ناوەندی هاوكاری: ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز دژ بە میلیتاریزم و سەركوت لە كوردستان كۆ دەبینەوە
ناوەندی هاوكاری: ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز دژ بە میلیتاریزم و سەركوت لە كوردستان كۆ دەبینەوە
خەڵكی خەباتكاری كوردستان!
كچان و كوڕانی كۆڵنەدەری كوردستان!
زیاتر لە دوو مانگ و نیوە خەبات و شۆڕشی ئێوە نەك هەر بووەتە هۆی پتەوكردنی بێوێنەی پێوەندی خەڵكی كوردستان و گشت ئێران، بەڵکوو بووە بە بنەمای لێكتێگەیشتن و پوچەڵكردنەوەی درۆ و دەلەسەی نەیاران و دوژمنانی كورد و، لە هەمان كاتدا كۆڵەكەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی بەتوندی لەرزاندووە. هەربۆیە ئەو ڕێژێمە نگریسە بەوپەڕی بێڕەحمی و بە توندترین شێواز كوردستان سەركوت دەكات.
ئێوەی دوژمنبەزێن توانیتان بە ژیری پیلانەكانی ڕێژیم پوچەڵ بكەنەوە و دەبینین ئەوڕۆ هەموو گەل دەنگیان یەكی گرتووە و شكۆیەكی بەخشیوەتە شۆڕشی ژینا و هەموو ئێران بە دیدی لێفێربوون دەڕوانێتە كوردستان.
لەم ڕۆژانەدا بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی خوێندكار بانگەوازی چەند ڕۆژ خۆپیشاندان كراوە لە سەراسەری ئێراندا. ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران پێمانوایە پێویستە كوردستان زیاتر لە پێشووش بە پلان و نەزم و تاكتیكی خۆیەوە بەشداریی لەو ئاخێزەدا بكات. بۆیە داواكارین ئێوە پشتی ئەو بانگەوازانە بگرن كە ناوەند بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی دی ڕایدەگەیەنێت.
ئێمە بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی خوێندكار و بۆ هاوپشتی لەگەڵ بانگەواز بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن لە سەراسەری ئێراندا، داوا دەكەین ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز لە كوردستاندا هاوئاهەنگ و پێكەوە لە دوای نیوەڕۆوە لە مەیدان و شەقامی شارەكاندا گردبوونەوەی جەماوەری دژ بە میلیتاریزم و سەركوت و دیكتاتۆری بەڕێوە بچێت.
ژن، ژیان، ئازادی.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٢ی سەرماوەزی ١٤٠١