چۆن بووم بە پێشمەرگە. نووسینی: عەلی شەخسی

چۆن بووم بە پێشمەرگە. نووسینی: عەلی شەخسی
چۆن بووم بە پێشمەرگە.

لە بنەماڵەیەکی دەستکورت بەڵام شایی بەخۆو خاوەن عیزەتی نەفس گەورە دەبووم. هەژاری بواری درێژەدانی خوێندنی لێ ستاندمەوە و دەبوو لایەکی باری گرانی ژیان دەگەڵ بنەماڵە بگرم.
هەر لە منداڵیەوە بەو شێوەیە ڕاهاتبووین کە ئێمە و عەجەم لێک جیاین. هەستی کوردبوون بە ناکامڵی بە ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لەناو لاواندا گەشەی کرد. هاتنە ئارای هێز و لایەن (احزاب) و کاری سیاسی و نەمانی دەوڵەت ڕوخساری شاری گۆڕی.
شەڕ دەستی پێکرد و پێشمەرگایەتی بۆ بەشێکی خەڵکی زەحمەتکێش بوو بە ئەرک و شانازی.
تازە دەگەیشتمێ و لە دەوری پازدە ساڵی دابووم و بەدوای داهاتێک دا دەگەڕام کە هەم خەرجی ڕۆژانەی خۆمی پێ دابین بکەم و هەمیش فشاری دایک و باوکم کە لە سەرم بوو بۆ کار کردن و سەرگەرم بوون کەم کەمەوە. ئەوان نیگەران بوون نەکا لەو هەلومەرجەی کە لە هەموو کوردستان و بەتایبەت سەردەشت هاتبوو ئاراوە لە پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی کە لەمێژ نەبوو ناوەندی شاری سەردەشتی کەم و زۆر بەدەستەوە گرتبوو تووشی کێشە ببم.
دەگەڵ ئەوەی کار کەم بوو بەتایبەت بۆ لاوەکان، بۆخۆشم زۆر حەزم بۆ لای کاروکاسبی نەدەچوو، هەر بۆیە زۆر جار بە ڕانکوچۆغەیەکی قاوەیی تاریک و جامەدانە و کلاوێکی کاموا و گیرفانی نیوە بەتاڵ و هێندێک جاران تەواو بەتاڵ دەچومە دەرەوە و لە گەڵ هاوتەمەنەکانم بازارمان دەپێوا و هێندێک جاریش ئاشقی لەنجەو لاری رۆیشتنی کچانی هاوتەمەن دەبووین بە بێ ئەوەی ئەوان بەخۆیان بزانن. ژیان تێکەڵاوێک بوو لە حەز و خولیا ، واقیع و سەختی و ئارەزوو و بێ ئەزموونی.
بەیانیەکی هاوینی بە مەبەستی قەدەم لێدان بەرەو بازاری سەردەشت بەرێ کەوتم، دوای سووڕان و گەران و گەشت، خۆم لە کوڕایی شەقامی کەمەربەندی شار کە پشتی بە گردەسوورەوە بوو دیتەوە. ئەو کات ئەوێ چەند دووکانێکی دەست فرۆشی لە تەنەکە و لەوح درووست کراوی گەڕۆکی لێ ڕادەوستان، خەڵک و لاوەکان بەتایبەت لەوێ لە دەوری یەک دەستە دەستە کۆ دەبوونەوە و هەریەک لە هەوایەک کاتیان بەسەردەبرد.
سەردەشت شارێکی بچووک، لەسەر ساختار و شێوەی کۆن بوو و هیچ هەوڵێک بۆ دابینکردنی کار و پەروەردەی لاوان و دواجار پێشکەوتنی ئابووری تێدا بەدی نەدەکرا. هەموو شتێک لە ژێر سێبەری سیاسەتێکی میلیتاریستی و ڕوانگەیەکی ئەمنییەتی مەحکووم بە بێدەنگی و لەناوچوون کرابوو.
دەگەڵ کۆڕی لاوان لە دونیای خەیاڵی خۆماندا بووین لەناکاو دیتم ماتۆڕسوارێک لە دوورەوە دیارە بەرەو لای ئێمەوە دێت. لێمان نیزیک بۆوە، هەموومان دەمان ناسی، کەسێکی درێژ و باریکی ڕەقەڵە بوو، ئەردێن و سمێلی کەم و ڕەنگ کۆسە بوو. ئاکار و کرداری ڕق و قین و بێرەحمی لێدەباری. نەخۆشێک بوو کە هیچ سففەت و هەستی ئینسانیی تێدا بەدی نەدەکرا. دەنگی خۆی و ماتۆرەکەی دەنگی مەرگ بوون و بەو شێوە سامێکی ترسناکی خست بوو بەر خەڵکی شار و خەڵک خۆیان لێ دوور ڕادەگرت.
ئەو لەگەڵ کەسێکی‌تر ناویان بەیەکەوە دەهات و لە ناو شار دەسەڵاتی سەرو ماڵی خەڵکیان هەبوو. ئەو دووانە( شهابی و رسولی) فارس بوون، بەرپرسی سوپا و ئیتلاعات و نوێنەری ئێختیارداری کۆماری ئیسلامی بوون. پەرێز و پەروەندەی ئەو دوو مرۆڤکوژە لە سەردەشت ئێعدامی دەیان لاو و زیندانی هەزاران کەس و ئەشکەنجە و وێرانی بەردەوام و دزی و دەستبەسەر داگرتنی ملوێنان دۆلار سامانی خەڵک بوو.
شەهابی بوو، هاتە پێش گووتی: “چۆنن”؟
بانگی منی کردوو لێی پرسیم ناوت چیە؟
گوتم: عەلی شەخسی! گووتی بەم گەرمایە ئەم لیباسە چیە دەبەرت کردووە؟
گووتم: من کوردم و بەرگی کوردیم پۆشێوە، گووتی: هەموو کوردێک ئەم بەرگەی لەبەرە؟ بەڵێم تەواو نەکرد کە زللەیەکی لێدام و یەک سەر دەستی لە پشتەوە بەستم و لە پشت خۆی سواری ماتۆرەکەی کردم و بەرەو مۆلگەی خانەی موعەلیمان( خانە معلمان خانوویەک بوو کە بۆ کۆبونەوەو و کاروباری فەرهەنگیان سەردەمی حکوومەتی شایی درووست کرا بووو حکوومەتی تازە کردبووی بە زیندان و ئەشکەنجەگا و مەیدانی ئێعدامی لاوانی شار) کە گەڕەکەکەش هەر بە گەڕەکی خانەی موعەلیمان دەناسرا، کە لە نێوان جادەی بلوار و ڕەزی جۆڵای بوو.
دوای چەند کاتژمێرێک بە جنێو و لێدان بانگیان کردم و گووتیان جارێکی تر بەم بەرگەوە بتگرین ڕزگاریت نابێ کەسێکیان لەگەڵ ناردم هەتا دەرەوەی مۆڵگەکەیان و گووتی: برۆ ئاوڕ نەدەیە دوای خۆت.
تووڕەتر و داخدارتر لە ڕۆژان کوڵاو جامانە و پشتێندەم لە بن هەنگڵ نابوو و لە جادەی بلواری بەرەو هەورازی بەر ماڵی خۆمان کە لە گەڕەکی سوێی بەردەقوچ بوو دەرۆیشتم و بە ماندوویی و تینوویتی گەڕامەوە ماڵی. لە لایەک تووڕە و نارەحەت بووم لەوەی عەجەمان لێیان داوم و بێ‌حورمەتیان پێکردووم لە لایەکی‌تریش شانازیم بە خۆم دەکرد کە بوومە پیاو و لەسەر دەبەر کردنی جلوبەرگی کوردی گیراوم.
کە گەیشتمەوە ماڵی دایکم گووتی ئەوە شەڕت کردووە دیسان؟ بە چەندان لێیان داوی؟ کوڕم بۆ کارێکی نابینیەوە بۆ خۆت سەرگەرم بیت؟ دەستیان خۆش بێت. درێژەی بە قسەکانی دا و نیوە شەڕ و نیوە پاڕانەوە گووتی: با بابت بێتەوە! بەخوای مارت پێوەتدا، خەتای مارەکە نیە حەتمەن خەتایەکی تۆی تێدایە.
من عادەتم بەم جۆرە قسانەی دایکم هەر لە منداڵیەوە گرتبوو لە هەڕەشەکانی نەدەترسام، زوو ئاشت دەبۆوە و لەبیری دەچۆوە. من لە تووڕەیی عەجەمان و دایکم لە تووڕەیی لە من سارد بووینەوە. پاش ماوەیەک بێ دەنگی گووتم: دایە شەڕم نەکردووە لای نیورۆیە شەهابی گرتمی و بردمیە خانەیی موعەلیمان. دایکم وەک تۆپێکی لە نیزیک وەتەقێ هەڵبەزیەوە و گووتی: ئەیرۆ!! چۆن؟ سەرەکەت لەخمی دەنێم هەر دەمزانی خۆت تۆش دەکەی. هەر بەیانی بە جەمەدانە گولینگە دارەکەت را دەمزانی بەڵایەکی بەسەر خۆت دێنی، با بابت بێتەوە بە خودایی ناهێلین لە کوونی ژوررێ بچیە دەرێ.
دایکم کەسایەتیکی زۆر تایبەتی هەبوو، بۆ بەخێو کردن و پارێزگاری لە دوو کچ وشەش کورەکانی شان بە شانی باوکم شاخەو شاخ و شارە و شاری دەکرد، وەکی مەلێکی گەردن زەردی سەر بەرز دایم جووجەلەکانی لە ژێر باڵی خۆی دا دەپاراست. چ بە منداڵی و چ کە گەورە بووین، هەر کەسێک دایکمی ناسیبا نەیدەوێرا بەلامان دابێت و شەڕمان پێ بفرۆشی. کە لە شتێک تووڕە دەبوو لە خۆی دا ڕای نەدەگرت. بەرامبەر هەموو کەس وابوو، ئەگەریش مسقاڵێک هەستی بە زولم و زۆرەملی کردبا فەرقی بە کەس نەدەکرد و بێزاری‌یەکەی دەردەبڕی.
دایکم خاوەنی ٣ خوشک و ٣ برا بوو، خاڵەکانم دیارە پێش هاوسەرگیری لە ژیان دا نامێنن یەکیان بە دەستی عەجەمان دەکوژرێ و یەکیان لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بە هەڵە تەقەی لێ دەکرێ و دەکووژرێ، خاڵی سێهەمیشم بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی دەکات. سێ پورەکانیشم لە ژیان دا دەمێننەوە تا سەردەمی پیریان و کۆچی دوای دەکەن. دایکی دایکم تەمەنێکی درێژی کرد و دوای کۆچی باپیرم لای دایکم ژیانی پیرانە و بەساڵاچوویی بردەسەر.
باوکی دایکم دوو برای هەبوون، سێ کەسی خاوەن مڵکێک بوون لە بێوران بە ناوی دۆڵە قەلێ. کاتێک باپیرم واتە باوکی دایکم کۆچی دوایی دەکات، یەکێک لە براکانی باپیرم کە دەبێتە مامی دایکم، دایکم و خوشکەکانی لە بەشە مڵکی دۆڵەقەلێ بێ بەش کرد، بەڵام دایکم سوور دەبێ لەسەر ئەوەی کە بەشی خۆیی و خوشکەکانی لە مامەکانی بستێنێت، یەکێک لە مامەکانی هەر زوو ڕزایەت دەدات بە کێشەکە، بەشی خۆی دەدات بە برازاکانی واتە دایکم و خوشکەکانی. کێشەی ئەم مڵکە چەند ساڵێک دەخایەنێت دادگای سەردەشت کێشەکەی بۆ چارەسەر ناکرێ و سەرئەنجام دادگای مەهاباد بەشی دایکم و خوشکەکانی لە حاجی ئاغای دەستێنێ، هەموو خەرجی دادگا و هاتووچوکە دەکەوێتە ئەستۆی مامی دایکم. دایکم کە میراتی باوکی دەستێنیتەوە مامی دەیهەوێت بە پارە مڵکەکەی لێ بکرێتەوە بەڵام دایکم پێی نافرۆشێ و دەڵێ بۆخۆم کاری لەسەر دەکەم و بە هیچ نرخ و قیمەتێک نایفرۆشم. من لە بیرم دێت کە چەند ساڵێک زەویەکە بە دەست دایکمەوە بوو پاشان لە سەرداوای خزمان و ریش‌سپیان دایکم مڵکەکەی بە حاجی ئاغایی فرؤشتەوە.
شەو هات و هەموو لە دەوری یەک کۆبینەوە، زۆر باس نەکرا کە چی ڕووی داوە، دیار بوو دایی‌ و بابم بە یەکەوە باسیان کردبوو. من بڕیاری خۆمم دابوو کە سبەی لە شار دەڕۆمە دەرێ و دەبمە پێشمەرگە. بەڵام نەمدەزانی بە کام لا دا دەڕۆم ، دەمزانی گەر بچمە بێوارن کە گوند و زێدی دایی و بابم بوو لەبەر کەمی تەمەن کە ئەو کات تەنیا ( پازدە ساڵان) بووم و بوونی خزمێکی زۆر و برا گەورەکەم کە لەوێ پێشمەرگە بوون، ئەگەری زۆریی هەیە بمنێرنەوە. شوێنی دووهەم کە لە بەرنامەم دابوو گوندی بناوێ بوو، لەوێوە دەچوومە تۆژەلێ زێوەی، (ناوچەی سەردەشت دوو گوندی هەن بە ناوی توژەڵ، کە یەکیان پاشگری زێوەی پێوەیە ئەویتریش تۆژەڵ بە پاشگری شێنێ کە لەسەر سنووری دەستکردە لە باشوورە) شەو بە ماڵیم گووت، بەیانی دەچم بۆ کاری شیرینی‌خانەی کە پێشتر لەوێ کارم کردبوو، دایی و باب زۆریان پێخۆش بوو گووتیان بە دوای کەس مەکەوە خەریکی کار و ژیانی خۆت بە.
بە بەهانەی دەستبەئاو چوومە دەرێ رانکوچۆغەکەم و باڵتۆیەکی ڕەنگ ئەمریکیم کە هەبوو بردنە سەربانی. شەو خەوم لێ نەدەکەوت، هەزار و یەک فکر و خەیاڵی بێ بنەما و گەنجانەم دەکردەوە. بیرکردنەوە لە تۆڵە ، ئازایەتی، ڕڕزگاری و لە هەموویان زیاتر ئازاد بوون لە دەست دایی و باب و بکەو و مەکەی ماڵێ و زۆر جار خزم هەتا هێندێک جار دەرو جیرانانیش.
بەیانی دایکم وەخەبەری هێنام عەلی هەستە ئەتۆ قەرار بوو بچیە کارێ، ئەوە سەعات چەند دەرۆی؟ حەزم لێبوو هێندێکی‌تر بنوومەوە ، دیار بوو تێر خەو نەببووم، تازە درۆیەکەشم کردبوو کە دەچمە کارێ.
هەستام دوای نانخواردن لیباسی کارێم دەبەر کردن و بەغار بۆ سەربانی بارگەی پێچاوەم هەڵگرتن و رۆیشتم. لە ڕێگا بڕیارم دا بچمە بناوێ، لای ئەو برادەرانەی کە لە شار ڕا چوو بوون بۆ پێشمەرگایەتی کە بنکەکەیان لە توژەڵی زێوەی بوو.
لە چاخانەی سەر جادەی بناوێ دابەزیم، چوومە ژوورێ و داوای چایکم کرد و لە کابرام پرسی خاڵە زەحمەت نەبێت بنکەی پێشمەرگەکان لە کوێە، گووتی: برێک پێڵا برۆ ئەوە لە مەدرەسەی بناوێ دان. بەپەلە بوونم بۆ گەیشتن بە بنکەی پێشمەرگەگان سنووری نەبوو، چایەکەم بە پەلە خواردەوە و رۆیشتم.
