رامبود لوتفپووری: ئێمه هه‌روه‌ك ره‌وتی ریفۆرم ده‌مێنینه‌وه‌و بۆ نوێكردنه‌وه و پێشكه‌وتنی حیزب
رامبود لوتفپووری: ئێمه هه‌روه‌ك ره‌وتی ریفۆرم ده‌مێنینه‌وه‌و بۆ نوێكردنه‌وه و پێشكه‌وتنی حیزب هه‌موو هه‌وڵ‌و تواناكانمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ.
دیداری ئاسۆ
ئاسۆ: كاك رامبود هۆكاره‌كانی ئه‌و لێك جیابوونه‌وه‌یه چین‌و تا ئێستا حیزب چه‌ند جار له مێژووی خۆیدا تووشی جیابوونه‌وه بووه؟
رامبود لوتفپووری: حزبی دیمۆكرات به‌و پێیه‌ی كه حزبێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌و له هه‌موو چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستانی رۆژهه‌ڵاتی له خۆیدا كۆكردۆته‌وه به‌رده‌وام هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سیاسی، هزری‌و رێكخراوه‌یی بووه، هه‌ندێك جار جیاوازی سیاسی یا هزری بوونه‌ته هۆی لێك دابڕان‌و جیابوونه‌وه‌و هه‌ندێك جاریش كێشه‌ی رێكخراوه‌یی هۆكاری لێك جیابوونه‌وه بووه، حزبی دیمۆكرات تا ئێستا له ماوه‌ی 61 ساڵی ته‌مه‌نیدا 6 جار تووشی جیابوونه‌وه‌و لێك دابڕان بووه، جاری یه‌كه‌م له هاوینی 1342ی هه‌تاویدا بوو كه كۆمیته‌ی ساغ كه‌ره‌وه دروست بوو. جاری دووهه‌م له ساڵی 1346دا بوو كه كۆمیته‌ی شۆڕشگێڕ پێكهات‌و له ساڵی 1971دا ئه‌حمه‌د ته‌وفیق به دامه‌زراندنی رێبه‌رایه‌تی كاتی سێیه‌مین جیابوونه‌وه‌ی له حزبدا خولقاند، جاری چواره‌م له ساڵی 1980و له كۆنگره‌ی چواردا بوو كه تاقمی حه‌وت كه‌سی جیابوونه‌وه، جاری پێنجه‌میش له كۆنگره‌ی 8دا بوو و ئه‌مه‌ش جاری شه‌شه‌مه كه حزب لێك دابڕانێكی دیكه ئه‌زموون ده‌كات. له‌ڕاستیدا لێك دابڕانی ئه‌مجاره جیابوونه‌وه نییه‌و ناتوانین ئه‌و ناوه‌ی له‌سه‌ر دابنێین به‌ڵكو حزب توشی له‌ت بوون بووه له‌ت بوونێكی ته‌واو له رێبه‌رایه‌تی، كادر‌و پێشمه‌رگه‌و تێكڕای ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی حزبدا، ئێستا ئێمه له رێبه‌ریدا كه‌مینه‌ین، به‌ڵام له رێژه‌ی كادر‌و پێشمه‌رگه‌دا و بنه‌ماڵه‌دا ئێمه زۆرینه‌ین، كه‌وابوو ناتوانین به‌مه بڵێین جیابوونه‌وه، به پێچه‌وانه‌ی چه‌واشه‌كارییه‌كانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر ئێمه ژماره‌یه‌كی كه‌می كادر‌و پێشمه‌رگه نین كه جیابووبێتینه‌وه، هه‌م له‌باری چه‌ندایه‌تییه‌وه له‌وان زۆرترین، هه‌م له‌باری نێوه‌رۆكه‌وه له‌گه‌ڵ رێزمدا بۆ هاوڕێیانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر ئێمه هه‌م له‌ڕووی ئه‌زموون‌و هه‌م له‌ڕووی زاناییه‌وه چۆنایه‌تییه‌كی باشترمان هه‌یه. واته زۆرینه‌ی كادره كۆن‌و به ئه‌زموونه‌كان‌و هه‌روه‌ها گه‌نجه خوێنده‌وارو لێهاتووه‌كانمان له‌گه‌ڵدایه.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به هۆكاری لێك جیابوونه‌وه‌كه پێویسته بڵێم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه ئێمه كێشه‌ی هزری‌و سیاسیشمان هه‌بوو، به‌ڵام له‌ڕاستیدا دابڕانه‌كه پشتی به بنه‌مایه‌كی هزری‌و سیاسی نه‌به‌ستبوو، به‌ڵكو زیاتر هۆكاری رێكخراوه‌یی بوو كه لایه‌نه‌كانی حزبی لێك ترازاند. هه‌ر چه‌ند ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هۆكارێكی سیاسی كۆنتری هه‌یه، واته كێشه‌كه له كۆنگره‌ی 10ه‌وه ده‌ستی پێكرد كه لایه‌نێك به سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا حه‌سه‌نزاده له هه‌وڵی یه‌كخستنه‌وه‌ی ماڵی حزب‌و هێنانه‌وه‌ی هاوڕێیانی رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ‌دا بوو و لایه‌نی به‌رامبه‌ریش به سه‌رۆكایه‌تی ئاغای هیجری دژایه‌تی یه‌كگرتنه‌وه‌یان ده‌كرد، ئه‌ویش یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ك كه دڵی تێكڕای نه‌ته‌وه‌ی كوردی شاد و جه‌رگی دوژمنانی كوردی بریندار كرد. هاوڕێیانی دژ به یه‌كگرتنه‌وه، دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ش وازیان له‌و بۆچوونه‌ی خۆیان نه‌هێناو زمان‌و ئه‌ده‌بیاتی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌و هاوڕێیانه نه‌گۆڕی، به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌توانم بڵێم له ده‌رفه‌تێك بۆ دیسان له‌ت كردنه‌وه‌ی حزب ده‌گه‌ڕان، كه به‌داخه‌وه له كۆنگره‌ی