ئەرێ سوار، هۆ مەزنەسوار. ئارارات ئەحمەد ئەحمەد
ئارارات ئەحمەد ئەحمەد
بۆ مەرگ و كۆستی گەورەی قارەمانی دادپەروەری، نەوشیروان مستەفا
((ئەم تێكستە، لەسەر ڕیتم و شێوازی (سوارۆ) كە بەیتێكی فۆلكلۆریی پشدەر و موكریانە، نووسراوە.))
ئەرێ سوار، هۆ مەزنەسوار
توغداكەی ئەوڕۆكە، لە من و لە مەزڵوومان مەڕۆوە بەتەنێ…
ئەوە گەورەسوار و مەزنەسوارەكەی، بێ دایی و باب و سەغیران
بە ناوەختان، ناوەڵا بە چ ناوەختان،
دەچێتەوە سەفەرێكە گەورە و گران
دەڕوا بستێنێتەوە لە چنگی گورگی،
وەرگرێتەوە لە چنگی داڵە كەرخۆران،
ناوەڵا، دەربێنێتەوە لە زاری هەژدیهایە، پارووی بێ شێو و فەقیران
هەی سوار، لە من مەزنەسوار
خواكەی ئەوڕۆكە، چ محەلی سەفەران نیە،
بەجێ مەهێڵەوە زامی بە سوێ و، دەردی بێ دەرمان و،
لە من و لە خەڵكی خانەخەراب و مل بە كوێنە ،
مەڕۆوە بە تەنێ…
ئەوە مەزنەسوارەكەی من، خۆ نەیدەپرسیەوە
لە چ وەختان، لە چ دەمان
سوار دەبۆوە لە ئەسپێكە سپی كەحێل و، پێی دە ڕكێفێ دەناوە
بە سامۆتەیدا دەكردنەوە،
توربێنێ كول و كەسەر و دەرد و غەمان
بە شەوی دە تۆف و دە باوبۆرانان،
دەیگرتەوەبەر ڕێیە ئاوری، ڕێیە قافێ، ناوەڵا ڕێیە هات و نەهاتێ،
خۆ ئەوە قەت سڵی نەدەكردەوە،
لە لوورەلووری
گەلە گورگی هۆردووی دە عەبا شۆڕی ئەنفالچییان،
خۆی شلوێ نەكردوە
لە حەپەحەپ و مڕەمڕی، ڕەوە سەی دە توركان و،
ئاوڕی نەداوە لە قروسكە قروسكێ، تاژی و توڵەی دە عەجەمان.
وەرە سوار، تەقە سوارە پەڕبەسەرەكەی بەیداغ بەدەستە،
توخواكەی ئەوڕۆكە لە بێكەسان، لە چاوی دە پڕ لە گریان،
مەڕۆوە بە تەنێ!
ئەوە بەوێ چێشتەنگاوێ، غەوغایەك دەگەڕاوە لە وڵاتی
هەورێكی دە تەڵخ و تاریك،
دەیگرتەوە عاسمانی هەر چوار كەناری دە كەوشەنێ
دەڵێن مەزنەسوارەكەی هەتیوان،
پەنا و پەسیوەكەی خێر لەخۆنەدیوان
كەوتۆتەوە بن باڕستی دە غەمان،
ئەنگواوە بە تیری چڵكنێ
دە ئەوە بۆم بڵێنەوە، بە وان لوقمان و حەكیمان،
نەكەن، شتەقە دەستانی نەكەنێ!
هەتا بۆ خۆم دەگەمەوە سەر ئەوێ گەرمەبرینێ
مەڵحەمێكی بۆ ساز دەكەمەوە
لە ئاهـ و نزولەی بێ ئەوسەرەو سەری جەرگسووتاوان،
لە ئارەقەی دە گۆلمی تفەنگی، لە خۆڵی دە سەر ڕوومەتی،
مێزەری خوێناویی، ئەستۆی دە پێشمەرگان،
لە ئومێدی سارد و خەوی زڕاوی،
گریەی نیوەشەوی، منداڵی بێ باب و چاوەڕوان
لە شەبەقە برینی سەر دڵی دە پیرە مەوتەنێ،
وەی دایە، ئەو ساڵ، ساڵەكەی توش و سەقەتە،
نەبادا لە من و، لە مەزنەسوارەكەی من، بێنێتەوە تەشەنێ!
