تارمایی له‌سه‌ر پردی “بیر حەکیم”ی پاریس. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده
جه‌لال مه‌له‌کشا وته‌نی ئه‌گه‌ر بنووسم، بۆ دڵ [و ویژدان]ی خۆم ده‌نووسم. واش حه‌ز ناکه‌م بڵاڤۆکی مه‌جازیم له‌به‌ر چاوی دۆستان به جارێک ببێ به خه‌منامه. خه‌ڵک چاویان له‌وه‌یه تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان په‌نجه‌ره‌ی ڕووناک و ڕه‌نگی به‌سه‌ر ژیانیاندا بکه‌نه‌وه؛ په‌نجه‌ره‌ی وا که به کرانه‌وه‌ی دڵیان خۆش بێ، هیوایان بێته‌وه به‌ر، ئاسۆیه‌کی دیکه به‌دی بکه‌ن، … به‌تایبه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه!
به‌ڵام به خۆم ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر له ژیاندا هاوڕێی یه‌كترین، ده‌بێ له کۆتایی ژیان و له‌پاش مه‌رگیش هاوڕێ بمێنین. هه‌موو شتێک لەو دنیایە وەکوو میداڵ دوو دیوی هه‌یه، دیوێکی ڕوون و دیوێکی تاریک، دیوێکی خۆش و دیوێکی ناخۆش. مرۆڤ هه‌تا هاوڕێی زۆرتر بن و هه‌تا زیاتر له هاوڕێیەتیان ڕه‌زایه‌ت و خۆشی ببینێ، ده‌بێ چاکتر خۆی بۆ چاشتنی داغی له ده‌ستدانیان حازر بکا، مەگەر بۆخۆی پێش وان بڕوا.
هێندێك مەرگیش هەن بۆخۆیان ته‌ڵه‌بی مه‌عنا و گوزارش ده‌که‌ن. باوه‌ڕ ناکه‌م رێژه‌ی مردن له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا که من لێی هه‌ڵقوڵام و گیرۆده‌ی بووم، له نێونجی کۆمه‌ڵگاکانی ده‌وروبه‌رمان زیاتر بێ. ڕه‌نگه که‌متریش بێ. ئێمه‌ی کوردی ڕۆژهە‌ڵاتیش (به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی نێو شۆڕش) له که‌س زیاتر له مه‌رگێک که تازه ده‌ستی خۆی وه‌شاندووە یاغی نابین یان بڵێین قبووڵی ناكه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌رگه‌کانی لای ئێمه ئه‌وه‌نده ده‌نگدانه‌وه و هاوپێوه‌ندی به‌دووی خۆیاندا دێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که کۆچکردووه‌کانی ئێمه به هه‌وای نه‌مری به رێگای ژیاندا رۆیشتوون، پاش ته‌مه‌نێک ژیانسه‌ختی و فیداکاری له‌پێناو ئازادی و به‌خته‌وه‌ریی گه‌له‌که‌یاندا و بێ ئه‌وه‌ی وڵاتی خۆیان ببیننه‌وه و به ئاوات و ئامانجه‌کانیان بگه‌ن، به ناکامی له “غه‌ریبی” کۆچی دوایی ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر مه‌زڵوومانه شه‌هید نه‌کرێن. رێگایه‌ک که ئه‌وان لێیان داوه و تاسه‌ر بڕیویانه، ڕێگای کاروانێکه که هێشتا ده‌بێ زۆر بڕوا و له زۆر قۆرت و هه‌ورازی دیکە تێپه‌ڕێ. توێشووی هه‌رە وز‌ەبەخشی ئه‌و کاروانه‌ش یاد و بیره‌وه‌ریی کۆچکردووه‌کانیه‌تی، چونکه ئەوە ڕێبوارانی ئەو رێگایە له‌سه‌ر نه‌وه‌ستان و به‌رده‌وامی سوورتر ده‌کا.
**
دایکی مسته‌فای حه‌کیم زاده و ئامۆژنی من خوشک بوون. به‌ڵام ئه‌و خزمایه‌تییه ڕۆڵێکی وه‌های له هاوڕێیه‌تیی ئێمه و ئه‌ودا نه‌بوو، زۆربه‌ی کات هه‌ر له‌بیریشمان نه‌بوو. ڕابردووی دۆستایه‌تیی خانه‌واده‌کانمان هێنده‌ی مێژووی نوێی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی لێی ده‌ژیاین کۆن بوو. بابی خۆم منداڵێکی پێنج شه‌ش ساڵان بووه که بابی کاک حه‌کیم که له شەڕی دیفاع له کۆماری کوردستان بریندار ببوو، له ماڵی باپیرم ده‌رمان کراوه. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی ئه‌وه‌نده پێکه‌وه گرێ دابوو، کاروانه‌که و قۆناغه یه‌ك له‌دوای یه‌که‌کانی بوو. له‌و کاروانه‌دا، کاری کاک حه‌کیم له‌گه‌ڵ ساره‌بان و سه‌رقافڵه‌کانی کاروانه‌که بوو. کاره‌که‌ی گرینگ و هه‌ستیار بوو. به‌ڵام هه‌میشه ده‌ستی کەسە‌کانی دیکەی نێو ئه‌و کاروانه بۆ کاری وردتریش ده‌گه‌یشته کاک حه‌کیم.
**
وه‌بیرم نایه یه‌که‌م بیره‌وه‌ریم له‌گه‌ڵ کاک حه‌کیم که‌نگێ بووه. به‌ڵام هه‌میشه به دیتنی وی دوایین بیره‌وه‌ریی خۆمم له‌گه‌ڵ دوکتور قاسملوو وه‌بیر ده‌هاته‌وه. ڕۆژێكی مه‌یله‌وگه‌رمی جۆزه‌ردانی ١٣٦٨ که ئه‌وده‌م مێرمنداڵێکی دوازده ساڵه بووم، له سکرتاریای حیزبی دێموکڕات له “بۆڵێ”ی قه‌ندیل له‌لای کاکم بووم که مونشیی دوکتور قاسملوو بوو. دواتر کاک حه‌کیم له‌پێش بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی پارێزه‌ری دوکتور قاسملوو که که‌وتبووه پشت ماڵه‌که‌ی وی، سه‌ری بۆ چاک کردم. کاتێك ته‌واو بووم، به‌و رێچکه‌ی ته‌لانه‌دا که ده‌هاته‌وه پێش ماڵه‌که‌ی دوکتور قاسملوو داگه‌ڕامه خوار. دوکتور قاسملوو که له‌به‌ر ئازاری جومگه و بۆ وه‌رگرتنی وزه‌ی خۆر، دوانیوه‌ڕووان له سه‌ربانی ماڵه‌که‌ی خۆی له گۆشه‌یه‌ک که به حه‌سیر گیرابوو ڕاده‌کشا، له‌و وه‌خته‌دا ده‌هات بچێته‌وه ژوور که له به‌ر‌هه‌یوانی ماڵه‌که‌ی ڕووبەڕوو تێک گیراین. هیچ کەسمان بە دەورەوە نەبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که به ڕوونی و به قووڵی لێی ڕوانیم، هیچی نه‌گوت. ده‌تگوت ئه‌و چاوانه‌ی کراوه‌ن، به‌ڵام هیچ نابینن. ئه‌منیش کە لەوە کە ئەو هیچ دژکردەوەیەکی بە دیتنی من نیشان نەدا حە‌په‌سابووم، ته‌نانه‌ت سڵاویشم نه‌کرد. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی له‌به‌رچاوم ون بوو و لە حزووری بێدەنگ و نیگای ساردیشی بێبەش بووم. دواتر هەم بۆم پرسیار بوو، هەم دڵشکاو بووم که چۆنه دوکتور قاسملوو که قه‌ت نه‌بوو بمبینێ و قسه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ نه‌كا، ئێستا نامناسێته‌وه؟! قاسملوو مانگ و نیوێک دواتر له موعەمما‌یه‌کدا که هه‌ر شیاوی به‌سه‌رهاته‌کانی ته‌ریقه‌تی حه‌سه‌ن سه‌باحه، شه‌هید بوو…