سێزده‌دا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان كه‌وته ده‌ست. هه‌ر له كۆنفرانسه‌كانی پێش كۆنگره‌وه ده‌ستیان به حه‌زف‌و هه‌ڵاواردنی جیابیران كرد‌و رووی راسته‌قینه‌ی خۆیان پیشاندا، له كۆنگره‌و دوای كۆنگره‌شدا ئه‌و ره‌وته‌یان هه‌ر درێژه‌دا، حزبیان به دوو ده‌سته‌ی خودی‌و ناخودی دابه‌شكردو ناخودییه‌كانیان به تاك‌و به كۆ په‌راوێز یا ده‌رده‌كرد، بۆیه به‌ڕای من حیزبی دیمۆكرات هه‌ر له كۆنگره‌ی سێزده‌دا له‌ت بوو، یانێ ئاغای هیجری‌و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی له‌تیان كرد، ئه‌وه‌ی كه كه‌مینه‌ی رێبه‌رایه‌تی له 1385/9/15دا رایگه‌یاند ته‌نیا قبوڵكردنی ئه‌و له‌تبوونه بوو كه له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی رێبه‌رایه‌تییه‌وه به‌سه‌ریاندا سه‌پێندرا. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا كۆمه‌ڵێك جیاوازی‌و كێشه‌ی هزری‌و سیاسی له ئارادا بوون، بۆ وێنه ئه‌و هاوڕێیانه له ئاست كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا زۆر كه‌مته‌رخه‌م‌و ناشێلگیر بوون، نه‌ك هه‌ر به توندی ئێرانچێتییان ده‌كرد به‌ڵكو له‌م دواییانه‌دا توركچێتیشیان كرده باو. له راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پان ئیرانیسته‌كان‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی ئاغای هیجری بۆ نه‌زمی ئه‌فشار، دابه‌زین‌و پاشه‌كشه‌یه‌ك له سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی حیزب‌دا هاته گۆڕێ كه له مێژووی 61 ساڵی ته‌مه‌نیدا بێ وێنه بوو. به پێچه‌وانه‌ی ئیدعاكانی ئه‌م دواییه‌یان به‌و بیانووه‌وه كه دوكتور قاسملوو پێشنیاری خودموختاری كردووه باس‌و په‌سند كردنی فیدرالیزمیان به دژایه‌تی له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو له قه‌ڵه‌م ده‌داو دژایه‌تیی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانیان ده‌كرد له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه دڵی برا پان ئیرانیسته‌كانیان لێ نه‌یه‌شێت‌و بیانوویان ئه‌وه بوو كه ئه‌مه ئێرانییه‌كان و وڵاتانی دراوسێ ده‌ورووژێنێ و حزبێكیش ناتوانێ ئاڵا بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی دیاری بكات، كه‌چی له‌ولاوه نه‌ك حزب به‌ڵكو جه‌ناحه‌كه‌یانیان به نوێنه‌ری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران ده‌زانی. تا ئه‌وه‌ی كه جه‌بری زه‌مانه‌و زه‌ختی به‌شێك له ئه‌ندامانی حزب‌و خه‌ڵكی كوردستان ناچاری كردن له كۆنگره‌ی سێزده‌دا دان به فیدرالیزم‌و ئاڵای كوردستاندا بنێن، سه‌باره‌ت به دیمۆكراسیش بۆچوونه‌كان جیاواز‌و پێك ناكۆك بوون، ته‌عبیری ئه‌و هاوڕێیانه له دیمۆكراسی هه‌مان ئه‌و دیمۆكراسییه كلاسیكه بوو كه به‌رهه‌می دزه‌كردنی بیرۆكه‌ی حزبی توده له نێو حزبی دیمۆكراتدا بوو، دیمۆكراسییه‌ك كه ته‌نیا ده‌نگی زۆرینه‌ی له‌لا گرینگ بوو و هیچ بایه‌خێكی بۆ كه‌مینه‌و ماف‌و ئازادییه‌كانی دانه‌ده‌نا، كه له‌ڕٍاستیدا ئه‌مه هه‌مان دیكتاتۆریی زۆرینه‌یه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و هاوڕێیانه به هه‌ر هۆیه‌ك بێ، كه‌م توانایی زانستی بێ یا چه‌قبه‌ستوویی هزری، به پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانیان هیچ باوه‌ڕێكیان به ریفۆرم‌و گۆڕانكاری له حزبدا نه‌بوو، ده‌یانگوت دوكتور قاسملوو چی كردووه ده‌بێ دیسان ئه‌وه بكرێته‌وه، كه ئه‌وه‌شیان له دروشمێكی په‌تی زیاتر نه‌بوو ، ته‌نیا شتێك كه ئه‌و هاوڕێیانه له دوكتور قاسملوو فێرببوون ئه‌وه بوو كه ئه‌و شه‌هیده مه‌زنه چی كردووه ، ته‌نیا له چوارچێوه‌ی قسه‌دا ، دووپاتی بكه‌نه‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی كه هه‌لومه‌رجی كات‌و شوێنی كاره‌كانی دكتۆر قاسملوو له به‌رچاو بگرن‌و به‌بێ ئه‌وه‌یكه شێوازی بیركردنه‌وه‌ی دكتۆر قاسملوو فێر ببن، به‌ڕای من گرینگترین‌و سه‌ره‌كیترین وانه‌یه‌ك كه قوتابیانی مه‌كته‌بی قاسملوو پێویسته فێری بن، شێوازی بیركردنه‌وه، داهێنه‌ربوون، ره‌خنه‌گری‌و تازه‌گه‌رییه‌كانی ئه‌و رێبه‌ره شه‌هیده‌یه له سیاسه‌ت‌و شۆڕشدا نه‌ك ئه‌و شتانه‌ی كه به پێی هه‌لومه‌رجی كات‌و شوێن گوتوونی یا كردوونی‌و بێگومان ئه‌گه‌ر مابایه گۆڕانكاری تێدا ده‌كرن.
