لە یادی بیست ساڵەی لە دایک بوونی شێلگیرترین ماڵپەڕی کوردی لە  کوردستان دا. کامران سۆهرابی

لە یادی بیست ساڵەی لە دایک بوونی شێلگیرترین ماڵپەڕی کوردی لە  کوردستان دا. کامران سۆهرابی

لەو بیست ساڵەی تەمەنی گیاڕەنگ دا زۆر ڕۆژنامە و ماڵپەڕی ئیلکترۆنێک لە دایک بوون ، هاتنە مەیدان ، دەیان و سەدان وەشانیان چرکاند و گەیاند ، هێز و پوڵ و تکنۆلۆژیایان لە پشت بوو، بوون بە خاوەن خوێنەر و جەماوەر بەڵام بە هۆی نەبوونی پشتی کار و شێلگیری لەپەیمان و بڕیار و کار دا لە پڕ وەک ئەستێرەیەک خوشین و ئاسمانی میدیای کوردیان چۆل کرد و لە کۆتا دا ناویان چووە ناوئاڕشیڤی ڕۆژنامەوانی کوردی و بە تۆزی فەرامۆشتی داپۆشران.

لەو ناوەدا ئەستێرەیەک بڕیاری دا کە گەشاوە بمێنێتەوەو تەسلیمی تاریکی نەبێ و بەردەوام ڕووناکی و ئومێد و هیوا بە میدیای کوردی ببەخشێ ، کاتژمێرەکان و هەزاران شەو و شەونخونی و خەوی شیرینی پێش کرا ، نیوەشەو و سەحەری پێک ئاشنا کرا، پەنجەکان و کیبۆرد وەخت و بێ وەخت لە بەر ڕووناکی شاشەی تکنۆلۆژیا  بەیەک دەگەیشتن و هەزاران ژوانیان پێکهێنا تا دەریایک لە وشە و ڕستە و پەخشان و شێعر و هەواڵ و ڕوداوی شیرین و تاڵ ، مزگێنی و کارەسات ، وێنەی ڕەنگاوڕەنگیان بە دونیا هێنا و لە لاپەڕە زێرینەکانی ماڵپەڕی گیارەنگ دا تۆماریان کرد و ناویان لێ نرا.

لە ناو هەموو ئەو هەوراز و نشێو و تەنگی و چەڵەمەی تەمەنی پڕ لە شانازی گیاڕەنگ دا  تێکۆشەرێک  وەک کێو لە پشت ئەو ماڵپەڕە ڕاوەستا و نەیهێشت ئەو هەزاران بەرهەمەی گیاڕەنگ کە ئاکامی زەحمەتی دەیان نوسەرو شاعیر و تێکۆشەری مەیدانی خەبات بوون لە ناوبچن و لە بیر بچن.

کاک حەمەڕەسوڵ و هاوژینەکەی وەک یارێکی بەوەفای گیاڕەنگ بوونە پردەبازی نێوان لاینگران و ئۆگرانی گیاڕەنگ دەگەڵ ماڵپەڕی گیاڕەنگ و نەیانهێشت گیاڕەنگ تووشی ماڵ ئاوایی و داخستن بێت.

جێگای خۆیەتی پڕ بە دڵ بە بۆنەی بیستەهەمین ساڵی لە دایک بوونی ئەو ماڵپەڕە پیرۆزبایی بە  کاک حەمەڕەسوڵ و خێزانی و هەموو ئەو کەسانە دەڵێم کە یارمەتیدەر بوون بۆ مانەوەو گەشانەوەی ئەو ماڵپەڕە جوان و بە نرخ و خۆشەویستە.

کامڕان سوهرابی