خوێندنەوەیەک بۆ دوایین بەیاننامەی ناوەندی هاوکاری ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خوێندنەوەیەک بۆ دوایین بەیاننامەی ناوەندی هاوکاری ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئیبراهیم جەهانگیری

لە دوایین بەیاننامەی خۆی دا بە دروستی ئاماژەی بە چەند خاڵی گرینگ کردووە کە نیشان دەدا دێمۆکرات و کۆمەڵە خوێندنەوەی دروستیان بۆ رووداوەکان هەیەو خۆیان لە فەزای ئیحساسی و لە نیاز و مەبەستی گرووهی و حیزبی دوور راگرتووە ئەویش تەنیا لە پێناو سەرخستنی ئەو خۆپێشاندانانەی کە چەخماکەی لە کوردستان ڕا لێدرا و لە ئاکام دا ئێستا سەرتاسەری ئێرانی گرتۆتەوە.

کوردستان وئێران بە هەلوومەرجێکی یەکجار هەستیار دا تێدەپەڕێ، هەر چەشنە هەڵەیەک رەنگە زیانی گەوەری بە دوادا بێ کە قەرەبوو نەکرتێتەوە بەتایبەتی ئەو هەڵەیە ئەگەر لە لایەن کوردەوە بکرێ. بۆیە بە دڵنیاییەوە هەموو لایەک چ حیزب وچ تاک دەبێ زۆر بە وردی هەڵسوو کەوت دەگەڵ ڕووداوەکان بکەن، تەحریک کردن و هاندانی خەڵک و حیزب بۆ گرتنە بەری هەڵوێستی نەشیاو لانی کەم بەرپرسیارەتی مێژژوویی و ویژدانیمان دەخاتە ئەستۆ.

گرینگی بەیاننامەی ناوەندی هاوکاری لە دوو خاڵی سەرەکی دا زەق دەکرێتەوە و کە هەردووک خاڵی لە پاراگرافێکی کورت دا هێناوەو بەیاننامەکەش بە پەیامێکی دروست و بەجێ کۆتایی پێ دێ، ناوەندی هاوکاری لە سەرەتا دا ولە بەیاننامەکەی خۆی دا لەو دوو خاڵە دا دەلێ:

“سیاسەتی ناوەندی ھاوکاریی لەم بزووتنەوە نوێیەدا پێکھێنان و پاراستنی یەکگرتوویی و ھاوپشتی نێوان بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوەی سەرتاسەری بووە، بۆیە جەخت لەسەر پاراستنی هێمنیی خۆپیشاندانەکان و وتنەوەی ئەو درووشمانە دەکەینەوە کە گشتگیر بن و خزمەت به جەماوەریترکردنی شۆڕشەکە بکات.”

حیزبی مەسئوڵ و حیزبی ورد بین و بەتەجرەبە دەبێ لەوە زیاتر چ بڵێ؟

دەبێ چۆن خەڵکی خۆی وریا کاتەوە و ڕینوێنی دروستی سیاسی و تەشکیلاتیان بکا کە پاراستنی یەکێتی سەراسەری ئەرکی هەموومانە و هەر ئەوەش دەتوانێ ئامانجە گشتیەکانی هەموو لایەک بێنێتە دی. ناوەندی هاوکاری کە باسی وتنەوەی ئەو دروشمانە دەکا کە گشتگیر بن بەو مانایە کە لە درووشمی حیزبی و دەستەیی خۆ بپارێزن ، دەی ئەوە ئافەریمی دەوێ ئەوە خوێندنەوەی دەقیق و بەرپرسانەی لە پشتە، ئەوە نییشان دەدا کە شعووری سیاسیی گەلی کورد و نوێنەرەکانی لەوپەڕی بەرزی و ئاگایی دایە.

لە بەشی دووهەم و لەهەمان پاراگراف دا ناوەندی هاوکاری دەلێ :
“داوا لە کچان و کوڕانی خەباتکاری کورد دەکەین لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا تاکتیکێک بگرنەبەر کە یارمەتیدەری ئەو یەکگرتووییە بەنرخە بێت کە ئێستا لە سەرتاسەری کوردستان و ئێراندا دروست بووە. هەروەها شێوازی خەبات و بەرخۆدانمان یارمەتیدەری بەرینتر بوونەوەی بزووتنەوەکە و بەشداریی جەماوەری زیاتر لە خۆپیشاندانەکاندا بێت.
بۆیە ئەرکی ھەموومانە رێگری لەوە بکەین کە ھێزە سەرکوتکەرەکانی رژیم بیانوی سەرکوتی خوێناوی بەدەست بێنن.”