دوای ماوەیەکی کورت گەیشتمە بنکەی پێشمەرگەکانی حیزب دێموکرات لە گوندی بناوی لە بەر دەرگا چەند پێشمەرگەیەک ڕاوەستابوون سڵاوم کرد و گوتم هاتووم ببمە پێشمەرگە، یەکیان گووتی کورە تۆ زۆر منداڵی کوا پێشمەرگایەتیت پێ دەکرێ؟ یەکی‌تر پێش ئەوەی من وەڵام دەمەوە گووتی کورە ئەوە لە ئێستاوە زەنگاڵی بەستووە ، ئەوەی تۆزێک دوورتر بوو کوتی لێیگەرێن ماوەیەکی قاپ و قاچاخی مەقەری پێ دەشۆێن بۆ خۆی دەگەرێتەوە، ئەم قسانەم زۆر پێ ناخۆش بوون ، من زۆر دڵگەرم بووم ئاخر من هاتبووم کوردستان ڕزگار بکەم! ئەوانیش بە کەیفی خۆیان قسەیان دەکرد و تێم نەدەگەیشتن، منیش وەڵامم دانەوە من منداڵ نیم نەشهاتووم قاپان بشۆم! هاتووم تفەنگێ هەڵگرم و شەڕێ بکەم!
ئەو پێشمەرگەی گووتی قاپانی پێ دەشۆین گوتی کوڕی باش ناوت چێە؟ گووتم عەلی شەخسی! گووتی بێورەیی؟ گووتم بەڵێ! گووتی بۆ نەچووی بۆ بێوران گووتم رەفیقەکەم هاتووە بۆ ئەولایە، منیش هاتووم بۆ لای وی ، گووتی رەفیقەکەت کێیە گووتم رەسوڵ پەناهی، گووتی دەیناسم ئەوە لە توژەلێیە. ئەم شەو لێرە بە، ئێرەش کورێکی بێورەیی لێیە ناوی عەلی‌یە سوورەی بێورانە برۆ ئەوە لەو ژورەیە.
سوپاسم کردن و رۆیشتم بۆ لای ژوورەکە بۆ لای کاک عەلی. (عەلی سووری بێوران پێشمەرگەیەکی زۆر ئازا و چاو نەترس بوو لە ناوچە دا ناوبانگی دەرکردبوو و لە ژیانی دا چەند جارێکیش زۆر بە سەختی بریندار بوو لەگەڵ ئەوەش دا کە قسە خۆش و مەجلیس خۆشکەر بوو دەنگێکی زۆر خۆشیشی هەبوو، زۆرتر گۆرانیەکانی ناسری ڕەزازی دەگووتنەوە، پاش ماوەیەکی زۆر پێشمەرگایەتی بەرەو ئوروپا کۆچی کرد و بەداخەوە بە کارەساتی ئوتۆمبێل لە ئوروپا کۆچی دوایی کرد). کە چوومە ژووەروە کاک عەلی گووتی: ئەوە چ دەکەی لێرە؟ هاتووم ببمە پێشمەرگە! دایی و بابت دەزانن لێرەی؟ گووتم نا ، ئەدی چۆن هاتووی بزانن دێن دەتبەنەوە، گووتم ناچمەوە هاتووم تفەنگێ هەڵگرم بچم بۆ شەڕێ، گووتی زۆر باشە ئەم شەو لێرەی بەیانی بزانین چ دەبێ.
خواردنی نیوەرۆ برینج و لوبیا بوو برینجەکە زۆر گەرم و خۆش بوو بەڵام هەتا بڵێی شۆرباوەکەی ناخۆش بوو، زۆر چاکم خوارد، سفرەیان کۆ کردەوە و بە پەرداخی گەورە چایان هێنا، چایەکان زۆر کەم رەنگ بوون بە دڵی من نەبوون بەڵام ئەوەی بە دڵم بوو قەندانە پر لە قەندەکان بوون دوو لیوانی گەورەشم چا خواردنەوە. زۆر خۆشحاڵ بووم زیاتر لە جاران هەستم بە بوونی خۆم دەکرد، هەستم بە ئازادی دەکرد، پێم وابوو من یەکێک لە ڕزگاریدەرانی کوردستانم.
شەو داهات و ڕێژەی پێشمەرگەکان زۆرتر بوون لە نیوەرۆ، هەموویان لە دەوری سفرەی شەو کۆبوونەوە خواردنی شەو هێلکە و پەتاتەی کوڵیو بوو، پاش نان وچا خواردن دەست کرا بە قسەوباس و گاڵتە وگەپ. شەوەکەم بە قسەی خۆش، تەپل لێدان و گووتنی گۆرانی بە دەنگە خۆشەکەی عەلی‌یە سووری بێوران بردەسەر، وەختی نیگابانی دانان هات، داوام لێ کردن منیش بنووسن، کاک عەلی گووتی من و تۆ پێکەوە نیگابان دەبین لە نۆبەی خۆم هەڵت دەستێنم، پێشمەرگەکان هەر کەسە و جێگە و بانی خۆیان لە نیزیک یەک ڕاخست تفەنگ و فیشەکدانەکانیان لە بن سەرینەکەیان درێژ کرد و بۆی پاڵ کەوتن، کاک عەلیش هی خۆی ڕاخست و دوو پەتوو و باڵنجێکیشی بۆ من هێنا گوتی وەرە ، من لە لای دیواری دەنووم، تۆش لەولای من بنوو، پەتویێکم ڕاخست و ئەوەیترم بەخۆم دادا زۆر ڕەق و ناخۆش بوون یادی جێگە و بانی ماڵی خۆمان کەوتمەوە ، گەرم ونەرم و خۆش بوو، بەڵام بەخۆم دەگووت من پێشمەرگەم دەبێ ناخۆشییەکان قەبوڵ بکەم.
بەیانی بەدەنگە دەنگی پێشمەرگان خەبەرم بۆوە، دیار بوو چاکم خەو لێ کەوتبوو بە بیرم هاتەوە کە قەرارە من نیگابانی بدەم بەڵام دیار بوو کاک عەلی هەر بۆ رازی کردنی من گووتبووی پێکەوە ئێشک دەگرین، شەو هەڵینەستاند بووم.
دوای نانخواردنی بەیانی بە هاوکاری کاک عەلی بووم بە هاورێی چەند کەسێکی تر و بەرەو توژەڵ بەرێ کەوتم.
بنکەی پێشمەرگەکانم دیتەوە، خانوویێکی کۆنی لە بەرد و قوڕ درووست کرا بوو، پێشمەرگەکان پێکهاتەیەک بوون لە گەنجەکانی سەردەشتی، بەڵام کەم لەوێ مابوونەوە، ئەوانیتر چووبوون بۆ کار و چالاکی پێشمەرگانە، بە هۆی بوونی برادەرەکانی ناو شاری لەم بنکەیە وەک پێشمەرگە وەرگیرام.
دوای نان خواردن سەری شەوێ لە گەڵ گەنجێکی‌تر بە نیگابانیان دانام ئەوێش تازە هاتبوو هەر دووکمان بێ چەک بووین، شوێنەکەمان جێگای مەترسی نەبوو، دیار بوو ئێشک گرتنەکەمان تەنیا بۆ فێربوون بوو، دوای کاتژمێر و نیوێک ئێمە گۆڕدراین و پێشمەرگەیەک بە چەکەوە هات جێگەی ئێمەی پڕ کردەوە، شەوەکە زۆر خۆش گوزەرا و چەند شەوێک لەوێ مامەوە من و چەند نەفەرێک کە تازە هاتبوون زۆرتر کاری ناو مەقەریان پێدەکردین و شەوێش نیگابانیمان دەدا.
دوای دوو شەوان، ئێوارە درەنگێک کابرایەک کە تازە گەیشتبۆوە توژەلێ هاتە ژووری بنکەی پێشمەرگەکان و دوای سڵاو گووتی عەلی شەخسی کێ‌یە؟ تەزوویەکی سارد و ناخۆش هەموو لەشی داگرتم و دڵم بە خێرایی دەستی بە لێدان کرد. هەر زوو زانیم لە ماڵێوە بەدوامدا گەڕاون دیتوویانمەوە. گووتم: ئەمنم. گووتی دایکت لە چاخانەی بناوێ‌یە، لەوێ دەگریا و هەموو خەڵکی وێی وەسەر خۆی گێڕابوو، منی ڕاسپاردوە کە پێت بڵێم بچیەوە بناوێ و بیبینی.
پەرۆشی دایکمم بوو، فرمێسک بێ ئێختیار بە چاوانمدا هاتنە خوارێ. سوپاسی کابرام کرد و ئەو خواحافیزەی کرد، پێشمەرگەکانی دەورو بەرم رایان لەسەر رۆیشتنم بوو و منیش یەکسەر خۆم گۆری وردە کەلوپەلێک هەمبوون بە نیازی گەرانەوەی دووبارەم بۆ ئێرە بەجێ هێشتن و پێشمەرگەیەکی بە تەمەن کە لامان بوو بابۆلەیەکی نان و پەنیری بۆ لوول دام و گووتی لە ڕێگا بیخۆ.
دوا تیشکی هەتاوی هاوینی دەستی لە ملی کێوە بەرزەکان هاڵاندبوو و خۆر بەرەو ئاوا بوون بوو. ترس و دڵەڕاوکەیەکی سەیر هەموو گیانی داگرتبووم وەک ئەوی بە پێی خۆم بەرەو مەرگ برۆم ، لەگەڵ ئەوەشدا بیرم لە دایکم دەکردەوە کە بە هۆی من تووشی ئەم گریان و هەڵوەدایە بووە و بە غەریبی و تەنیایی و چاو بەفرمێسک لە چاخانەیەک چاوەڕوانی منە. نەمدزانی چۆن دەتوانم رازی بکەم نەچمەوە و هەر لەوێ بە تەنیا بیگەرێنمەوە و خۆم بگەرێمەوە لای پێشمەرگەکانی هاورێم. لشکری فکر و پرسیار دەوریان دابووم و لە ناو دوو رێیانی ترس و خۆشەویستیدا مابوومەوە. ترس لە تاریک بوون و شەو و رۆیشتنی بە تەنیا، ترسی گەرانەوەم بۆ شار و خەمی ئازادبوون و دایکم، ئارامیان لێ هەلگرتبووم.
بە هەنگاونانی بەپەلە لە توژەل دوور دەکەوتمەوە و نیوە تاریک ببوو و بەرەو گوندی بناوێ، نیوە بە رۆیشتن و نیوە بەغارهەنگاوم دەنا، لەپرا بەسەر گۆڕستانێک داکەوتم کە قەت بە شەو و بە تەنیایی دارو پەرۆی ئەسحابەی ناو دارستانی چری قەبرستانم نەدیت بوو. لە ترسانا، بەبیر نەما کە کێم و لێرە چ دەکەم و بەرەو کوێ دەڕۆم. بێ ئیختیار دەستم بە هاوار و گریان کرد و هەموو لەشم وەسەر ئاڕەق گەڕا. پێش گەیشتن بە گۆڕستانەکە ئاواتم دەخواست کە بگەمە کەسێک و ببێتە هاوسەفەرم بەڵام ئەو ئاواتەم وەدی نەهات. تەنیایی و ترس و خۆف زەینی داگرتم و بە دیتنی ئەم هەموو گۆرە لەوە دڵنیا بووم کە ئەگەر کەسێک ببینم ئەوە مردوویە و ڕاست بۆتەوە.
بە داخەوە هێندێک بیرکردنەو و نەریت وەک زیندوو بوونەوی مردووان لە ناو ئێمەدا باوە و هەر لە منداڵی را ترس و خۆفێکی بێ وێنە لە ناومێشکی ڕۆڵەکانیان دەچێنن کە گەورەش دەبن و ڕاستی ڕووداوەکانشیان بۆ ڕوون دەبێتە هەرواش شوینەواری ترس و دڵەراوکێ لە دەروونیاندا هەر دەمێنی وەک ئەوەی لە تەمەنی ١٥ ساڵی بەسەر من هاتووە و ئێستاشی دەگەڵ بێت کە بەرەو ٦٠ ساڵی دەچم.
لەسەر بنەمای دەرمانی ڕێگا هەر رۆیشتنە لە کاتێک دا تاریکایی تەواو باڵی بەسەر ناوچەکە دا کێشا بوو، بە ماندوویی و ترس و خۆفێکی زۆر گۆڕستانم تێپەراندو گەیشتمە بناوێ و چوومە ئەو چاخانەی کە دایکم چاوەڕوانی دەکردم. چاخانە داخرا بوو، تاک و تووک خەڵک دەبیندران کە بەرەو ئەملا وئەولا دەرۆیشتن، زوو خۆم گەیاندە کەسێک لێم پرسی ماڵی خاوەن چاخانەکەی لە کوێیە؟ کابرا بێ ئەوەی لێم بڕوانی و لێم بپرسێ بۆچیتە؟ گووتی وەرە با پێت بڵێـم، پاش ماوەیەکی کورت گووتی: ئەوەتا بابی من ئەوەتا ئێرەیە.
خۆشحاڵ بووم کە گەیشتوومە جێ و دایکم ئێستا لە ماڵی ئەوان چاوەڕوانمە و ئامێزم بۆ دەگریتەوە و ترس و ماندوویی ڕێگام لەبیر دەچیتەوە. لە دەرگام دا، ژنێک دەرگای کردەوە سڵاوم کرد و بێ ڕاوەستان گووتی ئەتووی کاک عەلی؟ گووتم بەڵێ گووتی وەرە ژورێ، دایکت هەتا درەنگ چاوەڕوانت بوو، بە ئاخر ماشێن رۆیشتەوە شاری و گووتی بەیانی زوو دێمەوە. ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵەی قسە ڕەوان وخۆش بوو، درێژەی دایە و گووتی جا رۆڵە ئەتۆ و پێشمەرگایەتیان کوا گووتووە بۆ لە ماڵی خۆت دانانیشی دەزانی دایکت چەند ژنێکی چاکە، بەخوای هەر دەگریا و دەیگووت کوڕەکەم منداڵە ئی دەرێ نیە.
ژنی خاوەن چاخانەکە درێژەی دایە و گووتی: رۆڵە ئەو هەموو پێشمەرگە لە وەڵاتین و شەڕێ دەکەن زیدی ئەو عەجەمە بێ دینانە و دەستەکەیان خۆش بێت هەرچەند بەخوای ڕۆلە خۆ بە تفەنگی بەتاڵ شەڕ لەگەڵ تانک و تەیارانیش سەختە، بەڵام ئەگەر پێشمەرگە نەبن دەوڵەت لە ناومان دەبات و ….
پیاوی ماڵێ هاتەوە و گووتی کورە ئەوە ئەتۆی؟ دەبوو بمزانیبا! یاخوا بەخێرێی دانیشە دانیشە. وەڵڵا کوڕی من، دەرنگ گەیشتی زۆرم بە دایکت گووت وەمێنە، بەقسەی نەکردم و گووتی سبەینێ بەیانی دێمەوە، ئەوشۆ لای خاڵی خۆت دەبێ، نابێ قسەی دایکت بشکێنی برۆوە سەر ژیانی خۆت برۆ بخوێنە باشترە دنیا هەمووی پێشمەرگەیە.
بەیانی کە وەخەبەرم هاتم، ژن و مێردەکە پێش من هەستابوون، دیاربوو پیاوەکە زوو ڕۆیشتبوو بۆ کردنەوەی چاخانەکەی سفرەی بەیانی هەر لەوێ بوو، ژنەکە گووتی برۆ چاوان بشۆ و پەنیرێکی زۆر خۆشن هەیە نانی بخۆ و بچۆ بۆ قاوەخانێ، نەکەی بێ دڵی دایکت بکەی.
لە سەرجادەی گوندی بناوێ ڕاوەستابووم چاوەڕوانی هاتنەوەی دایکم بووم هەر ماشێنێک هاتبا هەڵدەستام داخوا کامەیان دایکمی لێ دادەبەزی. ئاواتم دەخواست رەئی گۆڕا بێت و بەدوامدا نەگەرێتەوە.
ماشێنێک هات و ڕایگرت و هەر لە پەنجەرەی ماشێنەکە دایکم دیت، هەستم پێکرد ئەژنۆم شل بوون، دڵم دەستی بەکووتان کرد و بێ ئێختیار دەستم بەگریانێکی بەکوڵ کرد. دایکم دابەزی و هەر لە دوورەوە گریانی بە ڕووخساریەوە دیار بوو ئامێزی بۆ کردمەوە و یەکترمان لە باوەش گرت. وەک ئەوە دەچوو ساڵانێک بێت لێک دوور بین. هیچمان قسەمان بۆ نەدەکرا خەڵک دەوروبەر هەموویان سرنجیان لای ئێمە بوو. لە کاتێک کە هەر لە باوەشی دایکم دابووم زوو زوو بۆنی پێوە دەکردم و ملی ماچ دەکرم، بەگریانەوە گووتی تۆم دەست کەوتەوە و کوردستانی خۆم ڕزگار کرد.
لە لای تەنیشتی دیواری چاخانەکە دانیشتین، ماوەیەک بە بێ دەنگی تێکڕاماین و دایکم بە گریانێکی زۆر غەمگین و پر سۆز گووتی: عەلی گیان دەزانی ئەمن ئێوەم چۆن گەورە کردووە مەگەر هەر خوا بزانی، ئیستا چۆن دڵت دێ بەجێمان بێڵی؟ ئەوجا کوڕم کوا ئەتۆ پێشمەرگایەتیت پێ دەکری، ئێستا زوویە و بەدوای کوڕی خەڵکی مەکەوە، دەچینەوە ماڵێ ‌هەرچی بۆت کرا لەوێ بۆیان بکە شەرت بێ ئەمنیش چت گووت بۆیان دەکەم، ئەوجار کەس ئەو حکوومەتە بێ دینەی ناوێ، ئەوە خواشە یەک، دوو ساڵی تر دەروخێ و دوژمنی زۆرن.
