ناسیۆنالیزم (بەشی یەکەم و بەشی دووهەم) وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور

پێشەکی: زیاتر لە ساڵێک لەوەپێش بەڵێنیم دا واز لە وەرگێڕانی کتێبی “٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم” بێنم. ئەوە دوای ئاگادار کردنەوەی بەڕێزێک کە یەکێک لە مامۆستا زمانزانەکانی نەتەوکەمان بەتەمایە هەر سێ کتێبی یوڤال نوح هەراری لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕێتەوە سەر زمانی کوردی، بە لەبەر چاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە پتر لە ساڵێک لەو کاتییەوە تێپەڕێوە و هێشتا هەواڵێکم لانی کەم لە وەرگێڕانی ئەو کتێبەیان نەبیستووە و بە لەبەر چاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە بە بۆچوونی من هێندێک لە وانەکانی ئەو کتێبە بۆ هەموو خوێنەرێکی کورد خوێندنەوەیان پێویستە، سێ وانەی “ناسیۆنالیزم”، “ئایین” و “سێکولاریزم”ی ئەو کتێبەم وەرگێڕاوەتەوە سەر کوردی و لێرە و لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆم وردە وردە بڵاویان دەکەمەوە، بەو هیوایە کە بە دڵی خوێنەرانی هێژا بێ.
………………………………………………….

ناسیۆنالیزم (بەشی یەکەم و بەشی دووهەم) وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور
کێشەی جیهانیی پیویستیان بە ڕێگاچارەی جیهانییە
بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە هەنووکە سەرجەم مرۆڤایەتی تاقە شارەستانییەتێک پێکدێنێ، کە هەموو کەس خاوەنی ئالنگاریی و دەرفەتی هاوبەشن، بۆچی بریتانیایی، ئەمریکایی، ڕوسیایی و ژمارەیەک گرووپی دیکە ڕوو لە ناسیۆنالیزم و تەریک کەوتنەوە دەکەن؟ گەلۆ، گەڕانەوە بۆ ناسیۆنالیزم دەبێتە هۆی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ڕاستەقینە بۆ گیروگرفتە پێشتر نەبینراوەکانی دنیای بە جیهانیبووی ئێمە، یان ئەوە دەستەوەستانییەکی خۆدزەرەوانەیە کە ڕەنگبێ مرۆڤایەتی و سەرجەم ژینگە تووشی کارەسات بکات؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، ئێمە دەبێ لە پێشدا ئەفسانەیەکی گەلێک باو پووچەڵ بکەینەوە. بەپێچەوانەی بڕوای گشتی، ناسیۆنالیزم بەشێکی سرووشتی و هەمیشەیی دەروونی مرۆڤ نەبووە و ڕیشەی لە بایۆلۆژی مرۆڤدا نییە. ڕاستە، مرۆڤ لە هەموو ڕوانگەیەکەوە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە کە وەفاداریی بۆ گرووپ و کۆمەڵ لە جینەکانیدا هەڵکەندراون. بەڵام، لە ماوەی سەدان هەزار ساڵ، مرۆڤی ژیر (Homo Sapiens) وباوباپیرانی شێوە مرۆڤەکانی لە کۆمەڵگەی بچووکی زۆر لێک نزیکدا دەژیان کە ژمارەیان لە چەند دەرزەنێک مرۆڤ تێ نەدەپەڕی. مرۆڤ بە هاسانی هەستی وەفاداریی بەرانبەر بە تاقمی بچووکی لێک نزیک وەک هۆز، گوردانێکی سوپای پیادە و کۆمپانیای بنەماڵەیی دروست دەکا، بەڵام ئەوە بۆ مرۆڤ هیچ سرووشتی نییە کە بەرانبەر بە میلیۆنان کەسی بە تەواوی بێگانە ئەو هەستە دروست بکات. ئەو شێوە وەفادارییە جەماوەرییە تەنیا لەو چەند هەزار ساڵەی دواییدا سەری هەڵداوە، کە بە پێوانەی سوڕی گەشە کردن دەبێتە دوێنێ بەیانی، کە پێویستی بە هەوڵی زەبەلاحی نەتەوە سازییە.
