پشتیوانیی ناوەندی هاوکاری لە مانگرتنی مامۆستایان و قوتابخانەکانی ئێران

پشتیوانیی ناوەندی هاوکاری لە مانگرتنی مامۆستایان و قوتابخانەکانی ئێران
شوڕای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگیانی ئێران لە بانگەوازێکدا داوای مانگرتنی کردوە. لە بەیاننامەیەکدا شوڕای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران، سەرەڕای ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە سەرکوتی بەرینی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵک بڵاوی کردووەتەوە؛ زۆربەی ئەو خەڵکە ناڕازییەی کە دەنگیان هەڵبڕیوە، قوتابییان و خوێندکارانێکن کە وێڕای میلیۆنیان ئێرانیی دیکە لە سەرکوتی لەڕادەبەر وەزاڵە هاتوون و سەدان کەسی دیکەش ئێستا لە زینداندا لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕەوانی و جەستەیی‌دان. بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە هێزە سەرکوتگەرەکان بە ڕژانە نێو زانکۆی سەنعەتیی شەریف و بە زەبری چەک بەرەنگاری بلیمەتترین ڕۆڵەکانی نیشتمان ڕاوەستان تا بە خەیاڵی خاوی خۆیان ئەو لاوە حەقخوازانەی وەتەن سەرکوت بکەن.

لە ناڕەزایەتی بە وەها دۆخێکدا، شوڕای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران دوای لە مامۆستایان و قوتابیان کردوە کە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر بە مانگرتن لە قوتابخانەکان و نەچوونە سەر پۆلەکانی خوێندن هاوپێوەندی و هاودەنگیی خۆیان لەگەڵ هەموو ناڕازییانی وەزاڵەهاتووە دەرحەق بە ناعەداڵەتییەکانی دەسەڵات پێشان بدەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێرای پشتیوانی لەو بانگەوازە داوا لە مامۆستایان، قوتابییان و خوێندکارانی کوردستان و خوێندکانی کورد لە زانکۆکانی ئێراندا دەکات، وەک چۆن هەمیشە پێشڕوەی خەباتی مەدەنی لە ئێراندا بوون و هەن، داوا دەکەین کە لەو ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییانەدا بەشدار بن و وەک هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆیان بگێڕن.

هەروەها داوا لە هەموو چین و توێژەکانی خەڵک، کارمەندەکان و کرێکاران لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان دەکەین؛ بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت لە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای مامۆستایان و فەرهەنگییان پشتیوانی بکەن و بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی ناڕەزایەتییەکان لە هەموو ڕەهەندەکانەوە پەرە پێ بدەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١١ی ڕەزبەی ١٤٠١ی هەتاوی