لە ئاست گریان و رۆرۆی دایکم توانای خۆڕاگریم نەما، دیار بوو دایکم وا نەهاتبوو کە بە بێ من بگەڕێتەوە شاری، دەیگووت بچیە هەر کوێ بەدوات دەکەوم و بەبێ تۆ ناچمەوە، منیش قەولم پێدا دەگەڵی بچمەوە. چوینە لای چایچی‌یەکە و خواحافیزیمان لێ کردوو دەگەڵ دایکم گەڕامەوە ماڵێ.
مانگێک بوو لە دووکانی شیرینی‌خانەی کاک مستەفا کارم دەکرد، دووکانی شیرینی فرۆشی کاک مستەفا، لە سەر شەقامی دەم پادگانی بوو و ئەو شوێنەش کە شیرینی‌یەکانی لێ درووست دەکرا لە کۆلانە تەنگەبەرەکەی بەرامبەر دووکانەکەی خۆی بوو. کەسێک بەناوی وەستا محەممەد کە خەڵکی مەهابادێ بوو شیرینی‌یەکانی بۆ کاک مستەفا درووست دەکرد، من لای ئەو شاگرد بووم. وەستاکەم کەسێکی زۆر کوردپەرەوەر و پێشمەرگە دۆست بوو، زۆر بۆی باسی پێشمەرگە و خەبەر و باسی شەڕ و جیاوازی کورد و عەجەمان بۆ دەکردم. زوو زووش دەیگوت کوڕە هەر بۆ خومان بزانین، حکوومەت بزانێ پێستی سەرمان هەڵدەقەنێ، پێستی سەر! دەزانی؟
ئاخیر مانگی پاییزی ١٩٨٠ی زایینی بەرامبەر بە ١٣٥٩ی هەتاوی بوو، تەڕی و قوڕی و ساردی پەیدا ببوون. من بەردەوام بووم لە شیرینی‌خانەکەی کاک مستەفا کە بە (مستەفا زگ زل) ناسرابوو ئیستاش هەر نەمزانی ناوبانگی خۆی یان باو باپیرانی چی‌یە؟ لەبەر ئەوەی گۆشتن و ورگ لەپێش بوو خەڵک نازناوی مستەفا زگ زلیان لێ نابوو.
نەریتی نازناو داتاشین بۆ خەڵکی، لە ناو فەرهەنگی ناوچەی سەردەشتێ نەریتێکی بەداخەوە باوە. کەسانێکی زۆر بەم شێوە ناز ناوانە دەناسرانەوە، بە بێ ئەوەی خۆیان بەو ناوانە ڕازی بن تەنانەت زۆر جاریش پێشی تووڕە دەبوون. ترشە، لەقە، شەلە، خوولە، پانە، قوڵە، دگە، درێژە، کەچەڵ، خلە، رەشە، تاڵە، و دەیان و سەدان ناو ناتۆرەی ناشیرین کە بەداخەوە خەڵک لە یەکتری هەڵدەدەن. لە ماڵێ خۆمان و خەڵکی ناسیاو و خزمان بە منیان دەگووت عەلی‌یە مشکە، ئێستاش نەمزانی بۆ وام پێدەڵێن. جارێکیان کە یەکێک لە ڕۆژەکانی جێژنی ئایینی بوو، خەڵک بە ماڵانەوە دەگەڕان بۆ جێژنە پیرۆزە و گەردن ئازایی و هێندێک جار بۆ ماوەیەکی کورت کە سەردانی یەکتریان دەکرد لە ماڵەکان دەمانەوە، کۆمەڵە پیاوێکی دە دەوازدە کەسی هاتبوون بۆ ماڵی ئێمە بۆ جێژنە پیرۆزە و دانیشتبوون. خانووی ئێمە ئەو کات نەویتر بوو لە ئاستی کۆڵانێ بە شێوەیەک کە ئەگەر کەسێک بە کۆڵانێ دا هاتبا لە پەنجەرەی ژووری دانیشتنەکە ڕا دەبیندرا. لەو کاتەی دا کە میوانەکان لە ماڵمان دانیشتبوون چەند بارە دارێک بە کۆڵانی بەرامبەرماندا تێپەرین. یەکێک لە میوانەکان گووتی بەخوا بارەداری چاک بوون دەبێ بۆ ماڵی کێ بچن. چەند ماڵێکیان هەڵدان کە ڕەنگە هی ئەوان بن، منیش کە لەوێ دانیشتبووم گووتم ڕەنگە هی ماڵی ڕەحیمە دگەی بن. بۆ بەدبەختی نەمزانی کاک ڕەحیمیش تەشریفی لەوێ لە ماڵی ئێمە دانیشتووە، کاک ڕەحیمیش بە ئارامی گووتی ناوەڵا بابی خۆم هی ماڵی ئێمە نین.
زانیم هەڵەیێکی زۆر گەورەم کردوە و بەڵام تازە چ نەدەکرا. خزم و میوانەکان بۆ ڕاست کردنەوەی قسە نابەجێ‌یەکەم نمونەیان دێنانەوە کە ئەم ناوانە هەر لە کۆنەوە هەن و نموونەیان لەسەر خۆیان دەهێنانەوە کە بە من دەڵێن فڵان و یەکی‌تر دەیگووت بە من دەڵێن چی و چی بۆ ئەوەی کاک ڕەحیم زۆر نارەحەت نەبێت. منیش لە خەجاڵەتیان بە قەولی دەڵێن نە زەوی قووتی دەدام و نە ئاسمان هەڵی دەکێشام. بابم پیاوێکی لەسەرخۆ و بەدەمار و هێدی بوو و خۆی ئاسا بە شەرمەوە داوای لێ بووردنی لە کاک ڕەحیم کرد و بە تووڕەیەوە بە منی گووت هەستە بۆ دەرێ هەی بێ ئەدەب! من کە لە خوام دەویست هەستام چوومە دەرەوە. ڕووحی کاک ڕەحیم و هەموو ئەوانە شاد کە لە ژیان دا نەماون.
کار کردنم لەم شوێنە تا ڕادەیەک دڵنیای بوو بۆ دایی و بابان کە سەرگەرمم. بەڵام من هۆشم لای کارەکەم نەبوو، هەر بیرم لەوە دەکردەوە کە لە شوێنێ زەربەیەک لە حکوومەت بدەم و بۆی دەرچم. حیزب ئەو کات زۆر گرینگی بە تەشکیلات و ڕێکخستنی خەڵک نەدەدا، لە ڕاستیش دا دەکرێ بڵێی حیزب بە هۆی شەڕ و بەرگری کە بەسەری دا سەپا بوو، ئەو کات بە کاری ڕێکخراوەیی ناو خەڵک کەمتر ڕادەگەیشت و شەڕ و ڕەنگە کەم ئەزموونی و کۆمەڵێ شتی‌تر مەودای رێکخستن و شتی لەم جۆرەی نەدەدا. ڕەنگە پێویستیشی نەبووبێ و زۆربەی زۆری خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش دڵسۆزی حیزب و پێشمەرگە بوون و تەنیا کۆمەلێک بەرژەوەندیخواز و بێگانەپەرەست چووبونە بن باڵی شەهابی و رەسووڵی بە ئاشکرا و نەهێنی ببونە پیاوی دەوڵەت و دەستیان بە خوێنی لاوانی شار سوور بوو. هێندێک لەوان میراتی باب و باپیرانیان بوو و بۆ ڕژێمی شاش هەر خۆفرۆش بوون.
لەگەڵ چەند کەسێکی هاوتەمەنم کاری دژی ڕژێمان دەکرد، هاندانی لاوەکان و بڵاو کردنەوەی بەیانی‌یە و نوسراوەی سیاسی و تەنانەت کتێبی کوردی و شتی لەم بابەتەمان دەستا و دەست پێ دەکرد.
نە ئەمن و نە ئەوانەی بەیەکەوە کارمان دەکرد هیچ پەیوەندیێکی ڕێکخراوەیمان بە ڕێکخراوە کوردی‌یەکانەوە نەبوو لە ڕاستیدا ئێمە خۆمان بە حیزبی دێموکرات دەزانی، بەڵام هێندێک جار نوسراوەی کۆمەڵەشمان دەست کەوتبا بڵاومان دەکردەوە. ڕەنگە لەبەر ئەوەی کە زۆرینەی خەڵک لایەنگری حیزب بوون یان کەس و کاری نیزیکمان پێشمەرگەی ئەوان بوون، ئێمەش خۆمان بە حیزبی دەزانی، بە بێ ئەوی حیزب ئاگای لە حیزبی بوونی ئێمە بێت. هەر چۆن لە هەڵبژاردنی دین و مەزهەب، یان کورد بوونم، هەڵبژاردنی خۆم نەبوو هەر واش لە کار کردن بە قازانجی حیزبی دێموکرات دا لە بەینی چاک و چاکتر بە ئاگاهی‌یەوە هەڵبژاردنم نەکرد بوو.
پاییزی ١٣٥٩ ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٩٨٠ ی زایینی بوو، بە هۆی ئەم چەند ڕۆژە کە چووبومە ناو پێشمەرگان، لە جاران گەرمتر و بێ ترس و خۆف لە حکوومەت ببومە کەوا سووری پێش لەشکری، ناوی حیزبمان لە دەر و دیواری ناو شار دەنووسی وێنەی شەهیدانمان کە زۆر کەم دەست دەکەوت بڵاو دەکردەوە و بەهەر جۆرێک بۆمان کرابا هەوڵمان دەدا کاری دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بکەین. بێ ئەوەی خۆمان خوێندنەوە و تێگەیشتنمان بۆ کارەکانمان بێت، ببووینە هەستەی بەرگەری ( مقاومت) و ئەوەش هەم بۆ خەڵک و هەم بۆ پێشمەرگە دڵخۆشکەر و پشتیوانی بوو. هێندێک جاریش ئەوەندەی خۆمان بە خەڵک و حکوومەت نیشان دەدا کە کوردین هێندەمان چالاکی نەدەکرد.
بە هەموومان نارنجۆکێکی ساچمەییمان هەبوو بڕیارمان دا لە سەر سەدی، جادەی بلواری نارنجۆکێک بە جاشەکانی شاری دادەین، کە بە کردەوە جێ بەجێ نەکرا، هۆکاری نەکرانەکەی، گیرانی دوو برادەری نێزیکم بوو. بە داخەوە یەکیان لە سێدارە درا و یەکیشیان کە خزمی نێزیکم بوو، بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانی کرا و کە ئازادیش بوو لە هەموو کار و چالاکی‌یەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ بەشیان کرد، دوایش هاتەدەرێ.
کاتی بێکاریم زۆر جار لە چاخانەیەکی بچوک لە نیزیک چوار ڕێیانی بێوران (سەردەمی حکوومەتی شای ناوی چوارڕای شێرو خورشید بوو) کە هی بنەماڵەی کەریمیان بوو بەسەر دەبرد، ئەم شوێنە جار جار ئەو سەربازانەی بۆ دەهاتن کە لە مۆڵگەکانی ناو شار و دەوروبەر بە زۆر یان دڵخواز دەبوو خزمەت بە ڕژێم بکەن، زۆر جار عەجەمەکان و لاوە چاو نەترس و خوێن گەرمەکانی شار لێیان دەبوو بە باسی سیاسی و لێکدانەوەیان بۆ ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دەکرد. من یەکەم جار شەهابیم لەوێ دیبوو (شەهابی ئەو کەسە بوو کە بەدەیان لاوی سەردەشتی بە گرتن دان و لە زیندانەکان ئازار و ئەشکەنجە دەکردن، هەروەها چەند کەسێکیش بە هۆی ئەویەوە لە سێدارە دران) ئەو کات دیار بوو لە هەوڵی کۆکردنەوەی هەواڵ بوو، بۆ حکوومەت و ئێمە یان لانی کەم من نەمدەزانی.
من کە لە کەرە تۆپیوێک دەگەڕام ناڵە شکاوێکی پێوە بێت، زۆر هەوڵی نێزیک بوونەوەم لە سەرباز و بەکرێگیراوانی حکوومەت دەدا. بە مەبەستی کوشتن یان فراندن و بۆ ئەوەی زەربەیەکیان لێ بدەم و بۆی دەرباز بم بەرەو پێشمەرگایەتی.
ڕۆژێکیان سەربازێک لە چاخانەکە داوای کرد کە کەسێک بتوانێ فێری خوێندن و نوسێنی زمانی کوردی بکات. منیش بێ ڕاوەستان گووتم من و چووم بۆ لایی و خۆم پێ ناساند و گوتم: من ناوم عەلی شەخسی‌یە! ئەویش گووتی: منیش ناوم ڕەزایە. داواکەی ئەو بە پیلەوەچوونی من ئاوا لە نەکاو سرنجی زۆربەی مشتەری چاخانەکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بێدەنگی‌یەکی تەواو باڵی بەسەر چاخانەکەدا کێشا، لە لایەک پەیوەندی نێوان خەڵکی شار دەگەڵ سەرباز و پیاوانی حکوومەت دۆستانە نەبوو، لە لایەکی‌تریش ترس لە ڕژێم زۆر بوو، خەڵک زۆر دەگیران و هەتا ئێعدامیش دەکران. کەم کەس دەیانوێرا خۆیان تێکەڵی کێشەکان بکەن.
کابرای سەرباز تەمەنی ١٨ ، ١٩ ساڵ دیار بوو دەم و چاوێکی سوور و سپی، تاو وێنەکەوتووی شارستانیانە و دەست و پەلێکی ناسک و کار پێنەکراو و روخسارێکی شەرمێوون و مەند و سەرێکی تاسی بۆ ماوە و تاشراوی سەربازی هەبوو. بێدەنگی خەڵکەکەی شکاندوو گووتی: بۆ وا بەترس و گوومان سەیرم دەکەن؟ منیش وەک ئێوەم، تەنیا بەرگی سەربازیم لەبەرە، ئەویش بە ئارەزووی خۆم نیە. من تورکی ئازەرییم، دیارە فارسیش دەزانم، حەز دەکەم کوردیش فێر بم، عەیبێکی تێدایە؟ کوردیش زمانێکی ئێرانی‌یە! مەگەر وانیە؟ خەڵکەکە دەگەڵ ئەوەی گوێیان لە قسەی ڕەزا سەرباز ڕاگرتبوو، جارجاریش بە نیشانەی بەڵێ سەریان بۆ سەروخوار دەکرد. پێم خۆش بوو کە سەربازەکە بەم چەند قسانەی تا ئەندازەیەک ڕوانگەی مشتەریەکانی چاخانەکەی گۆڕی و سرنجەکان لە سەر من لاچوون. من داوام لێکرد بۆ درێژەدانی قسەکانمان بچین بۆ دەرەوە و بە قەدەم لێدان درێژە بە باس لە سەر چۆنیەتی کوردی فێربوون بدەین. (ئەگەر چی بۆ خۆشم کوردی نووسینم ئەودەمیش بە باشی نەدەزانی) ڕەزا پێش من هەستا و پوڵی چایەکانی خۆی و منیشی دا و گووتی: ( آ‌غای شخصی بریم).
(شەخسی ناوبانگم لە چیەوە هاتووە؟ باپیرم، یانی بابی بابم ناوی شەخسە بووە، ڕاستی‌یەکەی، نازانم دوای یەک یان دوو کچان کە کوڕیان نابێ، دایکی باپیرم زۆر دەچێ بۆ سەر ئەسحابە، شەخس و چاک و پیران بۆ ئەوەی خوا کوڕیان پێ بدات، دوای دوعا و پاڕانەوە کوڕێک لە دایک دەبێ و ناوی لێ دەنێن شەخس یان شەخسە (شخص). ناسنامەی ئێرانیان کە بۆ دەردێنن، شەخسە دەکەنە شەخسی و دەکرێ بە شۆرەتی ئێمە لە ناسنامەی ئێرانی. ناوی خۆم و باب وباپیرەکانم کە دەزانم بریتین لە (عەلی مارفی شەخسەی خدری حەسەن ئاغای)
دوای رۆیشتنمان لە چاخانەکە و باسکردنی زمانی کوردی و چۆنیەتی فێربوونی، بەدەم قەدەم لێدان لە ناو بازار پێی گووتم:
ڕاستی‌یەکەت دەوێ، ئێمە بەتەنیا هاوکاری تۆمان بۆ فێربوونی زمانی کوردی ناوێت! ئێمە لەم حکوومەت و ئەو ژیانەی تێیداین بێ زارین، هەربۆیە پێویستیمان بە کەسێک هەیە کە هاوکاریمان بکات بۆ دەرباز بوونمان بۆ ناو پێشمەرگەکان.
ترس و خۆف هەموو گیانی داگرتم کە نەکا ئەم کەسە درۆ بکات و بۆ خۆش خزمەتی زیاتر بە حکوومەت، من توشی تەڵەیەک بکات، هەربۆیە گووتم نا ببخشە من ناتوانم لەم بارەوە یارمەتیتان بدەم، من دەبێ بەجێت بێلم، بەڵام پیش ئەوەی برۆم تۆ گووتت ئێمە، یانی تۆ بەتەنیا نیت، ئێوە چەند کەسن؟ سەربازەکە کە زانی من لێی ترسام و باوەری پێناکەم، تۆنی دەنگی گۆرا و گوتی: نانا عەلی جان خەراپ لێم تێمەگە، من وەک هەمووی ئەم کوردانە لە حکوومەت بێزارم و بە زۆری کراوم بە سەرباز.
ئێمەیان خستۆتە ناو شەڕێک کە لێی بێزارین، بە ئێمەیان گووت دەچن بۆ شەڕی ئێران- عێراق، بەڵام ئێستا تووشی شەڕی کوردانی خۆمان بووین. درێژەی دایە و گوتی: زۆربەی سەربازەکان ئەم شەڕەیان بەرامبەر بە کورد پێ ناخۆشە. داوات لێدەکەم ئەگەر دەتوانی ڕێگایەکمان پێشان بدە کە بۆی دەرباز بین . من و سەربازێکی‌ترین، دەتوانین هەموو پایەگایەکەتان تەحویل بدەین بێ تەقە کردن. بەم قسانەی تا ئەندازەیەک ئارام بوومەوە بەڵام دەگەل ئەمەش دا بەتەواوی دڵنیا نەبووم کە ڕاست دەکات. لە ڕاستیش دا ئەوەی من بەدوایەوەبووم شتێکی لەم بابەتە بوو، هەر بۆیە پێم گووت زۆر باشە من ئێستا ناتوانم هیچ بەڵێنێکت پێ بدەم ، هیوادارم بتوانم بتبینمەو بۆ ئەوەی فێری زمانی کوردی‌یتان بکەم. ئەدرەسی شوێنی کارەکەم پێدا و خواحافیزیم لێ کرد.
چەند ڕۆژێک بوو خواردن و خەوم لێ تێک چووبوو، تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیا ببووم کە ئەم سەربازە تورکە ڕاست دەکات و بەگرتنم نادات هەر بۆیە بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر بڵێم باشە چۆن و لە کوێرا دست پێ بکەم؟
هەروەک پێشتر باسم کردبوو دەگەڵ ئەوەی خۆم بە کەسێکی حیزبی دێموکرات دەزانی دەگەڵ ئەوەش دا لە بواری تەشکیلاتی ئەو کات سەر بە هیج کەس و ڕێکخراوەیەکی دێموکرات نەبووم، واتا هیچ پەیوەندیێکی سیاسی یا ڕێکخراوەیم بە کەسەوە نەبوو. هۆکاری حیزبی بوونم برا گەوەرەکەم و ئەو هەموو خزم و کەسەبوون کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوون و لە حاڵی بەرەنگار بوونەوە دابوون، بەرامبەر بە کۆماری ئیسڵامی ئێران.
سێ ڕۆژ بەسەر یەکەم یەکتر ناسینم لەگەڵ ڕەزا سەرباز گوزەرا بوو. من بەردەوام بووم لە کاری درووست کردنی شیرینی، دەورو بەری بەیانی بوو کە تەق تەق لە دەرگای شوێنی کار کردنەکەمیان دا. دەرگا کراوە بوو دوو سەرباز هاتنە ژوورێ و داوای کرینی شیرینیان کرد، من لە گەڵ ئەوەی چاوەڕوانیم هەبوو کە سەربازەکە بێن بۆ شوێنی کارەکەم کە پێشتر ئەدرەسەکەم پێ دابوون، بەڵام زۆر ترسام و وەستایەکەم لەمن زیاتر، هەر بۆیە وەستایەکەم فەرمووی کردن و زووش پێی گووتن: ئێمە لێرە شیرینی نافرۆشین و تەنیا درووست دەکەین بەڵام مادام هاتوون هەروا چەن شیرینی‌یەک بەرن. دوای هاتنە ژووری سەربازەکان من ڕەزام ناسیەوە کە پێشتر دیبووم و قەرار بوو بیبینمەوە، نە من و نە ئەوان هیچمان نەگووت چەند دانە شیرنیێکیان هەڵگرت و رۆیشتن.
هاتنی ئەوان بۆ شوێنی کارەکەم پەیامی یەکتر دیتنەوەیان بۆ من پێ بوو، هەر بۆیە دەبوو ئەمن بە بەهانەیەک بچمە دەرێ و ئەوان ببینم و بزانم چیان پێیە و دەڵێن چی. لە بارەیی هاتنی ئەم کەسانە بۆ دووکان نە من هیچم بە وەستاکەم گووت و نە ئەویش هیچ گوومانی هەبوو لە هاتنی ئەم سەربازانەی حکوومەت بۆ شیرینی‌خانەکە. دوای ماوەیەک بە بەهانەیەک چوومە دەرێ، سەربازەکان چەند دووکانێک ئەولاتر لە بەر نوای نانەوەخانەیەک ڕاوەستابوون کە منیان دیت بەرەو لای ئەوان دەچم بەرەو جادەی پادگانی رۆیشتن و منیش بەدوایان کەوتم.
باش دێتەوە یادم ئەو کاتە من چەندە خۆمم پێ ئازا و گرینگ بوو، خۆمم وەک قارەمانێکی ناو فیلمەکان دەهاتە بەرچاو کە لاوێک خەریکی زەربە لێدانە لە دەوڵەتی داگیرکاری وەڵاتەکەی. لە سەر جادەی نیزیک سەرچاوێ سەردەشتێ یەکترمان گرتەوە، دەستم بۆ درێژ کردن بۆ تۆقە کردن و ڕەزا بە تۆقە ڕازی نەبوو زۆر بە هەست و سۆزێکی گەرمەوە هەردوو لاچاوی ماچ کردم زۆر بە گەرمی و خۆشحاڵی‌یەوە گووتی: عەلی جان ئەوە برادەرەکەمە محەممەد، ئەویش تورکە.
ئەوە ئەو کەسەیە کە بۆم باس کردبووی، ئەویش وەک ڕەزا دەستی بە ماچ و لە ئامێز گرتن کرد و هەرسێک خۆشحاڵ لە هەمان کاتیش دا بە دڵ‌ناروونی بە ڕووداوەکانی دواڕۆژ.
پاش چاک و چۆنی، من بۆ درێژەدان بە قسەکانمان گووتم: کەوا بوو محەممەد ئاغاش وەک تۆ دەیهەوێت فێری زمانی کوردی بێت؟ ڕەزاش گووتی بەڵی ڕاستە، ڕەزا درێژەی دایە و گووتی: عەلی گیان فێر بوونی زمانی کوردی دەخەینە دوای رۆیشتنەبدەرمان لە ناو حکوومەت. ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ڕزگار بوونمان لە شەڕ و سەربازی کردن بۆ ئەم حکوومەتەیە. کە چوینە ناو پێشمەرگان دەزانم زوو فێری کوردی دەبین. محەممەدی برادەرم برایەکی لە ناو سازمانی موجاهیدین دایە دوای ئەوەی کە بە هۆی تۆوە خۆمان تەحویلی پێشمەرگە دا دەچین بۆ لای موجاهیدین.
من تا ئەندازەیەکی باش لە نییەتی ئەوان گەیشتبووم ترسم نەبوو لەوەی تەڵە بێت و بیان هەوێت بەگرتنم بدەن. هەروەها نیازی کوشتن یان دەرمانداوکردنیان کە دەخەیاڵم دابوو وەلا ناو پلانی تازەم هاتنە خەیاڵ. هەر لەوێ بەڵێنیم پێ دان کە هاوکاریان بکەم و گووتم چەند رؤژێکم بدەنێ کە پەیوەندی بە حیزبەوە بکەم و رێگەیکی گوونجاو بۆ هەموو لایەک بدۆزمەوە.
بۆ من دۆزینەوە و قسەکردن لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە ئاسانتر بوو هەتا لە کومیتە و ڕێکخراوەکانی تەشکیلاتی حیزبی، کە پەیوەندیان پێوە بگرم لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە زۆربەی گوندەکانی کوردستان دا بوونیان هەبوو. بۆ ئەم مەبەستە چووم بۆ گوندی بێوران.
بێوران دوو گوندن، ئاخرین گوندەکانی سەر سنووری دەست کردن کە بە گوندەکانی بێورانی سەرێ و بێورانی خواری بەناو بانگن، هەردووک گوندەکان دەگەڵ ئەوەی پڕ ئاو و کانیاوی زوڵالن، دیارە زۆریش سەر سەوز و پر باغی میوە و سەوزەن، هەروەها جادەیەک لە سەردەشتەوە بە بێورە و بێوران دا دەچێ بۆ کوێستانی کێلێ، سەرسنووری هەرێمی باشوور، پڕ هاتوو وچۆیە و هەلی کار و کاسبێ زۆرترە لە چاو گوندەکانی‌تر. ئەم دوو گوندە ئەگەرچی خاوەن یەک ناون بەڵام لە بواری خزمایەتی بێجگە لە ژن و ژنخوازی هیچ خزمایەتیێکیان بە یەکەوە نیە، تەنانەت گوندەکانی ناوچەی سەردەشت کە بە تایفەی گەورەی بەریاجی و ملکاری دابەش کراون، بێورانی خواری بەریاجی‌یە، هی سەرێش ملکاری‌یە. ئەم دوو گوندە ئەگەر چی جاروبار کێشەی زەوی‌ و زار و تایفەیان بۆ هاتۆتە پێش ، دەگەڵ ئەوەش دا تا ڕادەیەکی زۆر بە پێی زانیاری من، دوو گوندی پێکەوە تەبا دیار بوون. من خەڵکی بێوارنی خوارێم ، پێیدەلێن (بێوری خۆن).
دایوبابم لە دایک بووی ئەوێن و خاونی خۆشک و برا و کەس و خزمی زۆرن لەم گوندە. ئەوان خاوەن یەکەم کچیان دەبن کە بە هۆی کەمی یان نەبوونی مڵک وماڵ لە بێوران ڕا کۆچ دەکەن بۆ شاری سەردەشت، وێدەچێ ١٩٥٧ی زایینی یان ١٣٣٦ هەتاوی بوبێ. بابم ئاوای بۆ گێڕامەوە: لە بێورێ خۆن خەریکی درووست کردنی مزگەوت بوون، دەبوو هەر ماڵە و پارەیەک بدەن بۆ سازکردنی، من ئەو کات تازە ماڵ بووم و بێ داهات ، چەند جارێک کوێخای گوندی ئەم داویەی لێ دووپات کردمەوە نەکرا بیدەم (هەتا ماڵ بیهەوێت لە مزگەوتێ خەسارە) هەر بۆیە دەگەڵ کاک خدری برام بارگە و بنەم پێچایەوە بەرەو شار و لێی نیشتەجی بووین.
بێورێ خۆن هەر لە سەردەمانی زووش بەناو بانگ بووە بۆ یاخی بوون بەرامبەر فەرمانەکانی حکوومەتەکانی یەک بەدوای یەکی ئێران و کەسانی بەناوبانگیان هەبوون بۆ نافەرمانی بەرامبەر داگیرکەران، لە دەست پێ کردنی خۆپێشاندان و رێپێوانەکانی دژی حکوومەتی شای گۆڕ بە گۆڕیش گوندی بێوران خاوەنی یەکەم شەهیدە لە ٧ شەهیدەکەی شاری سەردەشت. بە ناوی خدری فەقێ ئەحمەدی. پاشانیش بە هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی و دژایەتی کردنی مافە ڕەواکانی کورد، بێوران ببوو بە سەنگەری بەرگری، بێجگە لە زەرەر و زیانێکی زۆری ماڵی کە بە باغ و مڵک و ماڵی گوندەکە کەوت، دەیان ڕۆڵەشی کردە قوربانی گوندوو و دەڤەرەکە. هەروەها ببوو بە بنکەی چەند دەستە و پەل لە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، کە بەنێو بانگەکەیان دەستەی زەڕبەت بوو.
من بۆ باسکردنی ئەم دوو سەربازانە چووم بۆ دەستەی زەڕبەت. هێزەکانی دێموکرات ئەو کات بەسەر، پەل، دەستە، لک و هێز دابەش ببوون واتە هێز باڵاترین ئۆرگانی هەر شارستانێک بوو لەبەشی پێشمەرگایەتی. لە بەشی سیاسیش سەرەتا کومیتەیی ڕێکخراوەکان هەبوون کە سەر بە کومیتەیی شارستان بوون و کاروباری سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەشکیلاتیان ئەنجام دەدا.
کە چووم بۆ لای دەستەی زەڕبەت داوای چاوپێکەوتنم لەگەل سەردەستەکە کرد، سەرەتا گووتیان لە ماڵ نیە، پاشان کە گووتم کاری گرینگی حیزبیم پێیە گووتیان هیچ نامەیەکت ڕاسپاردەیەکت پێیە؟ گووتم نا، گووتیان باشە فەرموو لێرە دانیشە.
پاش ماوەیەک بانگیان کردم و چوومە ژوورو کەمێک لە لای سەرێ جێگەیەکیان بۆ کردمەوە و دانیشتم، زۆربەیان منیان دەناسی و خزم بوون، نەفەرێک لە سەرەوەی هەمووان دانیشتبوو، بە ئەندازەی جێگەی کەسێک لە لای ڕاست و چەپی بەتاڵ بوو، ڕانک و چۆغەیەکی سەوزی تاریک و پانتۆلێکی فراعی دەبەر بوو. لەسەر وانیش پەستەکێکی بێ قۆڵ کە دەرەکەی لە پارچەیەکی جوانی رەنگ خورمایی و ناوەکەشی خوریەکی درێژی رەنگ بەفری بوو کە وەک پێستی بەرخ و مەران دەچوو، جامەدانەیکی گەورە و بڵاوی رەش و سپی لەسەر بوو کە لێوارەکانی بە گولینگەی رەنگ خۆلەمێشی ورد و جوان چنرابوو. بەخێرهاتنی کردم و گووتی کوری کاک مارفی نیت؟ گووتم بەلێ، یاخوا بەخێر بێت چی تازەت پێیە؟ خەبەرەکەت خۆشە یان ناخۆش؟ گووتم خەبەرێکم پێیە بەڵام دەمهەوێت هەر بە خۆت بڵێم، پاشان بۆ خۆت کێت پێ باشە دەتوانی پێی بڵێێ. گووتی کورینە دەبێ هەواڵەکەی زۆر گرینگ بێت، باشە، مادام وایە با بچینە ئەو دیوو.
دەگەڵ کاک حەمەدەمینی مەلا عەزیزی کە پێشتر من دیبووم چووینە دیوێکی تر. پێم گوت من دوو سەربازی ئەرتەشێم لە ناو شاری دیونەوە کە دەیانهەوێت خۆیان و مۆڵگەکەیان ڕادەستی پێشمەرگە بکەن. گووتی چەندە دەیان ناسی؟ گوتم چەند حەفتەیەکە. چەندە خۆیان ئاشکرا کردوو کە دەیان هەوێت ئەم کارە بکەن؟ گووتم هەر لە سەرەتاوە، زۆر سوورن لە سەر کارەکەیان. زۆر پرسیاری تری لەم بابەتە کرد و گووتی ئەتۆ برۆوە شاری و زۆر ئاگات لە خۆت بێت نەگیرێی، ئێستا هەرچی حکوومەت بیگری ڕزگاری نابێت. ئەمن باوەڕم بە تۆ هەیە بەڵام بەو سەبازانە نا، دەترسم حکوومەت فێڵمان لێ بکات.
