گیاڕەنگ،ڕەنگدانەوەی هزری پێشمەرگانە لە مێدیادا. عەلی لەیلاخ

گیاڕەنگ،ڕەنگدانەوەی هزری پێشمەرگانە لە مێدیادا. عەلی لەیلاخ

چەندین ساڵە ماڵپەڕی ڕەنگاڵەی گیاڕەنگ دەناسم. کە ناوەکەی هاوناوی بەشێک لە بەهەشتی بچووکە لە سەردەشتی کوردستان و، هاوکات ناوی هێزێکی گیان ‌لەسەردەستی پێشمەرگە بووە لە قوناخی سەختی خەباتی بەرگریی و ڕاماڵینی کوردستان لە سوپای داگیرکەر.

بەڕێوەبەرانی ئەم ماڵپەڕە گران و ڕەنگاڵەیە بنەماڵەیەکی پێشمەرگەن کە دەچێ بۆ بیست ساڵە لە سەنگەری مێدیادا کە دواتر بە کورتی ئاماژەی پێ‌دەدەم ماندوون بە ئاوەدان هێشتنەوەی سەنگەری بەرخۆدان و بەربەرەکانی لەگەڵ چەواشەکارییەکانی ڕاگەیاندنەکانی دەستی دەسەڵاتی پاوانخواز،  کە لە مێژەساڵە ئەم کەرەسە گرینگەیان لەبەردەستە بۆ تواندنەوەو کەمڕەنگ کردنی پرسی نەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی هی گەلانی نێوجوغرافیای ئێران.

ئەگەر کاتی خۆی کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی چەند قامک و لاقێکی بۆ لەسەرپێ‌ ڕاوەستانی نیشتمان بەخت کردووە، ئێستاکە بە پاڵپشتی هاوژینی تێکۆشەری خاتوو “شلێر” و یارانی پێشمەرگەدۆستی بە دامەزراندن و ئیدارەی ماڵپەڕی” گیاڕەنگ” ماڵێکیان کردووتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداەکانی پێوەندی‌دار بە کوردستانی خۆشەویستمان.

هەربۆیە وەها هەوڵێکی بێ‌بەرانبەر جێگای دەستخۆشی و پێزانینە.

لە پێناسەی ڕاگەیاندن (Media) بەمانای گەیاندن هاتووەو بەو کۆمەڵە ئامرازە دەگوترێ کە ڕۆڵیان هەیە لە گەیاندنی هەواڵ و گواستنەوەی کەلتوور و بیروڕای جیاواز.

لە قوناخی هەستیاری تێپەڕبوون لە کۆمەڵگەی سونەتییەوە بەرەو کۆمەڵگایەکی مودێڕن و نوێ، بێگومان “ڕاگەیاندن” و ڕاگەیاندکاران جێگەو پێگەیەکی بەهێزیان هەیەو، بە سەیرکردن لە مێژووی تێکۆشان و خەباتی  گەلانی دیکە ئەم ڕاستییە فرەتر دەردەکەوێ.

مێدیای دەروەست لە لایەن نەتەوەبندەستەکانەوە بەتایبەتی گەلی کورد گرینگیی زیاتر هەن و وەک چۆن کاتی خۆی “ستالین” دەیگوت هەموو شت لە خزمەتی “جبهە” لە ئێستادا و لە ڕوانگەی کوردانەوە دەبێ بگوترێ هەموو هەوڵێک و کارێک دەبێ لە خزمەتی کوردستان و کوردستانی‌بوون بێ.

ئەگەر بەرچاوترین تایبەتمەندییەکانی مێدیا لەم سەردەمە‌دا کە بریتین لە :

١. ماڵپیتی و ڕابواردن

٢. بەدەست‌هێنانی زانیاریی

٣. پێوەندی جڤاکی

٤. شوناس و خۆپێناسە کردن

دەتوانین بڵێین” گیاڕەنگ”بە پێی توانا و ئێمکان توانیوتی ئەم چەند خاڵە بۆ خوێنەران و سەیرکەرانی خۆی ڕەچاو بکات.

