یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بۆچی پیـرۆزە؟ هاوار بازیان

یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بۆچی پیـرۆزە؟ هاوار بازیان

هاوار بازیان / سەرئەنجام پاش نێزیکەی 16 ساڵان هەردوو لایەنی حیزبی دێموکرات یەکیان گرتەوە و کۆتاییەکی پیرۆزیان بەو قۆناخە لە مێژووی ئەو حیزبەدا هێنا، بەڵام ئایا بەڕاستی ئەم رووداوە چەندە گرینگ و پیرۆزە و بۆچی؟ لێرەدا هەوڵ دەدرێ لە چوار خاڵ و بەکوورتی لە روانگەیەکی کوردستانییەوە وەڵامی ئەم پرسیارەی رۆژ بدرێتەوە.

رەسەنایەتیی حیزبی دێموکرات
کێشەی کورد لەگەڵ رێژیمەکانی ئێستە و پێشووی ئێران بەردەوام لە نێوان هێزی خۆسەپێنەری ئایینی و فارسیزمی ناوەند بووە دژی نەتەوەیەکی خاوەن خاک و زمان و فەرهەنگی خۆی کە لە مێژووی خەبات و شۆڕشی کورد لە ئێران، (لانیکەم لە مێژووی سەردەم و 77 ساڵی رابردوودا) لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە نوێنەرایەتی دەکرێ. یەکڕیزیی و بەهێزبوونی زیاتری ئەم حیزبە لەسەر داوای ویستی خەڵک و خودی لایەنەکان نیشانەی رەسەنایەتییە بۆ پەیکەرێکی سیاسی کە ئەگەریش تووشی ترازان بێ، هێشتا قورسایی و هێزی خۆی لە تەرازووی سیاسیدا نادۆڕێنێ و دواجار بنج و بناوانی خۆی دەدۆزێتەوە کە ئەوەش لە ئاستی کوردستانی و حیزبیدا پیرۆزە.

بەرپرسیارێتیی سیاسی
یەکەم و گرینگترین دەستکەوتی ئەم یەکبوونە، هەستکردن بەو بەرپرسیارییەتیە سیاسییە بوو کە هەردوو لایەنی حیزبی دێموکرات بەشێوەیەکی زانایانە مامەڵەیان لەگەڵدا کرد. هیچ دابڕانێکی سیاسی لە حیزبی دێموکراتدا لەسەر بنەمای بڕیاری تاکەکەسی یان بەرژەوەندیی ماتریالی نەبووە، بەپێچەوانەوە زیاتر بۆچوونی جیاواز لەبارەی پرسەکان لە سات و کاتی خۆیدا بووە کە لە قۆناخێکدا هەردوو لایەن داکۆکیان لەسەر هەڵسەنگاندنی خۆیان کردووە. یەکبوونەوەی ئەمجارەی ماڵی دێموکرات، رێزگرتن لەم ئەرکە مێژوویییە دەبێ کە ئێستە کەوتووە سەرشانی حیزبی دێموکرات تا بۆچوونەکان یەک بخات و بتوانێ بەکۆدەنگییەوە لە ئاست گۆڕانکارییە سیاسییەکانی بەردەم رێژیمی ئێراندا بێ. حیزبێک بتوانێ بۆ ئەوەی خۆی لەم بەرپرسیارێتییە سیاسییە بەرامبەر نەتەوەکەی نەدزێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بەرەوە یەکگرتنەوە بڕوات، پیرۆزە و جێگەی بەرزنرخاندنە.

راهێنانێک بۆ دیالۆگی ناوحیزبی
زیاتر لە ساڵێکە کار بۆ نێزیکبوونەوە و تێکەڵبوونەوەی حیزبی دێموکرات دەکرێ و لەو ماوەیەدا هەردوولایەن بەردەوام لە گفتوگۆ و تێگەیشتن و تێگەیاندنی یەکتریدا بوونە بۆ ئەوەی بتوانن پرۆسەیەکی تۆکمە بۆ یەکگرتنەوە ئەنجام بدەن. ئەم لێکگەیشتن و دیالۆگە ناو حیزبییە زۆر پێویست بوو تا کولتووری دیپلۆماسیی ناوخۆیی لە حیزبی دێموکراتدا گەشە بکا و هاوکات بەشێوەیەکی ورد گفتوگۆ بکرێ تا یەکگرتنەوەیەکی بەهێزە لە هەموو ئاستەکاندا بێتە ئاراوە کە تێیدا هەردوولایەن خۆیان بە براوە بزانن. ئەم دەستکەوتەش پیرۆزە بەو پێیەی حیزبی دێموکرات لەمێژ بوو پێویستی بە کرانەوەی زیاتر بۆ گفتوگۆی ناوەخۆی حیزبیدا هەبوو بەتایبەت کە زۆرجار گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەگەڵ یەکتریدا رێگە لە پەرەسەندنی کێشەکان و خەساری گەورەتر دەگرێ.

ئەزموونێک بۆ هێزەکانی تر
هیچ کام لە هێزە کوردییەکان و تەنانەت ئەوانەی بەڕەسمی پیرۆزباییان لە دێموکرات نەکرد، گومانیان لە گرینگیی یەکبوون و یەکدەنگیی کورددا نییە و ئەم یەکبوونە کاریگەری لەسەر ئەوانیش لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا دەبێ کە ئەوەیان باسی ئێرەمان نییە، بەڵام لە ئاستی کوردستانی ئێراندا، یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان نموونەیەکی باش و سەرکەوتوو دەبێ لەوەی هێزەکانی وەک کۆمەڵە و خەبات بەرەو تێکەڵبوونەوە بڕۆن و خوێندنەوەیەکی قووڵتر و گەورەتر لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبیان بۆ پرسی کورد بەرامبەر رێژیمی تاران هەبێ. حیزبی دێموکرات کە دەتوانێ ببێتە نموونەیەکی نیشتمانی بۆ یەکبوون بەتایبەت کە پرسی کورد تینووی یەکبوونە، دەبێ شانازی بەخۆیەوە بکا و بڕیاری یەکگرتنەوە بە کارێکی پیرۆز بزانێ.

ئەنجام
یەکبوونەوەی ماڵە گەورەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەگەر کوردی لە ناوەخۆ دڵخۆش کردووە، هاوکات ئەم راستییەی بەبیری دوژمن و نەیارانی دێموکرات هێناوەتەوە کە حیزبێکی رەسەنی وەک دێموکرات خوێندنەوەی وردی بۆ قۆناخەکان هەیە و خۆی بەرپرس دەزانێ لە ئاست پرسی کورد. هاوکات ئەو بزووتنەوەیە تێگەیشتووە و توانای ئەوەیشی هەیە لە ناوخۆیدا هێزی لۆجیک بسەپێنێ و بڕیارە درووستەکە بدا بۆ ئەوەی نموونەی هێزێکی شۆڕشگێڕی نیشتمانی و خاوەن رەگ و ریشەی سیاسیی خۆی بێ. هەمووی ئەوانەش رێگە دەدەن بڵێین یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی کوردان لە هەر پارچەیەک و لەوانەش حیزبی دێموکرات لە رۆژهەڵات پیرۆزە.