بە قسەکانی را دیار بوو کە دڵنیا نیە کە بەرپرسیارەتی ئەم کارە بەئەستوو بگری هەر بۆیە بێ ئەوەی بەتەواوی ڕەتم کاتەوە، داوای زانیاری زیاتر و دانیشتنی زیاتری لێ کردم.
ئەو کەسەی زۆرم کەیف پێدەهات لە خزمەکانم کە پێشمەرگە بوو و زۆری هان دەدام بۆ کوردایەتی و دیگووت لەم ژیانە دا مەمێنە، ئامۆزایەکم بوو، بە ناوی محەممەد شەخسی، کە لە ناو شۆرش بە دوکتۆر شەخسی ناسراو بوو، کاک محەممەد شەخسی هەر لە منداڵی لە ژێر دەستی زڕ دایک گەورە دەبێت، هەر بە مێرمنداڵی سەربزێو دەبێ ماڵێ بەجێ دێلیت، فیری کار و ژیان و فرت و فێڵی ژیان دەبێت، بە هۆی هەژاری ناتوانیت بخوێنێت و هیچ خویندن و نوسین نازانی، کە دەبێتە پێشمەرگە فێری دەرزی لێدان دەبێت، پاشانیش بە پێی پێویستی خۆی حەب ودەرزیان دەناسێت و بە دوکتۆر شەخسی ناوبانگی دەردەکات و بۆی دەبێت بە سەرچاوەی داهات. دەگەڵ ئەوی زۆر پاک وخاوێن بوو زۆریش جلوبەرگی جوان و ڕازاوەی دەبەر دەکرد و زۆر زۆریش قسە خۆش و گاڵتە جار بوو.
جارێکیان دوکتۆر شەخسی توشی پێشمەرگەیەک دەبێت کە پارێزگاری بەرپرسێکی حیزبی دەبێت. پێشمەرگەکە بۆ دوکتۆر باس دەکات کە، دوو ڕۆژە نەخۆشە و توشی سەر ئێشە بووە. دوکتۆر شەخسیش حەبێکی دەداتێ دەڵێ جارێ ئەمە بخۆ پاشان دەرزیت بۆ دەکەم، پێشمەرگەکە کە حەبەکە دەبینێت دەڵی ئەم حەبە گەورەیە و بەمن قووت نادرێ، دوکتۆریش دەلێ دا سەرت بێنە پێش، پێشمەرگەکە سەری دێنیتە پێش، دوکتۆر چاپۆکەیەک بە نەرمی بەسەر پێشمەرگەکە دا دەدا و دەڵێ، هەی قورت بەسەری، مەسئولەکەت تانک و دەبابەی دزی قووتی دان، ئەتۆ ئەم حەبەت پێ قووت نادرێ.
جارێکیان کە هەر دووکمان پێشمەرگە بووین کتێبێکی گەورەی پێ بوو و بانگی کردم و گووتی: وەرە ئەم کتێبەم بۆ وەخوێنە، ناوی کتێبەکە “دایک” بوو، هی نوسەری بە ناوبانگ “ماکسیم گورکی”، منیش گووتم جا ئەوە بە ساڵێکی بە من تەواو نابێ گووتی وەرە خۆت بێ ئەقڵ مەکە، لە ناوندی کتێبەکەی لاپەرێکی کردەوە گووتی ئەم لاپەرە بزانە دەڵێ چی، منیش گووتم ئەمەت بۆ چییە؟ گووتی: کە تۆ خوێندتەوە من هێندێک شتی لەبەر دەکەم ئەگەر دەگەڵ خەڵکی باسی سیاسیم کرد دەڵێم بۆ نمونە لاپەری ئەوەند لە کتێبی دایک ماکسیم گورکی ئەمشتەی ئاوا باس کردووە، بۆ ئەوی خەڵکەکە بزانن کە من خوێندەوارم و شتی دەزانم.
با بگەرێمەوە سەر بەسەرهاتەکەی خۆم. دوای گەرانەوم لە لای پێشمەرگەکان را بۆ سەردەشت، هەستم دەکرد زیاتر لە جاران خەریکی دژایەتی کردنی حکوومەتم، تێکەڵاوی دەگەڵ دۆست و برادەرم کەم کردبووە زۆر کەم لە ماڵێ دەمامەوە و تەنیا شتێک کە بە بەردەوامی خەریکی بووم کار کردنم بوو. ئەویش بۆ بەدەست هێنانی خەرجی ڕۆژانەم و هەمێش ئەگەر کارم دەکرد دایوبابم ئارام تر بوون لەگەڵم. ئەوان وایان دەزانی ئەگەر خەریکی کاسبی و بەدەستبهێنانی پارە بم، ئەوە تووشی کارێک نابم کە ئەوان حەزیان لێ نەدەکرد، یەک لەوانە کار کردن دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بوو. دایوبابم هەردووکیان هیچ حەزیان بە حکوومەتی تازە نەدەهات و هەتا بە موسڵمانیشیان نەدەزانی، بەڵام بە لەبەر چاو گرتنی ئەوە کە برا گەورەکەم چوو بۆ دەرێ، حەزیان بە لێک دووری زیاتر و بڵاوی کورەکانیان نەدەکرد. لەبەر ئەوەی نەکا تووشی زیندان ، لەدەست دانی گیان یان کەم ئەندامی ببن ، لەبەر ئەوە دەیانزانی ئەم منداڵانەیان بەرهەمی ساڵانێکی زۆر لە زەحمەت و کوێرەوەری و هەژاری ئەوانن.
پەیوەندیم لە گەڵ سەربازەکان هەر بەردەوام بوو ئەگەر چی وەک لاوێکی کەم ئەزموون حەزی خۆ پێشاندانم زۆر تێدا بوو و دەمهەویست خەڵکی دەوروبەرم بزانن کە من کاری دژی ڕژێم دەکەم. سەربازەکان زۆر جار ئامۆژگاریان دەکردم کە دەبێت زۆر وریا بم، لە لایەکی تریش دانیشتنم لە گەڵ پێشمەرگە و رێنوێنی وریا کردنەوەی ئەوانیش ببوون بە هۆکاری ئەوەی زیاتر نهێبی بپارێزم تا لە داوی حکوومەت نەکەوم.
لە درێژەی پەیوەندیەکانم لە گەڵ محەممەد و ڕەزای سەرباز جارێکیان هاتن بۆ شوێنی کارەکەم و ١٥ فیشەکی ژ٣ یان بۆ هێنابووم کە ئەگەر کرا بیاندەم بە پێشمەرگە، منیش دەگەڵ ئەوەی لێم وەرگرتن هاوکات پێمگووتن ١٥ فیشەک کەمن و پێشمەرگە زۆر لەمە زیاتریان پێویستە. لە وەڵام دا گووتیان دەزانین بەڵام کە ئێمە لە پایەگا دیێنەدەرێ دەمان پشکنن نەکا کەل و پەلی حکوومەت بەرینە دەرێ بۆ فرۆشتن، هەر بۆیە ئەمانەمان بە دزی هێناون هەتا زۆریان دەکەین پاشان بیان گوازەوە بۆ دەرێ. لە نییەتی ئەوان گەیشتم بەڵام من پێم باش نەبوو ئەو کارە بکەن دەترسام بەم هەموو هێنان و بردنە ئاشکرا ببین هەربۆێە پێمگووتن چێتر فیشەک و تەقەمەنی مەهێنن با تووشی کێشە نەبین.
ڕۆژێکی بێ بارانی و هەینی بوو کارم نەدەکرد، رانکوچؤغە و باڵتۆی رەنگ پێشمەرگانم لە بەر کردن بە نییەتی چوونە بێوران و بردنی ١٥ فیشەکەکە و دیتنەوەی کەسانی حیزبی. ماشێن کەم هاتووچۆیان دەکرد. شانسی من دوای چەند خولەکێک ماتۆڕ سوارێک هات و دەستم بۆ هەڵێنا، رایگرت و گووتی بۆکوێ دەچی؟ گووتم بۆ بێورانی خواری، پێم گووت پولت دەدەمێ ئەگەر سوارم کەی، گووتی وەرە سوار بە، پارەم ناوێت. لە پشتی کابرای بەرەو گوندی بێوران وەرێ کەوتین، کە نیزیکی شیرکەتی دەشتی کەپرانێ بووینەوە کە لە نێوان سەردەشت و بێورانە، دیتم حکوومەت بنکەی پشکنینی سەربازی داناو، ترسێکی زۆرم لێنیشت، سەرەتا گووتم فیشەکەکان فرێ دەدەم، دوایی گووتم ئەگەر گەران دەڵێم بۆ راو کردنم کریوون.
تا زیاتر دەچووینە پێش زیاتر دەترسام، بەڵام دڵم نەهات فیشەکەکان فرێ بدەم. هیچم بە کابرای نەگووت نەوەک بترسی و ئاشکرام بکات. عەجەمەکان سەر جادەیان گرتبوو و لە دوورەوە دەستیان هەڵینا کە رایبگرین بۆ پشکنین، کابرا لە دوورەوە ماتۆرەکەی سەبر کردوە و پاشان لە قەراخ ئەوان رایگرت.
بە جلوبەرگەکەیان را دیار بوو هێزی بەسیجی بوون. ئەوانەی لەوێ بوون، هەم تەمەنیان تێکەڵاو بوو لە گەنج و پیر، هەمیش بەرگی سەربازی ناڕێک و پێکیان دەبەر بوو، هێندێکیان بەرگەکەیان بۆیان گەورە یان بچووک بوو. بەسیجیەکان ئەم کەسانە بوون کە دوایی سەرکەوتنی شؤرشی ساڵی ١٩٧٩ی زایینی بە ویستی خۆیان هاتبوونە شەڕی کوردستان و عێراق، بۆ دیفاع لە کۆماری ئیسلامی.
بەسیجیێکی منداڵ کار هاتەپێش و گووتی دابەزن و لە ماتۆرەکە و دوور کەونەوە. سەرەتا چاوێکی لە دەرەوە و ناوەوەی ماتۆرەکە کرد، پاشان هات بۆ لای خاوەن مۆتۆر و سەرو بنی کابرای گەرا، هات بۆ لای من، ناوت چیە؟ عەلی شەخسی، ئەم کابرایە بابتە ؟ نا، لە ڕێگا هەڵیگرتووم. گووتی دەست بڵێندکە! فیشەکەکان لە گیرفانی خوارەوەی باڵتۆیەکەم دا بوون ، دەستەکانم لە ناو گیرفانی باڵتۆ نان و بە بالتۆوە هەردوو دەستم بڵیند کردن. بەسیجیەکە دەستی لە ناو پشتێند و گیرفانەکانم گێراو بێ ئەوەی گوێ بداتە گیرفانی باڵتۆیەکە گووتی ئازادن دەتوانن برۆن!
زۆر زۆر ترسابووم هەناسەیەکی خۆشم هەڵکێشا، بە کابرام گووت با برۆین، زۆر بەپەلە بووم، هاتین سوار بین بەسیجییەکە گووتی ڕاوستن، بە ڕاوستەی کابرای عەجەم هەناوم داکەوتن، چوو بۆ لای کەسێکیتر و کەمتر لە خۆلەکێکی پێچوو هاتەوە، هاتە پێش ئێمە و بە ماتۆڕ سوارەکەی گووت، وریا بن، ڕەنگە ئەم دەرو دۆلەی خوارەوە دژی شۆرشی(پێشمەرگە) لێ بن و ڕەنگە تەقەتان لێ بکەن. سوپاسمان کرد و رۆیشتین کابرای خاوەن ماتۆڕ گووتی: ئەوانە تازەن لێرە، ڕەنگە بۆ شەڕی دژی پێشمەرگە هاتبن با زوو دەرباز بین دەترسم شتێکمان بەسەر بێت.
من ئەو کات پێم وابوو هەرچی کوردە باشێشە و وەک خۆم دژی حکوومەتە، زۆر ساکارانە بە کابرام گووت تازە مەترسە ڕزگاریمان بوو، کابرا گووتی : لە چی؟ گووتم: من فیشەکم پێ بوون باش بوو نەیاندینەوە. هەروام گووت کابرا سەبری کردەوە کە ماتۆرسایکلیتەکە راگرێت، گووتی:
هەتیوە گوولە، دەتهەوێت بەکوشتنم بدەی، ئەمن ئێستا دەگەرێمەوە شاری ، دابەزە! هەر زوو ئەو نایلۆنەی فیشەکەکانی تێدابوون دراندمن و فیشەکێکم دەرهێنا و بە هەموو هێزی خۆم لە سەر کەلەکەی کابرام داگرت و گووتم: ڕایگری بەم چەقوە هەڵتدەدرم. برۆ تا لە بەسیجیەکان ون دەبم پاشان بۆخۆت وەگەرێ، کابرا زۆر ترساو رۆیشت، هەر بۆڵەی بوو گووتی: ناپیاوی دەکەی بە خێری خۆم سوارم کردوی ئێستا هەڕەشەی کوشتنم لێ دەکەی. لەم قسانە دابووین تەقەی نێوان حکوومەت و پیشمەرگە دەستی پێکرد کابرا ڕای گرت و گووتی بشمکوژی دەگەرێمەوە، دابەزە و ئەمن خواحافیز. هەر زوو بەکابرام گووت دەزانی من خەڵکی کوێم تۆش دیارە خەڵکی بێورانی سەرێی، من دێمەوە شاری هەرچی بەسەرم بێت بە هی تۆی دەزانم. کابرا گووتی وەڵڵا خوا دەکات لەتۆ و ئەم کێشەیە ڕزگاریم دەبێت قەت کارم پێنابی، ئەمن کارم بەم شتانە چیە، خۆ وەک تۆ خوا شێتی نەکردووم. ئەدی ئەوە شێتی نیە بە نێو عەجەمان دا بێی و فیشەکان دەگیرفانێ کەی؟ کابرا قسەکەی بەتەواوی تەواو نەکرد کە بە پەلە پەل بایدایەوە و گەڕاییەوە بەرەو شار.
تەقە بەتەواوی گەرم ببوو، هەم پێم خۆش بوو لە ناو تەقە و شەڕ دام هەمیش دەترسام. پێش ئەوەی بگەمە خرێ زەلاوان، نێوان سەردەشت و بێوران، بەرجادە بووم کە خۆم بگەیەنمە چۆمی خوار پردی کۆربناوێ. تۆزێک رۆیشتبووم کە لە سەر تەپۆلکەیەکی پێشمەرگەم دیتن خەریکی تەقە کردن بوون ڕێگای چۆمیم گۆری و گەڕامەوە سەرێ لای پێشمەرگەکان.
یەکەم پێشمەرگە کە دیتم محەممەدی حاجی حەسەنی ژاژۆکەی بوو کە دەگەڵ حاجی حەسەنی بابی هەردووکیان پێشمەرگە حیزب بوون، گووتی کورە ئەوە ئەتوو بەو تەقەو هەرایە لێرە چدەکەی؟
گووتم لە شاری راهاتووم، فیشەکم بۆ پێشمەرگان هێناون، گووتی ئەیی ئافەرین کوری ئازا، کوان ئەدی لەکوێن؟ گووتم ئەوەتان ئەوە لە گیرفانم دان، کاک محەممەد بەسەیرێکەوە گووتی گیرفان؟ کوا دادەی، ١٥ فیشەکەکەم بو دەر هینان و وێم دان، گووتی دەی بێنە هەی دەخەوێم نەیی! شەڕە تەقەی حکوومەت و پێشمەرگە زۆری نەکێشا، دیار بوو کۆمەڵێک چەکدار لە مۆڵگەکەیان بەرەو لای هێزەکانی پێشمەرگە هاتبوونە خوار و هێزی گەلیش بەرەنگاریان بوونەوە و ناچار بە پاشەکشەیان کردبوون.
من دەگەڵ گەڕانەوی پێشمەرگەکان بۆ بنکەکانی خۆیان بەرەو بێوران رۆیشتم توانیم بۆ جاری دووهەم فەرماندەی دەستەیی زەڕبەت ببینمەوە، (بەداخەوە کاک حەمەدەمین مەلا عەزیزی لە کاتی هێرشی حکوومەت بۆ داگیرکردنی گوندی بێوران لە ڕۆژی ٠٨ ـ ٠٥ ـ ١٩٨٣ ی زائینی شەهید دەبێت) کاک حەمەدەمین داوای کرد کە کاک ڕەحمان مارەغانی وەبینن تا بێت و لە دانیشتنەکەمان بەشدار بێت. دیار بوو پێشتر لە بارەی هاتنەدەری ئەم سەربازانە بەیەکەوە قسەیان کردبوو هەر بۆیە یەکسەر بەمنیان گووت کە دەبێ ڕۆژێک دانێن دەستەیەک لە پێشمەرگەکان بە سەرپەرستی کاک ڕەحمان هەڵسەنگاندنێکی مەیدانی لە دەوروبەری ئەو مۆڵگەیەی کە سەربازەکانی لێن بکەن.