دامەزراندنی ماڵپەڕی “گیاڕەنگ” لە سەردەمێک‌ دایە کە ئینترنت دنیای تەنیوەتەوەو، کەس نییە کە لە سەیرکردن و بەکار هێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بێمنەت بێ و ڕۆژانە کاتی بۆ دانەنێ.

لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٦٠ زایینی‌دا سەرهەڵدان و گەشەی ئینتڕنێت گۆڕانکارییەکی قووڵی بەسەر دنیا و بەتایبەتی کەرتی مێدیادا هێنا.

لەسایەی ئەم تێکنۆلۆژییە‌دا چیتر “دەوڵەتەکان ناتوانی لە ڕێگای ڕاگەیاندنە سونەتییەکانی خۆیان‌دا هەواڵ و ڕووداوەکان بە کەیفخۆشی و ویستی خۆیان بڵاو بکەنەوەو نکۆڵی لە زۆر پرسی گرینگ بکەن”.

چۆنکە هاوشێوەی ” گیاڕەنگ” سایت و ماڵپەڕ و کاناڵی ڕاگەیاندنی دەروەست لە مەیداندا هەن کە سەنگەریان لێی بگرن و گەیاندنی هەواڵ و شرۆڤەی ڕاست و دروستی ڕووداوەکان کە “مافی هەر تاکێک”ە بخەنە بەر دیدەی خوێنەران.

ئەم قسەش بەتەواوی ڕاستە کە دەبێژین لە دونیای ئەم ڕوودا هەر “ئینسانێك” ڕۆڵی ڕاگەیاندنێکی هەیەو نموونەکەشی لە بنەماڵەی  کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی ‌دا دەبیندرێ.

کاتی خۆی”ڕاشورون” خاخامێکی ناسیونالیستی جوولەکە لە وتارێکدا لە ساڵی ١٨٦٩ لە شاری پراگ لە پێوەندی لەگەڵ گرینگی‌دانی نەتەوەی “یەهوود” بە ڕاگەیاندن گوتویەتی:

ئەگەر سەرەتا ئاڵتۆن یەکەمین کەرەستە بوو بۆ حکومەت‌کردن بەسەر جیهان، بێ گومان بڵاوکراوەکان و  ڕۆژنامەگەریی دوویەمین کەرەستەیە لە جیهانی ئەمڕۆ و داهاتوودا.

بەڕای من “گیاڕەنگ” ڕاست لە خەتی پڕکردنی بۆشایی مێدیای کوردی و بایەخەکانی درێژەی بە وەشانی خۆی داوەو هیوادارام بەردەوام بێ.

ئەگەرچی بەشێکی زۆری هەواڵەکانی “گیاڕەنگ” هەمان هەواڵ و بابەتەکانی ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی حیزبی دێموکراتن کە زمان حاڵی ئەو حیزبەن ئەڵبەتە بە بوێر و ڕاستبێژییەوە کە لە “قاسملوو و شەرەفەکەندییەوە” وەکوو میراتێکی ئەنتیکەو بەبایەخ ماوەتەوە. بەڵام بەشی بیرەوەریی و بڵاوکردنەوە شێعر و سروودی شۆڕشگێڕانە بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێی کوردستان لە ژێرناوی “ژن، ژیان، ئازادی” یەکێک لە هەوڵە پۆزەتیڤەکانی ماڵپەڕی ڕەنگانەی گیاڕەنگە کە چ باشتر ئەگەر ئەوبەشە بەرجەستەتر و دەوڵەمەندتر بکرێتەوە.

لە کۆتایی‌دا جێگای خۆیەتی کە دووپاتی بکەمەوە ” گیاڕەنگ، ڕەنگدانەوەی هزری پێشمەرگانەیە لە مێدیای کوردی‌ و پێویستە بەڕێوەبەرانی هەوڵ بۆ بەربڵاوترکردنی بدەن و بێشک لەو بوارەش‌دا پێویستییان بە هاوکاری کەسانی خەمخۆ و لێزانە.

بەرقەرار و بەردەوام بن و هیواخوازم ئەم ماڵپەڕە ڕەنگاڵەیە لە دواڕۆژێکی دێموکراتیک و کوردستانی، درێژە بە وەشانی خۆی بدا.

براتان

عەلی لەیلاخ

خاکەلێوەی ٢٧٢٣ی کوردی کۆیە.