ئەو بەشە لە بەیاننامەکە خاڵی زۆر وردی سەرنج ڕاکێشی تێدایە، سەرنجی ئەو رستەیە بدەن :
“هەروەها شێوازی خەبات و بەرخۆدانمان یارمەتیدەری بەرینتر بوونەوەی بزووتنەوەکە و بەشداریی جەماوەری زیاتر لە خۆپیشاندانەکاندا بێت.
بۆیە ئەرکی ھەموومانە رێگری لەوە بکەین کە ھێزە سەرکوتکەرەکانی رژیم بیانوی سەرکوتی خوێناوی بەدەست بێنن.”

گرینگی ئەو پەیامە لەوە دایە کە ئەوان هەستیان بەوە کردووە ، دەزانن، تەجرەبەیان هەیە کە هەرچەندی خۆپێشاندان هێمانەتر بێ خەڵکی زیاتر بەشداری دەکات وکەبە پیلانی دوژمنیش ئەو خۆپێشاندانە بەرەو توندوتیژی چوو ئەوا خەڵکێکی کەمتر بەشداری خۆپێشاندان دەبن. ئەوە راستییەکە هیج کەس ناتوانێ حاشای لێ بکا.

بۆیە لێرە دا لای کەسانی بەرپرس و حیزب و سیاسەتوانی بەرپرس ئامانجیان سەرخستنی بزووتنەوەیەکی جەماوەرییە نەک تۆڵەکردنەوە و ناردنەوەی چەند دەستەی پێشمەرگە بۆ ناوخۆ تا دوو ڕۆژ لە شارەکان تەقە بکەن و رێژیمیش بە بیانووی “تەجزیەتەڵەبی” بە تۆپ وبە کاتیۆشا و بە دروونی بۆمرێژکراو هێڕشی سەرماڵ و حاڵی خەڵک بکا و لە ماوەیەکی کورت دا ئەو بزووتنەوەیە نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو بە بیانووی کوردستان لە سەرتاسەری ئێران سەرکوت دەکا. ئەوجا کورد وەرە تۆ لەبن باری ئەو قەرزە وەرە دەرێ و تاوانی ئەو هەڵە سیاسیی گەورەیە بەرامبەر بە مێژوو بدەوە!

ئەگەر تا ئێرە ئەو بزووتنەوەیە لە حاڵی پەرەگرتن دایە و بەرەو پێش چووە هی ئەوەیە کە خەڵک جگە لە دژایەتی دەسەڵاتی سیاسیی شتی دیکەیان نەکردووە، وڵاتیان ئاور تێبەر نەداوە، شووسە و پەنجەرەی فلان بانکەو فیسارە ئیدارە نەشکاوە، ڕاستە شکاندنی شوووشەو پەنجەرە نیشانەی توورەیی وبێزاری خەڵکە بەڵام ڕێژیم ڕاست لەو بەشە دەگەڕێ،( کە هەموو بەتێچووی پارەیەکی کەم چاک دەکرێنەوە بەڵام خوێنی بە ناهەق ڕژاوی گەنج و لاوەکانمان بە هیچ تچوویەک ناگەڕیتەوە جێگای خۆی) ئەوە بەو مانایە نیە کە ئەو خۆپێشاندان و خەبات وبزووتنەوە هەقخوازیە بێ تێچووی خوێن بەئەنجام دەگا، بە موتڵەقی نا، ئەو ڕێژیمە بە خوێن نەبێ نارووخێ، لاناچێ. بەڵام با هەر شتەو لە جێگای خۆی بێ، ئەو رێژیمە دەسنوێژ بە خوێن دەکرێ، بەرپرسە باڵاکانیان بێ خوێن ڕشتن یەک شەویش خەویان لە چاوی ناکەوێ و ئاسووودە ناخەون بەڵام ناوەندی هاوکاری بەڕوونی دەڵێ با تێچوو کەمتر بێ.

ئەگەر قسەیەک بەدەر لەو بەیاننامەیە بکەم ڕوو بەهەموو ئەو کەسانەی هانی حیزبەکان دەدەن کە بۆ پێشمەرگە نانێڕێتەوە دەڵێم، ئەگەر ئەو رێژیمە بە پێشمەرگە ڕووخابا لەو ٤٠ ساڵە دا دەڕووخا، خۆ پێشمەرگە نە کەمی ئازایەتی نوواندووە و نەکەمی قوربانی داوە و نەکەمیشی زەبری گورچووبڕ لە داگیرکەر وەشاندووە ،بەڵام ویژدان بکەنە قازی ئەوەی ئەو ٤٠ ڕۆژە خەڵک بە خۆپێشاندان دەگەڵ ئەو رێژیمەیان کردووە و کۆڵەکەکانی ئەو نیزامە فاشیستییەیان وەلەرزە خستووە پێشمەرگە بە ٤٠ ساڵان بۆی کراوە؟ لەوش گرینگتر ئەگەر هێزی چەکدار بچێتەوە ناوخۆ یەکەم کاردانەوە ئەوە دەبێ کە خۆپێشاندان لە کوردستان بە گشتی ڕادەوەستێ و کەس لەماڵ نایەتە دەر.

لەو یەک دووڕۆژە دا زۆرم بیست کە دۆستان دەڵێن ئەو بەیاننامەیە شۆڕشگێرانە نیە؟ من نازانم شۆڕشگێرانە یانی چی؟ یانی ئەوەی وەک فلانە حیزب بلێ فلان شوێن دەکەمە وێتنام و بۆی نەکرێ؟ سنە دەکاتە وێتنام و بۆی نەکرێ؟ مەهاباد دەکاتە مەیدانی شەڕ و تۆلە کردنەوە و بۆی نەکرێ؟ بانە دەکاتە گۆرستانی دوژمنان و ….! ئاخر ئەدی ئەگەر بۆی نەکرا؟ پاشان قازانجی ئەو هەڕەشانە لە مەیدانی کردەوە دا چیە؟

ئەو بەیاننامە و هیچ بەیاننامەیەکی حیزب ودەستە سیاسیەکان لە گۆترە دەرناچێ، دڵنیام بۆ بەیانامەی ناوەندی هاوکاری بە سەعات کۆمەڵێ خەڵکی بەرپرس لەسەر ئەو بەیاننامەیە قسەیان کردووە، ڕاو بۆچوونیان گۆڕیوەتەوە تا بەو دەقیقییە و بەو وردبینییە بیاننامەیەکی مێژوویی لە لایەن ناوەندی هاوکارییەوە دەدرێتە دەرێ و ئاوێکی سارد بەسەر دەستی کاربەدەستانی ڕێژیمی دڕندەی ئیران دا دا دەکا کە هەموو هەوڵیان ئەوەیە خۆپێشاندانەکان بەرەو توندوتیژی بەرن، لە حاڵێکدا رق و بێزاری گەنجانی کورد کە گەیشتۆتە لووتکە ئەو خۆپێشاندانانە لە ڕێرەوەی راستەقیەنی خۆی بەرنەدەر و بەهانەی زیاتریان دەست کەوێ تا رقی بێ ئامانی خۆی بەرامبەر بەکورد و گەنج ولاوەکانمان هەڵڕێژێ؟ لە سنەو لە بانەو لە مەهاباد لە یەک ڕۆژ دا چەند کوڕ وکچی و ژن وپیاوی ئەو نیشتمانە خەڵتانی خوێن بکا.

بۆیە لەو بارەوە بە بۆچوونی من ناوەندی هاوکاری ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێ گەیاندوووە و هەڵوێستێکی دروست و بە قازانجی بزووتنەوەکە و بە قازانجی پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان گرتۆتە بەر لە هەمان کاتیش دا ڕێنوێنی دروستی لاوەکانی کردووە بۆ بەردەوامی و هەراوتر بوونی خۆپێشاندانەکان و جێگای دەستخۆشی و پشتیوانی کردنە، هیوادارم ئەو بەزەڕەبین گەرانە بە دوای خاڵی لاواز یان ئەو شتانەی دەگەڵ خۆلیا ئیحساسیەکانی ئێمەدا نایخوێنیتەوە کۆتایی پێ بێ، بە تایبەتی دۆستانی دەرەوەی وڵات دەتوانن یەک ئەرکی ئەو بەیانامەیە وەئەستۆ بگرن کە بە ڕوونی داوایان لێکراوە ئەویش ئەم پەیامەیە:

” ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران داوا لە هەموو خەڵكی سەرتاسەری كوردستان و ئیران هەروەها ئازادیخوازانی نیشتەجێی هەندەران دەکەین کە بە هەموو شێوازێكی گونجاو پشتیوانی خۆیان لە خەڵكی راپەڕیوی مەھاباد و باقی شارەکانی کوردستان دەرببڕن.
داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكەین لەسەر خەت بن و بە هەموو شێوازێكی بەردەست رێگری لەوە بكەن كە هێزەكانی رژیم لە مەهاباد و شارەکانی دیکە كارەساتێكی مرۆیی و كۆمەڵكوژی ساز بكەن.
رەوەندی کوردی و ئازادیخوازانی ئێرانی لەدەرەوە وڵات بە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان سەرکوت و کوشتاری خەڵکی ناڕازی لەلایەن ھێزەکانی رژیم زیاتر لەقاو بدەن.”
#ژینائەمینی
#مەرگی_داگیرکەر_نزیکە

سەرچاوە لاپەرەی فەیسبووکی ئیبراهیم جەهانگیری