ماڵی خەیاڵم ١ پەروانە ئەحمەدێن

سەرچاوە فەیسبووکی پەروانە ئەحمەدێن

لە کوردەواری دا دەڵێن. کەس بە خەیاڵ نابێ بە ماڵ! جاریش دەڵێن: چ بێ خەیاڵە و بێ ماڵ و حاڵە!  من خەیاڵ بە هاندەری ژیان دەزانم چونکە هەرچی نەیەتە خەیاڵ نایەتە ماڵیش… بۆیە هەمیشە بەدوای خەیاڵەکانمدا چووم و گەراوم، گەلێک جار یا زۆر جاریش دەستەمۆ و دەستەبەرم کردوون، دەی جا چیە با هەمووش نەبن یا کەمیش بن!

بۆیە خەیاڵ بەشی سەرەکی ژیانمە و تێکەڵاومە.

هەر کات هەلم بۆ هەڵکەوێ سەفەر دەکەم بۆ ماڵ و دنیای خەیاڵاوی خۆم. دنیایێک کە بۆ خۆم بە دڵی خۆم داهێنەرو ڕازێنەریم. دنیایێکی پڕ لە سانسۆڕ و پڕ لە هەموو ئەو خۆزگەو ئاوات و شتانەی بە دڵی خۆمن. هەر کەس و هەر شتێک تێدا ئازارم بدات و بێتە هۆی دڵتەنگی و دڵەڕاوکێم هەتا ئەگەر تەنیا بیرێکی چکۆلەش بێ بە یەک چرکە دەی سڕمەوە. بۆشم گرینگ نێ کێیە و چمە و چییە. با نووری چاویشم بێ.

دنیایێکی خۆش، ئازاد، بێ خەفەت. کەسایەتی‌یەکان هەڵبژاردەی خۆمن. من لە کۆشکی خەیاڵم جێ پەنجەی سەوزی بەهارم، تینی سووری گەرمی هاوینم، بای بە سۆز و زەردی پاییزم، بەفری پاک و سپی کوێستانی قەندیلم.

بە دەنگی بەرز تەنیا بۆ دڵی خۆم و بۆ کۆرپەی دڵی خۆم و نیشتمانم بەیت و حەیران و گەلۆیان دەبێژم. بوولبولی باڵ شکاو نیم، پەپوولەی باڵ ناسکی بەرزە فڕی بێ سنوورم. وەختێ ئارامی دەریام و کاتێ وەک هەوری بەهاری دەگرمێنم.

کەل و پەلی ژیانم گەلێک ساکارن. تێکنۆلۆژی لە دنیای خەیاڵی من بوونیان نییە و خۆ لە ماڵە گچکەڵانەی من دا جییان نابێتەوە. ماڵی خەیاڵی من گا لە دارستانێکی چرۆ و چەقەرەی پشکوتوویە و گا لە باخێکی بەگوڵ پشکووتووی گولەباخ و گوڵەهێرۆیە و گا لە دارستانێکی خەزەڵ وەریو، گا لە بەرزایی کێوێکی سپی پۆش و گا لە مێرگێکی پڕ لە گوڵ و بوولبول و پڕ لە بۆنی هەڵاڵە و بەیبوون.

ژوورێکی بچکۆلانەی ساکار بە نووری چرایێکی گەرچەک نەفتی و گەرمای سۆبەی دار و کورسێکی چواربەند گۆشەی خشپیلانە. لە لایێکی ژوورەکەم داری قەڵاشکەری کوڕانێم هەڵچنیوە. حەسیرێکی ئەڵوانی دەستکرم ڕاخستووە بە ئاونگی گوڵەکانم نمم داوە و بۆنخۆشم کردوە و کەوڵێکم کردۆتە ڕاخەری خوانم. لە چواردەوری چەند کورسیلەم لە کۆلکەداری داتاشیوی دەستی خۆم داناوە. بۆم گرینگ نێ چی و چیان لەسەرە. با دەورێکانم گەڵا ڕێواس و گەڵا تاڵوو و کەوچک و چەنگاڵم لە دار شیلان بێ، گرینگ نانی ئەوینە کە ئەوینیان تێیدا دەخۆم و پێ دەخۆم.