ئاسۆ: له هه‌ندێك له بڵاوكراوه‌كانی باڵی كاك مسته‌فا هیجریدا ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه به جیابوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كادر‌و پێشمه‌رگه‌و هه‌روه‌ها لاده‌ر ده‌زانن، مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه ئه‌و قسه‌یه تا چه‌ند راسته‌و ده‌توانن له‌سه‌ر ئه‌وه‌و به تایبه‌ت چه‌مكی لاده‌ر هه‌ندێ روونكردنه‌وه‌تان هه‌بێ؟
رامبود لوتفپوری: سه‌باره‌ت به‌وه‌یكه كۆمه‌ڵێك یا به واتایه‌ك به قسه‌ی ئه‌وان ژماره‌یه‌كی كادر‌و پێشمه‌رگه نین، به‌ڵكو زیاتر له نیوه‌ی حزبین باسم كرد بۆیه ناچمه‌وه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌یكه باسی لاده‌رت هێنایه گۆڕێ پێم‌خۆش بوو له‌سه‌ر مانای ئه‌م چه‌مكه‌و ده‌ركه‌وته به‌رهه‌سته‌كانی بوه‌ستین‌و شی بكه‌ینه‌وه. به‌ڕاستی لادان له‌چی؟ و لاده‌ر كێیه؟ جیاوازی بیروڕاو به فه‌رمی ناسینی له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ر سیستمێكی دیمۆكراتیكه، كه‌وابوو باسكردن له‌و جیاوازییانه‌و پێداگری‌و هه‌وڵدان بۆ جێگركردنیان مافێكی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای دیمۆكراتیكه‌و به هیچ شێوه‌یه‌ك ناوی لادانی له‌سه‌ر دانانرێ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه ئه‌و جیاوازییانه له‌سه‌ر ئه‌و هێڵه گشتی‌و ستراتژیكانه بن كه بنچینه‌ی رێكخراوه‌كه‌ی له‌سه‌ر دانراوه، بۆیه لاده‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌و هێڵه گشتییانه لاده‌دا، خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌و هاوڕێیانه له لاده‌ر ئه‌و كه‌سانه بێ كه له كۆنگره‌ی 8دا جیابوونه‌ته‌وه، ده‌بێ بڵێم ئه‌وان هیچ كێشه‌یه‌كی هزری‌و سیاسی‌یان له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو نه‌بوو به‌ڵكو كێشه‌كه له‌سه‌ر پێكهاته‌ی رێبه‌ری‌و لیسته‌ی فیكس هاته ئاراوه، ئێستاش ئه‌وان ته‌نیا به‌شێكن له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و له‌ت بوونه سه‌پێنراوه‌یان قبوڵكردووه. به‌شێكی زۆری ئه‌و كه‌سانه یا له‌و كاته‌دا هاوڕێی نزیكی دوكتور قاسملوو بوونه‌و له جیابوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌وتوون یا كه‌سانێكی وه‌ك منن كه له‌و كاته‌دا به‌هۆی كه‌می ته‌مه‌ن هه‌ر حزبی نه‌بوونه. كه‌وابوو گرێدانی كێشه‌كانی ئێسته به جیابوونه‌وه‌كه‌ی كۆنگره‌ی هه‌شته‌وه ته‌نیا چه‌واشه‌كارییه‌كی زه‌قه كه له‌لاوازیی هزری‌و سیاسی‌و قه‌یرانی نه‌بوونی ئیستیدلالی لۆژیكییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. به‌ڵام فاكتی وامان هه‌یه كه لاده‌ر بوون‌و لادانی باڵی ئاغای هیجری له هێڵه گشتیی و ستراتژیكه‌كانی حزب و ته‌نانه‌ت دوكتور قاسملوو ده‌سه‌لمێنێ. لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه به چه‌ند نموونه‌یه‌كیان ده‌كه‌م، له پاش كۆنگره‌ی 10 هه‌ردوو باڵی حزب واته حزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران‌و حزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران(رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ) به پێی رێككه‌وتنێك له‌ساڵی 1375دا یه‌كیان گرته‌وه، یه‌كێك له بڕگه‌كانی ئه‌م رێككه‌وتنه ئه‌وه بوو كه هه‌ر بڕیارێك له دوای كۆنگره‌ی 8ه‌وه به‌دژی یه‌كتر دراوه، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ گیانی ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه ناته‌با بێ، به‌تاڵه‌و هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه، كه‌چی وه‌ك باسم كرد ئه‌و هاوڕێیانه قه‌ت پێبه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌بوون‌و له‌و بڕیار‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه كه راست له چوارچێوه‌ی ئامانج‌و سیاسه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی حزب‌و ئاواته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورددا بوو لایاندا.