**
کاتێک چاره‌نووس و ده‌رفه‌ت ئه‌منیان له ته‌مه‌نێکی که‌مدا هه‌ڵداشته فه‌ڕانسه، سه‌رده‌مێک بوو که بەپێچەوانەی ئێستا نه کورد له هه‌موو جێیه‌ک هه‌بوو، نه ئامێره‌کانی پێوه‌ندییش وه‌ک ئێستا زۆر و زه‌به‌ند بوون. بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئه‌و جیهانه نوێیه‌م زۆر بۆ سه‌رنجڕاکێش بوو، دڵم هه‌ر له‌لای کوردستان و خۆشەویستانم بوو و هه‌تا چه‌ند ساڵان نۆستالژی (دڵته‌نگیی وه‌ته‌ن) به‌ری نه‌ده‌دام. هه‌ربۆیه بچووکترین نیشانه که کوردستان و هاوڕێیانی وه‌بیرهێنابامه‌وه، لە دڵمدا تۆمار دەبوو و کاتێک تووشی ده‌بوومه‌وه، وه‌کوو گڵۆپی کاره‌با لە زەینمدا هەڵدەبۆوە. یه‌ک له‌و شتانه، وێستگه‌ی “بیر حه‌کیم”ی مێترۆی پاریس بوو. وێستگه‌یه‌کی دیکه‌ش هه‌بوو به ناوی “سه‌ن لازار”. هاوڕێیەکمان که پاش گه‌یشتنم بۆ پاریس زۆری ئاگا لێم بوو و رێنوێنیی ده‌کردم، ده‌یگوت به “سه‌ن لازار” هه‌میشه “لاله‌زار”م وه‌بیر دێته‌وه. ده‌مگوت ئەمنیش به “بیر حه‌کیم” کاک حه‌کیم!
**
ئەرکی یه‌که‌می کاک حه‌کیم له حیزبی دێموکڕات‌دا پاراستنی سه‌ری ڕێبه‌رانی ئه‌و حیزبه بوو. له دوکتور قاسملووڕا بگره هه‌تا عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده که له نزیک به سێ ده‌هه‌ی ڕابردوودا شه‌و و رۆژ له‌گه‌ڵی بوو و بۆ وی هه‌م هاوڕێ بوو، هه‌م کوڕ بوو، هەم ته‌نانه‌ت هێندێک جار باب! له به‌رگی ئیسکۆرتیدا، حه‌کیمزاده زۆر به‌هه‌یبه‌ت بوو. ده‌مگوت به شێوه له شێوه‌ی ”سه‌باح میرزا” (بادیگاردی سەدام حوسێن) ده‌که‌ی و وه‌ک ویش به‌سامی، به‌ڵام ئه‌و خوێنمژه تۆ خوێنبه‌خش!
له کاره‌که‌یدا به‌تایبه‌ت بۆ چوستی و نه‌زم و وشیاری و نهێنی پارێزی، وه‌ک سه‌عات ده‌قیق و وه‌ک شاخ قایم بوو. به‌هاری ١٣٩٨ کاتێک کاک کارۆ ڕه‌سووڵی داوای لێ کردم وانه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئێتیکێتی ئه‌منیه‌تی بۆ په‌لی پارێزه‌ره‌کان بڵێمه‌وه، له سه‌ره‌تای قسه‌کانمدا گوتم ئه‌گه‌ر له‌م کاره‌دا هه‌موو شتێک وه‌ک مسته‌فای حه‌کیمزاده بکه‌ن، پێویستتان به‌و ده‌رسه نابێ.
له‌پشت ئه‌و سام و هه‌یبه‌ت و رێكوپێکییه به‌ڵام مرۆڤێکی دڵپاک و به‌ئیمان و خاکه‌ڕا هه‌بوو که به شێوازی ژیان و هه‌ستان و دانیشتنی زۆرتر وه‌ک زاهیدێک ده‌چوو، به‌تایبه‌تی کاتی ئەرک و مەئمورییەت که هه‌رگیز نه‌مانده‌زانی چ ده‌خوا و که‌نگێ ده‌خه‌وێ..
له‌گه‌ڵ ئه‌وه که به‌هۆی ته‌مه‌ن و که‌سایه‌تی و رابردووی خۆی، رێز و ئۆتۆریته‌ی شیاوی که‌سێکی پایه‌به‌رزی بۆخۆی دروست کردبوو و ئه‌منیش هه‌میشه به “فه‌رمانده” با‌نگم ده‌کرد، دڵگه‌وره‌یی و دڵسۆزیی بێ‌سنوور و بێ‌چاوه‌ڕوانیی وی بۆ رێبازه‌که‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و شتانه بوو. هاوینی ٢٠١٧، که هه‌م بابم و هه‌م سکرتێری ئه‌وده‌می حیزب بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون و ئه‌منیش ئه‌وده‌م جێگری سکرتێر بووم، سه‌ره‌ڕای تکا و ڕه‌جای زۆرم لە کاک حەکیم که پێویسته ماوه‌یه‌ک بحه‌سێته‌وه و ئه‌من شیاوی ئه‌وه نیم ئەو لەگەڵم بێ، به قسه‌ی نه‌کردم.