چوار دەوری ژوورەکەم چێغ بەندە. بە ڕۆژ دەڕوانمە کایەی کەروێشکە نەرم و نۆڵەکان و هەڵبەزدابەزی چۆلەکان و بازبازێنی کوللە و پەپوولان و کات بە بژار و چنینی گوڵ و ریحانە و لێکردنەوەی بەر و بوومی بێستانە خونجیلانەکەی بەڕ ماڵەکەم و شەمامێکێش بۆ بۆخۆشی نێوبندی ماڵەکەم و دۆشینی تەنیا مانگایێک و هێلکە کۆکردنەوەی نێو کۆخە چکۆلەکەی چەند مریشک و کەڵەبابەکەم دەبەمەسەر.

هەر وەسا گوێ دەدەمە گۆرانی گمە گمی ئەو جووتە کۆترەباریکەکانە کە هیلانەیان لە دەور و پشتی ماڵەکەمە و پێک هەڵادەڵێن. بە شەو تریفەی مانگە شەو و تروسکەی ئەستێران و دەنگی سیسرۆکان…

جاریش واهەیە ئەوەندە هەست بە بەختەوەری و کامەڕانی خۆم دەکەم بە شەو هەموو پەردە چێغەکان دادەدمەوە و پەردەپۆش دەکەم، بۆ وەی کە مانگ بەخیلی بە بەختەوەریم نەیە. گا پەردەی سەوز هەڵداوەسم بۆوەی کە کاتێک مانگەشەو لێیدا لە بەرچاوم ببێتە دەشتێکی پڕ لە گەنم و جۆ نەرم نەرم  کەروێشکەی بکەن و من بە خەیاڵ دەست بە زولفیاندا بکێشم. گا پەردەی ژوورەکەم ڕەنگی پیرۆزەیە، لەشێوەی ڕەنگی زەریاکان. وەک پەری دەریایی تێیدا لەنێو شەپۆلە ئارام و مەندەکانی دا نووقمی نووقم دەبم. پێ بە پێی ماسێکان دەخووشێم و کێ بەرکێیان لەگەڵ دەکەم. جار مەرجانێک دەدۆزمەوە و جار ئەنگوستیلەی نقیمی پیرۆزی پەریزادێکی نووقمی دەریا بوو…

جار روو بە ئاسمان ڕادەکشێم و ئەستێرە جوانەکان: حەوتەوانان، دووبرالان،  پەروین وگەلاوێژ، کۆ و تەرازووان و کاروانکوژە… گوڵ بژێر دەکەم، دەیان چنم لە سەر لابسک و ئەگریجە و سینگ و بەڕۆکم دەیان نەخشێنم. دوو دانە کرمەستێرە دەکەمە گوارە با بۆ خۆیان بدرەوشێن و باوباوێنێ بکەن و بەلەرێنەوە ختۆکەی لاجانگ وگەردنم بدەن. لە نێو مێرگان هێندێک جار بۆ گەزیزێک دادێمەوە و ڕوومەتم بە ڕوومەتێوە دەنێم سرتەیەکی دەگەڵ دەکەم کە دەگەڵ کەسم نەکرد بێت  و نەهێنیەکی بۆ دەدرکێنم کە لای کەسم نەکوتبێت.

ماڵی خەیاڵم ٢

چاو لە ئاوێنەی ئاسمان دەکەم و هۆن هۆن گرێی پرچەکانم دەکەمەوە وئەگریجە و بسکان دادێنم و خاو دەکەمەوە. تێل تێل تاڵە مووەکانم لە پەنای یەک تاق و جووت دەکەم و چەند چڵە ڕیحانە و گوڵە باخیان دەکەمە پەرژین.

ئەنگوستیلەکانم شیلانی سووری گوڵی گوڵاوێن. گۆبەرۆکیێکی ساز دەکەم بۆ سووخمەکەم لە گێوژە هەرەسوورەکانی دار گێوژی باخی خەیاڵم. کە دەڕۆم چرپە چرپیان مۆسیقایێکی ئەوهووراییە. بە بۆنی گۆڵەباخ و هەڵالە و چنوور و وەنەوشە… هەموو گیانی خۆم عەتر پڕژێن دەکەم. هاوژینی خەیاڵی من گا سپیە، گا ئەسمەر. باڵابەرز و چوارشانە. چاوکانی بێ بن و بێ سنوورن، نیگاکانی هەتاوئاسا گەرم، جار مەندی مەندن و جار وەک ئاسک ڕەوەکن.

