کوژە دەرکەوت، ڕۆژ بێتەوە شوفار و سیخورەکان شوێن پێمان هەڵدەگرن،گوێ بگرن: ئەوا ئێمە دەرۆین و تەرمی ئازیزانمان لە گردی گوڵ ئەستێران بە دایکی نیشتمان دەسپێرین بەڵام ئەو نەهێنیە لەلای خۆتان بێ، کەواسوران پێنەزانن! دوژمن تێدەگەیەنن وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان، بێ ڕێزی بە تەرمی خەباتکارانمان دەکەن،لەو ڕۆژەوە هەموو ڕۆژێ بێ نێوەدان دایە گەورەکان قولەناسک و شەقارەکانی نەوە بێمرادەکانیان دەگرتە دەست و لە پەنا سێبەری شۆڕە بیەکانی مەندە جۆیە، لە بستوی سەروو، لەگردی گوڵ ئەستێران دەڕوانن.
‎سەید خدر میرسەیدی