ئەجەل و مەرگی ناوەخت، بۆ هاوژین ئەمیری جوانەمەرگ

ئەجەل و مەرگی ناوەخت، بۆ هاوژین ئەمیری جوانەمەرگ

لە دوێنێوە کە هەواڵی نەمان و مەرگت بڵاو بۆتەوە دەستم بۆ قەڵەم و پێنووس ناچێ، بای ئەجەل هات و لە ناکاو پەڕەی گوڵی ژیانتی پەڕپەڕ کرد و بە فڕینت، هەموو ئەوانەی تۆی ناسکتر لە پەڕی گوڵیان دەناسی تووشی تاسان و تازیەباری کرد.

هاوژینی ئازیز و لەبەردڵان، تۆ لە دوای شەهید بوونی ئەمیری باوکت، وەک قەڵایەکی خۆڕاگر و وەک کیژێکی ژیر و بە ورە، پشتی بنەماڵەی بەجێماوی شەهید ئەمیرت بەرنەدا و زۆر خەمخۆرانە وەک کچە شەهیدێک و وەک مرۆڤێکی تێگەیشتوو و باوەربەخۆ، قۆڵی هیممەتت هەڵماڵێ و بوویە پشت و پەنای بنەماڵە و دایکی کۆست کەوتووت، لە چەند جار دیداری نێوانمان لە هەرێمی کوردستان و لە شاری ڕانیە، هەموو جارێک بە دڵێکی کراوە و فراوانەوە، باست لە شانازی‌یەکانی شەهید بوونی باوکت دەکرد و لە چەند بڕگەش دا گووتت کە ئێستا خۆم بە سەربەرز دەزانم کە باوکم لە ڕێگای ئازادی کوردستان دا گیانی پێشکەش بە خاکی نیشتمان کردووە.

لە ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دا ئاڵوگۆڕی پەیاممان بە یەکەوە دەکرد، گووتت مامە گیان، بابم هەمیشە باسی دەنگخۆشی تۆی بۆ دەکردین، ئەمرۆ حەیرانی وەیشوومەمان لە کوردکاناڵ گوێ لێگرت، لەگەڵ دایکم بە گوێی دڵ گویمان لێدەگرت و گەلێک فرمێسکمان بۆ نەمانی شەهیدەکان هەڵڕشت، گریان تەنیا دڵمانی سووک دەکر.

مامە گیان چوونکە پەیمانمان داوە ڕێگەی بابمان وون نەکەین هەروا خۆڕاگرانە کەلێنی نەمانی شەهید ئەمیر پڕ دەکەینەوە، ئەم ڕێگەیە کە ڕێگەی ئازادی‌یە، هەروا بە سەربەرزی دەبڕین و هەوڵ دەدەین زۆر سەربەرزانە کارە بەجێماوەکانی باوکمان بەجێ بگەیێنین.

هاوژینی جوانەمەرگ بە کۆچی دواییت، بە دڵ غەمبار و پەشێوم، هەروەک چۆن شەهید بوونی ئەمیر نستانی و شەهید ئازاد ئاڵی بە ژان بوو، کۆچی تۆی دلۆڤانیش لەوان بە ئازارتر و بە ژانترە، هەر وەک چۆن هیچمان بۆ شەهید بوونی ئەو خۆشەویستانە لە دەست نەهات، بەداخەوە بۆ کۆچی دوایی تۆی پەپولەی باڵ هەڵپروزاو و گوڵی دەم بای ئەجەلیش هیچمان لە دەست نایە، جیا لە خەم خواردن و تەنیا سکاڵا و نزا لە لای خوا نەبێ.

لە دوایین نووسینی سەر لاپەرە فەیسبووکی‌یەکەت دا کە ٧ کاتژمێر پێش کۆچی دواییت نووسیوتە،  ( ” هەمیشە فڕۆکەخانەکان ماچی زیاتریان بەخۆوە بینیوە تازەماوەندەکان.

نەخۆشخانەکانیش دوعایی زیاتریان لێکراوە تامزگەوتەکان.

ئێمە واین هەمیشە شتەکان دەخەینە کاتێک کەخەریکە لەدەستیان دەدەین”).

منیش دەڵێم ئەو نووسینە هەوێنی جوانی و ڕاستی و پاکی تۆی خۆشەویست زیاتر دەر دەخا.

بە بۆنەی کۆچی دواییت لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە دایکی کۆست کەوتووت و لە براکانت و لە گشت ئازایزانت دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی تۆی ئازیز دەزانم، ڕووحت شاد و یاد و ناوت لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

٠٣ ـ ٠٩ ـ ٢٠٢٢ی زائینی

حەمەڕەسووڵ کەریمی