ئاخر دەربڕینی هەستی خۆشەویستی دەبێ بە کردەوە و هەست و دڵفراوانی و مێرەبانی و قووڵایی چاو و گەرمی هەناسە و توندی ئامیز بێ و ترپەی دڵەکان یەکتر بناسن و تێکەڵی یەک بن. هاوژینی من بۆی نیە جل و بەرگی بەدەر لە کەواو پانتۆڵ و ڕانک و چۆغەی مەرەزی لەبەردابێ. یێخەیێکی مرادخانی، سۆرانێکی سپی وەک کلووی بەفر و دەسرەیەکی سپی ڕیشووداری بەرپشتێندی گرێچن و زەنگاڵێک بە دوو گوڵینگەی شۆڕەوە.

هەر هەنگاوەی هەڵیاندێنێ دەبێ گوڵینگەکان یەکتر لە ئامێز بگرن ئەگینا بۆیان نییە بمێنن. چون دنیای خەیاڵی من پڕە لە ئامێز گرتن. هەموو جارێ کەڵەشینکۆفەکەی لێ وەردەگرم و ڕستێک کیفۆکی سپی دەکاتە ملوانکەم. دەستم لە ناو دەستی دەگرێ لێو بە فندقچەکانی قامکمەوە دەنێ، هێدی هێدی بە لێو دەیان بژێرێ. بە لاروومەتم ئارەقەی نێوچاوانی دەسڕمەوە.

ئامێزێکی پڕ لە هەست و گەرمی پێشکەش دەکەم، پێی دەڵێم ماندوو نەبی خەیاڵەکەم. ئینجا نەرم نەرم دووگمەکانی سەرکەواکەی یەکە بە یەک و بە بژار دەکەمەوە و لەبەر دادەکەنم و بە دزی نووکی قامکەکانم بەسەر جەستەی دا دەکێشم و دادەگرم، هەست بە گەرمای لەشی دەکەم! بە نەهێنی چاوی لێدەکەم دەبینم ئەویش هەستی بە گەرمای دەست و دڵم کردوە. هاوکات بزە دێتە سەر لێوی هەردووکمان و چاومان تێک دەگیرسێن وتێکەڵ دەبەن و دەبین بەیەک.

پێمخۆشە و حەزم لێیە هەر بۆ خۆم نەرم و نیان دەگەڵ نارەی وردە حەیرانێکی بن لێوان کەڵاش و زەنگاڵی بۆ داکەنم. دەزانم گەلێک ماندوە. دادێمەوە لە پڕ سەرم دەکەوێتە سەرسینگی چەند بە ئارامی و بە نەرمی ماچی دەکات و دەست لە گیرفانی دەنێ، لۆچ لۆچ گولە باخم بەسەردا دەبارێنی. دەبمە پەپوولێکی یاخی.

ژوورکەم بۆنی بەهەشت دەگرێ. خۆم لە باوەشی داوێم سەر لەسەر سینگی دادەنیم، دوو دەستم لە نێوان خۆم و خۆی دەشارمەوە با ژووری ئامێزی زۆرتر وێکم بێنێ، بەگەرمای لەشی بەر لەوەی نم نم بتوێمەوە، هەر لەوێ سواری ئەسپی سپی خەیاڵم دەبم، پێ لە ڕکێفی دەنێم بەرو ئاسۆ وەڕێ دەکەوین.

خوایە ئەمن و ئەو هەموو بەختەوەریە؟! .

لەبیرەوە دەچم، سەر هەڵدێنم چاو لە چاوی مەستی دەبڕم و هاوار دەکەم پێم بڵێ، پێم بڵێ، بۆ بێدەنگی لامەسەب؟ ئەمن و ئەو هەموو بەختەوەریە؟!…

بەڵام وەک هەمیشە دیسان زوو درەنگ دەبێ…

زوو درەنگ دەبێ…، تازە بە ئاگا دێم ئەرێ ئەوە خەیاڵ و خەونە یا ئاواتی وەدی هاتوو؟

سەرچاوە فەیسبووکی

پەروانە / ئەحمەدێن