سروودێک بۆ شۆڕشی “ژینا” چەکۆ باران

شێعرێک بۆ سروود
سروودێک بۆ شۆڕشی “ژینا”

دەست لەملانە…..دەست لەملانە
دەست لەملانی….
ژن و ژیان
ژن و ژیان و ئازادی

هەڵپەڕینی بینایی و چاو
بەزم و شایی ئاگر و ئاو
شار سەنگەری لاوەکانە
ڕەشبەڵەکی شێعر و هەتاو

سەرهەڵدانە…..سەرهەڵدانە
سەرهەڵدانی…..
ژن و ژیان
ژن و ژیان و ئازادی

شەقام گڕی هەراسانە
کۆڵان تژی لە ڕاسانە
بەهاری ژیانەوە و ژینە
بووژانەوەی سەر و گیانە

بەرخودانە…..بەرخودانە
بەرخودانی……
ژن و ژیان
ژن و ژیان و ئازادی

کچی دوانەن هەڵمەت و هێز
قەڵەم و شاخ بەستەی بە پێز
دەنگیان گەرم و هیوابەخشە
پێشەنگانی گڕی ئاخێز

کوردستانە……کوردستانە
کوردستانی……
ژن و ژیان
ژن و ژیان و ئازادی

شار بۆتە شاخ شەقام سەنگەر
مست بۆتە چەک هاوار لەسەر
هەڵمەت دەبەن بێباکانە
کوڕ و کچانی کۆڵنەدەر

گۆڤەندانە……گۆڤەندانە
گۆڤەندانی…..
ژن و ژیان
ژن و ژیان و ئازادی

خەباتم هیوای فڕینە
بەرخودانیشم بۆ ژینە
داهاتوومانە ئازادی
هەنگاومان بە تاو و تینە.

چەکۆ باران

تێبینی: بڕیارە لە لایەن هونەرمەند کاک حەسەن دەرزی و هاوڕێیانی بکرێت بە سروود.