ڕۆژی دڵانه. مستەفا ئەمیری

وەک هەموو ساڵێک دەمهەویست پر بە دڵ ئەم ڕۆژە بە هەمووتان پیرۆز بایی بڵێم و داوای خۆشەویستی بۆ هەمووتان بکەم بۆ یەکتری. کەچی ئەم جارەیان لە پر کەوتمە بەر هێرشی دڵی خۆم. گلەیی و گازندەیەکی زۆری لێ کردم. کە گویا من زیاتر ئاگام لە دڵی خەڵکە تا ئەو!!

لێم زیز بوو. لە بەر ئەوەی زۆر جار ئەو ویستوویەتی هێندێک شت بە مەیلی وی بن. کەچی من لە بەر ئەوەی نەکا کەسانی دی بەم جوابدانەوەیە قەلس و زویر بن جوابی دڵی خۆم نەداوەتەوە.

لێم زیز بوو لە بەر ئەوەی نیزیک بە ٣٠ ساڵە دەربەدەرم کردوە و نەم هێشت لە تەنیشت دڵی نیزیکترین کەسم واتە دڵی دایکم بحاوێتەوە و جوابی گریان و داواییم نەداوە کە دەیگوت ڕۆڵە توخوا بە جێم مەهێڵە. دڵیم شکاند، بۆ ئەوەی وەدوای حەقی خوراوی گەلەکەم بکەوم.

دڵم ئەمڕۆ دەگریا و لەگەڵم ئاشت نەدەبۆوە و دەیگوت کە بۆ وەک خەڵکی دی لە خزمەت باوکت دا نەمایەوە و لە کاتی پیری دا نەبووی بە گۆچانی دەستی. ئاخر ئەم بەجێهیشتنە کەی جوابی ئەم هەمووە ماندوو بوونە بوو کە ئەو بۆ پێ گەیاندنت کێشای.

لێم توورە بوو کە بۆ دڵی خوشک و برا و کەس و کار و هاورێیان و هاوپۆلەکانم شکاند و بە جێم هێشتن .

هەر چەند دەم هەویست مەجالم بدا کە پێی بڵێم بۆچی وام کرد. کەچی وام لێ داخدار بوو نەی دەهێشت.
‌ئەو کاتانەی وەبیر دەهێنامەوە چۆن دەم شکاند و خۆم لەو شوێنانە نەدەدا کە جێی خۆشی و کەیف و گوزەراندن بوون. لێم وەدەنگ دەهات کە بۆچی ئەوەی خەڵکی تر بۆ خۆشی ماڵ و منداڵیان دەیان کرد من خۆم لێ نەدەدا. دەیگوت: لێت ڕەنجاوم لەبەر ئەوەی کاتی خۆی لە شۆرش دا کە بە بازاری شار دا بە بەر دووکانی کەباب خانە دا تێدەپەری لووتی منداڵەکەت گرتبوو کە بۆنی کەبابی بۆ نەچێت و جوابی بابە ئەوە کەبابەی ئەویت نەدەداوە. !!!!

زۆرشتی دیکەی بە ڕوو دا دامەوە و بە خەتاباری دەزانیم. بەڵام لێی وەخۆ هاتم و رێکم گوشی گوتم: بەسی کە و لێم گەرێ.

شێتە گیان. کەسێک کە وەدوای حەقی خوراوی گەلەکەی کەوتبێت لە خۆشی‌یەکانی خۆی، خۆ دەدزیتەوە. با لە یەک ڕستە دا پێت بڵێم.

شیتە گیان: ناهێڵن ئاسوودە دانیشم لە داوێنی چیام

قاسپەی کەو بێتە گوێم کوا گرمەی مینم دەوێ.

رۆژی دڵانتان پیرۆز بێت

هیوادارم لەم ڕۆژە دا دڵە لێک زیز بووەکان بۆ یەکتر لێ بدەن و بۆ لای یەک بچن و ئاشت ببنەوە.

مستەفا٢٠١٣