سەرماوەزانەی ئەحمەدیلە بۆ کاکە ڕەسوڵ. نووسینی ئەحمەد ڕەحمانی

سەرماوەزانەی ئەحمەدیلە بۆ کاکە ڕەسوڵ. نووسینی ئەحمەد ڕەحمانی
گـــەر دەڵێن سەرمــــاوەزە
سـەرما دەلەرزێنــــێ دڵان
مـن دەڵێـم گەرم و بەتینە
ھــــەر بەھــارە بـۆ گــوڵان
(بێبەش پیرۆتی)
زەردەخەنەیەک لێوڕێژ لەمانا
بە ھومێدەوە ڕوانین لە داھاتوو
لە بەرەبەرەی ٢٦ی سەرماوەز ، ڕۆژی پێشمەرگە داین و خەریکە یاد لە ڕۆژێکی مێژووی لە ڕۆژ ژمێری حیزب و گەلەکەمان دەکەینەوە .
زۆرم شەن و کەوی جوانترین وێنەی پێشمەرگە کرد و بە نێو ڕووپەڕەی ئاڵبۆمی سەرەوانماندا نۆڕیم و لە بەرامبەریاندا کڕنۆشم برد و خوناوکەی فرمێسکەکانم ھێدی ھێدی ڕێچکەیان بەست ، نەمدەزانی بگریم ، پێبکەنم ، دڵخۆش بم یا خود دۆش دابمێنم .
گەلەری وێنەکانی کاک حەمەڕەسولی کەریمی سیمای ناسراوو خۆشناوی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانم ھەڵدانەوە و بە دیاری ھەموو سیما جوانەکانەوە ڕادەمام و بەڕێزەوە یادی دەورانی زێڕینی پێشمەرگایەتیم دەکردەوە …
ئەو وێنەیەی کاک حەمەڕەسوڵی کەریمی بوو بە ھەوێن و سووژەی ئەم کورتە نووسینە بۆ قەدر زانین و ڕێزگرتنی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە .
ھەرچەندە لە زەردەخەنەکانی کاک حەمەڕەسوڵی بڕبڕەی پشتی جوڵانەوەکەمان ورد دەبمەوە ، ھیوای تێدا دەبینم ، ئاسۆی ڕوونی سەرکەوتنی خەبات لە سیمای شۆڕشگێڕانەی دا دەخوێنمەوە .
ھیوا بە ڕوونی دوا ڕۆژی خەباتی گەلەکەمانم بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە سیماو ھەیکەلی پێشمەرگەیەک دا دیتەوە کە چەندین ئەندامی جەستەی پێشکەش بەبارەگای ئازادی گەل کرد ، پۆڵا بوو لە کورەی گەرمی خەباتدا بە شۆڕشگێڕی فۆڕمی بەرخودان و شوڕشگێری گرت .
پیرۆزە ٢٦ی سەرماوەز لە کاک حەمەڕەسوڵ کەریمی خوشەویست و ھەموو پێشمەرگەکانی قاڵبووی نێو کورەی گەرمی خەبات و تێکۆشان .
ئەحمەد ڕەحمانـــــی
تێبینـــی :
وینەکەی کاک حەمەڕەسوڵم بە ئەمانەتەوە لە ئاڵبۆمی وێنەکانی بەڕێزیان ھەڵگرتەوە .
ساڵێک لەمەبەر نووسیم و ئەوڕۆ فەیسبووک بیری ھێنامەوە.