خەڵک بۆیە خۆیان تووشی زەحمەتی دروست کردنی کۆمەڵگەی نەتەوەیی کرد چونکە بەرەوڕووی ئالنگاریی ئەوتۆ بوونەوە کە بە تاکە هۆزێک چارە سەر نەدەکران. بڕوانە بۆ وێنە، هۆزە کەوناراکان کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە نزیک ڕووباری نیل دەژیان. ڕووبارەکە سەرچاوەی ژیانیان بوو. ئەو ئاوی کێڵگەکانیانی دابین دەکرد و هەڵگری بازرگانیی ئەوان بوو. بەڵام هاوپەیمانێک نەبوو کە بۆ متمانەی پێکردن بێت. کاتێک باران کەم دەباری، خەڵکەکە لە برسان دەمرد؛ کاتێک باران زۆر باریبا، ئاوی ڕووبارەکە سەرڕێژ دەبوو و گوندی بە تەواوی وێران دەکردن. هیچ هۆزێک بە تەنیا نەیدەتوانی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، چونکە هەر هۆزێک تەنیا دەسەڵاتی بەسەر بەشێکی بچووکی ڕووبارەکەوە هەبوو و نەیدەتوانی زیاتر لە چەند سەد کرێکار کۆ بکاتەوە. تەنیا هەوڵێکی هاوبەش بۆ دروست کردنی ئاوبەندێکی مەزن و هەڵکەندنی سەدان کیلۆمیتر کەناڵ دەیتوانی ڕووبارەکە بێنێتە ژێر ڕکێف. ئەوە یەکێک لەو هۆیانە بوو کە وردە وردە بووە هۆی یەکگرتنیان و بوون بە نەتەوەیەک کە توانای دروست کردنی ئاوبەند و کەناڵ، کۆنتڕۆڵ کردنی ئاوی ڕووبار، دروست کردنی سایلۆی دانەوێڵەلە بۆ کاتی ویشکەساڵی و دامەزراندنی سیستەمی گواستنەوە و پێوەندیی سەرانسەریی هەبوو.
سەرەڕای قازانجی ئەوتۆ، گۆڕینی هۆز و تایفە بۆ تاکە نەتەویەک قەت هاسان نەبوو، چ لە سەردەمی کۆن یان ئەوڕۆدا. بۆ تێگەیشتن لە خۆ پێناسە کردن بە نەتەوەیەکی ئەوتۆ، پێویستە لەخۆت پرسیار بکەی ‘گەلۆ من ئەو خەڵکە دەناسم؟’ من دەتوانم ناوی دوو خوشک و یازدە ئامۆزاکانم بێنم و ڕۆژێکی تەواو کات بۆ باس کردن لە کەسایەتی، خووخدە سەیروسەمەرەکانیان و پێوەندییەکانیان تەرخان بکەم. من ناوی سەرجەم ٨ میلیۆن خەڵک کە وەک من شارۆمەندی ئیسڕائیلن نازانم، من قەت زۆربەیانم نەدیتووە و وێناچی قەت لە داهاتووشدا بیانبینم. لەگەڵ ئەوەشدا هەستی وەفاداریی من بەرانبەر بەو جەماوەرە لێڵە میراتی باوباپیرانی ڕاوچی-کۆکەرەوەکانم نییە، بەڵکو موعجیزەیەکی مێژووی ئەو دواییانەیە.