حەکیمزادە مرۆڤێكی ئارام و له‌سه‌ره‌خۆ بوو. باوه‌ڕ ناکه‌م له ژیانیدا ده‌نگی له هیچ هاوڕێیه‌کی به‌رز کردبێته‌وه. ئه‌گه‌ر له شتێکت ناڕازی با یان ڕاڕایی و لاوازیی تێدا به‌دی کردبای، هیچی نه‌ده‌گوت، ته‌نیا به نیگا تێی ده‌گه‌یاندی که نابێ وابی. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌س بوو به‌ڕوویدا شێلگیر و ڕووخۆش ده‌رکه‌وی هه‌تا ده‌موده‌ست دنیای لێ ڕوون بێته‌وه و له قاقا بێ‌ده‌لیله‌کانی به‌زیاده‌وه به‌شت بدا.
**
وێستگه‌ی ”بیر حه‌کیم”ی مێترۆی پاریس، لەڕاست پردێک هەڵکەوتووە به هه‌مان ناو له‌سه‌ر ڕووباری سێن. هه‌ر کاتێك به‌پێیان له ده‌وروبه‌ری پاریسی شازده بخولێیه‌وه، ناچاری یان پێت خۆشه به‌سه‌ر پردی “بیر حه‌کیم”دا بڕۆی. له‌سه‌ر ئه‌و پرده‌ش هه‌موو جارێ تارمایی کاک حه‌کیمم ده‌دی و شێوه‌ی ویم ده‌هاته‌وه به‌رچاو. وێک‌چوونی “بیر حه‌کیم” و “کاک حه‌کیم” ته‌نیا له ناوه‌کانیاندا نه‌بوو، به‌ڵکوو هه‌ردووکیان هێمای یه‌ک شت بوون، ئه‌ویش خۆڕاگری له خه‌باتی تاراوگه له‌پێناو ئازادیی نیشتمان‌دا. ناوی ئه‌و پرده له موقاومه‌تی شازده ڕۆژه‌ی ئازادیخوازانی فه‌ڕانسه له‌نێو چه‌قی سه‌حرای لیبیه‌وه هاتووه که ساڵی ١٩٤٢ له به‌رامبه‌ر هێرشی فاشیستەکان و نازییه‌كاندا و له شوێنێک به‌ناوی ”بیرحه‌کیم” به‌ڕێوه چووه که کۆنه سه‌رچاوه‌یه‌کی وێڵکراوی لێ بووه. له‌سه‌ر له‌وحێک که بۆ رێزگرتن له‌و جه‌نگاوه‌رانه له‌سه‌ر پردی بیرحه‌کیمی پاریس دانراوه، نووسراوه ئه‌و شه‌ڕه سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که فه‌ڕانسه له شه‌ری دووه‌می جیهانیدا هیچ کاتێک له به‌ره‌نگاری و خۆڕاگری نه‌وه‌ستاوه. کاک حەکیم وه‌ک بیر حه‌کیم کانیاو بوو، وه‌ک بیرحه‌کیم کانیاوێکی بێ‌ناز بوو، وه‌ک بیرحه‌کیم هێمای نه‌وه‌ستان و خۆڕاگری له ساڵه‌کانی تاراوگه و سه‌حرانشینی‌دا بوو.
کاتێكیش کاک حه‌کیم بۆخۆی سەفەری پاریسی کرد، باری سه‌نگینی هه‌موو ئه‌و حه‌سره‌ت و خولیایانه به کۆڵه‌وه، یه‌كه‌م کار و تە‌نیا کاری سه‌ردانی مه‌زاری ڕێبه‌رانی شه‌هیدی حیزبی دێموکڕات له گۆڕستانی پێرلاشێز بوو.