به‌ڵام نموونه‌ی هه‌ره زه‌قی لادان له دوای كۆنگره‌ی 13ه‌وه روویدا. فره نه‌ته‌وه‌یی بوونی ئێران‌و نه‌ته‌وه‌بوونی كورد بۆ حیزبی دیمۆكرات هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانییه‌وه باوه‌ڕێكی نه‌گۆڕو ستراتژیك بووه كه‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی 13 له راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پان ئیرانیسته‌كاندا به پێچه‌وانه‌ی باوه‌ڕه نه‌گۆڕو بنچینه‌ییه‌كانی حزبی دیمۆكرات‌و له درێژه‌ی سیاسه‌ته ئێرانچییه‌كانیاندا ته‌سلیمی بۆچوونه‌كانی حزبی پان ئیرانیست بوون‌و یه‌ك نه‌ته‌وه‌بوونی ئێران‌و قه‌وم بوونی كوردیان ئیمزا كرد. یان له وڵامێكی سه‌یرو سه‌مه‌ره به نامه‌یه‌كی پڕ له ئیهانه‌ت به حیزب‌و كورد‌و هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كه ئاغای نه‌زمی ئه‌فشاری توركی شۆڤێنی بۆ سكرتێری حزبی ناردبوو، ئاغای هیجری مۆری ته‌ئید و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی له قسه‌كانی ناوبراوداو قبوڵی كرد كه سمكۆی شه‌هید جه‌رده‌و مرۆڤكوژ بووه، پیشه‌وه‌ری سه‌رپه‌رشتی پێشه‌وا بووه، نه‌خشه‌ی كوردستانی گه‌وره وه‌همێكی فراوانخوازانه‌ی ناسیۆنالیسته توندڕه‌وه‌كانی كورده، رێبه‌رایه‌تی حزبی دیمۆكرات كورت بینه‌و له هه‌موو گرینگتر ئه‌وه‌یكه شاره‌كانی باكووری كوردستانی رۆژهه‌ڵات‌و ته‌نانه‌ت مه‌هابادیش خاكی ئازه‌ربایجانه نه‌ك كوردستان. پاساوی ئه‌م كاره‌ش ئه‌وه بوو كه ئێمه ده‌مانه‌وێ دۆستایه‌تی پێك بێنین نه‌ك دوژمنایه‌تی، به‌ڵام ستراتیژی حزب‌و رێنوێنیه‌كانی رێبه‌ری شه‌هید دكتۆر قاسملوویان سه‌باره‌ت به مه‌رجه‌كانی دۆستایه‌تی‌و دوژمنایه‌تی له بیرچوو بووه‌و یا هه‌ر له‌به‌رچاویان نه‌گرت‌و به ئه‌نقه‌ست لایان لێدا كه دكتۆر قاسملوو ده‌ڵێ: بۆ ئێمه به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مان‌و سه‌ربه‌خۆیی حیزبه‌كه‌مان بنه‌مایه‌و دۆستایه‌تیه‌ك ناكه‌ین كه ئه‌و دوو بنه‌مایه بخاته مه‌ترسییه‌وه یا پێشێلی بكات‌و ئه‌گه‌ر پێویست بێ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مان‌و سه‌ربه‌خۆیی حیزبه‌كه‌مان دۆستایه‌تیش تێك ده‌ده‌ین، به‌ڕای تۆ ئه‌مه لادان نییه؟ یا ئه‌وه‌یكه له كۆنگره‌ی دوازده‌دا په‌سند ده‌كرێ كه ده‌سته‌به‌ندی نهێنی نه‌كرێ‌و به تاوان تا سه‌رحه‌دی خه‌یانه‌ت داده‌نرێ‌و تاوانبارانیشی تا سه‌رحه‌دی ده‌ركردن له حزب سزایان بۆ دیاری ده‌كرێ، كه‌چی دوایی به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر ئاشكرا ده‌بێ كه خودی ئاغای هیجری به نووسراوه لایه‌نگرانی بۆ ده‌سته‌به‌ندی هانده‌دا، به‌ڕاستی ئه‌مه لادانه یا ئه‌وه‌یكه بڵێی كاكی ده‌سه‌ڵاتدار دیمۆكراسی ئاوا نییه، مافی من پێشێل مه‌كه، منیش حیزبیم‌و نامه‌حره‌م نیم. یا بڵێی روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یه‌ت بۆ نه‌زمی ئه‌فشار بده، با له‌داهاتوودا له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌گران نه‌وه‌ستێ‌و دوژمنانمان وه‌ك دۆكیۆمێنت كه‌ڵكی لێ وه‌رنه‌گرن.
ئاسۆ: مه‌سه‌له‌ی پان ئیرانیسته‌كان‌و نه‌زمی ئه‌فشار وه‌ك پان توركیستێك له چ باكگراوه‌ندێكه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و تا چه‌ند رۆڵی هه‌بووه له‌و جیابوونه‌وه‌دا؟
رامبود لوتفپوری: به‌ڕای من ئه‌وانه راست له‌لاوازیی هه‌ست‌و هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌وه له‌باری سایكۆلۆژییه‌وه پێشانده‌ری نه‌بوون یا لاوازبوونی بڕوا به خودی نه‌ته‌وه‌یه، به‌ڕای من هێشتا توخمه‌كانی نه‌ته‌وه‌بوون له‌بیری ئه‌و هاوڕێیانه‌دا كه‌م ره‌نگ یا هه‌ر ونه و باوه‌ڕی ناسیۆنالیستی هێشتا له‌بیرو ئه‌ندێشه‌یاندا ره‌گی دانه‌كوتاوه، له‌ترسی برا ئێرانییه‌كانیان ئێستاش شه‌رمێونانه و به ترسه‌وه باس له مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی كورد ده‌كه‌ن، دیاره به داخه‌وه ئه‌مه له ته‌واوییه‌تی حیزب‌دا كه‌م‌و زۆر به دیده‌كرێ، به‌ڵام له‌لای ئه‌وان زیاتره. ئێستاش باسكردن له‌سه‌ربه‌خۆیی‌و ده‌وڵه‌تی كوردی لای ئه‌و هاوڕێیانه هێڵی سوور‌و بڤه‌یه. ئه‌گه‌ر نه‌بوونی بڕوا به خودی نه‌ته‌وه‌یی نییه بۆ ده‌بێ حزبێكی 60 ساڵه كه خاوه‌ن مێژوویه‌كی پڕ له‌شانازی‌و خه‌باتێكی درێژ خایه‌نه‌و كۆمارێكی له‌سه‌ر ده‌ست دامه‌زراوه‌و ئێستاش پشتیوانی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتی له پشته له به‌رامبه‌ر رێكخراوێكی وه‌ك كۆمیسیونی دیپلۆماتیكی ئازه‌ربایجانی باشووریدا!! كه سه‌ره‌تای ساڵی 2006ی زایینی دامه‌زراوزه و ئێستاش نه كه‌س ده‌یانناسێ‌و نه پشتیوانییه‌كی خه‌ڵكی هه‌یه به‌و شێوه‌یه تووشی دابه‌زین‌و ته‌سلیم ببێت.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه تا چه‌نده له لێكدابڕانه‌كه‌دا كاریگه‌رییان هه‌بووه، پێشتریش باسم كرد كه كێشه‌ی سه‌ره‌كی رێكخراوه‌یی‌و شێوازی به‌ڕێوه‌به‌ری بوو، به‌ڵام ئه‌م بابه‌تانه‌ش بێ كاریگه‌ری نه‌بوون. هه‌ر بۆ نموونه ده‌ڵێم كه یه‌كێك له داواكارییه 20 خاڵییه‌كه‌ی باڵی كه‌مینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی راست ئاماژه‌ی به‌و نامه‌یه‌ی سكرتێری گشتی كردبوو كه بۆ نه‌زمی ئه‌فشاری نووسیبوو و داوایان كردبوو كه روونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بدرێت‌و بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه به‌ڕوونی هه‌ڵوێستی له‌مێژینه‌ی حیزب له‌و باره‌وه بخرێته روو. بۆیه ده‌توانم بڵێم ئه‌و كێشانه‌ش هۆكاری به‌شێك له ناكۆكییه‌كان بوون.