بایۆلۆژیستێکی هەساری مەریخ کە تەنیا ئاشنایەتی لەگەڵ ئاناتۆمی و سوڕی گەشەکردنی مرۆڤی ژیر هەبێ، قەت بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەو مەیمونانە لە توانایان دایە پێوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ میلیۆنان غەوارە دروست بکەن. بۆ قەناعەت هێنان بە من تا بە ‘ئیسڕائیل’ و ٨ میلیۆن حەشیمەتەکەی وەفادار بم، جووڵانەوەی زایۆنی و دەوڵەتی ئیسڕائیل دامودەزگایەکەی زەبەلاحی پەروەردە و فێرکردن، بانگەشە و ئاڵا شەکاندنەوە و هەروەها سیستەمی نەتەوەیی ئاسایش، تەندروستی و خۆش بژیویی دروست کردووە.
ئەوە بەو مانایە نییە کە پێوەندییە نەتەوەییەکان هەڵەن. سیستەمە زەبەلاحەکان ناتوانن بێ وەفاداریی جەماوەریی کار بکەن و، بەرفراوان کردنی ئاڵقەی هاوسۆزیی بێگومان قازانجی خۆی هەیە. شێوە نیانترەکانی خۆشەویستیی نیشتمان یەکێک لە باشنیەتترین بەرهەمەکانی مرۆڤن. ئەو بڕوایە کە نەتەوەی من تاقانەیە، کە شیاوی وەفاداریی منە و من ئەرکی تایبەتیم بەرانبەر بە ئەندامەکانی هەیە، دەبێتە هاندەرم تا دڵسۆزی خەڵکی دیکە بم و لەجیات ئەوان گیانفیدایی بکەم. ئەوە هەڵەیەکی ترسناکە کە پێمان وابێ بێ ناسیۆنالیزم ئێمە لە بەهەشتێکی لیبڕاڵیدا دەژین. لەجیاتان زۆرتر وێدەچێ لە دنیایەکی پڕ لە پشێویی خێلەکیدا بژین. لە وڵاتانی ئاشتیخواز، خۆشبژیو و ئازادی وەک سوید، ئاڵمان و سویس، هەستێکی بەهێزی ناسیۆنالیزم بوونی هەیە. لیستەی وڵاتانێک کە تیایاندا پێوەندییەکی ناسیۆنالیستی قایم بوونی نییە ئەفغانستان، سومالی، کۆنگۆ و بەشێکی زۆر لە وڵاتە شکستخواردووەکان دەگرێتەوە.
گیروگرفتەکە کاتێک دەست پێدەکا کە نیشتمانپەروەریی نیەتباش دەبێتە ئولتراناسیۆنالیزمی شۆڤینیستی. لەجیاتی بڕوا بەوە بکەم نەتەوەی من تاقانەیە، کە بۆ سەرجەم نەتەوەکان ڕاستە، ڕەنگبێ هەست پێبکەم کە نەتەوەی من لەسەرووی هەمووانەوەیە، کە من هەموو وەفادارییەکەمی پێ قەرزدارم و هیچ ئەرکێکم بەرانبەر هیچ کەسی دیکە نییە. ئەوە بواری لەبار بۆ کێشەی پڕ لە توندوتیژیی دروست دەکا. بۆ چەندین جیل، بنەڕەتیترین ڕەخنە لە ناسیۆنالیزم ئەوە بوو کە دەبووە هۆی جەنگ. لەگەڵ ئەوەشدا پێوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و توندوتیژیی زۆر بە کەمی بووە هۆی سنووردار کردنی زێدەڕۆیی ناسیۆنالیستی، بەتایبەتی کاتێک کە هەر وڵاتێک بۆ ڕەوایی دان بە پەرەپێدانی سەربازیی خۆی ئاماژەی بە پێویستی خۆپاراستن لە دەستدرێژییەکانی دراوسێکانیەتی. تا ئەو کاتە کە وڵات ئاسایش و خۆشبژیویی شارۆمەندانی بە ڕادەیەکی پێشتر نەدیتراو دەستە بەر دەکرد، ئەوان ئامادە بوون تێچووەکەی بە خوێن بدەن. لە سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم تێگەیشتنی ناسیۆنالیستی هێشتا گەلێک دڵڕفێن بوو. ئەگەرچی ناسیۆنالیزم دەبووە هۆی کێشەگەلی ترسناک و بێ وێنە، دەوڵەت-نەتەوە مودێرنەکان سیستەمی زەبەلاحی پێڕاگەیشتنی تەندروستی، فیرکردن و پەروەردە و خۆشبژیویان دروست کردن. خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی نەتەوەیی وایکرد شایستەی ئازارەکانی پاشەندەیڵ و ڤەردان [دوو شەڕی مەزن لە نێوان دوو لایەنی جەنگی یەکەمی جیهانیدا. و.] بێ.
هەموو شتێک لە ١٩٤٥ ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. داهێنانی چەکی ئەتۆمی هاوسەنگییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بە دژی ڕوانگەی ناسیۆلیستی گۆڕی. دوای هیرۆشیما چیدیکە خەڵک لەوە نەدەترسان کە ناسیۆنالیزم ببێتە هۆی جەنگ، ئەوان ئەمجار لەوە دەترسان کە ببێتە هۆی جەنگی ئەتۆمی. لەناوچوونی یەکجارەکی بووە هۆی وریا کردنەوەی خەڵک و بە ڕاستی لە سایەی بۆمبی ئەتۆمەوە، ئەوەی نامومکین بوو ڕوویدا و جنۆکەی ناسیۆنالیزم لانیکەم نیوەی گەڕایەوە بۆ ناو فانۆسەکەوە. هەر وەک گوندییە کەوناراکانی قەراخ گۆلی نیل بەشێک لە وەفاداریی خۆیان لە هۆزەکانی ناوچەوە ئاراستەی پاشایەتییەکی گەلێک مەزنتر کرد کە دەیتوانی ڕووبارە مەترسیدارەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بە هەمان شێوە لە سەردەمی ئەتۆمدا کۆمەڵگای ناونەتەوەیی توانی ئەهریمەنی ئەتۆمیی کۆنتڕۆڵ بکات.
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ١٩٦٤، لیندۆن ب. جانسۆن رێکلامی بەناوبانگی دەیزی لە سەر تەلەفزیۆن بڵاو کردەوە کە یەکێک لە سەرکەوتووترین بەرهەمە تەبلیغاتییەکان لە مێژووی تەلەفزیۆنە. رێکلامەکە بەوە دەست پێدەکا کە کچێکی بچووک گوڵێکی گوڵ نیشان هەڵدەقەنێ و دەست دەکا بە بژاردنی پەڕەکانی، بەڵام کاتێک دەگاتە دە، دەنگێکی کانزایی پیاوانە جێگای دەگرێتەوە و لە دە بەرەو خوارەوە بۆ سیفر دەبژێرێت وەک بژاردن لە کاتی هاویشتنی مووشەکدا. کاتێک دەگاتە سیفر، تێشکێکی ڕووناکی تەقینەوەی ئەتۆمی شاشەکە دادەپۆشێ و بەربژێر جانسۆن ڕوو بە جەماوەری ئەمریکایی دەڵێ: ‘ئەوە گرەوەکانن. دروست کردنی دنیایەک کە سەرجەم مناڵانی خودا بتوانن تیایدا بژین، یان بچنە ناو تاریکی. ئێمە یان دەبێ یەکترمان خۆش بوێ، یان دەبێ بمرین.’ ئێمە دەخوازین دروشمی ‘خۆشەویستی بکە، نەوەک شەڕ’ بە جووڵانەوەی دژی دەسەڵاتداران لە کۆتاییەکانی شەستەکانی زایینییەوە گرێ بدەین، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، هەر لە ١٩٦٤ بەو لاوە تێگەیشتنێکی قبووڵ کراو لە ناو سیاسەتوانە پێست ئەستوورەکانی وەک جانسۆن بوو.
لە ئاکامدا، لە ماوەی شەڕی سارد دا ناسیۆنالیزم بەرەو ڕوانگەیەکی زۆرتر ناونەتەوەیی سیاسەت پاشەکشەی کرد و، کاتێک شەڕی سارد تەواو بوو، بەجیهانیبوون سیاسەتە ناسیۆنالیستییەکانی، وەک پاشماوەی سەردەمانی دواکەوتوویی کە لەوانەیە ئەوپەڕی دەڵخوازی دانیشتووانی ناحاڵی چەند وڵاتێکی گەشە نەکردووە بێ، بە تەواوی جێهێشت. بەڵام، ڕووداوەکانی ئەو چەند ساڵانەی دوایی سەلماندی کە ناسیۆنالیزم هێشتا دەسەڵاتی بەهێزی بەسەر شارۆمەندانی ئورووپا و ئەمریکادا هەیە، باسی ڕوسیە، هیندوستان و چینیش ناکەین. لە خۆ غەوارە کراو بە هۆی هێزە بێ لایەنەکانی سەرمایەداریی جیهانیی و لە ترسی چارەنووسی سیستەمە نەتەوەییەکانی تەندروستی، خوێندن و فێر کردن و خۆشبژیویی، خەڵکی سەرانسەری دنیا بە دوای دڵنیایی و مانا لە باوەشی نەتەوەدا دەگەڕێن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پرسیارەی لە رێکلامی گوڵ نیشانی جانسۆندا ئاراستە دەکرێ، ئەمڕۆ زۆرتر لە ١٩٦٤ ڕەوایە. ئێمە دنیایەک دروست دەکەین کە لەویدا هەموو مرۆڤێک پێکەوە دەژین، یان هەموو دەچینە ناو تاریکی؟ گەلۆ دۆناڵد ترامپ، تێرێزا مەی، ڤلادیمیر پوتین، نارەندرا مودی و هاوکارەکانیان بە بەهێزتر کردنی هەستی نەتەوەیی ئێمە دنیا نەجات دەدەن، یان شاڵاوی ناسیۆنالیستیی ئێستا جۆرێک لە خۆ دزینەوە لە گیروگرفتە گەلێک دژوارەکانی دنیایە کە بەرەو ڕوویان بووینەوە؟

………………………………………………….
ناسیۆنالیزم
(بەشی دوویەم)
ئالنگاریی ئەتۆمی
با بە نەمەسیس [خواوەندی تۆڵە لە یوونانی کەونارا. و.]-ی ناسیاوی مرۆڤایەتی دەست پێبکەین: جەنگی ئەتۆمی. کاتێک ڕێکلامی گوڵ نیشان لە ١٩٦٤ بڵاو بۆوە، دوو ساڵ دوای قەیرانی مووشەک لە کوبا، لەناوچوونی ئەتۆمیی هەڕەشەیەکی ئاشکرا بوو. زانستوانان و خەڵکی ئاسایی وەک یەک لەوە دەترسان کە مرۆڤ ژیریی ئەوەیان نەبێ بتوانن پێش بە وێرانیی بگرن و، درەنگ یان زوو شەڕی سارد تا ئاستی سووتێنەر گەرم دەبێت. لە ڕاستیدا، مرۆڤ سەرکەوتووانە بەسەر ئالنگاریی نەتەوەییدا زاڵ بوون. ئەمریکایی، سۆڤییەتی، ئورووپایی و چینی شێوەی بەڕێوەبردنی جیۆپۆلیتیکیان بەو شێوە کە هەزاران ساڵ بەڕێوە دەچوو گۆڕی، تا سەردەمی شەڕی سارد بە خوێنڕێژییەکی کەمەوە کۆتایی هات و نەزمی دنیای ئینتەرناسیۆنال دەورانێکی ئاشتی بێ وێنەی دامەزراند. نە تەنیا پێش بە جەنگی ئەتۆمی گیرا، بەڵکو هەمۆۆ جۆرە جەنگێک کەم بۆوە. جێگای سەرسوڕمانە کە لە ١٩٤٥ بەولاوە، کەم سنوور بە شەڕانشۆیی ئاشکرا گۆڕاون و، زۆربەی وڵاتان وازیان لە کەڵک وەرگرتن لە جەنگ وەک ئامرازی سیاسی ستاندارد هێناوە. لە ٢٠١٦، سەرەڕای جەنگەکانی سووریە، ئوکراین و چەند شوێنی دیکەی خاوەن کێشە، خەڵکێکی کەمتر بە توندوتیژیی مرۆڤ مردن تا زۆرخۆریی، ڕووداوی هاتووچۆ یان خۆکوژیی. ئەوە ڕەنگبێ مەزنترین دەسکەوتی سیاسیی و ڕەوشتیی سەردەمی ئێمە بێ.