**
مامۆستا ئاشق ئیسماعیلیی شاعیر و تێکۆشەر کوڕێکی به‌هه‌ست و به‌به‌هره‌ی هه‌یه به ناوی ئارام. ئارام له سوئێد بۆ سکریپتی سینه‌ما ده‌یخوێند. چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نۆڤڵێکی بڵاو بۆوه. نۆڤڵه‌که به‌سه‌رهاتی پێشمه‌رگه‌یه‌ک ده‌گێڕێته‌وه که به‌ته‌نیا له‌نێو گوندێكدا گه‌مارۆ ده‌درێ و به ئازایه‌تی و قاره‌مانه‌تیی خۆی ده‌ربازی ده‌ره‌وه‌ی گوند ده‌بێ. له کاتێکدا دنیا تاریک بووه و مه‌ترسیی ئه‌وه که مرۆڤکوژه‌کان بتوانن بیدۆزنه‌وه دەڕەوێتەوە، پێشمه‌رگه‌که له بێشه‌ڵانێکدا خۆی مات ده‌کا. که‌چی ڕاست له‌و کاته ناسک و له‌و شوێنه ناله‌باره‌دا، ڕه‌شمارێکیش ده لاقی پێشه‌رگه‌که ده‌هاڵێ و به چزووی خۆی گیانی لێ ده‌ستێنێ.
مسته‌فای حه‌کیمزاده پاش ده‌ربازبوون له‌و هه‌موو شه‌ڕ و به‌ره‌نگاری و مه‌ترسییه که ئاخرینیان موشه‌کبارانی قه‌ڵای دێموکڕات بوو، ئه‌وجار سروشت له رێگای په‌تای کرۆناوه به‌ربینگی پێ گرت. نه‌خۆشیی گورچیله وای کرد که به‌داخه‌وه هه‌ر له ئه‌وه‌ڵه‌وه زۆر هیلاک بێ. کاتێك له نه‌خۆشخانه‌ی کۆیه چوومه سه‌ردانی، لاقیم ماچ کرد و خاترجه‌مم کرد که ئێمه هه‌موومان باشین و چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی ئەوین. به‌رده‌وام له هاواڵه‌که‌ی و له حیزبی ده‌پرسی. ده‌یانگوت به‌رده‌وام پرسیاریش ده‌کا ڕه‌مه‌زان که‌نگێیه؟ ڕوحیات و ڕوانین و قسه‌کانی، ئیمان و وه‌فاداری به کاروانه‌که و ساره‌بانه‌کانی لێ ده‌باری. ئه‌و ڕۆژه‌م وه‌بیر هاته‌وه که له‌گه‌ڵ خوشکه خه‌جیج مه‌عزووری و خاتوو رۆئیا حه‌کاکیان له ستۆکهۆڵم سیمیناری ساڵوه‌گه‌ڕی تێرۆری میکۆنۆسیان بۆ دانابووین. کاتێك بانگیان کرد هه‌تا خه‌ڵاتی بکه‌ن، له به‌رامبه‌ر وێنه‌ی ڕێبه‌رانی شه‌هیددا هه‌ر ئه‌وه‌نده بوو نوێژی نه‌کرد.
دوای ئه‌وه و به‌پێی پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆست و خزمانه‌ی له نه‌خۆشخانه ئاگایان لێ بوو، ئومێد و خۆشیی ئێمه له‌گه‌ڵ ئۆکسیژنی کاک حه‌کیم له هه‌ڵکشان و داکشاندا بوو. بەڵام ورده ورده ئاسمان به‌ره‌و ساماڵی چوو: ئه‌و هه‌واڵانه‌ی کاک حه‌مه‌ڕه‌سووڵی که‌ریمی پێی ده‌دام دڵخۆشکه‌ر بوون، به‌چه‌شنێک که رۆژی گه‌ڕانه‌وه‌ی کاک حەکیم بۆ‌نێو ئێمه دیاری کرابوو و ئه‌من بیرم ده‌كرده‌وه که چۆن بتوانین جێژنێکی بۆ بگرین.
که‌چی به‌داخه‌وه له‌پڕ ده‌رکه‌وت هه‌وری ڕه‌ش زۆر دوور نه‌که‌وتبۆوه. له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی مێدیاکار که پرۆژه‌ی موسته‌نه‌دێک له‌سه‌ر خه‌باتی رۆژهه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه دانیشتبووین گفتگۆمان ده‌کرد. ده‌یا‌نویست ریوایه‌تی کاراکتێره‌کانی نێو ئه‌و خه‌باته بکه‌نه هه‌وێنی فیلمه‌که و پرسیاری نموونه‌ی ئه‌و کاراکتێرانه‌یان لە من دەکرد. له فکری کاک حه‌کیم وه‌ک یه‌کێک له‌و کاراکتێرانه‌دا بووم که له‌ناکاو په‌یامێک زرمه‌ی لە ته‌له‌فۆنه‌كه‌م و ڕمبه‌ی له هه‌ناوم هێنا. نه‌متوانی بیخوێنمه‌وه، یه‌کسه‌ر ته‌له‌فۆنم بۆ کاک حه‌مه‌ڕه‌سوڵ کرد. به گریانه‌وه پێی گوتم چ ڕووی داوه… له‌و وه‌خته‌دا ئه‌و قاره‌مانه ده‌تگوت منداڵێکی دڵشکاوه جامێکی کریستاڵی کە پاش زەحمەتێکی زۆر گەیاندۆتە جێ، له‌پڕ لەده‌ست به‌ربۆته‌وه و جامەکە ورد و خاش بووه…
**
به‌یانی زوو بوو. چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنه‌وه‌ی نه‌عشی کاک حه‌کیم بووین. هاواڵه‌که‌ی به ته‌نیا قه‌ده‌می لێ ده‌دا. بۆ یه‌که‌مجار له ژیانمدا و لە ژیانیدا هه‌ستم کرد که ئەو بە ته‌نیا ماوه‌ته‌وه. کاتی به‌خاکسپاردنی “حه‌کیم” له گۆڕستانی شه‌هیدانی دێموکڕات، قسه‌کانی خاتوو عیسمه‌تی هاوسه‌ری ئه‌وه‌نده جوان و هیوابه‌خش بوون و دواتر هاوخه‌میی هاوڕێیان و خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌نده به‌ربڵاو بوو که زانیم به هه‌ڵه چووم: نه هاواڵه‌که‌ی کاک حه‌کیم و نه هاوڕێکانیان هه‌رگیز له‌و ڕێگایه‌دا به ته‌نیا نامێننه‌وه.
**
تێئۆلۆگ (ئایین ناس)ی بریتانیایی، هێنری سکات هۆلاند، له‌سه‌ر مه‌رگ پاراگرفێكی هه‌یه که ئه‌وه‌نده سوکنایی به‌خشه زۆر که‌س پێیان وایه شێعره:
“مردن هیچ نیه. ئه‌من ته‌نیا له ژوورێکه‌وه چوومه ژووره‌که‌ی ته‌نیشتی. (…) ئێمه بۆ یه‌كتر چی بووین، بۆ هه‌میشه هه‌ر ئه‌وه ده‌مێنین. هه‌ر به‌و جۆره ناوم بێنن که هه‌میشه ناوتان هێناوم. هه‌ر به‌و جۆره له‌گه‌ڵم بدوێن که هه‌میشه له‌گه‌ڵم دواون. تۆنی ده‌نگتان مه‌گۆڕن. ڕه‌سمی مه‌بن. خۆتان دڵ‌به‌خه‌م پێشان مه‌ده‌ن. به‌رده‌وام بن له پێکه‌نین به‌و شته بچووکانه‌ی وه پێکه‌نینی ده‌خستین. بژین. بزه‌تان له‌سه‌ر لێو بێ. بیر له من بکه‌نه‌وه. دووعام بۆ بکه‌ن. با ناوی من له ماڵێ هه‌میشه بگوترێ، هه‌روه‌ک پێشتر ده‌گوترا، به‌بێ حه‌سره‌ت، به‌بێ خه‌فه‌ت. ژیان هه‌مان مانای هه‌یه که هه‌میشه هه‌یبووه. ژیان هه‌ر ئه‌وه ده‌بێ که هه‌میشه بووه. به‌ندی نێوانمان نه‌پساوه. بۆ ده‌بێ له بیر و خه‌یاڵتاندا نەمێنم؟ تە‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوتان نه‌ماوم؟ چاوه‌ڕوانم. ئه‌من دوور نیم. ته‌نیا له لایه‌که‌ی دیکەی رێگاکه‌م. ده‌بینن؟ هیچ نه‌بووه، هه‌موو شتێک باشه”.
بۆ هه‌رگیز له‌بیر نه‌کردن و هه‌میشه له‌بیرمانی کاک حه‌كیم…