بانگەوازی سکرتێری گشتیی حیزب ڕوو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ لەمەڕ هەڕەشەکانی سوپای پاسداران

بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی!
بۆ بیروڕای گشتیی جیهان!
بەڕێزان!

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢١، موحەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئێران، هەڕەشەی لە کوردە ئێرانییە جیابیرەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد. حەز دەکەین ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ئەم دواییانەی سوپای پاسداران و نوێترین هەڕەشەی سوپای تێرۆریستیی پاسداران دژی جیابیرانی کورد لە هەرێمی کوردستان ئاگادار و وریا بکەینەوە و دەڵێین ئەو هەڕەشانە لەوانەیە زنجیرەیەک کردەوەی تێرۆریستی دیکەی دژی گەلی کورد و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەدوودا بێن.

ئەمڕۆ، ٨ی سێپتەمبەر، ئێمە یادی سێهەمین ساڵوەگەڕی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەکەینەوە کە بووە هۆی شەهید بوونی ١٦ کەس، کە شەش کەسیان ئەندامی ڕێبەریی حیزب بوون و بریندار بوونی ۵٠ کەسی دیکەی لێ کەوتەوە کە لە ناویاندا ژن و منداڵ هەبوون.

گومان لەوەدا نییە کە ئامانج و مەبەستەکانی ڕێژیم بۆ ئەو پەلامارە لە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاشکرایە و بۆ ئەوە سەربەخۆیی و سەروەریی خاکی وڵاتێکی دراوسێش پێشێل دەکا. باسی ئەوەش ناکەین کە ئەوە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان لەمەڕ هێرش بۆ سەر ئامانجێکی سیڤل و، وەڵامێک بۆ خۆراگریی گەلی کورد لە ئێران و خەباتی ئاشتییانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان بۆ ئازادی و وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان بوو.

بەدوای کارەساتی ٨ی سێپتەمبەر، سوپای پاسدارانی ڕیژیمی ئیسلامی بە شانازیی و لەخۆباییەوە بەرپرسیاریی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ. بەداخەوە، ڕەفتاری توندوتیژانەی ڕێژیمی ئیسلامی، چ لە ئاستی نێونەتەوەیی و چ لە ئاستی نێوخۆییدا هەرگیز کۆتایی نەهات. ئەگەرچی ئەو کردەوە تێرۆریستییە بەتوندی لە لایەن کۆمەڵگەی کوردەواری و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئێرانییەکانەوە مەحکووم کرا، بەڵام پەرچەکردار و ئیدانەکردنی ل لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە هێندە قورس و بەربڵاو نەبوو کە ئێمە چاوەڕوانیمان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، لە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو کردەوەیە لە لایەن نیکی هەیلی، باڵوێزی ئەو کاتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هاتە بەرباس.

پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم، دژی گەلی کورد و حیزبی دێموكڕاتی کوردستان لە ژماردن نایەن. نوێترینیان، کە ڕەنگبێ ئێوەش ئاگاداری بن، لەو دواییانەدا دژی یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی ئێمە بەڕێوە چوو کە لە هەولێر (پێتەختی هەرێمی کوردستان) تێرۆر کرا.

ئێمە دەزانین کە بە هۆی ڕەفتاری نابەرپرسانەی ڕێژیم لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناکارامەیی و نالێهاتوویی لە مودیرییەتی پەتای کۆرۆنادا، خەڵکی ئێران لە دۆخێکی گەلێک ناخۆش‌دان. لەبەر ئەو هۆیە و وەک هەمیشە، ڕێژیم کەڵک لە تەنیا سیاسەتێک وەردەگرێ کە ل ەسەرەتای دامەزرانیەوە بەکاری هێناوە، واتە خوڵقاندنی قەیرانیکی نوێ لە دەرەوە تا بیروڕای نێونەتەوەیی و نێوخۆیی لە سەرنجدان بە دەوڵەتدارییە شکستخواردووەکەیان بەلاڕێدا بەرێ.

بە لەبەر چاوگرتنی ڕابردووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئەوە بەڵگەیەکی دیکەیە کە ئاشکرای دەکا ئەوان قەت گوێڕایەڵی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان نابن و ڕێزیان لێ ناگرن، هەر وەک چۆن لە سەرەتای دامەزانیانەوە ئەو کارەیان نەکردووە.

لەبەر ئەو هۆیە، ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین کە هەڵوێستی قایم بۆ پێشگرتن بە کارەساتێکی دیکە لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە بگرن!

هەنووکە، بە وتوێژەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە بارمتە گرتووە. ڕێژیمی ئسیلامیی ئێران هەوڵ دەدا ئەو وتوێژانە درێژ بکاتەوە تا قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی نێوخۆ بشارێتەوە.

لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە، سەرەڕای تێوەگلانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە تێرۆریزم، کردەوەی بێبەزەییانە و سەرکوتی گەلی کورد لە ئێران، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەرگیز پەنای بۆ توندوتیژی وەک ئامرازێکی گەیشتن بە ئامانجی سیاسی نەبردووە. حیزبی ئێمە ئەندامی ئینتەرناسیۆنال سوسیالیستە و بڕوای بە مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین، دێموکراسی و ڕێز بۆ یاسا، ڕێسا و بایەخە نێونەتەوەییەکان هەیە.

ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە پرسی کورد لە ئێران نابێ وەک هەڕەشە، بەڵکوو وەک دەرفەتێک سەیر بکرێ و پێمان خۆشە جەخت بکەینەوە کە ئاشتی و سەقامگیریی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا کاتێک مومکینە کە ڕێژیمێکی دێموکڕاتیک، ناسەنترال، کاریگەر، وەڵامدەروە و بەرپرسیار لە ئێران لەسەر کار بێ.

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان