بۆ چەند ساتێک بێدەنگی بگەیێنێنە زمزیران و سەرچاوەی سەردەشتی . ئازاد عەبباسیان

بە خوڕەی کەڵوێ بڵێن بۆ چەند ساتێک بێدەنگی بگەیێنێتە زمزیران و سەرچاوەی سەردەشتی شۆڕشگێڕ، بە شەڵماش بڵێن قامەتی بەرزی ڕابگرێ و کڕنۆش بەرێ بۆ قامەتی حاکمێکی سەرتاپا قامەت و بەوورە وەک کەڵوێ و پڕ لە جوانی وەک زمزیران.
با لەوێوە ئەو پەیامە بگاتە سڵێمانبەگی بانە و ئەویش بینێرێتە ئاربەبا و تیشکی پەیامەکە بگاتە ھەیبەت سوڵتان و ھەموو پێکەوە بڵێن حاکمی مێھر و وەفا و سۆز، نیشتمان پەیامەکانتی وەرگرت و دڵنیا بوو لە وەفا و سەفات بۆ دەنک دەنکی خاکەکەی، بۆ جەفا و فیداکاریت لەو ڕێگەدا.
حەکیمی شۆڕشگێران، حەکیمی فیداکاران، حەکیمی خۆنەویستان، حاکمی مێھر و ئەمانات،چرکە بە چرکەی ژیان لەو نیشتمانە دا شاھیدیت بۆ دەدەن کە تۆ ئەوە بوویت کە دەتویست.لە ئامێزی بەشێک لەو نیشتمانەدا حەواویتەوە بە ئەمانەت تا کاتێک ڕۆژێک بێت و کیژان و کوڕانی کەڵوێ و زمزیران ڕەشبەڵەک لەگەڵ شنەی بای ئێوارانی سەردەشت بە دەستە گوڵی شەوبۆوە بێن وبرینی سکاڵای ئە و ماوە غەریبیە بە سۆمای دڵ ساڕێژ بکەن. تۆ بە دڵ ژیاییت بۆ ئیمانێک کە لەمێژ ساڵان بوو ئیمانت پێ ھێنابوو.
کۆچت بە ئازارە بەڵام پڕ لە وورە و شانازییە. تۆ دەزانی ھاوڕێی لە مێژینەت کە ساڵانێکە بۆ پاراستنیی ژیانی شۆڕشگێری ئەو لە خۆ بردوانە تێ دەکۆشی لە ڕۆژی ماڵ ئاواییت بە ڕەستەیەک پیناسەتی پڕ لە خۆشەویستی کرد و گووتی چی؟
حەکیم ھەموو کات خۆشیەکانی منی دەخستە پێش ھەموو خۆشیەکی خۆی،بڵام ئەوڕۆ گلەیی بێت کە ئەم خۆشیەت وەپێش خۆشیەکانی من خست (مامۆستا حەسەنزادە).
ڕۆحی پاکت شاد نمونە و سەرچاوەی ئەخلاقی شۆڕشگێری.