هه‌فپه‌یڤین ده‌گه‌ڵ به‌ریز مسته‌فا شڵماشی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌فپه‌یڤین ده‌گه‌ڵ به‌ریز مسته‌فا شڵماشی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان به بۆنه‌ی 8ی مارس. ئاماده کردنی : ره‌حمان نه‌قشی
:: پرسیار :تکایه خۆتان بناسێنن و بفه‌رموون که له کەیه‌وه تێکه‌ڵ به خه‌بات و چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون؟
:: مسته‌فا شڵماشی : من مسته‌فا شڵماشی ساڵی 1952 ی میلادی له گوندی شڵماش سه‌ر به ناوچه‌ی سه‌رده‌شت له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له دایک بووم. به هۆی چالاکبونی بنه‌ماڵه‌که‌م و به تایبه‌ت برا گه‌وره‌کانم له چاڵاکی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی دا هه‌ر له منداڵیه‌وه سه‌روکارم له گه‌ڵ سیاسه‌ت هه‌بووه، لانی که‌م له قاڵبه کوردایه‌تییه‌که‌ی دا. به‌ڵام له ساڵی 1970 ی میلادییه‌وه بوومه ئه‌ندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان. له حیزب دا به‌رپرسایه‌تی جۆراوجۆرم هه‌بوه وه‌ک به‌رپرسی کۆمیسیۆنی ته‌شکیلاتی گشتی، به‌رپرسی کۆمیسیۆنی ئینتیشارات و ته‌بلیغاتی گشتی، به‌رپرسی ده‌فته‌ری حیزب له پاریس و به‌رپرسی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب. له‌پێنج کۆنگره‌ی حیزب دا بوومه ئه‌ندامی کومیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسی و ئێستاش ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی و به‌رپرسی کومیته‌ی به ڕێوه‌به‌ریی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبم.
:: پرسیار :پرسی ژن ئەمرۆی کۆمەڵی کوردەواریدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
:: مسته‌فا شڵماشی : پرسی ژن له کۆمه‌ڵگای کورده‌واری دا ڕووکار‌ی جۆراو جۆری هه‌یه. له لایه‌که‌وه هه‌ر له سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه ژن له نێو خێزانی کورده‌واری دا جێگایه‌کی به‌رزی هه‌بووه. له گه‌ڵ پیاو له سه‌ر مه‌زرا کاری کردووه. زۆر ژنی ڕێبه‌ر و به‌ڕیوه‌به‌ر له مێژووی کورد دا هه‌ڵکه‌وتون، له بواری سیاسی دا پشتیوانی پیاوه‌کان بووه و نه‌خشی به‌رچاوی له جوڵانه‌وه دا هه‌بووه. زۆر هونه‌رمه‌ند و خه‌باتگێڕ له نێو ژنانی کوردستان دا هه‌ڵکه‌وتوون. که‌چی له هه‌مان کات دا له هێندێک لایه‌نی دیکه وه ئه‌سیری پیاو بووه و پیاو سالاری به‌سه‌ر دا زاڵ بووه. بۆ وێنه تا چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش کچی کورد نه‌یتوانیوه به ئازادی هاوسه‌ری ژیانی هه‌ڵبژێرێ. له هات و چۆ دا زۆر ئازاد نه‌بووه. له‌پله و پایه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دا بێ به‌ش بوه و له باری ئابوریشه‌وه به ته‌واوی به پیاوه‌که‌یه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. ئه‌وانه هه‌موی ته‌ناقوزی کۆمه‌ڵگای کورده‌وارین، سه‌باره‌ت به مافی ژن و یه‌کسانی له نێوان ژن و پیاو دا. له و سه‌رده‌مه‌ش دا هه‌رچه‌ند ئاڵ و گۆڕ به‌سه‌ر وه‌زعی ژنان دا به گشتی هاتووه، به‌ڵام له زۆر بواردا هه‌ر وا به مه‌حڕومی و دواکه‌وتویی ماوه‌ته‌وه، به تایبه‌ت له نێو چین وتوێژه نه‌خوێنده‌واره‌کان دا.ئێستاش ڕێگایه‌کی دوور له پێشه ، تا یه‌کسانی ته‌واو له نێوان ژن و پیاو دا ،له کۆمه‌ڵگای کورده‌واری دا به دی بێ.
:: پرسیار : چ لە رێزی حیزبەکان دا بن و چ سەربەخۆ بن ئایا کار و چالاکی ژنان و رۆڵ و کارتێکەریان لە ناو حیزبە کوردیەکان چۆن هەڵدەسەنگێن؟
:: مسته‌فا شڵماشی : کار و چالاکی ژنان له نێو حیزبه کوردستانییه‌کان دا زۆره، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک وه‌ڵامده‌ر نییه. پێویسته هه‌م ژنان و هه‌م پیاوان بۆ ئه‌وه کار بکه‌ن که دیارده‌ی ژن وه‌کو شتێکی جیاواز، به تایبه‌ت له نێو حیزبه‌کان دا نه‌مێنێ. تا ئه‌وکاته‌ی که ڕێکخراوی تایبه‌تی ژنان له په‌نا حیزبه‌کان دا هه‌یه، مانای ئه‌وه‌یه که کێشه‌ی ژنان چاره‌سه‌ر نه کراوه. ئه‌گه‌ر یه‌کسانی به ته‌واوی هه‌بێ، چ پێویئسته ژنان ڕێکخراوی تایبه‌تیی خۆیان هه‌بێ. دیاره به خۆشیه‌وه تا دێ نه‌خشی ژنان له نێو حیزبه‌کان دا زۆرتر ده‌بێ. به‌تایبه‌ت هێندێک له حیزبه‌کان که ته‌نانه‌ت ئاماده‌ن جیاوازی موسبه‌ت به‌کار بنێنن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خشی ژنان له نێو ڕێکخراوه‌که‌یان دا به‌رنه سه‌رێ، زۆر شوێن داده‌نێن. یه‌کێک له‌و حیزبانه حیزبی دێموکڕاتی کوردستانه. له کۆنگره دا ته‌بعیضی موسبه‌ت قایل بو، تا ڕێژه‌ی ژنان له ڕيێبه‌ریی حیزب دا لانی که‌م 25% بێ. ئه‌وه هه‌نگاوێکی باش بو. هه‌ربۆیه له ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی ئێمه دا ژنان به ڕاستی نه‌خشیان هه‌یه. له‌سه‌ر یه‌ک له ساڵه‌کانی دوایی دا ڕۆڵی ژنان زیادی کردوه، به‌الام به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌و ڕادده‌یه دا نییه که به‌ته‌واوی ماف درابێ به ژنان. بۆیه ،من پێموایه تا گه‌یشتن به یه‌کسانی له نێوان ژنان و پیاوان دا، له نێو حیزباکانیش دا ڕێگایه‌کی درێژمان له پێشه که یه‌که‌مین ڕێبوارانی ئه‌و ڕێگایه ده‌بێ ژن بۆ خۆیان بن. ئه‌وه‌ی جێگای داخه ئه‌وه‌یه که زۆرجار ژنه‌کان بۆخۆیان به پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵس و که‌وت ده‌که‌ن. گرنگی زۆرتر ده‌ده‌ن به داب و نه‌ریته کۆنه‌کان، تا ئه‌و ئاڵ و گۆڕانه که به قازانی خۆیان دێته به‌رده‌میان. له نێو حیزبه‌کانیش دا زۆرجار به گومانه‌وه چاو له تواناکانی خۆیان ده‌که‌ن و جاری وایه ته‌نانه‌ت له‌و به‌رپرسایه‌تییه‌ی پێیان ده‌سپێردرێ، که‌ڵکی ته‌واو وه‌رناگرن. ئه‌وه‌ی ژنی کورد پێویستییه‌تی به‌ر له هه‌مو شتێک، باوه‌ڕ به‌خۆبوونه. پێویسته له‌باری تواناکانی خۆیانه‌وه، شک و گومان وه‌لا نێن و ته‌نانه‌ت بۆ وه‌ده‌ستگرتنی ڕۆڵ له نێو حیزبه‌کان و له نێو کۆمه‌ڵگاش دا، ڕه‌قابه‌ت بکه‌ن و نیشان بده‌ن که هیچیان له پیاو که‌متر نییه بۆ وه‌ده‌ستگرتنی ڕۆڵ.
:: پرسیار : زۆر جار له زمان پیاوان و یا به‌شێک له ژنان ده‌بێسرێ که ژنان خۆیان له‌سه‌ر پرسی ژنان که‌م ته‌رخه‌من و زۆر چالاک نینن، ئایا ئه‌م وتانه راستن؟
:: مسته‌فا شڵماشی : هه‌روه‌ک له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌م دا ئیشاره‌یه‌کی کورتم پێ کرد، ژنان له وه‌ده‌ست گرتنی ڕۆڵی شیاوی خۆیان دا زۆر جار شک و گومانیان هه‌یه. دیاره ئه‌وه‌ش له خۆڕا نییه. به‌درێژایی مێژوو به‌که‌م چاویان لێکراوه. له قانونه ئاینیه‌کان دا به نیوه‌ی پیاو دانراون. له نێو کۆمه‌ڵگادا به لاواز و بێ توانا، ناسێنراون و له پڕۆسه‌یه‌کی دوور و درێژی مێژوویی دا به پێی کلتور و داب و نه‌ریت ڕه فتاریان له‌گه‌ڵ کراوه. ئه‌وه‌ش کارێکی وای کردوه و که ته‌نانه‌ت بۆ خۆ شیان بکه‌ونه شک و گومان له سه‌ر تواناکانی خۆیان و باووه‌ڕ به خۆ بوونیان که‌م بێته‌وه. دیاره ده‌بێ ئیشاره به‌و راستییه‌ش بکه‌ین که له دوای شه‌ری دووه‌می جیهانییه‌وه شه‌پلێکی تازه له ئازاد بوونی ئێنیرژی ژنان له ئوروپاوه سه‌ری هه‌ڵدا و شوێنه‌واره‌کانی ده‌توانم بڵێم له دوو ده‌هه له‌مه‌وبه‌ره‌وه گه‌یشتوه‌ته کوردستان. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و چالاک بوونه‌وه‌یه که له قاڵبی فیمینیزمێکی باش ته‌عریف نه‌کراو دا گه‌یشتوه‌ته وڵاتی ئێمه، له سه‌ر باوه‌ڕ به خۆ بوونی ژنانی خوێنده‌واری کوردستان شوێنکارێکی ئه‌رێنی هه‌بووه. هه‌رچه‌ند له به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌گونجێنراوه له گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجی وڵاتی ئێمه وجارێ زۆرتر کۆپی هه‌ڵگرتنه، نه‌ی توانیوه به باشی بچێته نێو کۆمه‌ڵگاو ئه‌وه‌نده به‌ر فراوان نه‌بوه‌ته‌وه که له‌سه‌ر هه‌مو ژنانی وڵات ئه‌و شوێنکاره ئه‌رێنی یه دابنێ. زۆرجار به شێوه‌یه‌کی خراپ وه‌ر ده‌گیرێ و به‌رداشتی ڕووی دووه‌می پیاوسالاری، واته خه‌باتی ژن له دژی پیاوی لێ ده‌کرێ، نه‌ک خه‌باتی ژن و پیاو پێکه‌وه بۆ گۆڕینی ئه‌و داب و نه‌ریته نا ڕه‌وایانه‌ی که به زیانی ژن بوونه‌ته باو له نێو کلتوری ئێمه‌دا.
:: پرسیار : هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌موو هێزه و رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان رێکخراوێکیان بۆ پرسی ژن به ناوی جۆراوجۆر پێک هێناوه. ئایا ئه‌و رێکخراوانه تا چ راده‌یه‌ک توانیویانه سەرنجی ییرورای گشتی و یان رێکخراوە نێونه‌ته‌وەییەکان که داکۆی له مافی ژنان ده‌که‌ن بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان و یان ئه‌و زۆڵم و نابه‌رانبه‌ریه‌ی که ده‌رحه‌ق به ژنانی کورد ده‌کرێ راکێشن؟
:: مسته‌فا شڵماشی : پێکهێنانی ئه‌و ڕێکخراوانه له لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه به هۆی پێداویستییه کی مێژووییه‌وه هاتوه‌ته ئاراوه و تازه‌ش نییه. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و ڕێبه‌ری مه‌زنی حیزب و گه‌ل پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، هه‌ر له‌گه‌ڵ دروستبونی حیزب، یه‌کییه‌تی ژنانیشیان پێک هێناوه. هه‌روه‌ک ده‌زانی ته‌نانه‌ت له پێشکه‌وتوترین وڵاته‌کانیش دا ڕێکخراوی سه‌ر به ژنان هه‌یه و ته‌نانه‌ت له بۆنده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش دا بۆندی سه‌ر به ژنان هه‌یه. بۆ وێنه ڕێکخراوی سۆشیال ئینته‌رناسیۆنالی ژنان. دیاره ئه‌و ڕێکخراوانه‌ش که پێک هاتون، که‌م و زۆر و به پێی توانا و گه‌وره‌یی خۆیان شوێن دانه‌ر بوون. زۆرجاریش بوونه چه‌ترێک تا لانی که‌م له ئاساتی جوڵانه‌وه‌ی ژنان دا جۆره یه‌کییه تییه‌ک پیک بێ، که له نێو حیزبه‌کان دا ئیمکانی نه‌بوه. هه‌روه‌ها له بوژاندنه‌وه‌ی هه‌ستی خه‌باتگێڕی و چالاک‌تر کردنی ژنان دا شوێنکاری خۆیان هه‌بوه. جگه له‌وه‌ش تا ڕادده‌یه‌ک له ڕادده‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دا چالاک بوون. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر چاو له چالاکییه‌کانی یه‌کییه‌تی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان،
سه‌ربه حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بکه‌ین، زۆر هه‌نگاوی گرنگیان هه‌ڵگرتووه. ساڵانه له زۆر وڵات دا سیمینار و کۆنفڕانس پێک دێنن. له زۆر وڵاتی ئوروپایی دا به ڕه‌سمی ناسراون. له گه‌ڵ ڕێکخراوه‌کانی دیکه‌ی ژنانی کورد، ئێرانی و هه‌روه‌ها سۆسیالیست ئینته‌رناسیۆنالی ژنانی دنیا په‌یوه‌ندییان هه‌یه و بۆ کۆنفڕانس و کۆنگره‌کانیان بانگ ده‌کرێن. بێگومان ئه‌و په‌یوه‌ندییانه شوێنکاری خۆیان داده‌نێن و هه‌روه‌ک ئاگادارن بوونه هۆی ئه‌وه‌ی که ڕێکخراوه نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ژنانیش سه‌ردانی کوردستان بکه‌ن، به‌تایبه‌ت باشور و باکوری کوردستان که زۆرتر ئیمکانی مانۆڕ دانیان تێدا هه‌یه.
:: پرسیار : وەک دوا وتە چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنان و بۆ ئەو مرۆڤانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن؟
::مسته‌فا شڵماشی : په‌یامی من ئه‌وه‌یه که دواکه‌وتوویی نا یه‌کسانی ژن له گه‌ڵ پیاو له کوردستان دا، وه‌ک کرده‌وه‌یه‌کی دوژمنکارانه‌ی پیاو ده‌رحه‌ق به ژن چا و لێ نه‌کرێ. به‌ڵکو وه‌ک هێندێک کلتور و یاسای ئایینی، کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نیی ناعادڵانه چاو لێ بکرێ، که وه‌لانان و چاکسازی له‌و کلتور و یاسایانه دا ئه‌رکی ژن و پیاو پێکه‌وه‌یه. من پێموایه نایه‌کسانی ژن له‌گه‌ڵ پیاو له دنیای مۆدێرنی وه‌ک دنیای ئه‌وڕۆدا له زۆر بواردا به زیانی پیاویشه. وه‌لانانی ژن له بواری ئابوری، له بواری په‌روه‌رده‌یی و له بواری خه‌بات له پێناوی ڕزگاری دا ، قورسایی زۆرتر ده‌خاته سه‌ر پیاو. دابین کردنی ژیانی لوکس و پڕ زه‌ڕق و به‌ڕقی ئه‌م سه‌رده‌مه ، تێکۆشانێکی زۆری ده‌وێ، که هه‌رده‌گرێ هه‌م ژن و هه‌م پیاو له خێزان دا هه‌وڵی بۆ بده‌ن و ته‌نیا نه‌که‌وێته سه‌ر شانی پیاو. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ژن پێویستی به ئازادی هه‌یه تا هه‌م بتوانێ له ژیان خۆشی ببینێ و هه‌م بتوانێ شان به‌شانی پیاو له هه‌مو بواره‌کانی ژیان دا کار بکا و یارمه‌تیده‌ر بێ ، نه‌ک ته‌نیا مه‌سره‌فکه‌رێکی بێ ده‌سه‌ڵات و کۆیله. له وڵاته پێشکه‌وتوه‌کان دا ئه‌و ڕۆڵه دراوه به ژن و نیوه‌ی کۆمه‌ڵگا ،به بێ به‌هره له ماڵ دا زیندانی نه‌کراوه.