وەی سوار، لە من سوار،
سوارە جوامێر و بە عیزەتەكەی مەشخەڵ بەدەستە!
دەك كوێر بم لە چاوان و شل بم لە هەناوان،
ئەوڕۆكە ئۆغر دەكەی و لە تەنگانانن بەجێ دێڵیەوە بە تەنێ!
ئەوە بۆم بڵێنەوە، بەوان كانی و كانیلەی دە سەرەڕێیان
ئەگەر ئێستا و ئێستاش،
تێر نەدەبوونەوە لە تەماشای ئەكسی نوورانیی
وەكی هەموو جاران، مەزنەسوار زارى پێوە دەنان…
ئەوە بۆم بڵێنەوە، بە سێبەری دە داری دە وان سەرەڕێیان
ئەگەر ئێستا و ئێستاش، تێر نەدەبوونەوە بە دڵی خۆیان
بچنەوە بەرەو پیری بەورە سوارەكەی من و
لە دڵی ماندوو و پڕ لە مەراقی بكەنەوە خوڵقێكی دە گەنمینە …
توخواكەی خزمینە،
ئەوە لەبۆم بڵێنەوە بە نەسیمە سیحراوییەكەی مانگی تەمووزێ
ئەگەر ئێستا و ئێستاش، تێر نەدەبۆوە بە دڵی خۆی
بسڕێتەوە كاروان كاروانی ئارەقەی
لاجانگ و لاملی شۆڕەسوارەكەی من و،
باوەشێنكاتەوە دڵی ماندوو و جەنجاڵ و پڕ لە خەیاڵ و ختوورەی!
ناوەڵا، ئێوە بۆم بڵێنەوە بە دارو بەردو بست بە بستی كاولەئاشەكەی نیشتمان…
ئەوڕۆكە، قەندیل ڕووخاوە!
كۆست و تازیەی سەرقەتاری نان و داد و ئارامییە…
دە با بدوورنەوە كراسێكی ڕەشی قەترانی،
هەر تەقەڵێكی: لە بەیتی زامی بێدادی،
لە شەپۆلی خەڵكی بەر دەركێ زاڵمی،
لە نركە و تووڕەیی زگی دە برسی،
لە پڕیشك و جورئەتی مشتەكۆڵەی دە ڕابوونێ و…،
هەر تەریبێكیشی لە شكانی پەرژینی كەرامەتێ،
لە پەتی گەردنی دە كۆیلەی،
لە قین و حیددەتی ڕژانی ئاوی حەیا
جا ئەوە با دەبەریكاتەوە،
پیرەدایكی ڕێنج بە خەساری نیشتمان
بۆ كێوە قایم و سەر بەرزەكەی وڵاتی،
بۆ خوان و سفرە ئاوەدانەكەی نائومێدان
بۆ ڕەزو باخ و خەلەو خەرمانی ساڵی دە گرانی،
ناوەڵا بۆ تەقە سوارەكەی هەمیشە بە تەنێ،
كە ئەوڕۆكانە بە دڵێكە عێجز و بریندار
لە من بەجێ دێڵێتەوە كاولەكەوشەنێ…
وەی سوارۆ، وەی سوارۆ، وەی سوار
ئەوڕۆكە لە من و لە غەریبان دەڕواتەوە بە تەنێ…
ئەرێ سوار، هۆ مەزنەسوارەكەی قەولو قەرار لە پۆڵایە،
عیزەت و تەهاڕەت لە كەشكەلان و،
غیرەت و شەقاو، لە قوللەو قەڵایە!