کاک ڕەحمان کێ بوو؟

ڕەحمان مارەغانی بۆ خۆی گەورە بووی ئەو ناوچەیە بوو کە پایەگای دوو سەربازەکانی لێ بوون و بەباشی ناوچەکە شاڕەزا بوو.
ناوبراو خەڵکی گوندی مارەغانی سەردەشت بوو، لە شەڕ و زەڕبە لێدان لە حکوومەت بەناوبانگ و خۆشەویست بوو، ناوی ڕەحمان یەزدانپەرست، بە ڕەحمان مارەغانی ناسرابوو، کاک ڕەحمان بێجگە لە خۆی سێ برای دیکەی پێشمەرگەی دێموکرات بوون، کە بەداخەوە یەکێک لە برایەکانی بە ناوی زورار لە شەڕی دژی حکوومەت دا شەهید دەبێت. کاک ڕەحمان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ وەک پێشمەرگەی تەواو وەخت خزمەت دەکات، کەسێکی قسە لە ڕوو و هەرچی دەدڵی دابا دەیگووت. کە بڕیاری دانیشتن لە پێشمەرگایەتی دەدا و دەهەوێت بەرەو هەندەران کۆچ بکات. نەریتی دێموکرات وا بوو کە، بەرپرسانی حیزب بانگی کەسەکەیان دەکرد کە بۆ لە پێشمەرگایەتی دادەنیشی و بەجێمان دێڵی. کە بانگی کاک ڕەحمان دەکەن و لێی دەپرسن کە، بۆچی بەجێمان دێڵی و دادەنیشی؟ کاک ڕەحمان لە وەڵام دا دەڵێ: ڕاستیەکەی من نیزیک ٢٠ ساڵە پێشمەرگەم و پارێزگار و نیگهبانی ئێوەم، ئێستاش ئێوە کوڕەکانی خۆتان ناردوون بو دەرەوی وەڵات بۆ خوێندن و دوای دەگەرێنەوە و لە کوردستان دەبنە مەسئول و سەرکردە و کوڕەکانم کە لێرە گەورە دەبن وەک من دەبنەوە پارێزەر و ئێشگری کوڕەکانتان، هەر بۆیە دەڕۆم بۆ دەرەوە کە کوڕەکانی خۆم پێبگەیێنم.
مادام دەستم بە نەقل گێرانەوە و غەیبەت کردووە با باسی پێشمەرگەیەکی‌تریش بکەم کە دادەنیشێ و دەگەرێتەوە زێدی خۆی، پێشمەرگەکە ناوی کاک ئەحمەدە و خەڵکی بێورانی خوارێیە، کە بە “کاکە قەوەت” ناسرابوو، کەسێکی زۆر بەرێز و ئارام بوو، یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە ژیانی پێشمەرگایەتی بۆ ماوەیەکی زۆر لە سەر سنوورەکان گومرگی لە خەڵک وەدەگرت بۆ حێزب، بە شاهیدی هەموو ئەو کەسانەش کە دەیانناسی یەکێک لەو مرۆڤە پاکانە بوو بە پێچەوانەی هێندێک کەسی‌تر کە کاری گومرگیان دەکرد و دەڵەمەند ببوون، ئەو نەک دەوڵەمەند نەببوو هەتا بەرگ و پێڵاوی نوێشی دەبەر خۆی دا نەدیتن و بە هەژاری گەڕایەوە زێدەکەی. کە دەیهەوێت واز لە کاری حیزبی بێنێت و بگەرێتەوە لێی دەپرسن، بۆچی بەجێمان دێڵێ؟ لە وەڵام دا دەڵێ ڕاستیەکەی لەبەر ئەوەی، بەڵێم لێ براوە، دەڵێن یانی چی بەڵێت لێبراوە؟ کاکە قەوەت دەڵێ من عەیامێکە پێشمەرگەم و هەرچی حیزب گووتویەتی بە دڵەوە گووتوومە بەڵێ، ئێستاش بەڵێم لێ براوە و دەگەرێمە بێورێ و دوا کاتەکانی ژیانم لەوێ دەگوزەرێنم. ڕووحی ئەم پێشمەرگە پاکە مەزنە شاد بێت.
دوای دوو سێ جاریتر هاتووچۆ، سەرەنجام پێشمەرگە بڕیاری دەست پێکردنی ئەم چالاکیەیان دا بە سەرپەرستی کاک ڕەحمان مارەغانی.
من سەربازەکانم بۆ جارێکیتر دیتەوە و گووتیان کەسێکیترمان بە ناوی مستەفا پێوە زیاد بووە ئەویش دەگەڵ ئێمە دێتە دەرەوە و ئەوان بوون بە ٣ نەفر بە ناوەکانی ، ڕەزا، محەممەد و مستەفا، دیارە سەربازەکان لە ئاخر دانیشتنیش دا داوای ئەوەیان دەکرد کە پایەگایەکە بێ تەقە تەسلیم بە هێزی پێشمەرگە بکەن، بەڵام پێشمەرگەکان ئامادەی ئەم ڕیسکە نەبوون بۆ ئەوان ئاسانترو سەلاحتر وا بوو کە سەربازەکان لە مۆڵگەکەیان بێنەدەرێ و خۆیان تەسلیم بکەن.
دەبوو سەربازەکان ببینمەوە و کات و شەوی چوونە دەرەوە، هەروەها شوێنی بەیەکتر گەیشتنمان و وشەیی نەهینی دابنێن.
بە تەنیا محەممەد سەربازم لەو شوێنە کە هەموو جارێک یەکترمان دەدیت، دیتەوە. گووتی هەر بەتەنیام، پێم بڵی چی تازەت پێیە ئایا ئامادەن یان نا؟ گووتم ئامادەین ئێوە شەو و کاتی هاتنەدەر دەستنیشان بکەن، هەروەها دەبێ بزانم بە کام لا دا دێنە دەرەوە و ئەو شوێنەی کە بۆی دەچن بەمن نیشان بدەن بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان بزانن. دیاربوو سەربازەکان لە خۆ دەرباز کردن لە سەربازی و ئەو ژیانەی کە تێیدا بوون زۆر بێزار بوون. هەربۆیە یەکسەر گووتی، کەوابوو بابرۆین بەرەولای پایەگایەکەمان، لە ناوەندی شاری سەردەشتێ را نیزیک و دوور بەدوای سەربازەکە دا رۆێشتم. پێشتر جارێکیتر بەدزیەوە بەدوایان کەوتبووم داخوا دوای رۆێشتن لە لای من دەچنە کوێ و بەکوێدا دەرۆنەوە بۆ پایاگایەکەیان. مۆڵگەکە لە شوێنێک بوو بەناوی کانی بۆگەنێ نیزیک گەڕەکی بەری ئاشان. من تا نێزیک مۆڵگەکەیان رۆیشتم و لەوێ بۆ ماوەی چەند دەقیقەیەک ڕاوەستاین و شوێنێکی نیشان دام کە چۆن لە مۆڵگەکە دێنە دەرێ و بۆی دەچن. ئەو ڕۆژەی کە ٧ ی خاکەلێوە ١٣٦٠ ی هەتاوی بەرامبەر٠٦؟٠٣؟١٩٨١ی زائینی بوو، شەو و کاتی هاتنە دەرەوە لە مۆڵگەکەیان کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی١٠ ی خاکەلێوە دەستنیشان کرد. واتە سێ شەویتر. سەربازەکە گووتی لەو شەو و کاتە دا من و ڕەزا ئێشکگری هەموو پایەگایەکە دەبین و مستەفاش دەگەڵ خۆمان دێنین. وشەیەکمان بۆ یەکتر ناسینەوە لە بەینی ئەوان و پێشمەرگەکان دانا کە کاوەیی ئاسنگەر بوو کە بە وشەیی نهێنی لە ناو پێشمەرگە دا باو بوو. قەرار وابوو کە شەوی هاتنەدەر کاتێک کە بۆ یەکەم جار دەیان بینین ئێمە دەڵێین کێن؟ ئەوان بڵێن کاوە و ئێمەش بڵێین ئاسنگەر. من داوام لێ کرد کە وەختی هاتنە دەرەوەیان هات، دوو جار چرا قوەیەک هەڵکەن و بیکووژێنەوە بۆ ئەوەی ساتەوەختی هاتنیان بۆ ئێمە دیاری بکرێ.
٨ی خاکەلێوە بۆ جارێکی تر بارگەم پێچایەوە بەرەو پێشمەرگایەتی چوومەوە بێوران، ئەو کات دەستەی زەڕبەت لە گوندێکی چەند ماڵی بوو، بەناوی باوێ. باوێ لە نێوان گوندی بێورانی سەرێ و خوارێ بوو. شەوێک لە وێ مامەوە و بۆ ڕۆژی دوایی واتە ٩ی خاکەلێوە، لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکان بە سەرپەرەستی کاک ڕەحمان بەرە و گوندی فەقێ خدریان وەرێ کەوتین. دوایی پشوودانێکی کورت دەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک رۆیشتین بەرەو ئەو شوێنەی کە قەرار بوو سەربازەکان لە مۆڵگەی کانی‌بۆگەنێ را بۆی بێن و لەوێ یەکتر ببینینەوە. دەمەو ئێوارە ڕووناکی هەر مابوو کە شوێنی دیاریکراوم پێشانی پێشمەرگەکان دا. دوای دیتن و هەڵسەنگاندنی ناوچەکە بڕیار درا ٢ لە پێشمەرگەکان لە بەرزاییەک بمێننەوە بۆ ئەوەی مۆلگەی کانی بۆگەن و دەورەوبەر لە ژێر چاوەدێری دابنێن و ئاگایان لە جموجۆلەکان بێت نەکا فێڵ لە پێشمەرگە بکەن.
من و پێشمەرگەکان گەڕاینەوە گوندی فەقی خدریان بۆ خواردن و پشودان و پاشان سەرجەم پێشمەرگەکان گەراینەوە لایی دوو لە نگهبانەکان. کاتژمێر نزیک ١٠ی شەو بوو و ئێشگر داندران و پێشمەرگەش هەرکەسە و لە پەنایەک درێژ بوون بۆ پشودان و لەسەرهەست نوستن.
کاتژمێر ٢ی شەو بوو لە خەو هەڵیانستاندین و خۆمان ئامادەکرد. کاتژمێرێکی مابوو سێ سەربازەکان لە پایەگا بێنەدەرێ بۆ شوێنی دیاریکراویان. هەموومان چاوەڕوانی پێکردنی چرایەک بووین کە لە پرا یەکەم ڕووناکی تەواو لە مۆڵگەکە را بیندرا و کوژایەوە بە چەند سانیەیەک بۆ جاری دووهەم ڕووناکی دەرکەوتەوە و کوژایەوە. بە هەڵکردن و کوژانەوەی ئەم چرایانە پێشمەرگەکان خۆشحاڵ بوون و منیش لە هەمووان زیاتر و دڵنیا بووم کە ئەوان ئامادەی هاتنە دەرەوەن. بێگومان ئەوخۆشبینیەی کە بە هۆکاری ناسینی سەربازەکان لە من دا هەبوو لە باقی پێشمەرگەکان دا نەبوو، هەر بۆیە ئەوان بە گوومانەوە بەرنامەکانیان دەبردە پێش. داوایان لەمن کرد دەگەل چەند پێشمەرگەیەکی‌تر هەر لەو شوێنەی کە لێی خەوتبووین بمێنمەوە بۆ ئەوەی ئێمە لەم شوێنە بەرزایە را پشتی ئەم گرووپە بگرین کە دەچنە پێشەوە. واتە ئەو شوێنەی کە قەرار بوو سێ سەربازەکانی بۆ بێن. لە تاریکی شەو دا و بە بێدەنگی‌یەکی تەواو لە پشتی بەرد و دەوەنان، هاورێ دەگەڵ چەند هاورێیک خۆم ئامادە کردبوو کە سەربازەکان بگەن، هەستێکی زۆر خۆش و بڕوا بەخۆبوونێکی زیاترم تێدا درووست ببوو.
دوای دەوروبەری نیو کاتژمێرێک دەنگە دەنگی پێیان سرنجیان ڕاکێشاین و لێمان نیزیک دەبوونەوە، دیار بوون ئەو هاورێ پێشمەرگانە بوون کە چووبوون بۆ هێنانی سەربازەکان. زۆرم پێخۆش بوو بە ساغی گەراونەوە و سەربازەکانیشیان لەگەڵن. من زۆر بەپەلە بووم کە سەربازەکان ببینم، سەرەتا محەممەد سەرباز هات بۆلام زۆر بەگەرمی یەکترمان لە باوەش گرت و دوای ئەو ڕەزا، ئەویش بەهەمان شێوە، ڕەزا لە خۆشحاڵیان کوڵی گریان گرتبووی.
پرسیم ئەدی مستەفا کوا،؟
گووتیان ئەومان دەگەڵ نییە، دوایی بۆت باس دەکەین کە ئەو بۆچی لێرە نییە.
هەموومان خؤشحال بووین و من لە هەمووان زیاتر،. ئەوان ٦ تفەنگی ژ٣ێ یان هێنابوو لەگەل ٢٠ خەشابی پر فیشەک و چەند نارنجۆکێکی دەستی. شوێنی مانەوەمان بەجێهێشت.
تاریکی شەو وردە وردە جێگەی خۆی دەدا بە ڕووناکی بەربەیان و بەرەو گوندی مارەغان وەرێ کەوتین، بۆ خواردنی بەیانی بەسەر ماڵانی ئاوایی دا دابەش بووین. من لەگەڵ سەربازەکان لە ماڵێکی بووین و خواردنی بەیانیمان نان و شیری گەرم بوو، و هەرکەس لەبەری خۆیەوە ڕاکشاین بۆ پشوودان و سەرخەو شکاندن و کەم کردنەوەی ماندوویەتی.
زۆر شادمان بووم کە ئەم چالاکییە بە سەرکەوتوویی بێ تەقە و خوێنرشتن بە ئەنجام گەیشت. تامی خۆشی و ئازایی و سەرکەوتن هەموو هەستەکانمی گرتبۆوە، بڕیار درا کە بەرەو گوندی بێواران بنکەی مانەوەی دایمیمان وەرێ کەوین.
لای نیوەرۆ بوو کە گەیشتینە پردی کۆربناوێ لە نێوان سەردەشت و بێوران، لەوێرا بە ماشین رۆیشتین بۆ گوندی باوێ بنکەی دەستەی زەڕبەت. لە لایەن خەڵک و پێشمەرگەکانی ئامادە لەوێ پێشوازیکی گەرمان لێکرا و خواردنی نیوەرۆمان لەوێ خوارد.
١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدان

گووتیان ئەمرۆ ١٠ خاکەلێوەیە و ڕۆژی شەهیدانە. (١٠ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان و هاورێکانیەتی کە لە لایەن حەمەڕەزا شای گۆربەگۆر دوای نەمانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٦ هەتاوی – ١٩٤٧ی زایینی لە شاری مەهاباد لە سێدارە دران. حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو رێکەوتەی بە ڕۆژی شەهیدان ناودێر کردووە).
کومیتەی ناوچەی بۆلفەت بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدان، لە گۆرستانی بێورانی سەرێ بۆ رێزنان لەم ڕۆژە، کۆبونەوەیەکی لە خەڵک و پێشمەرگەیان ئامادە کردبوو. بەشێک لە پێشمەرگەکانی دەستەی زەڕبەت پێشتر خۆیان ئامادە کربوو کە من و سەربازەکانیێشیان لەگەڵ خۆیان برد.
خەڵک و پێشمەرگەیەکی بەرچاوی ناوچەکەی تێدا ئامادە بوون، رەوان شاد کاک حاجی حوسێن حدداد لەوێ بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدان وتاری دەخوێندەوە لە ناو قسەکانی دا دەگەڵ ناو هێنانی سەربازەکان بەخێرهاتنی کردین و منیشی وەک هاوکار و رێکخەر بۆ هاتنەدەری سەربازەکان ناو هێنا، هەروەها سوپاسی گەرمی پێشمەرگەکانی دەستەی زەڕبەتی کرد، کە بوو بەهۆی خۆشحاڵی بەشداران بەگشتی و من و سەربازەکان بەتایبەتی.
سەربازی سێهەم بۆ نەهات؟ مستەفا کە تەنیا بۆ جارێک من دەگەڵ دوو سەبازەکانی تر واتا محەممەد و ڕەزا دیبووم، خەڵکی ناوچەی لۆرستان بوو، دیار بوو جێگەی متمانەیی تەواوی دوو برادەرەکەی‌تر کە تورکی ئازەری ناوچەی تەورێز بوون نەبوو، هەر بۆیە پێیان نەگووتبوو کەی دەرۆن تەنیا بەڵێنی ئەوەیان پێ دابوو کە رۆیشتن دەگەڵ خۆیان بیبەن. دوو سەربازەکەش نە شەوی هاتنە دەرەوەیان پێ گووتبوو و نە پێشتریش منیان لەم بابەتە ئاگادار کردبۆوە.

کەم ئەزموونی حیزب و گەل بۆ شەڕ و بەرگری

پێشتر بە کورتی باسی کەموکۆری خەباتی گەل و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکانی کوردیم کردبوو بە دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە چۆن کەم ئەزموونانە گەلی کورد بۆ مان و بوونی خۆیان گیانفیدایی دەکەن.

هەر لە سەرتای هاتنەسەرکاری حکوومەتی مەلاکان لە ئێران، داخوازییە سەرەتایی و ڕەواکانی گەلی کوردستان لەم بەشەی وەڵات نەک ڕەت کرانەوە بەڵکوو بە دڕندانەترین و بێ ڕەحمانەترین شێوە دەست کرا بە کوشتن و ئێعدامی بە کۆمەل و ئەشکەنجە و بەندکردنی سەدان کەس لە شارو گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کە دەکرێ بڵێی ئەوەندە ئەزموونەی کە حیزبەکانی کوردستان هەیانبوو، بەتایبەت حیزبی دێموکرات کە مێژووی سیاسی و سەربازی و ڕێکخراوەی زۆر زیاتری هەبوو بە بەراوەرد بە ڕێکخراوە سیاسیەکانی دیکەی حازر، وەڵامدەری رێکخستنی ئەو هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرو خەڵکە نەبوون و زۆرجار بڕیاردان بەگوێرەی تێگەیشتنی کەس و کەسانی لە مەیدان و لە سەر بنەمای ئەزموون و مەزاجی خۆیان بوو. لەبەر ئەوەی هیچ ڕاهێنان و دەورەیەکی تایبەتیان نەدیبوو و بە گشتی شورش خۆی بۆ ئەو قۆناغە ئامادە نەکردبوو.

بڕیاری گەڕاندنەوەم بۆ شار درا

بە بەهانەی ئەوەی کە کەم تەمەنی و وەختی پێشمەرگایەتیت نەهاتووە یان بەهانەی بێ بنەمایی بخوێنە و خەریکی کار و کاسبی خۆت بە و خۆت قاچاغ مەکە! هەر لە یەکەم شەوی هاتنەدەرم، کەوتمە بەر فشارێکی زۆری چەند لە پێشمەرگە و بەرپرس بەتایبەت کەسەکانی زۆر نیزیکی خۆم. هەموو ئەو شادی و خۆشی‌یەی کە ماوەیەکی چەند مانگ بوو لەناو هەست و دەروونمدا بەدیهاتبوون، هاتنەوە ژێر سیفر و بەو تێگەیشتنە ساکارەی خۆم سەرم لە مەنتقی ئەو بڕیارە سووڕمابوو، بە شێوەیەک کە بە گریان و پارانەوش وازیان لێ نەدەهێنام و هەتا دوو سەربازەکانیش کە ئامادەی دانیشتنەکە بوون داوایان کرد کە لە بڕیاری ناردنەوەم پاشگەز ببنەوە، گووتیان: ئێوە بەدەستی خۆتان عەلی بەرەو مەرگ دەنێرنەوە. لە کۆتایی دا بڕیاری گەراندنەوەم بۆ شار بە بەهانەی درێژەدانی خەبات لە ناو خۆ بەدەستی دڵسۆزانی کەم ئەزموون و لەخۆبایم درا.
ماڵئاوایم لە هاوسەفەرە سەربازەکانم کردوو بۆ نوستنی ئەو چەند کاتژمێرە کە ماوە بۆ بەیانی، گەراندیانمەوە ماڵێکی خزمان لە ناو گوندی بێوران بۆ ئەوەی ڕۆژی دوایی بگەرێمەوە بۆ سەردەشت!
دوای نوێژی بەیانی منیان لە خەو هەستاند بۆ خواردنی نانی بەیانی و خۆئامادە کردنم بۆ گەرانەوە. کە خەبەرم بۆوە توانایی بیرکردنەوە، قسە کردن و بڕیاردانم نەبوو. لە بێ خەوی و ماندوویی و نارەحەتیان تەواو وەک گێژانم لێ هاتبوو. تووشی سەر ئێشەیەکی گران هاتبووم، پێمگووتن من توانای هەستان و رۆیشتنەوەم نییە و پێوستیم بە دەرمان و پشوودانە، هەر زوو وەڵامەکەم ڕەت کرایەوە. ئاو و حەبی سەرئێشەیان دامێ و دوای نان خواردن دەگەڵم هاتن بۆ سەر جادەی بێوران بە ماشێنێک هەتا ئەو شوێنەی کە پێشمەرگە دەیانتوانی هاتووچۆی بۆ بکەن بردیانم و لە وێشرا بە ناچاری بەرو ماڵ و شاری سەردەشت وەرێ کەوتم.
ڕابردووی ژیانم ئەوەم بۆ دەردەخات کە بڕیاری سەیر و ترسناک و سەربەخۆم زۆر داون کە بێگوومان لە سەر بنەمایی ئەوەندە زانیاریە کەمە بووە کە هەمبووە. ئەگەر بە ڕاشکاویی بیلێم، بێگوومان نەترسی و توانایی جەستەم زیاتر بەکار هێناوە تا لێکدانەوەی ئەقلانی و تێگەیشتووانە. بەڵام لەم بڕیارەی گەراندنەوم بۆ شار دەگەڵ ئەوەیی حەزم لێنەبوو زۆریش دەترسام لە دەرئەنجامی چوونەوەم، بەڵام توانای بڕیاردانی وەک پێشوو و یاغی بوون و سەربەخۆم لە دەست دابوو کە ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بووبێ کە زۆر ماندوو و بێخەو بووم. ئاخر دوایی چەند مانگ هاتووچۆ کردنم بە ئاشکرا لەگەڵ دوو کەس کە هەمیشە جلوبەرگی سەربازیان دەبەر بوو و دۆست دوژمن دەیدیتین. هەتا هێندێک کەس پێیان وابوو بوومە هاوکاری حکوومەت لە بەر ئەوی زۆر دەگەڵ ئەم سەربازانەیان دەدیتم. نەمان و هەڵاتنیان لە مۆلگەکەیان و بردنی ئەو هەموو کەلوپەلی سەربازی، لە لایەکیتر بوونی من لە کاتی هاتنەدەریان و رۆیشتن دەگەڵیان، بە ناو چوار پێنج گوندان دا و بەشداری کردنمان لە کۆبوونەوەی لایەنی کەم ٤٠٠ کەسی خەڵک و پێشمەرگە لە سەر گۆرستانی گوندی بێورانی سەرێ، لە ساڵڕۆژی رێزلێنان لە شەهیدان و بەخێر هێنانی من و سەربازەکان و ناوهێنانی عەلی شەخسی وەک لاوی بەتوانا و رێکخەرو بەرێوەبەری چالاکیەکە، ئەگەر ئەم بڕیارە کەم ئەزموونی حیزب و شۆرش نەبی چی‌ترە؟
ئەم ساڵە ماوەیەک بوو کە حکوومەت هاتووچۆی بە ئوتومبیل لە سەردەشتەوە بۆ بێوران و پێچەوانە قەدەغە کردبوو و حەساری ئابووری خستبوو سەر ئەو ناوچانەی کە بەدەست حیزب و هێزی پێشمەرگەوە بوون. خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر بە پێ و ئەسپ و گوێدرێژان دەهاتن و دەچوون. هەر بۆیە منیش دەبوو بەپێیان بگەرێمەوە. لە لایەک ترس لە گەرانەوە و دواڕۆژی ناروون و لە لایەکیتر ماندوویی و بێ خەوی، بڕستیان لێبریبووم و هێزی ڕێگا رۆیشتنم کەم بوو، بەڵام هەر چۆنێک بێت درێژەم بە رۆیشتنەکەم دا و ماندوو و هیلاک گەیشتمەوە ماڵی خۆمان لە سەردەشت.
کە چوومە ژوورێ و دایکم چاوی پێکەوتم هەر زوو هەستی بە ماندوو بوون پەشۆکاویم کرد، بە تووڕەیی زۆر و بە تەوسەوە گووتی: ئەوە کەس دەزانی ئەتوو چ دەکەی و لە کوێی میرزا عەلی، (میرزا فڵان کەس وشەیەک بوو کە لێت تووڕە بان بەکار دەهات) لە کەنگێوە ئەتۆ وات لێ هاتووە بێ پرس، شەو و ڕۆژ برۆیی و بە کەس نەلێت، پێت وایە دنیا شاری بێ دەروازەیە، بێی و برۆی، ئەوە بۆ هێندە شێواوی؟ دەڵێی دە شەوە نەنووستوی؟ من هیچت لێ ناکەم بەڵام خۆت ئامادەکە بۆ شەڕی بابت، هەر خوا دەزانێ ئەو چەند تووڕەیە. بریا رۆڵە لە جیاتی تۆ ئەژدیهایەکم لێ دەبوو، بەخودای ئاسوودەتر دەبووم. بڕۆ ئاوێکی سارد بە سەروگوێلاکت داکە و ئەگەر پارویێک نانی بە سندان دەکەی دەنا بڕۆ بۆ دووکانێ لای بابت.
لە ڕاستیدا توانای هیچ وەڵامدانەوە و شەڕێکم نەمابوو، بێ ڕاوەستان ئاوێکی ساردی زۆرم بە سەرو گوێلاکم داکرد و هێندێک هاتمەوە سەر خۆم و نان خواردنێکی بەپەلە و خۆم گۆری بەرەو دووکانی بابم کە لە چوار رێی شێر و خورشیدی ئەو کات بوو، وەرێ کەوتم.
بەترسەوە سڵاوم لە بابم کرد، بابم وەک زۆربەی کات بە ئارامی وەڵامی دامەوە و گووتی ئەوە دوو شەوە لە کوێی ؟ نابێ کەسێک بزانێ چ دەکەی و بەدوای چ دا دەگەرێی؟ منیش بێ ڕاوستان و چاو لێکردن لە چاوی بابم گووتم: لە بێوران بووم، هەوای خۆش بوو لە ماڵی پورێم مامەوە. بابم هیچی نەگووت چەند چرکەیەک بێ دەنگ بوو، پاشان گوتی من دەچم بۆ مزگەوت لێرە بە تا دەگەرێمەوە.
حەزم دەکرد بزانم داخوا دەنگ دانەوەی خۆتەسلیم کردنی سەربازەکان لە ناو خەڵک چۆنە؟ ئەگەر چی ترسم هەر هەبوو بەڵام بەوەی حکوومەت بەدوای من دا نەگەڕاون بابم هێچی نەزانیوە تۆزێک ئارام بوومەوە.
کەمتر لە کاتژمێرێک بەدوای رۆیشتنی بابم بۆ مزگەوت تێپەری بوو کە سەربازێک هاتە پێش دووکانی و سەلامی کرد، سەرەتا وامزانی بۆ شت کرین هاتووە. لەنەکاو گووتی (علی آغا خوبی) تەواو هەستم بە هەژانی دەروونی کرد و بەترسەوە گووتم تۆ چۆن من دەناسی؟ گووتی من مستەفام پێم بڵێ محەممەد و ڕەزا- ت چ لێ کردن؟ ئەو ناپیاوانە نەک پێیان نەگووتمەوە کە دەرۆن تەنانەت تفەنگی منیشیان بردوە. ئیستا پێم بلێ ئەوان لە کوێن منیش بەرە بۆ لای ئەوان. من گووتم نە تۆ دەناسم نە ئاگاشم لەو سەربازانەیە کە تۆ باسیان دەکەی، هەر زوو گووتی عەلی کار لە کار ترازاوە من ناوی تۆم داوە بە پایەگا. سوپا بازجویان کردووم منیان بە هاوکاری تۆ داناوە، دوو ڕۆژە بە دوای تۆ دا دەگەرێن ئیستا چوار دەورەت گیراوە.
ئەگەر دەتوانی تۆ ڕاکە و منیش بەدوات دا ڕادەکەم بۆ ئەوەی هەر دووکمان ڕزگاریمان بێت لەوە زیاتر چارمان نیە هەر دووکمان ئێعدامین.
بۆ من وەختی بڕیار دان و خۆ دەرباز کردن بوو، پێشنیاری هەڵاتن لە لایەن مستەفاوە بۆ من باشترین بڕیار بوو. بەبێ ئەوەی خۆم بمهەوێت هەستێکی بەهێزی دەروونی لە بەدەنم گەڕا و ماندوویی پێشووم لەبیر نەما. هەر زوو گووتم جارێ ڕاناکەین، لەناو بازار دەرناچین، دەستمگرت و بە نەرمی بێ ئەوی دووکان داخەم لە دووکانەکە دوور کەوتینەوە، هێزە چەکدارەکەی دەورمان کە بە ڕواڵەت بەدزیەوە لەوێن، دەگەڵ ئێمە بە نەرمی جووڵەیان تێکەوەت، من و مستەفا بەرەو لای حەمامی فەتەلیزادەی دەرۆیشتین و بۆم باس دەکرد چۆن ڕادەکەین. من هیچ تێنەدەگەیشتم کە پلانی پیاوانی ڕژێم لەسەر من چ بوو و بۆ هەر لەوێ کە منیان لەبەر دەست بوو، بۆ دەستگیر نەدەکرد؟
بەهەر حال، من مەبەستم بوو کە زیاتر بکەومە ناو کۆڵانە زۆر و تەنگەبەرەکانی گەڕەکی خۆمان کە هەر لە منداڵییەوە تێیاندا گەورە ببووم و بۆ خۆ دەربازکردن باش بوون. من و سەربازکە شانبەشان دەرۆیشتین و چەکداری حکوومەت دوور و نیزیک بەدواوە ، وا وێدەچوو کە ئەوان بڕوایان بە مستەفا هەبوو کە من تەسلیم دەکات، لە لایەکیتریش مستەفا پشتی بەمن بەستبوو کە ڕادەکەین و من دەگەڵ خۆم دەیبەم ئەویش ڕزگاری دەبێت. منیش پلانی خۆم هەبوو کە بۆ خۆم ڕادەکەم دەرباز دەبم و ئەوان ناتوانن بمگرن. سەرەتا گووتم دەیبەم بۆ ماڵی مامم ، خانووی ئەوان دوو دەرگایان لە حەوشەکەیان دا هەبوو گووتم لە یەکیان دەچمە ژوورێ و بەویتریان دا رادەکەم. بەڵام دیاربوو بە هۆی دووری ئەوەم بۆ نەدەکرا هەر بۆیە یەکسەر بڕیارم گۆری و بە بێ سی و دوو ڕامکرد و دوای یەک دوو کۆڵانان خۆم لە چەکدار و مستەفاش وون کردوو بەرەو ماڵێ خۆمان رۆیشتم و لە چەند چرکەدا کێشەکەم بۆ دایکم باس کرد و گوریسێک و بیورێکی دار برینەوەم هەڵگرت و ماڵ و دایکمم بە گریان ئەیرۆ ئەیرۆ بەجێ هێشتن. هەر بەڕاکردن بەرەو سەرچاوەی نێزەرۆ هەمگاوەکانم تووندتر کردن و رۆیشتم . دواتر بە لای کانی‌یە مامەی دا بۆ سەر جادەی بێورانی تازە و بە ماندوویی و هیلاکی‌یەکی زۆر گەیشتمەوە لای پێشمەرگەکان و بەسەر هاتەکەم بۆ دوو سەربازە هەڵاتووەکانی برادەرم گێرایەو و زۆریان پێخۆش بوو کە هاتوومەوە لایان و بەداخ بوون لەوەی کە مستەفایان دەگەڵ خۆیان نەهێنا بوو.
ئاخر خەبەری کە دوایی لە مستەفام هەبوو ئەوەبوو کە حکوومەت دوای گرتنی لە ژیر ئەشکەنجەدا پێیدەڵین داخوا بێجگە لە عەلی کێی‌تر هاوکارتان بووە لە ڕاکردنی سەربازەکانی‌تر، ئەوەیش ناوی حزمێکی منی دابوو بەحکوومەت کە هاوکارمان بووە و بانگیان کردبوو بۆ لێکۆڵینەوە. دیارە من نەک هاوکاری دژی حکوومەت قەت تەنانەت هیچ کێشە و بەرنامەی ژیانی خۆمم دەگەڵ ئەو خزمم باس نەکردبوو.
لەو هەڵە گەورەیی کە بە کەم ئەزموونی و نەزانی خۆم و دەوروبەرم کە بە گەڕانەوە بۆ شار تووشم ببوو، ڕزگاریم هات و گەڕامەوە بۆ ناو هێزی پێشمەرگە و هاورێ دەگەڵ دوو سەربازەکان چەکی پێشمەرگایەتیم لە شان کرد. زۆر خۆشحاڵ و سەربڵیند بووم بەم شێوە هاتنەدەرەوەی کە دەنگدانەوەی ئەرێنی هەبوو هەم لە ناو شار و هەم لەو ناوچانەی کە بە دەست حیزب و پێشمەرگەوە بوون.

دەرکردنی دایوباب و سەرجەم خۆشک وبراکانم بە دەستی حکوومەت

چەند ڕۆژێک تێپەر بوون، لە کاتێک دا کە من زۆر شادمان بووم و زۆر خۆشم لێدەگوزەرا، بە هەواڵی دەستگیر کردنی باب و برا و خۆشک و دایکم ڕاچڵەکام.
دوای هەڵاتنەوەی من، ئەوانیان گرتبوو و پاشان پێیان گووتبوون یان عەلی و سەربازەکان بێننەوە یان ئێوەش شار بەجێ بێلن بڕۆنە دەرەوە لای ئەوان. بەبێ کەلوپەلی ماڵ و ژیان، لە شار دەریان کردبوون، بێجگە لە برایێکم کە لە شار نەبوو دایوباب وخوشکێک و چوار برام هاتبوون بۆ بێوران، بە بیستنی ئەم خەبەرە سەرجەم شادی و هەست و خۆشی تەواو بوون و تامی ئازادیم بە تەواوی لە دەست دا و خۆم زۆر بە تاوانبار دەزانی لەم بەسەرهات و ڕووداوەی کە بۆ ماڵی خۆمانم خوڵقاندبوو.
لە بنکەی گوندی باوێ بووم لە دەستەی زەڕبەت کە هەواڵەکەیان پێدام کە باوکت ئەوە لە چاخانەی بەرقەبرانی بێورانی خواری چاوەرێت دەکات، زۆر بە هەناسە ساردی و پەشێوی خۆم گەیاندە لای بابم ، نەمدەویست چاوم بە روخساری بابم بکەوێت، خۆم زۆر بە خەتابار و شەرمەزار دەزانی کە هەموویان لە سەر ئەم کارەی کە من بەرامبەر بە ڕژێم کردوومە لە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان هەڵقەندراون.
لە ماشێن دابەزیم و دیتم بابم لە گەڵ کۆمەڵێک لە خزمان لە دەوری یەک ڕاوستابوون، دوای سەلام کردن و دەست دانەوە دەگەڵیان دەستی بابمم ماچ کرد. بابم گوتی چۆنی کاکی پێشمەرگە، وەڵامم بۆ نەدرایەوە و ئەو کوڵی گریانەی کە بە بیستنی هەواڵەکە لە ناخم دا پەنداوی دابۆوە، دەرم بڕی و بێ ئیختیار دەستم بە گریان کرد، یەکێک لە خزمانی بە تەمەن گووتی: خۆ پێشمەرگە نابێ بگرین، درێژەی دایە و گووتی: شوکر بۆ خوا هەمووتان ساغن و کەس لووتیشی لە خوێن نەهاتووە، هەر دوای وی بابیشم گووتی هەرچی خوا نەیکات نابێ من بە کاری خوای ڕازیم، خۆ سەری مە لە سەری خزمان زیاتر نییە. سەری خزمان سەلامەت بێ هەموو شتێک پشت بە خوای باش دەبێت و ئیشاڵلا ئاخێری خێر دەبێت.
دەگێرنەوە کە سەردەمانی زۆر زوو پاشایەک دەبێت. ڕۆژێک لە ناو باغ و گوڵستانی خۆی خەریکی کار و کات بەسەر بردن دەبێت، لەنەکاو قامکێکی دەستی لێ دەکاتەوە. وەزیر و بەردەست لێی کۆ دەبنەوە بۆ پێراگەیشتن و ڕاو تەکبیر، یەکێک لە وەزیرەکانی پێی دەڵێت خێری پێوە دەبێت ئیشاڵلا گەورەم، پاشاش کە زۆر نیگەران و بە ئازار دەبێت، بە تۆڕەیی دەستور دەدات کە ئەم وەزیرە لا بەرن و زیندانی بکەن. دەڵێت من ئەوە پەنجەیەکم لێ بۆتەوە ئەویش دەڵێت خێر دەبێت. زەمەن تێدەپەرێ، برینی بێ قامکی شا، سارێژ و چاک دەبێتەوە. جارێکیان شا دەچێت بۆ ناو دارستانێکی گەورە بۆ ڕاو کردن، لە پڕ ڕا پیاوانی شای دارستان شاکەی ئێمە دەگرن و دەیانبەن بۆ خزمەت شای خۆیان. شای دارستان عادەتی دەبێ کە، هەر ماوەیەک کەسێکی غەریبە سەر دەبڕێ و دەیکات بە قوربانی. شاکەی مە دەبەن بۆ سەر بڕین، بەڵام کە دەبینن قامکێکی کەمە، دەڵێن ئەمە بەکاری سەر بڕین نایەت و یاسا وایە کە ئەو کەسەی دەبێتە قوربانی دەبێ ساغ بێت و کەم ئەندام نەبێت. شا بێ قامکەکە دەگەرێتەوە و وەزیرەکە ئازاد دەکات و دەڵێ بەڕاستی قامک نەمانەکەی من خێری پێوە بوو.
بوونی من و بنەماڵەکەم لە یەکێک لە باشترین وەڵاتانی دنیا، خێری ئەو ڕۆژانەیە کە بەسەرم هاتووە، بەڵام بە داخەوە و لە گەڵ داوای لێبووردن لە خوشک و برا و دایک و بابی کۆچ کردووم، کە نەمتوانی وەک پێویست ئەم هەلومەرجەی لە سایەی سەری ئەوان بۆم هاتووتە پێش وەک پێویست دەگەڵیان بەش بکەم.
هەروەها ڕوونە، ئەوەی لە ژیان دەیزانم و بیر و هەستی شۆرشگێری و کوردایەتی قەرزداری ئەو حیزب و کەسانەم کە نەسڵی پیش من، ئاڵای خەباتی نەتەوایەتیان هەڵداوە و پاڕاستوویانە، منیش ئەوەندەی بۆم کراوە دەگەڵ سەرجەم ئەو کەم و کۆری‌یانەی کە هەمبووە، کردوومە.
ئەوەی دەمێنیتەوە لەم بەشە دا باسی بکەم، داوای لێبووردن لە شەهیدان و کەس و کاریان بکەم کە بەڵێنی تۆڵە کردنەوە و درێژەدانی ڕێگایانم پێدابوون، بەڵام بە هۆکاری زۆر، بەکردەوە نەمتوانی درێژەدەری ڕێگایان بم.
با بگەرێمەوە باسی ئەو ڕۆژانەی بنەماڵەکەمان دەر کران. هاوکاری و هاوخەمی خزمان تا ئەندازەیەک قورسایی سەر شانی کەمتر کردبووین، بۆ ماوەیەک لە ماڵی کاک ڕەحیمی قادری هەمیشە دڵسۆز بووین کە دەبوو بە خوارزای بابم. وردە وردە ماڵ و حاڵیان دامەزراند و دەست بە ژیانی تازە کرایەوە و بابم و کورەکان بەدوای کار و کاسبی‌یەوە بوون بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان لە ژینگەی تازە.
هەلومەرجی ئەو کاتی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی زۆر ناسەقامگیر بوو، لە لایەک شەڕی ئێران و عێراق، لە هەمان کاتیش دا شەڕو بەرگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی خەڵکی ناوچەکەی توشی بێکاری و هەژاری کردبوو. تەنیا کاسبی کە کەم و زۆر هەبوو کاروانی و قاچاغی و ئەمدیو و ئەودیو بوو کە دەبوو خەڵک بۆ بەدەست هێنانی داهاتی ژیان، زۆر جاران گیانی خۆیان لە خەتەر هاوێن.
داوا کردن و فرۆشتنی یەکێک لەو تفەنگانەی کە سەربازەکان دەگەڵ خۆیان هێنابوویان بۆ دامەزرانەوەی ژیان و ژینگەی تازەی بنەماڵەکەم و رەتکردنەوەی لە لایەن بەرپرسانی ناوچەکە!؟ و کۆڵنەدانی من.
ژیانی ماڵی ئێمە لە بێوران بە زەحمەت دەگەرا هەر بۆیە دەگەڵ دوو سەربازەکانم باس کرد کە بە یەکەوە داوا بکەین کە یەکێک لەو ٦ تفەنگانەی هێنابوومان بدەن بە بنەماڵەکەمان بۆ ئەوەی بیفرۆشین پوڵەکەی سەرفی ماڵی بکەن تا بۆ ماوەیەک بژێوی ماڵومنداڵی پێ دابین بکەن.
سەرەتا دەگەل کاک ڕەحمان مارەغانیمان باس کرد، ئەو یەکسەر ڕازی بوو بەڵام گووتی بڕیاردەر من نیم بەڵام هەموو هاوکاریێکتان دەکەم. پاشان گووتی ڕاستی‌یەکەی من هەر یەکەم شەو کە هاتین بەدواتان کە بێنەدەر پێشنیارەم کرد ٣ لە تفەنگەکان ئاشکرا بکەین یەکی بدەین بە عەلی و دووانیش بفرۆشین بۆ ماڵ منداڵ و خەرجی ئەو پێشمەرگانەی دەگەڵمانن. بەڵام کاک رەسوڵ شەخسی ئامۆزای عەلی ڕازی نەبوو. ئێستا تۆزێک زەحمەت‌ترە کە فەرماندەی دەستە بەمە ڕازی بێ بەڵام ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین.
بۆ ئەم مەبەستە چووینە لای کاک حەمەدەمین کە بەرپرسی دەستەی زەڕبەت بوو و توانای بڕیار دانی ئەم داوایەی هەبوو. بەرێزیان داواکەی قەبوڵ نەکردین و گووتی دەبێ ڕەزایەتی فەرماندەی هێزی موعینی بێنن. ئەم داوا و ڕەددکردنەوە بۆ یەکێک لە تفەنگەکان هەر بەردەوام بوو کە ماوەی سێ ، چوار مانگی خایاند من بە حەقی خۆمم دەزانی هەر بۆیە چووم بۆ بنکەی هێز و لەوێش گووتیان پێویستیتان بە بڕیاری کومیتەی شارستان هەیە کە ئەو کات لە گوندی گرژاڵێ بوو. دوای هاتووچوونێکی زۆر و واسیتە و ڕاسپاردە، کە ئەو کات چاکم نەدەزانی پەیوندی بەرپرسەکان چۆنە و کێ بە قسەی کێ دەکات، سەرئەنجام، چووم بۆ کومیتەی شارستانی سەردەشت لە گوندی گرژاڵ و شەو مامەوە تا داوایەکەم کرد و وەڵامم وەرگرتەوە. لە کۆتایی دا بەرپرسی کومیتە شارستانی سەردەشت کە بۆخۆم پێم وایە کاک ( حەسەن ڕەستگار) بوو بێت گووتبووی، بۆ نایدەنێ مێرمنداڵێکی لەم تەمەنە هەر ئەوەندەی بۆ حیزب پێدەکرێ و ئیستا هەموو بنەماڵەکەی لەسەر ئەم سەربازانە لە شار دەرکراون، داوایەکی ڕەوایە و بۆی ئیمزا بکەن با بیدەنێ. نامەمان وەرگرت و بردمان بۆ بنکەی هێزی گیارەنگ و لەوێش داواکەمان ئیمزا کرا و درا بە بنکەی دەستە. بڕیار درا یەکێک لەو ٦ تفەنگە ژێ‌ سێ‌یانە کە سەربازەکان هێنابوویان بدرێ بە ماڵی ئێمە و بیفرۆشن بۆ خەرجی دانانەوەی ماڵوژیانی تازە. تفەنگەکە بە ٢٣ هەزار تمەن لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی ١٩٨١ی زائینی فرۆشرا.
بەشێک لە تفەنگ و تەقەمەنیەکانی دەستەی زەڕبەت لە ماڵێ یەکێک لە خزمە نیزیکەکانی من بوون ئەو تفەنگەی کە دەبوو بدرێ بە من لە هاوینە هەواری دووکانانی بێورانی خوارێ بوون. خاوەن ماڵی خزمم و محەممەد سەربازیان ناردن تفەنگەکە بێنن، خزمەکەم بە سەربازەکەی گووتبوو، گووتویانە کە دەبێ لە تفەنگە خاوێن و باشەکانی نەدەنێ. محەممەد سەربازیش گووتبووی ئەم تفەنگانە من هێناومن، من وەک ئێوە پێشمەرگەم مافی ئەوەم هەیە کە باشترین تفەنگی ژ٣ هەڵبژێرم و بۆ خۆم بیبەم بۆ ماڵی مام مارفی، خەتای منە ئەم ماڵە ئاوارە بوون.