ئاسۆ: باشه شێوازی به‌ڕێوه‌به‌ری حیزب دوای كۆنگره‌ی 13 به چ شێوه‌یه‌ك بوو؟ باڵی زۆرینه له دابه‌شكردن‌و به‌شداریكردنی كه‌مینه له كاروباره‌كاندا له چ میكانیزمێك كه‌ڵكی وه‌رده‌گرت؟
رامبود لوتفپوری: به‌داخه‌وه له‌دوای كۆنگره‌ی سێزده‌وه دیارده‌یه‌ك له حیزب‌دا ده‌ركه‌وت كه ده‌كرێ بڵێم بۆنی تۆتالیتاریزم‌و فاشییه‌تی لێ ده‌هات. ره‌نگه ئه‌م قسه‌یه‌ی من هه‌ندێ له خوێنه‌ران تووشی شۆك بكات، به‌ڵام من تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی فاشییه‌ت باس ده‌كه‌م‌و نموونه به‌رهه‌سته‌كانی له به‌ڕێوه‌به‌ریی حیزبیشدا پاش كۆنگره‌ی 13 ئاماژه پێ ده‌كه‌م.
یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته‌كانی فاشیزم پێكهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی توده‌یی‌و مێگه‌لییه كه ئیراده‌ی تاك‌و سیستمی ئۆرگانیكی ده‌كوژێ، هه‌ڵوێسته‌كان له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا زیاتر له‌وه‌ی كه پشتیان به بنه‌مایه‌كی مه‌عریفی‌و زانستی به‌ستبێ، له هه‌ست‌و سۆزێكی نامه‌عریفی‌و ته‌سلیم ئاوییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن كه پیرۆزی‌و ره‌خنه هه‌ڵنه‌گری به‌رهه‌م دێنێ. ئه‌مه‌ش به ته‌واوه‌تی له لۆژیكی ئه‌و هاوڕێیانه‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، كادر‌و پێشمه‌رگه‌ی حزب لای ئه‌وان ته‌نیا هێزی چه‌پڵه‌و ماشینی ده‌نگه و رێگای پێنادرێ خۆی هه‌ڵوێست بگرێ، به‌ڵكو له سه‌رۆكایه‌تی جه‌ناحه‌وه بڕیاری بۆ ده‌درێ‌و ئه‌ویش ده‌بێ گوێڕایه‌ڵ بێت.
یه‌كێكی دیكه دروستكردنی كاریزمایه واته رێبه‌رێك كه ئیراده‌ی ئه‌و ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگایه و قسه و كرده‌وه‌كانی بێ هه‌ڵه‌و پیرۆزن. به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه ئاغای هیجری نیشانی داوه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كاریزمابوونی تێدا نییه، به‌ڵام ئه‌و هاوڕێیانه هه‌ر واز ناهێنن‌و ده‌یانه‌وێ به‌زۆری وه‌ك كاریزمایه‌ك به‌سه‌ر حیزب‌و كۆمه‌ڵگای كوردیدا بیسه‌پێنن. مۆنوپۆل كردن یا پاوانكردنی راگه‌یاندن یه‌كێكی دیكه له‌و خه‌سڵه‌تانه‌یه كه به‌بێ هیچ شیكردنه‌وه‌یه‌كی زیادی ته‌نیا ئاماژه به‌و تاك ده‌نگییه زه‌قه‌ی ده‌كه‌م كه له ته‌له‌فزیۆنی تیشكدا به‌دیده‌كرێ، كه‌چۆن تیشك نه ته‌نیا نه‌بۆته تریبوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد، ته‌نانه‌ت تریبوونی حیزبیش نییه، به‌ڵكو تریبوونی جه‌ناح‌و به‌تایبه‌ت به‌ڕێز شاهۆی حسێنییه.