بە داخەوە هەنووکە وەها خوومان بەو سەرکەوتنە گرتووە کە وەک شتێکی ئاسایی سەیری دەکەین. بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە خەڵک ئیزن بە خۆیان دەدەن گەمە بە ئاگر بکەن. ڕوسیە و وڵاتە یەکگرتووەکان لەو دواییانەدا دەستیان بە کێبڕکێیەکی ئەتۆمیی نوێ کردۆتەوە و گەشە بە مەکینەی نوێی ڕۆژی قیامەت دەدەن کە ‌هەڕەشەی پووچەڵ کردنەوەی دەسکەوتەکانی دەیەکانی ڕابردوو، کە بە زەحمەتێکی زۆر دەستەبەر کرابوون دەکەن و ئێمە دەگەڕێننەوە لێواری لەناوچوون بە چەکی ئەتۆمی. لە هەمان کاتدا خەڵک وازیان لە نیگەران بوون هێناوە یان بۆمبەکەیان خۆش دەوێ (وەک لە فیلمی داکتر سترێنج لاودا پێشنیار دەکرێ)، یان هەر بە تەواوی بوونی ئەوانیان فەرامۆش کردووە.
بۆیە باسی برێکزیت لە بریتانیا، کە دەسەڵاتێکی مەزنی ئەتۆمییە، زۆرتر لەبارەی پرسی ئابووری و کۆچبەریی دابوو، لە کاتێکدا کە ژینەکیترین یارمەتی یەکیەتی ئورووپا بە ئاشتی لە ئورووپا و جیهان تا ڕادەیەکی زۆر پاشگوێ خرا. دوای سەدان ساڵ خوێنڕێژیی ترسناک، فەڕانسەیی، ئاڵمانی، ئیتالیایی و بریتانیایی ئاخیری مێکانیزمێکیان دروست کرد کە زامنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەو ویشکارۆیە بوو، تەنیا بۆ ئەوە کە جەماوەری بریتانیا تەگەرە بخەنە سەر ێگای ئەو مەکینەی موعجیزەیە.