چارەنوسی ڕەزا سەرباز

ڕەزا پاش مانەوەی چەند مانگ لە ناو پێشمەرگە داوای لێکردم کە ڕێگایەکی بۆ وەبینم کە خۆی تەسلیمی حکوومەت بکاتەوە. ڕەزا سەرباز خاوەنی ژن و کچێکی ساوا بوو زۆرجار وێنەیەکی خۆی و ژن و کچەکەی کە پێی بوو، دەردێنا و لە سەریان دەگریا، دوو سێ جار وێنەکەی پێشانی من دابوو، هەر جارێک کە پێشانی دەدام دەستی لە سەر ئەو لایەی کە خێزانەکەی تێدا دیاربوو دادەنا و خۆی و منداڵەکەی پێشان دەدام.

ڕۆژێکیان من و محەممەد و ڕەزا بەیەکەوە قسەمان کرد و بڕیارمان دا بە بێ ئەوەی کەس بزانێ لەو مەقەرەی ئێمە لێی بووین، ڕەزا بەرین بۆ بنکەی هێزی شەهید موعینی داوایان لێ بکەین کە ڕێگایەکمان پێشان بدەن کە ڕەزا خۆی تەسلیم بکاتەوە، هێزی شەهید موعینی قەبوڵیان کرد و دوای سێ، چوار مانگ ڕەزایان بێ چەک بردبوو سەر جادەی سەردەشت – پیرانشار خۆی تەسلیم بە حکوومەت کردەوە و ئیتر من هەتا ئێستاش ئاگام لە چارە نووسی مستەفا و ڕەزا نەما.

هۆکاری رۆیشتنی محەممەد سەرباز لە لای دەستەی ئێمە

ناوبراو هەتا ماوەیەکی زۆر لە دەستەی زەڕبەت مایەوە. ئەو پێشمەرگەیەکی نەترس بوو لە گەڵ هاورێ پێشمەرگەکانی بەشداری چالاکی سەربازی دەکرد. رؤژێک هات بۆلام زۆر نارەحەت و تووڕە، دیار بوو گووتی عەلی من ئەگەر ڕۆژێک لە نێوان حکوومەتەکانی ئێران و عێراق هەڵبژاردن بکەم، بێگوومان حکوومەتی ئێران هەڵدەبژێرم، چوونکە عێراق تەجاوەزکارە و هێرشی کردۆتە سەرخاکی ئێران. درێژە بە قسەکانی داو گووتی ڕاستە حکوومەتی ئێران باش نییە و ئێمە هەوڵی ڕووخانی دەدەین بەڵام ئێران وەڵاتی ئێمەیە نەک عێراق. من قسەکەم پێ بڕی و گووتم ، لەقسەکانت دەگەم بەڵام نازانم مەبەستت چیە و پێم بڵێ مەبەستت چیە لەم قسانە.
محەممەد گووتی: دوێنی دەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دەستەی زەڕبەت بۆ گەشت و سەیران چووین بۆ هاوینەهەواری … ون ئەسپێ کە لەسەر سنووری ئێران و عیراقە، فەرمەندەکەمان بە ئاشکراو و بێ ترس دەگەڵ چەند لە ئەفسەرانی حکوومەتی عێراق کۆبونەوەی کرد و خواردنیان بەیەکەوە خوارد. ئەوە بۆ من قەبووڵ ناکرێ من گەر نۆکەریش بکەم نۆکەری ئێران دەکەم. من لە ڕاستی دا قسەیەکم پێ نەبوو بۆ گووتن. پێشتر بیستبووم کە حیزب بۆ بەرژەوەندی خۆی و جووڵانەوەکەی پەیوەندی دەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە، لەسەر بنەمایی (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە). هەر بۆیە بۆ محەممەد سەربازم باس کرد کە پەیوندیێکی لەم بارەوە هەیە دەگەڵ حکوومەتی عێراق، بەڵام ئەوە بەم مانایە نیە کە ئێمە کار بۆ حکوومەتی عێراق دەکەین. محەممەد سەرباز هەر زوو وەڵامی دامەوە کە من ئەمە دەزانم، بەڵام ئەوەی من دیتم وێناچی حیزب ئاگای لێبێت، ئەم شێوە دانیشتنانە دانیشتنی بە دزی و تەک ڕەوانەنن.
محەممەد سەرباز دوای چەند ڕۆژێک لە دیتنی ئەم دانیشتنەی چەند پێشمەرگەیەکی دەستەی زەڕبەت دەگەڵ سەرباز و ئەفسەرانی عێراقی بە دڵشکاوی دەستەی ئێمەی بەجێ هێشت و چوو بۆ لکی ٣ و پاش ماوەیەک مانەوە لەوێ بیستم کە چۆتە لای سازمانی موجاهیدین و هەتا ئێستاش من ئاگام لە چارەنوسی محەممەد سەرباز نەما.

گەرانەوە بۆ شار و هەوڵی کوشتنی شەهابی

لە بەشی یەکەمی ئەم بەسەرهاتانە، باسی شەهابیم کردبوو کە چۆن گرتمی و بە لێدان و بێ حورمەتێکی زۆر بە خۆم و بەرگە کوردیەکەی کە دەبەرم بوو کردبوو. جیا لەمەش لاوەکانی شاری سەردەشتی زۆر ئەشکەنجە و ئازار و بە گرتن دابوون. هەر لەسەرەتاوە نییەتی تۆڵە لە دەروونم دا ریشەیی داکوتابوو. چەند مانگێک دوای بە پێشمەرگە بوونم، چەند جارێک داوام لە ڕەحمان مارەغانی کە ئەوکات سەرپەل بوو کرد کە، دەزانم شەهابی بە ماتۆڕسکلیتەکەی ئێواران دەگەرێت و دێت بۆ لای ڕەزی جوڵای( فەلەکەی ئێستا) بابچینەوە شار و لە ناوی بەرین. کاک ڕەحمان سەرنجام داوایەکەی قەبووڵ کردم ڕۆژێک گووتی با برۆین. من ئەوکات یەکێک لەو ژ٣ ێیانەم پێ بوو کە سەربازەکان دەگەڵ خۆیان هێنابوویان، کاک ڕەحمان کەڵاشینکۆفێکی بۆ لە یەکێک لە پێشمەرگەکان بە ئەمانەت وەرگرتم و گووتی ئەمە وەزنی سووکترە بۆ لێدە و ڕاکە باشە.
دوای ئیجازە لە سەردەستە، شەهید حەمەدمین مەلاعەزیز، لە مەقەر هاتینە دەر و لای پێشمەرگەکان گووتمان دەچین بۆ ڕاوە کەو بۆ کوێستانێ. هەتا پردی کوربناو بە ماشێن هاتین و بە نێوان گوندەکانی هەوارسێمان و میرشێخەیدەر دا ئاودیوی گوندی شێوەبرایمە و سەردەشت بووین. ئێوارە زوویێەک گەیشتینە ئەو چەند ماڵەی کە لە پشتی جادەی ئاشی ڕەحمانی شەمامی بوون، بەرزایەکی هەڵدێر بوو کە بەسەر جادەکەی دا دەڕوانی. کاک ڕەحمان گووتی تۆ لێرە دانیشە و منیش سەد میترێک لەو لای تۆ سەنگەر دەگرم، ئەگەر شەهابی لە شاری هاتەدەر و گەیشتە نیزیکت، تۆ دەستم بۆ هەڵێنە و منیش تەقەی لێ دەکەم. نیزێک نیو کاتژمێر چاوەڕوان بووین و مۆتۆرسوارێک لە لای بلواری هاتەدەر، هەر زوو هاوارم کرد و گووتم: هات، کاک ڕەحمان بە هاتەی من خۆی ئامادە کرد و کەوتە سێرە گرتن بەرەو جادەکە. ماتۆڕسوارەکە کە زیاتر لێم نیزیک بووە زوو هەستم پێ کرد کە پانتۆلی کوردی دەبەرە، هەر زوو دەستم بۆ کاک ڕەحمان هەڵێنا و هاوارم کرد، نەکەی بەڵام ئەو گوی لێ نەبوو، هەر بۆیە زۆر بە غار و هاوار، هاوار، بەرەو لای کاک ڕەحمان رۆیشتم و پێشگیریم لە تەقە کردنەکە گرت، گووتی چیە بۆ ناهێلی بیتۆپێنم، بەهەناسە بڕکەیەکی زۆر گووتم کوڕە ئەو نیە، ئەوە کەسێکە بە ناوی حوسێنی خەیات، دووکانی خەیاتی هەیە لە لای دووکانی بابم و دەیناسم، ماڵی لە کەچەلئاوایە لەو بەری شاری، هەموو ڕۆژێک بە سواری ئەم ماتۆڕە دێت و دەڕوات.
خەڵکی گەڕەک زیاتر هەستیان بە بوونمان کرد، هاتبوونە دەرێ بۆ دیتنمان، هەر بۆیە بڕیاری گەرانەوەمان دا. ماڵێ پوور ئایشێ رەحمەتیم کە دەبوو بە خۆشکی دایکم، هەر لە نزیک خۆمان بوو، هەر بۆیە بە کاک ڕەحمانم گووت وەرە بێرە دا با سڵاوێک لە پوورم بکەم و دەڕۆیین، پوور ئایشم دەگەڵ خەڵکی‌تر بۆ دیتنی پێشمەرگە هاتبوونە دەرێ. هەر لە دوور ڕا بانگم کرد و گووتم: پوور ئایش چۆنی؟ باشی؟ پوورم هەر کە گوێی لە ناوی خۆی بوو گووتی: ئەیرۆ ژنینە ئەهوەلوکە کێ‌یە بانگی من دەکا؟ پێیان گووت ئەیرۆ بەخوڵای ئەوە عەلی پوورێ‌یە. هەر کە پوورێم زانی ئەوە ئەمنم چەند میترێ هاتە پێش و گووتی: برۆ، برۆ، برۆ، نەکەی نێوی من بێنی، ئەمن پوورێ تۆ نیم، کاک مارف و مریەم- ت بە تەواوی ماڵوێران و دەربەدەر کردوون، هاتووی ماڵێ مەش خەرا کەی برۆ برۆ، نامهەوێت بتبینم.
بەداخەوە ئەو مەبەستەی کە بۆی گەڕابوومەوە بۆ ناو شار نەهاتە دی و بە دڵێکی ڕووناک لە تاریکی شەو دا گەڕاینەوە بنکە و مەقەڕ، بۆ درێژەدانی ئەرکی پێشمەرگایەتی.
بەو شێوە ڕەوتی چارەنووسی مرۆڤەکان لە ناو یاسای سەختی شەڕدا، لە کتێبی بەسەرهاتی ئەو تاکانە دەنووسرێتەوە کە بە بێ ئەزموونی، سواری ئەسپی هەست و خۆشەویستی دەبن و سنووری نێوان حەقیقەت و خۆزگە نابینن. ئەو مرۆڤانەی یاساکانی شەڕ ڕووحمیان پێناکات و ناوەرۆکی ناسک و زەریفی تێگەیشتن و ئەرزشەکان لە مەیدانی کردەوەدا بەفریایان ناگات.
سەربازەکان و بگرە هەزاران سەربازی‌تر، لە گوزەری زەماندا لە شەمەنەفەری ژیان دابەزین و لەم لایەش ئێمەش هەریەک بە جۆرێک لەناو جەنجەڕی بێ ڕوحمی‌دا بڵاو بووین. ئیستا من دوورخراوەیەکی تامەزرۆی نیشتمانم و خەمیکی ئەبەدی و دائیمی هاوڕێمە. خەمێک کە شیرنایی سەرەتایەکەی ناتوانێ تاڵی کۆتایەکەی داپۆشێت.
ڕەنگە تۆش کە ئەو دێرانە دەخوێنییەوە، نەتوانی ئازارەکانم هەست پێبکەی. هەرچی بێ ئیستا سەرم لە سەرشانی غوربەت داناوە و تەزووی دوورە وڵاتی و تاراوگە و ژاکانی ئارەزوو بە نووسین دەردەبڕم و خۆشەویستی نیشتمان هێز و پاڵنەری بوونمە بۆ ژیان و درێژەدان بە ژیانی داهاتوو و سەربەرزانە.