قبوڵنه‌كردنی بیری جیاواز له قاڵبی تاك یا كۆدا و به‌تاوان زانینی جیابیری‌و كه‌مینه‌بوون تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی سیستمی فاشییه. سیستمێكی ئه‌وتۆ له هه‌وڵی یه‌كده‌ست كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگادایه، بۆیه هه‌ر چه‌شنه بیرێكی جیاوازی به تاك یا گرووپی به مه‌ترسییه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌زانێت‌و به تاوانبار‌و ستون پێنجه‌می دوژمنی ده‌ناسێت‌و هه‌وڵی حه‌زف كردنی ده‌دات. یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین كێشه‌كانی كه‌مینه‌و زۆرینه له حزبدا ئه‌وه بوو كه زۆرینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئاماده‌ی قبوڵكردن‌و به فه‌رمی ناسینی هیچ گروپێكی جیاواز له حزبدا نه‌بوو و هه‌وڵی یه‌كده‌ست كردنه‌وه‌ی حزبی ده‌دا، ئه‌مه به نیسبه‌ت ئێمه‌ش وه‌ك ره‌وتی ریفۆرم هه‌روا بوو، له دوایین دانیشتنی ئێمه له‌گه‌ڵ سكرتێری حزبدا كه باسی ئه‌وه‌مان كرد ئێمه وه‌ك ره‌وتی ریفۆرمی حیزب له‌گه‌ڵی دانیشتووین‌و پێشنیاری چاكسازیمان هه‌یه، به‌ڕێزی له وڵامدا به‌ڕاشكاوی وتی: من قه‌ت ئێوه‌م وه‌ك گروپێك به فه‌رمی نه‌ناسییوه‌و ناناسم.
ئه‌مانه به‌شێك له‌و نموونانه بوون كه بوونی ئه‌و مه‌ترسییه واته به‌ره‌و فاشییه‌ت چوونی حیزبیان ده‌سه‌لماندو ده‌بوو هه‌ڵوێستی له‌به‌رامبه‌ردا بگیردرێ.
له كۆنگره‌ی دوازده‌دا كه ئه‌و هاوڕێیانه كه‌مینه‌بوون پێیان داگرت كه تا له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات‌و پۆسته‌كان رێك نه‌كه‌وین نایێینه كۆنگره‌وه كه‌چی دوای كۆنگره‌ی سێزده هه‌ر چه‌شنه رێككه‌وتنێكیان به‌دژه دیمۆكراسی له قه‌ڵه‌م ده‌دا، له‌كاتێكدا وه‌ك ئاگاداری دیمۆكراسیی نوێ‌و ئه‌وڕۆیی راست له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتن‌و گه‌ره‌نتی كردنی مافی كه‌مینه دامه‌زراوه. له كۆنگره‌ی دوازده‌دا به پێی ئیعترافی خۆیان و بوَ نموونه ئاغای شاهوَ حسێنی ، سه‌ره‌كیترین‌و هه‌ستیارترین پۆسته حزبییه‌كانیان به ده‌سته‌وه بوو له‌كاتێكدا پاش كۆنگره‌ی سێزده ئه‌وان كه‌منیه‌یان په‌راوێز خست‌و هه‌موو پۆسته سه‌ره‌كییه‌كانیان پاوان كرد. ئه‌وه‌ی له روانگه‌ی ئه‌واندا خودی نه‌با واته هاوجه‌ناح نه‌با جێی متمانه نه‌بوو و نه‌ده‌كرا پۆستی هه‌ستیاری بده‌نێ. دابه‌شكردنی نه‌فه‌راتیش به‌سه‌ر ئۆرگانه‌كاندا نه به‌پێی لێوه‌شاوه‌یی‌و پسپۆڕی، به‌ڵكو به‌پێی خودی‌و ناخودی بوون‌و له‌پێناو راگرتنی باڵانسی هێزه‌كانیاندا بوو. به‌كورتی بڵێم ئه‌و هاوڕێیانه هه‌ر وه‌ك براده‌رێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندییان گوتبووی هه‌ر له ئێستاوه ده‌یانزانی له‌سه‌ر كام كورسی كۆنگره‌ی 14 كێ داده‌نیشێ. واته له لاهێزی ده‌سه‌ڵات بۆ پاراستنی زۆرایه‌تی خۆیان كه‌ڵكیان وه‌رده‌گرت.
ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیترو فاشیستی مرۆڤی زانا‌و ره‌خنه‌گری پێ هه‌رس ناكرێ بۆیه هه‌ر له‌و پێناوه‌دا و بۆ رێگرتن له گه‌شه‌ی زانستی ئه‌ندامانی حیزب (كادر‌و پێشمه‌رگه‌كان) له‌تازه‌گه‌رییه‌كی!! كه‌م وێنه‌دا بڕیاریاندا كه هیچ كادر‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی حیزب بۆی نییه بخوێنێ، واته ناتوانێ بچێته زانكۆ‌و قوتابخانه، دیاره ئه‌م بڕیاره پێشتریش هه‌بوو، به‌ڵام خوێندن ته‌نیا له كاتی كار یا ده‌وامی ئه‌نداماندا قه‌ده‌غه بوو ئه‌ویش له‌به‌ر راپه‌ڕاندنی كاروباری حیزبی، كه‌چی له‌و بڕیاره‌ی ئه‌واندا هه‌ر چه‌شنه خوێندنێك ته‌نانه‌ت ئێوارانیش قه‌ده‌غه كرابوو، یانێ پاش ته‌واوبوونی كاری حیزبی كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانی حزب بۆیان هه‌یه هه‌موو كارێك بكه‌ن جگه له خوێندن. به‌ڕاستی قازانجی ئه‌م بڕیاره ده‌بێ چی بێ؟ له‌سه‌رده‌می ئینفۆرماتیكدا كه به‌هێزترین چه‌كی مرۆڤ‌و نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان زانست‌و زانیارییه ئه‌م بڕیاره ترسناكه چ مه‌به‌ستێك ده‌پێكێ؟
ئاسۆ: ئێوه دوای كۆنگره‌ی 13 وه‌ك باڵی ریفۆرم خۆتان ناساند، ئامانج‌و به‌رنامه‌كانی ئێوه چی بوون‌و چۆن له‌لایه‌ن حزبه‌وه مامه‌ڵه كران؟