ئەرێ هۆ سوارەكەی سینە بەحر و دەفتەری میهرەبانی و
فریشتەكەی سوڵح و ڕەدایە
ئەرێ هۆ تەقە سوارە مەسحەف بەدەستەكەی ڕێی ئاوی بەقایە
ئەرێ هۆ ئەووەل و ئاخیر یارەكەی هەژاران…
ئەوە مردن براگەورەیەكی گەلێك زاڵم و حەواڵ نەپرسە،
لەگەڵی ناكرێتەوە چ سات و سەودایە
دەنا شەرتبێ بە شەرتی مەزنەسواران
سوێندم بەو گوڵانەی بە دەم ڕێوەت چنیون،
سوێندم بە شەهامەتی خاوەنی قەول و قەراران
قەت ئەوڕۆكە بەوێ ناسكە ساڵێ،
نەمدەهێشت ئەتۆ بچیەوە، ئەوێ سەفەرێ كاولەلەحسایە
جڵەوی سەفەرم لـێ وەردەگرتی و، نەك جارێكی،
هەزار جاران لە دەورت دەگەڕام و، دەبەرت دەمردمەوە و،
لە باتیی تۆ دەچوومەوە سەفەرەكەی دە تاریك و ڕوو لە فەنایە!
وەی سوارۆ، وەی سوارۆ، وەی لە من سوار
خواكەی لە من و
لە كاسە بەتاڵ و، لە هەناسە سارد و، لە لێقەوماوان،
ئەوڕۆكە مەڕۆوە بە تەنێ!
—————————————————
لێکدانەوە:
– توغداکەى: توخداکەى، توخواکەى.
– سەغیر: هەتیوو.
– مل بە كوێن: كوێن: پارچە یا لەتكە ڕەشماڵ… لە كۆندا كەسێك، ئەگەر كەسێكی ئازیز و نزیكیان لە دەست دەدا، بە زۆر شێوە تازیەبارییان بۆ هەڵدەگرت، یەك لەوانە لە ملكردنی پارچە یا كوتە ڕەشماڵێكی بێكەڵك بوو، كە ئاماژە بوو بە دەست هەڵگرتن لە دونیا و خۆشییەكانی دونیا لە پاش ئەو كەسە ئازیزە.
– سامۆتە: لە موو و خووری بە گورزە هۆن چنراوە، ژمارەیان چوار دانەیە، دوو لە ڕووی چەپەوە و دوو لە لای ڕاستەوە بە بەشی دواوەی زینی ئەسپەوە بەستراوە، ڕاوچی نێچیری پێدا هەڵدەواسێ.
– پەڕبەسەر: كینایەیە بە پیاوی چاونەترس و جوامێر و لە خۆبوردوو. لە كۆندا جەنگاوەری ئازای دیار و بەرچاو، شاپەڕێكی هەڵۆیان، وەك نیشانەی ئازایەتی و جوامێری، بەسەریانەوە دەكرد.
– لە تەنگانانن بە جێ دێڵیەوە: لە تەنگانان بە جێمان دەهێڵیتەوە.
– خوڵقی گەنمین: لە پەندێكی كوردییەوە هاتووە، دەڵێ: نانت جۆیین بێ، خوڵقت گەنمین بێ. واتا، كە میوانت هات، با نانەكەت نانی جۆ بی و خوڵق و ڕووت خۆش بێ و جوان بێ وەك نانی گەنم.
– لەحسا: ئەحسا، ئیحسا، گەورەترین پارێزگای (مەملەكەتی عەرەبی سعودی)یە، لە كۆندا ناوی (هیجر) بووە. بەیتبێژەكان لە بەیتی (سوارۆ)دا بەكاریان هێناوە، كە زیاتر مەبەستیان سەفەری ڕێی دوور و پڕ مەترسی بووە. لەم شیعرەشدا بە كینایە بۆ سەفەری ئەستەم و پڕ لە سەغڵەتی بەكارهاتۆتەوە.