“شاكوژ” مێھدی تەدەیون. وەرگێڕ: ڕەسووڵ سوڵتانی
تاقە گوللەیەكی ھاویشت، ئەویش راست وەسەر دڵی شا كەوت. نە چەكدار بوو و بە چەكناس. بەڵام بوو بە “راوكەری شا”ی مێژووی ئێران: میرزا رەزای كرمانی.
كاتێك شا لەمەرقەدی عەبدولعەزیم بە گوللە پێكرا، بە فێڵی ئەمینوسوڵتان وایان كرد كەس تێنەگا و گوتیان ھەر كەمێك گیانی داڕووشاوە و دواتر بە پەلە گەیاندیانەوە تاران.
شایان بردە ھۆدەی بڕێلیان. پزیشكی فەڕەنگیان ھێنا سەر. برینەكەیان ھەڵداوە و گوتیان كەس ئاوا گزوگومەت نەمردووە!
وڵات وردە وردە بۆ جێژنی پەنجایەمین ساڵی پاشایەتی ناسرەدین شا تەیار دەكرا، بەڵام ھەموو كەل و پەلی ئامادە كراو بۆ ماتەم و سەرەخۆشی شا بوونە كەرەسە و چل و نۆ ساڵی سەڵتەنەت نەبووە پەنجا.
بۆوەی بزانین ئەمینوسوڵتان چ پیاوێكی دەوڵەتی فێڵەزان و چ گوریسێك بووە لە ھەمبانەدا، ھەر ئەوە وەبیر دێنێنەوە كە بۆ ئاگادار كردنەوە موزەفەردین میرزای جێگرەوەی شا كە نیشتەجێی تەورێز بوو ئەو تێلگرافە كورتەی نارد: ” چۆن چاو نەبێتە گۆمی خوێن؟ و چۆن لێو نەبێتە بزەجاڕی بێ بەستێن؟
چون دەریا ئەھوەن بۆوە و گەوھەر وەدیار كەوت.
بكووژی شای شەھید لە كۆت و زنجیر دابوو. میرزا رەزا لە داری دونیا ھیچی نەبوو. ژنەكەی تەڵاقی لێ وەرگرتبوو. دوو منداڵەكەی لێی تەوەللا ببوون و بۆخۆشی بێ داڵدە و ئاوارە پەنای ھێنابووە بەر بارەگای عەبدولعەزیم.
بەڵام پۆلووی ئەوینێك لە دڵی دا دەگەشاوە: ئەو شێت و شەیدای سەید جەماڵەدینی ئەسەدابادی بوو. ھەموو گیانی پڕ بوو لە گوتە و كردەی سەید. دوو جار سەیدی لە ئێران دیتبوو، جارێكیش بۆخۆی چووببوە ئەستەمبووڵ بۆوەی لاقی ماچ كا و زیارەتی بكا.
كە دوای كوشتنی شا لە ھۆكارەكان دەكۆڵنەوە لەسەر ئەوە پێداگرە كە ئەو بیرە لە سەیدەوە بەو گەیشتووە. ھەڵبەت نەیگوت سەید راستەوخۆ فێری كردوە شا بكووژێ.
بەڵام پێم وابێ ھاندەرەكەی ئەو رستەیەی سەید بووە كە كوتوویە لە بری ئەو ژانانەی چێشتووتە تۆڵە بكەوە.
سەركەوتووانەترین و مەزنترین تێرۆری سیاسی لە دوو سەدەی رابردووی ئێران دا تیرۆری ناسرەدین شایە. ھەر بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین میرزا رەزا بۆچی شای كوشت؟
دەساڵ دوای مەرگی ناسرەدین شا شۆڕشی مەشڕووتە كرا. چ پێوەندییەك لە نێوان ئەو دوو رووداوە دا ھەیە؟
بۆوەی ھانەی كوشتنەكە ببینینەوە قسەی باشتر لە قسەكانی بكووژمان دەست ناكەوێ.پرسیار و وڵامەكانی میرزا رەزا لە كتێبی “مێژوەی راسانی ئێرانییەكان” دا تۆمار كراوە. میرزا بەردەوام لە سەر ئەوە مكووڕە كە بە تاقی تەنیا شای كوشتووە و تەنانەت تاقە كەسێكیش نەیزانیوە و ئاگای لە نییەتی ئەویش نەبووە.
ئەو ھۆكارانەی بوونە ھۆی بڕیاری كوشتنی شا یەكیان بڕیاری تاكەكەسی یەكیشیان ھانەیەكی كۆمەڵایەتی بووە.
میرزا لە ساڵانی پێشتر دا ماوەیەكی دوور و درێژ لە بەند دا بووە و ئەشكەنجە دراوە و تەنانەت جارێك بۆ راكردن لە دەست داغ و دروێشە زگی خۆی ھەڵدڕیبوو
كاتێك لێی دەپرسن لە كوێوە كەوتییە فكری ئەوەی شا بكووژی. كوتی چۆن لە كوێوە؟ لەو كۆت و بەندانەوە كە لەخۆڕا بەسەر منتان داسەپاند. لەو دارانەوە كە بێ ھۆ لێم دران و لەو شوێنەوە كە زگی خۆم لێ ھەڵدڕی. لەو رۆژە رەشیانەوە كە بەسەرم ھات. چوار ساڵ و چوار مانگ كۆت و زنجیر كرام…
وەك دەڵێن میرزا بەر لە ماجەرای تەمماكۆ ھێندێك زانیاری بۆ بەرپرسانی ئێران گوێزتبۆوە، ھەر ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی لێی دڕ دۆنگ بن و بە تاوانباری بزانن و ئەشكەنجەی دەن و دانی پێ بە تاوانێك دانێین كە رووحیشی خەبەری لێی نەبووە.
بەڵام وەكی كوترا میرزا ھانەیەكی كۆمەڵاتیشی ھەبوو و دەیپرسی: بۆ مەگەر خەڵكی لێقەوماوی ئێران ئەمانەتی خودا نین؟ لاقتان لە سنووری ئێران بەرنە دەرێ، لە عێڕاق و وڵاتانی قەفقاز و عیشق ئاباد و سەرسنوورەكانی رووسیا بە ھەزاران رەعێتی داماوی ئێرانی لە وڵاتی خۆیانەوە پەڕەوازەی ئەوێ بوون و بە كاری سووك و ناچارییەوە سەقاڵن.ئەوی كۆڵبەر و نۆكەر و جڵەوكێشی كەر و كرێكاری نانەزگییە ھەموو ئێرانین…
مەڕەكانتان مەبەستم خەڵكە ھەموو رۆیشتن و پەرەنگ پەرەنگ بوون. ڕەعێتی ھەژار و یەخسیر و داماو لە ژێر باری زوڵم و زۆر دەبێ تاقانە ژنە بێ ھاوتاكەی تەڵاق دا و بۆخۆشیان سەد ژن سەد ژن دێنن.
میرزا بەقەت سەرە دەرزییەك لەوە دڕدۆنگ نەبوو كە كوشتنی شا كارێكی باش بووە.
كاتێك كۆت لە مل و پێ لە زنجیر دا چاوەڕێی سزادان بوو، ئەوی بەسەر زاری دادەھات دەیكوت.
موعتەزیدوسەڵتەنە لە نزیكانی شا لێی پرسی شات بە چ تاوانێك كوشت؟ لە وڵام دا كوتی جا تاوان لەوە گەورەتر ھەیە بێ نامووسێكی وەك تۆی كردووەتە ھاو دەنگ و ھاوڕێی خۆی.
كاتێكیش حاجی مەلیكوتوجاڕ چوو پرسیاری لێ بكا تا بزانێ كەس ھاودەستی بووە لە كوشتنی شادا. لێی دەپرسێ كەست ھاودەست بوو؟
میرزا لە وڵام دا دەڵێ پێنج كەس بووین.
مەلیكوتوجاڕ گەشكە دەبێ و دەڵێ كێ و كێ بوون؟
میرزا خۆ قیت دەكاتەوە و بە راوێژێكی گەرم دەڵێ: خۆم و سێبەرەكەم و كیرم و جووتە گونم بووین.