دروست کردنی نەزمێکی ناونەتەوەیی کە بتوانێ پێش بە جەنگی ئەتۆمی بگرێ و پارێزگاریی لە ئاشتی جیهانیی بکات، لە ڕادە بەدەر دژوار بوو. گومان لەوە دا نییە کە ئێمە پێویستیمان بە پێدا چوونەوە بەو نزمە هەیە تا خۆی لەگەڵ مەرجە گۆڕاوەکانی دنیا بگونجێنێ، بۆ وێنە لە ڕێگای پشت بەستنی کەمتر بە وڵاتە یەکگرتووەکان و ڕێگا خۆش کردن بۆ دەسەڵاتە ناخۆراواییەکان وەک چین و هیندوستان تا دەوری مەزنتر ببینن. بەڵام وەلانانی ئەو نەزمە بە تەواوی و گەڕانەوە بۆ سیاسەتەکانی ناسیۆنالیستیی بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات کایەیەکی نابەرپرسیارانەیە. ڕاستە، لە سەدەی نۆزدەهەمدا وڵاتان کایەی ناسیۆنالیستییان بێ لە ناو بردنی شارستانییەتی مرۆڤایەتی دەکرد. بەڵام ئەوە پێش سەردەمی هیرۆشیما بوو. لەو کاتیەوە، چەکی ئەتۆمی گرەوەکەیان بەرز کردۆتەوە و سرووشتی بنەڕەتیی جەنگ و سیاسەتیان گۆڕیوە. تا ئەو کاتەی مرۆڤ دەزانێ چۆن ئۆرانیۆم و پلوتۆنیۆم بپیتێنێ، مانەوەیان بەستراوەتەوە بە پێشتریەتیدان بە پێشگرتن بە جەنگی ئەوتۆمی بەسەر بەرژەوەندییەکانی هەر نەتەوەیەک. ئەو ناسیۆنالیستە بەرزەفڕانەی هاوار دەکەن ‘وڵاتی ئێمە لەپێش هەمووانەوە!’ دەبێ لە خۆیان بپرسن گەلۆ وڵاتی ئەوان بە تەنیا، بێ سیستەمێکی بە‌هێزی هاریکاریی ناونەتەوەیی، دەتوانێ پارێزگاریی لە دنیا، یان تەنانەت لەخۆی، لە بەرانبەر لەناوچوونی ئەتۆمی بکات؟
ئالنگاریی ئێکۆلۆژیکی
بێجگە لە جەنگی ئەتۆمی، لە دەیەکانی داهاتوودا مرۆڤایەتی تووشی هەڕەشەیەکی لەناوچوون دەبێت کە لە ١٩٦٤ لەبەرنامەی سیاسیدا نەبوو: تێکڕمانی ژینگەیی. مرۆڤ هاوسەنگیی شوێنی ژیانی زیندەوەران لە چەند لاوە تێک دەدەن. ئێمە هەر دیتۆ سامانی زۆرتری ژێنگە هەڵدەگرین، لە کاتێکدا کە پۆخڵەوات و ژەهری لە ڕادەبەدەری لێ بار دەکەین و بەو شێوەیە پێکهاتەی خاک، ئاو و ئەتمۆسفەری زەوی دەگۆڕین.
ئێمە هێشتا زۆر کەم ئاگاداری شێوازە جۆراجۆرەکانی تێکدانی هاوسەنگیی ناسکی ژینگەین کە میلیۆنان ساڵی پێچووە تا ئەو هاوسەنگییە دروست بووە. بو وێنە، بڕوانە کەڵکوەرگرتن لە فۆسفۆر وەک پەینی کیمیایی. کاتێک ڕێژەیەکی کەم بەکار بێت، بۆ گەشە کردنی ڕووەک گەلێک وزەبەخشە. بەڵام کاتێک زێدەڕۆیی تێدا بکرێ ژاراوییە. کشتوکاڵی پێشەیی پێشکەوتوو بناخەی لەسەر کێڵگەی خاوەن پەینی دەستکرد دامەزراوە کە فۆسفۆر زۆرینەی پێکدێنێ، بەڵام ئەو فۆسفۆرە زیادییەی کە لە کێڵگەکانەوە سەرڕێژ دەبێ، ڕووبارەکان، گۆلەکان و ئوقیانووسەکان ژاراوی دەکا، کە ئاسەواری ویرانکارەوە بۆ زیندەوەری نێو ئاو. جووتیارێک لە ئایۆوا گەنمە شامی دەچێنێ ڕەنگبێ بەو هۆیەوە، بێ ئانقەست ماسی ناو کەنداوی مەکزیک بکوژێت.
لە ئاکامی چالاکیی ئەوتۆ، شوێنی ژیان کەم دەبنەوە، زیندەوەر و ڕووەک لەناو دەچن و سەرجەم ئێکۆسیستەم وەک تەنکاوی مەزنی باریەر لە ئوسترالیا و دارستانی باران لە ئامازۆن لەوانەیە لەناو بچن. لە ماوەی هەزاران ساڵ مرۆڤی ژیر وەک بکوژی زنجیرەیی ژینگە هەڵسوکەوتی کردووە؛ ئێستا بۆتە کۆمەڵکوژی ژینگە. ئەگەر لەسەر ڕێبازی هەنووکەیی بەردەوام بین، ئەوە نە تەنیا دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەشێکی بەرچاو لە زیندەوەران، بەڵکو ڕەنگبێ وردە وردە بناخەکانی شارستانییەتی مرۆڤ ىرووخێنێ.
لە هەمووان سامناکتر، ئەگەری گۆڕانی کەشوهەوایە. مرۆڤ سەدان هەزار ساڵە لێرەن و، ژمارەیەک دەورانی سەهوڵبەستوویی و گەرمایان ئەزموون کردووە. بەڵام، کشتوکاڵ، شارەکان و کۆمەڵگا پێچەڵپێچەکان زیاتر لە ١٠ هەزار ساڵە هەن. لەو ماوەیەدا، کە بە هۆڵۆسین (چاخی ئێستا) ناسراوە، کەشوهەوای هەرد تا ڕادەیەک سەقامگیر بووە. هەر جۆرە لادانێک لە ستانداردەکانی هۆڵۆسین ئالنگاریی مەزن بۆ کۆمەڵگای مرۆڤ دروست دەکەن کە تا ئێستا بێ وێنە بوون. ئەوە وەک تاقیکردنەوەیەکی بێ سنووری چەند میلیارد مرۆڤ وەک مشکی تاقیگەیە. تەنانەت ئەگەر شارستانییەتی مرۆڤ لە کۆتاییدا خۆی لەگەڵ مەرجە نوێیەکاندا بگونجێنێ، کێ دەزانێ چەند قوربانیی دەبێ لە پرۆسەی خۆگونجاندا لەناو بچن؟
ئەو تاقیکارییە ترسناکە هەر ئێستا دەستی پێکردووە. بە پێچەوانەی جەنگی ئەتۆمی کە گریمانەیەکی داهاتوویە، ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا ڕاستییەکی هەنووکەییە. هاوڕایییەکی زانستیی هەیە کە چالاکییەکانی مرۆڤ، بە تایبەتی بڵاو کردنەوەی گازەکانی گوڵخانەیی وەک دووانەی ئۆکسیدی کاربۆن، هۆی گۆڕانی کەشوهەوای زەوی بە شێوەیەکی ترسناکن. هیچ کەس بە دروستی نازانێ چەندەی دیکە دووانەی ئۆکسیدی کاربۆن بڕێژیتە ئەتمۆسفەر تا دەبێتە هۆی کارەساتێکی بێ گەڕانەوە. بەڵام باشترین بەراوردە زانستییەکانمان ئاشکرای دەکەن تا ئێمە لە بیست ساڵی داهاتوودا بڵاو کردنەوەی گازی گوڵخانەیی بە شێوەیەکی گەلێک بەرچاو کەم نەکەینەوە، ڕێژەی مامناوەندی هەڵکشانی گەرمای زەویی لە ٢ پلەی سێلسیوس تێدەپەڕێ، کە دەبێتە هۆی پەرە گرتنی بیابانان، توانەوەی کڵاوی سەهۆڵی جەمسەرەکانی زەوی، چوونە سەری ئاستی ئوقیانووسەکان و زیاتر بوونی ڕووداوی نەخوزراوی ئاووهەوا وەک باوبۆران و گێژەڵووکە. ئەو ئاڵوگۆڕانە دەبنە هۆی تێکچوونی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، شاری سێڵاو لێدراو، زۆربەی شوێنی دنیا وا لێدەکەن کە بۆ ژیان لێکردن نەبن و سەدان میلیۆن پەنابەر بە دوای دۆزینەوەی ماڵی نوێدا کۆچ دەکەن.
درێژەی هەیە