رامبۆد لۆتف‌پووری ده‌مێك بوو كه ئێمه هه‌ستمان به پێویستی گۆڕانكاری له پێكهاته‌و سیاسه‌ت‌و په‌روه‌رده‌ی حیزب‌دا كردبوو و ناو به‌ناو و له‌هه‌ندێك له كۆبوونه‌وه‌كاندا ئاماژه‌مان پێده‌كرد، به‌ڵام له‌دوای كۆنگره‌ی 13و به تایبه‌ت له قۆناغی گرژییه‌كانی پێش پلینۆمی پێنج‌دا كه مه‌ترسیی له‌ت بوونی حزب له‌ئارادا بوو ئێمه كۆمه‌ڵێك له ئه‌ندامانی حیزب كه له ده‌ره‌وه‌ی 2 باڵه‌كه ته‌عبیرمان له خۆمان ده‌كرد گروپێكی ریفۆرمیستیمان پێكهێناو به ئاشكرا له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گشتیدا بوونی خۆمان راگه‌یاند. پاش ئه‌و راگه‌یاندنه له‌لایه‌ن قۆڵی ده‌سه‌ڵاتداری حیزبه‌وه به‌توندی كه‌وتینه ژێرگوشار، ته‌نانه‌ت خودی سكرتێر به منی وت كه من دژ به‌و ره‌وته‌م‌و دژایه‌تیتان ده‌كه‌م. ئێمه رامانگه‌یاند كه جه‌ناح نین، به‌ڵكو ره‌وتێكی ریفۆرمخوازین كه ده‌مانهه‌وێ چاكسازی له حزبدا بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و هاوڕێیانه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك زه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌كرین، به هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه نه‌یانده‌هێشت كه‌س هاتوچۆمان بكات، هه‌ر كه‌سمان له‌گه‌ڵ كه‌وتبا، ده‌ست به‌جێ پیلانێكیان بۆ ده‌گێڕا یا ده‌ریان ده‌كرد یا نه‌قڵی شوێنی دیكه‌یان ده‌كرد. هه‌ر رۆژه‌و به‌شتێك تاوانباریان ده‌كردین، وه‌ك چۆن ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كان به‌رده‌وام بۆ حه‌زفی جیابیران‌و پاساودانه‌وه‌ی لاوازی و كێشه‌كانیان له تیۆری ته‌وته‌ئه (توگئه) كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، ئه‌مانیش رۆژێك ده‌یانگوت ئه‌مانه سه‌ر به باڵه‌كه‌ی دیكه‌ن‌و كاریان دابه‌شكردووه، رۆژێكی دیكه ده‌یانگوت ئه‌مانه نفوزی فڵان حزب‌و فیساره كه‌سن، ته‌نانه‌ت تا دوایین پله‌ش چوون‌و به سیخوڕی ئێران تاوانباریان كردین. دیاره بۆ ئه‌م تۆمه‌تانه‌یان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان نه‌بوو بۆیه به فه‌رمی‌و به ئاشكرا نه‌یانده‌گوت به‌ڵكو ده‌یانكرد به شایعه و له‌نێو ئه‌ندامانی حیزب‌دا بڵاویان ده‌كرده‌وه. به‌گشتی له هه‌ردوو شێوازی هه‌ڕه‌شه‌و ته‌ماع وه‌به‌رنان بۆ دژایه‌تی كردنی ئێمه‌و ره‌وتی ریفۆرم كه‌ڵكیان وه‌رده‌گرت. به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه ئێمه هه‌ر كوَڵمان نه‌داو درێژه‌مان به‌كاره‌كانماندا. له‌ماوه‌ی پێش جیابوونه‌وه‌دا كه كێشه‌كه گه‌یشتبووه لوتكه‌ی خۆی ئێمه شاندێكمان دیاری كرد‌و سه‌ردانی هه‌ردوو لایه‌نمان كرد‌و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌و پێش‌گرتن له‌جیابوونه‌وه میكانیزمێكمان پێشنیار كرد كه بریتی بوو له گرتنی كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی كه هه‌ر دوو لایه‌نه‌كه پێكه‌وه دیالوَگ و مونازه‌ره‌یه‌ك بكه‌ن به به‌شداری به‌ده‌نه‌ی حیزب، بۆ ئه‌وه‌یكه راستییه‌كان تاڕاده‌یه‌كی زۆر روون ببنه‌وه، ئینجا راپرسییه‌ك له به‌ده‌نه‌ی حیزب بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌و به‌ده‌نه‌ی حیزب هه‌ر بڕیارێكی دا ئه‌وان قبوڵی بكه‌ن. مامۆستا مونازه‌ره‌كه‌ی قبوڵ بوو و بۆ راپرسییه‌كه‌ش هه‌ندێ مه‌رجی هه‌بوو، به‌ڵام ئاغای هیجری ته‌نیا راپرسییه‌كه‌ی قبوڵ بوو ئه‌ویش به‌و شێوه‌یه كه له به‌ده‌نه‌ی حیزب بپرسین 20 خاڵه‌كه‌ی كه‌مینه‌تان قبوڵه یا نه؟ به هه‌ر حاڵ ئه‌و هه‌وڵه‌و هه‌وڵه‌كانی دیكه‌مان به هیچ ئاكامێك نه‌گه‌یشتن‌و به‌داخه‌وه له 1385/9/15دا حیزبی دیمۆكرات له‌ت بوو. دوو رۆژ دوای ئه‌وه واته رۆژی 1385/9/17 ئێمه سه‌ردانی هه‌ردوو لایه‌ن واته مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌و ئاغای هیجریمان كرد‌و پرۆژه‌یه‌كی چاكسازیمان كه پێشتر ئاماده‌مان كردبوو پێشكه‌ش به هه‌ردوولایان كرد‌و وتمان كه ئێمه وه‌ك ره‌وتی ریفۆرم له‌گه‌ڵتان قسه ده‌كه‌ین‌و ئه‌وه‌ش پرۆژه‌ی ئێمه‌یه بۆ ریفۆرم، رای ئێوه چییه؟ دیاره ئه‌و پرۆژه‌یه ته‌نیا باسی گۆڕأن‌و چاكسازی له حیزب‌دا بوو له سێ به‌شی پێكهاته، سیاسه‌ت‌و په‌روه‌رده‌ییدا و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ئیمتیاز یا به‌رژه‌وه‌ندی تاك‌و گروپێكی تایبه‌تی تێدا نه‌كرابوو (ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان له‌گه‌ڵ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ماندا بڵاو كرده‌وه). مامۆستا 80 تا 90 له‌سه‌دی پێشنیاره‌كانی ئێمه‌ی قبوڵكرد، به‌ڵام ئاغای هیجری دیسان وتی: وه‌ك ره‌وتی ریفۆرم به فه‌رمیتان ناناسم‌و پرۆژه‌كه‌ش له پلینۆم‌دا ده‌خه‌ینه به‌ر باس یانی به‌لانی كه‌مه‌وه 15 یا 20 رۆژی دیكه. بۆیه له ئاكامی ئه‌و دانیشتنانه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی وڵام‌و بۆچوونه‌كانی هه‌ردوولا هاتینه سه‌ر ئه‌و رایه كه بۆچوونی كه‌مینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له ئێمه نزیكتره‌و باشتریان ته‌عامول له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ، له كاتێكدا قۆڵی زۆرینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی توانایی ریفۆرم‌و چاكسازیان زۆر كه‌مه‌و بۆچوونه‌كانیان گه‌لێك دوگم‌و نه‌گۆڕن. ئه‌وه بووكه بڕیارماندا له‌گه‌ڵ باڵی كه‌مینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كه ئێسته ببوونه حزبی دیمۆكراتی كوردستان – ئێران بكه‌وین‌و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا درێژه به خه‌بات بده‌ین. ئێمه هه‌روه‌ك ره‌وتی ریفۆرم ده‌مێنینه‌وه‌و بۆ نوێكردنه‌وه و پێشكه‌وتنی حیزب هه‌موو هه‌وڵ‌و تواناكانمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ.
ئاسۆ: ستراتژی ئێوه به‌تایبه‌ت ستراتژی نه‌ته‌وه‌ییتان تا چه‌ند ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ردا دێ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه به‌ره‌و نه‌ته‌وه‌یی بوونێكی زیاتر ده‌چن یاوه‌ك لایه‌نه‌كه‌ی دیكه له‌و قاڵیبه‌دا ده‌مێننه‌وه؟
رامبود لوتفپوری: وه‌ك وتم یه‌كێك له كێشه‌كانی ئه‌و هاوڕێیانه لاوازی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی‌و كه‌مته‌رخه‌میان له به‌رامبه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌ییدا بوو، هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌یه‌كی زۆر كلاسیك‌و ماركسییان بۆ دیمۆكراسی هه‌بوو، بێگومان ئێمه له‌و قاڵبه‌دا نامێنینه‌وه‌و وه‌ك رێبه‌ری مه‌زن دكتۆر قاسملوو ده‌ڵێ: به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بۆ ئێمه بنه‌مایه‌و خوێندنه‌وه‌شمان بۆ دیمۆكراسی ئه‌و دیمۆكراسییه نوێیه‌یه كه له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتن‌و گه‌ره‌نتی كردنی مافی كه‌مینه‌و به فه‌رمی ناسینی جیاوازییه‌كان دامه‌زراوه. هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵوێست‌و سیاسه‌تێكیشمان له‌سه‌ر ئه‌و دوو بنه‌مایه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بێ. دنیا گۆڕاوه‌و ئاستی هۆشیاری خه‌ڵكه‌كه‌شمان چووه‌ته سه‌رێ، چیدیكه ناتوانین له رابردوو بخۆین‌و له پشت ناوی رێبه‌رانی شه‌هیدمانه‌وه خۆ حه‌شارده‌ین‌و چۆله‌كه ره‌نگ كه‌ین‌و به نرخی كه‌ناری بیفرۆشین. گه‌مه‌كردن به وشه‌كان‌و چه‌واشه‌كاری كردن كه ئه‌مه لاده‌ره‌و ئه‌وه لاده‌ر نییه كه‌ڵكی نه‌ماوه. ده‌بێ كار بكه‌ین‌و خه‌باته‌كه‌مان به‌هێز بێ تا خه‌ڵك ره‌واییمان پێ بدات. ئه‌و شێوازه كۆن‌و سواوه كه‌ڵكی نه‌ماوه كه تۆ بۆ پاساودانه‌وه‌ی لاوازییه‌كانی خۆت من بشكێنی. ئێستا ده‌بێ بڵێی بۆ پێشخستنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌ت چیت پێیه‌و پرۆژه‌ت چییه؟ خراپ بوونی من به‌واتای باش بوونی تۆ نییه. خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی‌و حزبی دیمۆكراتیش له‌پاوانی هیچ كه‌س‌و لایه‌نێكدا نییه، به‌ڵكو سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی كورده. هیوادارم كه هه‌ردوو لایه‌ن بتوانین راستییه‌كانی سه‌رده‌م ببینین‌و خزمه‌ت به شۆڕشی مافخوازانه‌ی كورد بكه‌ین. به‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ی كه به‌رد بخه‌ینه سه‌ر رێی یه‌كتر با هه‌وڵ بده‌ین دوو هێزی دۆست بین‌و تواناكانمان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورددا به‌كار بێنین نه‌ك بۆ كوتانی یه‌كتری.