پەیامی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ٧٦ ساڵەی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی

پەیامی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ٧٦ ساڵەی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

خەڵکی مافویست و ئازادیخوازی کوردستان!

٧٦ ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاویدا ڕێژیمی دیکتاتۆری حەمەڕەزاشای پەهلەوی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد، پێشەوا قازی محەممەد، سەرکۆماری کوردستانی لەگەڵ دوو لە هاوڕێیانی، سەدری قازی و حەمەحوسێن‌خان سەیفی قازیی لەدار دا.

قازی محەممەد لە بنەماڵەیەکی ئایینی، ڕووناکبیری ناوداری کورد پەروەردە بوو. قازی محەممەد دوای ئەوەی چووە ڕیزی ئەندامانی کۆمەڵەی “ژێ‌کاف”، دوای ماوەیەک و بە هەڵسەنگاندنی واقعبینانەی دۆخی سیاسیی ناوچە و جیهان، بە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێگەی بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان خۆش کرد.

ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بڕیارێکی بوێرانە بوو کە بە پشت‌ئەستور بە ئاوەزی نەتەوەیی و نیشتمانی، بوو بە جێگەی هیوا و ئۆمێدی هەموو خەڵکی کورد. حاکمییەتی کۆماری کوردستان لە ماوەی ١١ مانگ تەمەنی خۆیدا و لەسایەی ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەددا توانی لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، پەروەردە، ئابووری، کولتووری و سەربازیدا گەلێک دەسکەوتی مێژوویی و بنچینەیی بۆ کورد بەدی بێنێ. کاتێکیش کە کۆمار بە هۆکاری دەرەکی و گۆڕانکاری لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و چەند هۆیەکی نێوخۆیی و لە ئاکامی هێرشی حکوومەتی تاران تێک‌شكا، ئەوە دیسان قازی محەممەد بوو کە بە بەرگریی ئازایانەی لە بێدادگای ڕێژیمی پاشایەتیدا و دواجار بە بەختکردنی گیانی، وانەیەکی مەزنی تری فێری ڕۆڵەکانی گەلەکەی کرد.

حکوومەتی حەمەڕەزاشا کە لای وابوو بەشەهیدکردنی قازی محەممەد و ڕێبەرانی دیکەی کۆمار توانیویەتی شوناسخوازی و بیروهزری مافخوازانەی کورد لە ئێران لەبن دێنێ، زۆر زوو سەری لە بەرد درا. بووژانەوەی خەباتی سیاسی و نەتەوایەتیی کورد لەلایەن قوتابیانی پێشەواوە هەر لەدوای ئێعدامکرانی، دەریخست کە ڕێبوارانی بیروئەندێشەی قازی محەممەد بەچۆک دانەیەن و ئەم کاروانە ڕێگەی خۆی دەپێوێ و بەبێ ڕاوەستان بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێ. پێشەوا بە هزر و فەلسەفەی خەباتەکەی خولیایەکی بۆ نەتەوەکەی دروست کردووە کە پاش ٧٦ ساڵ ئەمڕۆ هەموو کوردستان ئامانجیەتی و بە هیچ هێز و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر لە کزی نادات.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەک میراتگری بەحەقی بۆچوونە شۆڤینیستییەکانی دیکتاتۆری پاشایەتیی دژ بە کورد، لە سەرەتاوە هەر هەمان ڕێچکەی گرتەبەر و پێی وابوو بە لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان، تیرۆرکردنی ڕێبەرانی کورد، شەهیدکردنی هەزاران کادر و پێشمەرگە، میلیتاریزەکردنی کوردستان و لە زیندان پەستاوتنی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە ڕەوڕەوەی خەباتی کورد دەوەستێنێ. بەڵام خەباتخوازیی کورد لە چوار دەیەی ڕابردوودا و قۆناغی نوێی خەباتی جووڵانەوەی کورد بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە شەش مانگی ڕابردوودا سەلماندی کە دوژمن خەیاڵی خاوە. چونکێ گەلێک کە لە ئەزمونەکانی کۆماری کوردستان وانەی وەرگرتبێت و بۆ مافی ڕەواو و ئازادییەکانی راپەڕیبێ، لە زیندان و ئەشکەنجە و، لە گوللە و پەتی سێدارە سڵ ناکا؛ ئەوەش وای کردووە کە دوای تێپەڕینی ٧٦ ساڵ بەسەر ئێعدامکرانی پێشەوای مەزن، قازی محەمەد و هاوڕێیانیدا لە سۆنگەی کولتووری خەباتگێڕی و گیانبەخت‌کردن لەپێناو خاک و نەتەوەدا کە میراتی مەعنەویی ڕێبەرانی کۆماری کوردستانن، جووڵانەوەی سیاسیی کورد ببێتە فاکتەرێکی بەهێزی خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێراندا.

بێگومان بەردەوامی لەسەر ڕێگا و ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد، ئەو دڵنیاییەی بە هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەخشیوە هەتا سیاسەت و خەباتمان بە هزر و بۆچوونەکانی ئەو ڕێبەرە گەورەیە و دیکەی تێکۆشەرانی کوردستان ڕەنگڕێژ کرابێ، خەڵکی کوردستان پشتیوانمان دەبێ و بزووتنەوە دێمۆکراتیک و مافخوازانەکەمان ساڵ بە ساڵ زیاتر لە کوردستان ڕیشە دادەکوتێ.

– سڵاو لە گیانی پاکی پێشەوای مەزن، قازی محەمەد و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری!

– سلاو لە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

– سڵاو لە ئیرادەی خەباتگێڕیی خەڵکی ئێران و کوردستان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی