دەنگی شەقام .! ڕاوێژ

دەنگی شەقام .! ڕاوێژ
من نازانم
ئەم نەتەوە بەش مەینەتەم
بەر غەزەبی کام گەردوون و
یاسا و ڕێسای کام وڵات و
ڕقی گەورەی کام دەسڵات و
جینایەتی کام بوونەوەرتان کەوتووە؟
ئاخۆ تاکەی،
ویژدانی مرۆڤایەتی،
لە ئاست ئەم هەموو تاوانە،
ئارام، ئارام، لێی خەوتووە .؟!
مەگەر ئێمە،
سنووری کام نیشتمان و
هێڵی سووری،
کام پەیمانمان بەزاندووە ؟
خۆتان ئاسا !
ئاگری بێ ویژدانیمان
لە جێژوانی کام دەراوسێ گڕبەرداووە و
کۆخی شڕی کام هەژارمان سووتاندووە .؟!
مەگەر ئێمە،
قولە و مەنارەی کام “مزگەوت” و
دیواری کام “کڵێسا” و
کەعبەی دڵی کام ئایینمان ڕووخاندووە .؟!
من نازانم؟
پێمان لەسەر خاکی کام گەلتان داناوە؟
لانکەی کام مەلمان تێکداوە ؟
مافی کێمان زەوتکردووە ؟
دەستمان بۆ ماڵ و سامانی
کام ئاغا و
ئاخوند بردووە ؟
پەنجەی زوڵم و ئیهانەتمان
بۆ پیرۆزی کام ئایین و
کام بیروباوەڕی ئێوە،
درێژکردووە .؟!
نازانم کەی، دەستی تاوان
لە بەردەم دادگای یەکسانی ئەبڕێتەوە؟
زەنگی ئاشتی و
ئازادی ئەم کۆمەڵگایە ئەزڕێتەوە ؟
کەی ئەم کوردە ڕزگار ئەبێ
لە دەستی پیلان و شەڕتان ؟!
کەی هاوارمان ئەگاتەوە گوێچکەی کەڕتان؟
کەی چاوی نووقاوی ئێوە ئەکرێتەوە؟
کەی دڵی ڕەنجاوی ئێمە ئەدرێتەوە .؟!
ئاخۆ بۆ دەبێ منداڵمان
لە ژێر چەپۆکی منداڵتان بناڵێنێ ؟
بۆ دەبێ زمانی دایکیمان
قەدەغەبێ و
لە نێو دڵ و
لەسەر زاری ئەم گەلە خۆی نەئاڵێنێ ؟
بۆ دەبێ ئاڵای پیرۆزمان
نەشەکێتەوە لە سەربان
خاکمان مافی ئەوەی نەبێ
تۆمار بکرێ وەک نیشتمان .!؟
دەبا ئێوە باش بزانن
لە ئەمڕۆوە،
نە منداڵمان ژێر چەپۆکی لە منداڵانتان
قەبووڵ ئەکا
نە زمانمان لە ئاست زمانی
ئێوە و جیهان زاراوەیە
بەم زووانە،
هەم ئاڵامان شەکاوەیە
هەم کوردستانمان وڵاتە
هەم پێشمەرگەمان براوەی
نێو گۆڕەپانی خەباتە .!
لە ئێستادا پێتان ئەکرێ،
دەستی پیستان بۆ شەڵاق و
دەمی شڕتان بۆ جنێودان بدڕنەوە !
بەڵام ئەوەتان پێ ناکرێ
نەتەوەی کورد
لەسەر خاکی باپیرانی بسڕنەوە .!
پێتان ئەکرێ “سەردام” ئاسا
وڵاتمان کیمیایی باران کەن .!
وەک “ئەردۆغان”
ڕۆڵەکانمان،
ئاوارەی گوند و شارمان کەن .!
وەک حەمەڕەزای پەهلەوی
ڕامانکێشنە کونجی زیندان،
یەک بە یەک بماندەن لەدار .!
وەکوو “بەشار”
ماڵەکانمان، لێبکەن بە زندانی تار .!
بەڵام ئەوەتان لەبیر بێ
ڕۆژێک هەر دێ
بە دەستی جیلی نوێی گەل
لەسەر کورسی بحرێنەخوار .!
وەک “سەردام” و خێڵی بەعس،
یەکە، یەکە بدرێن لەدار .!
2022-11-16
ڕاوێـــــــژ