مەرگی کەریم شڵماشی کۆستێکی تازە. عەبدوڵلا حەسەن‌زادە

ئەدیب و تێکۆشەر و سیاسەتمەدار مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە و نەمر کاک کەریم عەبباسی ناسراو بە کەریم شەڵماشی

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی (٨ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی) کاک کەریم شڵماشی پێشمەرگەی بەوەفا و لەمێژینەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دوای چەند مانگ ململانە دەگەڵ نەخۆشییەکی سەخت لە نەخۆشخانەیەکی شاری کۆیەی هەرێمی کوردستان – عێڕاق کۆچی دوایی کرد و کۆڕی خەبات بۆ ئامانجە نەتەوەییە وەدینەهاتووەکانی بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی بەجێ هێشت.
کاک کەریم کە لە حەفتاکانی تەمەنیدا دەژیا ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوو. بەحوکمی ئەوەی خەڵکی گوندی «شڵماش»ی ناوچەی سەردەشت و لە دۆستە نیزیکەکانی بنەماڵەی شەهیدی سەربەرز مەلا ئەحمەدی شڵماشی ناسراو بە (مەلا ئاوارە) بوو، لە بزووتنەوە چەکدارانەکەی ساڵانی ٤٧-١٣٤٦دا بەشدارییەکی چالاکانەی هەبوو، و ماڵ و باغ و مەزرای بنەماڵەکەی هەمیشە پەناگا و جێحەسانەوەیەکی متمانەپێکراوی مەلا ئاوارە و شۆرشگێڕەکانی بەشداری ئەم بزووتنەوەیە بوون.
پاش سەرکەوتنی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بەسەر ڕێژیمی پادشایەتیدا و لە یەکەم ڕۆژەکانی پاش ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا پەیوەندیی دەگەڵ حیزبەکەی نوێ کردەوە و بوو بە پێشمەرگە و هەر زوو بوو بە یەکێک لە پارێزەرانی جێباوەڕی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت و سەرمەشقێک بۆ غەمخۆری و دیسیپلین و هەستکردن بە بەرپرسایەتیی پێشمەرگانە.
دڵسۆزی و ئەمانەت و نهێنیپارێزیی کاک کەریم وای کرد کە لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوییەوە بوو بە یەکێک لە پێشمەرگەکانی پارێزەری گیانی دوکتۆر قاسملووی نەمر و هەموو سکرتێرەکانی حیزب هەتا ساڵی ١٣٨٥. لەو ماوەیەدا بەردەوام لە سکرتاریای حیزب خزمەتی کرد و بوو بە ئەمینداری جێی باوڕ و متمانەی تێکڕای ئەندامانی ڕێبەرایەتی و کادرەکانی ڕیزی پێشەوەی حیزبی دێموکڕات.
جگە لەوانەش کەریم شڵماشی مرۆڤێ بێفیز و خاکەڕا، مێهرەبان و کۆمەڵایەتی بوو. دۆستی هەمووان بوو، لە کاتی پێویستیدا بە غەمی هەمووانەوە بوو، و هەر بۆیەش خۆشەویست و جێمتمانەی هەموو هاوڕێیانی بوو.
بەشبەحاڵی خۆم لە یەکەم ڕۆژەکانی پێشمەرگایەتییەوە ناسیومە و پتر لە دە ساڵ لەنزیکەوە هاوکاری بووم. بۆ یەکجاریش بێمشووری، خۆبواردن لە بەجێگەیاندنی ئەرکی حیزبی و پێشمەرگایەتی و تەنانەت ماندووبوونیشم پێوە نەدی. سەرباری ئەمانە تا بتەوێ ئازا و بەجەرگ بوو، بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی لە هیچ مەترسییەک نەدەپرینگایەوە، لە هیچ کەندوکۆسپێک نەدەسڵەمیەوە و چاوی نەدەترسا.
ئەگەر مەرگی کەریم شڵماشی بۆ هەموو هاوسەنگەرەکانی ڕوداوێکی تاڵ و ناخهەژێنە، بۆ منی هاوڕێ و هاوکاری دەیان ساڵەی بەڕاستی کارەستبارە. بەتایبەتی کە مەرگی کەریم شڵماشی برینێکی قەتماغەبەستووشمی کولاندەوە و ئازارەکەی لێ نوێ کردمەوە. ئاخر ئەمە دووەمین کۆستی گەورەی من لە ماوەی تەنیا هەشت مانگدا بوو. بەڵێ بەمەرگی شڵماشی برینی لەدەستدانی حەکیمیشم هاتەوە سۆ.
یادی گەورە تێکۆشەرانی وەک کەریم شەڵماشی لەلای هەموو دڵسۆزانی نەتەوەکە مان نەمرە و ناویان بە خەتی زێڕین لە مێژووی کورددا تۆمار دەکرێ. ڕوحی شاد و ئازیزانی سڵامەت. بە بۆنەی ئەم کۆستە بەژانەوە پڕ بەدڵ سەرەخۆشی لە هەموو ئەندامانی بنەماڵەی کاک کەریم بەتایبەتی جگەرگۆشەکانی و هاوەسەرە وەفا دارەکەی و هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی و حیزبە خۆشەویستەکەی و لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم. خوا سێبووریی هەمووان بدا و جێگای ویش بەهەشتی بەرین بێ.
عبداللە حسنزادە
١٨ ـ ١٠ ـ ١٤٠٠