تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییە گشتییەکانە لە ئێران

تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییە گشتییەکانە لە ئێران
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەبەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢١ی بانەمەڕ جارێکی دیکەش ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردەوە. سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەو هێرشە نوێیەدا بە تۆپ و کاتیوشا و درۆن کوێستانەکانی بەربزین لە سیدەکان، گەڵاڵە و سمێلان لە چۆمانی کردۆتە ئامانج.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی یاسا و ڕێوشوێنی دراوسێیەتی، بە بیانووی هەبوونی بنکە و بارەگای حیزبە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستدرێژیی کردۆتەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەمووانیش ئاگادارن کە لە سۆنگەی هێرشەکانی پێشووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە خەڵکی گوندنشین و هەوارچییەکانی ئەو ناوچانە زەرەر و زیانی ماڵیی زۆریان پێ گەیشتوە، سەرەڕای ئەوەش کە تۆپبارانەکان زیانی زۆریشان لە ژینگەی ناوچەکە داوە.
هێرشی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی وڵاتی دراوسێی لە حاڵێک‌دایە کە شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان بە دۆخی ئابووری و گرانیی لەڕادەبەدەر لە زۆربەی شارەکانی ئێران وەڕێ کەوتوە و خۆپیشاندان و مانگرتنەکان لەو ماوەیەدا لە پەرەسەندندا بوون. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش کە هەموو کاتێک سامانی گشتیی وڵاتی بۆ گێرەشوێنی و قەیران‌خوڵقێنی لە ناوچەدا و پەرەپێدان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی تەرخان کردوە، ئەمجارەش هەروەکوو سیاسەتی هەمیشەیی خۆی لە بری وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک، بۆ بەلاڕێدا بردنی سەرنجی گشتیی خەڵک لەسەر ناڕەزایەتییەکان دەستی بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستدرێژییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی دەستێوەردانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری هەرێم و پێشێل‌کردنی یاسا و سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان و هاوکات نانەوەی کەشی ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکاندا مەحکووم دەکا. لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندی هاوکاری خوازیاری ئەوەیە کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان هەموو توانای خۆتان بۆ ریسواکردن و لەقاودانی سیاسەتی دەستدرێژی‌کەرانە و نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان بخەنەگەڕ و، لە رێگای جۆراجۆرەوە ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢١ی بانەمەڕی ١٤٠١ (١١ی مای ٢٠٢٢ی زایینی)