کۆچی مەزنە پیاوێکی شۆڕشگێر و دڵپاکی گەلەکەمان کاک قەسیم قادری

کۆچی مەزنە پیاوێکی شۆڕشگێر و دڵپاکی گەلەکەمان کاک قەسیم قادری

ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی کاک قەسیم قادری یەکێک لە دیارترین کادر و پێشمەرگە و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانم بە گوێ گەیشت. ئەم هەواڵە بە تەواو تاساندمی، ماوەی چەند ساڵێک بوو بەداخەوە کاک قەسیم تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو و مخابن دوای ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم نەخۆشیە و هەوڵی دوکتورانی پسپۆڕی ئەم بوارە، کاک قەسیم نەیتوانی بە سەر ئەم نەخۆشییە بێ عیلاجە دا سەر بکەوێ و لە وڵاتی بێلژیک بەداخەوە چاوە پڕ لە هیواکانی بۆ هەمیشە لە سەریەک دانان.

کاک قەسیم قادری پێشمەرگەیەکی بە مانای وشە پێشمەرگە بوو، لە ڕاستبێژی و سەداقەت و دڵپاکی دا نموونەی دیاری نێو ریزەکانی حیزب بوو، لە وەرگرتنی ئەرک و کاری ڕۆژانە دا و لە ڕاپەراندنی ئەرکەکەی دا هەمیشە لە کەسە پێشەنگ و دیارەکان بوو، مرۆڤێکی قسەخۆش و بە ئیرادە و بە ئیمان بوو، دەم بەخەندە و ڕاوێژ خۆش بوو.

کاک قەسیم لە ماوەی چەندین ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی دا هیچ کات چاوی لە تۆپخانەکانی رژێم لە بوردومانی فرۆکەکانی ئێرانی و هێرشی زەمینی و سوپایی ئێران نەترسا و هیچ کات لە مەئموریەتە پێسپێردراوەکانی دا دریغی نەکرد و لە ئاستەم‌ترین کاتەکان دا ، لە ژێر باران و ڕەهێڵەی کاتیۆشابارانی ڕژێم دا لە درووستکردنی سەنگەر و کونە تەیارە و ژوورەکانی نەخۆشخانە بنکەکانی پێشمەرگەدا ڕاوەستانی نەبوو و هەمیشە وەک قەڵایەکی پتەو سەنگەرێکی بەرگری دەبوو بە پشت و پەنای ڕێبەتی و کادرو پێشمەرگە و بنەماڵەکانی نێو کەمپەکانی حیزبی دێموکرات.

ماوەی چەندین ساڵ لە نزیکەوە لە خزمەتی دابووم، نەمر کاک قەسیم لە کاری هەرەوەزی و لە کاری حیزبی دا هەمیشە لە سەفی پێشەوەی هاورێیانی دابوو، کەسێکی دەست ڕەنگین و جێ متمانەی ڕێبەری حیزب و گشت لایەک بوو.

کاک قەسیم لەگەڵ دادە حەمیدەی هاوسەری و منداڵەکانی خۆشەویستی هەموو لایەک بوون و هەن، لە دڵئاواڵەیی و جیرانی و هاوسێیەتی دا نموونەی هەرە بنەماڵە باشەکانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بوون، خزمەتەکانیان لە چاوی هیچ کەس دا وون نابێ و بوونیان بۆ هەموو لایەک مایەی شانازی‌یە.

کاک قەسیم کەسێکی ماندوویینەناس ، بە ئەمەگ و وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان بوو، کاک مەلا برایم ڕۆستەمی قارەمانی شەڕی داشکستان باوکی دادە حەمیدە و هەروەها دوو کوڕی شەهید مەلا برایم ڕۆستەمی لە شەڕ بە دژی کۆماری ئیسلامی دا شەهید ببوون و بۆیە هەم کاک قەسیم و هەمیش دادە حەمیدە ئەگەر هاورێیەک شەهید دەبوو، خەم و کۆستیان لێ نوێ دەبۆوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا  نەمر کاک قەسیم درێژەدانی ڕێگەی ئەو شەهیدانەی بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانی و بۆیە هیچ کات نائومیدی لە هەست و وجوودی کاک قەسیم دا بەدی نەدەکرا و ورەبەرزی و قەڵافەتی بەرز و کێوئاسای دیار و کارە جوان و باشەکانی هەمیشە وێردی سەر زمانی هەموو لایەکمان بوو.

وەک خۆم قەرزداری گەورەیی کاک قەسیم و دادە حەمیدەم و منداڵەکانیان بۆ من وەک برازا و خوشکەزا خۆشەویست بوون و هەن، لەوە دڵنیام کە کاک قەسیم بە هەستی کوردانە و نیشتمانپەروەری منداڵەکانی گۆش داون و لەو بارەوە کاک قەسیم بە ئاسوودەییەوە چاوە گەشەکانی لە سەریەک داناون.

مخابن کاک قەسیم ئازادی کوردستانی بە چاوی خۆی نەدیت و لە تاراوگە و غوربەت دا سەری نایەوە، بە هیوای ئەوە کە لە داهاتوو دا روفاتی ئەو مەزنە پیاوە شۆڕشگێرەی گەلەکەمان لە زێدی لە دایکبوونی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان بسپیردرێتەوە و خاکی پیرۆزی کوردستان ببێتە مەنزڵگەی ئەسڵی ئەو شۆڕشگێرە بەوەفاییەی گەلەکەمان.

بیرەوەری زۆرم لە خزمەت کاک قەسیم و بنەماڵەی بەرێزیان دا هەیە، لێرەدا هیچ یەک لە بیروەری‌یەکانم نانووسم و تەنیا ئەوە دووپات دەکەمەوە کە خۆزگە هەموومان بمانتوانیبا وەک کاک قەسیم تاسەر ئاوا بە ورە و بە ئیمان و ئیرادە باین، چوونکە ژیانی کاک قەسیم پڕ بوو لە وانەی سەربەرزی و سەرکەوتن و خزمەت بە گەل و نیشتمان.

لێرەدا سەرەخۆشی لە دادە حەمیدەی هاوسەری و کوڕ و کچ و نەوەکانی و لە بنەماڵەی گەورەی قادری و ڕۆستەمی و گشت خزمانی لە نێوخۆی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی ئەم کۆستە گەورەیە دەزانم، یاد و ناوی کاک قەسیم لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

ئوغرت خێر و یادت هەرمان

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٠١ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی