هەندێ لە مامۆستایان .. داوای ئەرکێکی لە توانابەدەر لە منداڵان دەکەن. رەزا شوان

لە مانگی رابردوودا، سێ و چوار جار لە نووسینگەی جوانووسی ( جەباری ) دا ، کە دەکەوێتە سەر رێی ( کەرکوک ـ هەولێر ) لە گەڕەکی رەحیماوا لە شاری کەرکوک .. لەگەڵ برایانی جوانووس و نووسەرم ، کاک عەبدولستار جەباری و مامۆستا ئەسعد دا دانیشتبووم .. دوو جار بەڕێکەوت کۆمەڵێک منداڵی کچ و کوڕی چاوگەشم بینی، کە هەردوو جارەکە هەر کۆمەڵە و فایلێکی گەورەی سپییان پێ بوو .. بە پاڕانەوەوە داوایان لە هاوشەریکی نووسینگەی ناوبراو مامۆستا ئەسعەد کرد .. کە یارمەتیان بدەن ( بڵاوکراوەیەکی قوتابخانەی سەردیوار) یان بە نووسینێکی جوان لە سەر فایلەکانیاندا بۆ بڕازێنێتەوە .. بەڵام هەردوو جارەکە وەڵامی مامۆستا ئەسعەد بۆ منداڵانی هەردوو کۆمەڵەکە : ” ئێمە بڵاوکراوە ناکەین ، چونکە کاری ترمان هەیە و پێمان ناکرێ .. ” منداڵەکان زۆر پاڕانەوە و وتیان : ” ئەی بچین بۆ لای کێ ؟ ”

مامۆستا ئەسعەد : ” بچن بۆ لای فڵان جوانووس ”

منداڵەکان : ” چووین بۆ لای ، ئەو داوای سەد هەزار دینارمان لێدەکا .. ئێمەش ئەم پارەیەمان نییە .. لە کوێ بێنین؟ ”

لە راستیدا زۆر بەزەییم بەو منداڵانەدا هاتەوە .. کە لەترسی جێبەجێ نەکردنی داوای نابەجێی مامۆستاکەیان ، سەری دنیان لێکهاتبۆوە و دامابوون .

بە هەردووکۆمەڵە منداڵەکەم وت : ئەی خۆتان بۆ دروستی ناکەن ؟ .. بە دەستخەتی خۆتان هەریەکەتان بابەتێکی بڵاوکراوەکەتان بنووسن .

منداڵەکان : ” مامۆستاکانمان بە دەستخەتی ئێمە رازی نابن و لێمان تووڕە دەبن . ”

هەر لە هەمان نووسینگەدا ، خوشکێکم بینی کە دەستی نووسینی هەبوو .. بە دەستێکی فایلێکی گەورەی سپی هەڵگرتبوو بە دەستەکەی تریشی دەستی منداڵە ( دە ) ساڵانەکەی گرتبوو ، ئەویش موفتەلای داواکاری مامۆستای منداڵەکەی بوو ، بێ ئومێد بوو لەوەی کە لە نووسینگەی ( جەباری ) دا ، بڵاوکراوە بۆ منداڵەکەی دروست بکەن .. چونکە سەرقاڵی ئیشی تر بوون و ، ناپەرژانە سەر دروستکردنی بڵاوکراوە .

ئەو خوشکە بە ناچاری چوو بایی چەند هەزار دینارێک بۆیەی سپرای کڕی ، تا خۆی بڵاوکراوەی قوتابخانەیی بۆ منداڵەکەی دروست بکات و ، لە داواکاری و لە بۆڵەی حەلاو ( مامۆستای منداڵەکەی ) رزگاریان بێ .

من تەنها لە ماوەی سێ رۆژدا ، ئەم شتانەم لە نووسینگەی جەباری دا بینی .. لەو بڕوایەدام رۆژانە چەندین کۆمەڵە منداڵی تر ، نووسینگە بە نووسینگە دەگەڕێن و دەپاڕێنەوە بۆ دروستکردنی بڵاوکراوەی قوتابخانەیی سەردیوار .

شایانی باسیشە ، وەکو من تێبینیم کرد ، ئەو منداڵانە لە خێزانی هەژار و دەستکورت بوون .. بە هەموویانەوە توانای ( سەد هەزار دینار ) یان نەبوو .

بێگومان داواکردنی نابەجێی ئەم مامۆستا نابەڵەدانە .. زۆر ناڕەوایە و بە پێچەوانەی یاسای قوتابخانەکانەوەیە .. مەبەستی ئەو مامۆستایانەش ئەوەیە کە ئەو کارانە بە کار و چالاکی خۆیان بزانن و ، بۆ خۆهەڵکێشان و ئافەرین و دەستخۆشی سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی وەکو خۆیان نابەڵەد .. کە لە راستیدا ئەمە کارێکی نادروستە و درۆ لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەش دەکەن .. تەنانەت ئەگەر ئەو بڵاوکراوانە ، ئەو جۆرە مامۆستایانە خۆشیان ئامادە و دروستیان کردووبێ .. من ئەمەشیان بە راست و بە دروست نازانم ، چونکە ئەمانە کار و چالاکی قوتابیان نیین .

من لەو مامۆستایانە دەپرسم .. ئەگەر بڵاوکراوەیەکی قوتابخانەیی لەلای جواننووس دروست بکرێ و بڕازێنرێتەوە .. ئایا ئەمە بە کار و چالاکی قوتابییان و خۆیانی دەزانن؟

بۆ بەراودکرن ، نموونەی پۆلێکی قوتابخانەیەکی نەرویجتان بۆ دەهێنمەوە .. لە ساڵی (٢٠٠١) لە قوتابخانەیەکی شاری بێرگن لە وڵاتی نەرویج ، وانەی کوردیم بە کچێکی کورد بە ناوی ( شۆخان هیوا ) دەوتەوە ، کە لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتیدا بوو . رۆژێک لە وانەی زانیاری لە هەمان پۆلدا ، لەگەڵ شۆخاندا چوومە پۆلەوە .. تا لە چۆنییەتی رێباز و شیوازی وتنەوەی مامۆستای زانیاریان تێبگەم .. بابەتی وانەکەشیان دەربارەی ( ژینگەی زیندەوەران ) بوو .. لە دوای شلۆڤە و راڤەکردنێکی خاڵ بە خاڵی بابەتەکە بە هێمنی و جوانی لە لایەن مامۆستا و قوتابییەکانەوە .. فیلمێکی ڤیدیۆیی دەربارەی بابەتەکە پێشان درا، دوای پرسیاری قوتابیان و وەڵامدانەوەی مامۆستا .. مامۆستا هەر لە پۆلدا ئەرکی دایە قوتابییەکانی .. کردنیە سێ گرووپەوە .. هەر گرووپێکی لە پێنج قوتابی پێکهاتبوو .. لە بەردەم هەر گرووپێکدا فایلێکی سپی گەورەی دانا و ، قەڵەمی بۆیەی رەنگاوڕەنگیشی بە هەموو قوتابییەکان دا .. داوای لە هەر گروپێکیشیان کرد کە وێنەی بەشێکی بابەتی وانەکەیان بکێشن .. بۆ نموونە داوای لە گرووپی یەکەم کرد کە وێنەی گۆلە ئاوێک بکێش .. هەریەکە لەو پێنج منداڵەی گرووپی یەکەم ، بەشێک لە وێنەکەی کێشا.. یەکێکیان گۆلە ئاوەکەی دروست کرد و ، خەریکی شین کردنی بوو .. یەکێکی تریان لە ناو گۆلەکەدا چەند ماسییەکی رەنگاوڕەنگی کێشا .. یەکێکی تریان وێنەی چەند بۆقێکی کێشا .. قوتابییەکی تریان بە دەوری گۆلەکەدا چەند رووەکێکی سەوزی کێشا منداڵی پێنجەمیش بە دەوری گۆلەکەدا چەند کرم و زیندەوەرێکی تری کێشا .. پێکەوە تابلۆیەکی جوانیان نەخشاند.

هەر بەم شێوەیەش دوو گرووپەکەی تریش ئەوە ئەرکەی کە مامۆستا داوای لێکردن ، بە هاوکاری و بە خۆشی و بە پێکەنینەوە جێبەجێیان کردن .

مامۆستاکەیان دەستخۆشی و ئافەرینی لە هەرسێ گرووپەکە کرد و .. چەپڵەی بۆ لێدان و ، هەرسێ فایلەکەشی بە تێپ لە سەر دیواری پۆلەکەیاندا هەڵواسی .

مامۆستای ژیر و وریا دەبێ وابێ و وا بیربکاتەوە ، بە راستی ئەمە کاری دروست و بە کۆمەڵی قوتابییانە و ، شایانی ئەوەیە کە مامۆستایان شانازییان پێوە بکەن .

هەر لە مانگی رابروودا ، لە گەڕەکی باروتخانە لە کەرکوکدا لە ماڵی برایەکم بووم كە مامۆستا (عەلی ساڵح ) ه ، کچی کچەکەی ، کە لە پۆلی حەوتەمی بنەڕەتییە ( یەکەمی ناوەندی ) یە .. کە قوتابییەکی زۆر زیرەکە و لە هەموو وانەکاندا بەخشێویانە .. هات بۆ ماڵی براکەم و دەستی بە گریان کرد .. کە لێم پرسی بۆ دەگری ..؟ لە وەڵامدا وتی :

” مامۆستای ئایینمان .. داوای لێکردنی کە لەسەر ئەم بابەتە بنووسین ( کاریگەریی ئایین لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی ) بە مەرجێ نابێت لە شەش لاپەڕە کەمتر بنووسین و ناشبێت هێڵ بپەڕێنین .. من نازانم چی بنووسم ؟ ” .. جا ئەگەر زیرەکترین و یەکەمین قوتابی پۆلەکە بگری و بڵێ نازانم چی بنووسم و چۆن شەش لاپەڕە بەبێ هێڵ پەڕاندن لەسەر بابەتێکی وادا بنووسم .. دەبێ قوتابییەکانی تر چی بڵێن و لە چ دۆخێکدا بن؟

ئەگەر تەلەفۆنی ئەو مامۆستایەم بزانییایە ، هەر بەو شەوە تەلەفۆنم بۆ دەکرد .. لێم دەپرسی : جەنابی مامۆستا ، کە ئەم داوایەت لە قوتابییەکانت کردووە .. ئایا خۆت دەتوانێت لەسەر بابەتە داواکراوەکەت شەش لاپەرەی پوخت ، بەبێ هێڵ پەڕاند .. بنووسیت .. تا داوایەکی قورسی وا لەو منداڵە هۆش و توانا سنووردارانە بکەی؟
ئەمەیە نابەڵەدی و بێ ئاگایی هەندێ لە مامۆستایان لە بواری پەروەردە و دەروونناسی و ئاستی سنوورداری توانا و هۆش و گۆشی منداڵان .. ئەم جۆرە داواکارییە قورس و نابەجێیانەیە ، کە جێبەجێکردنیان لە توانای منداڵاندا نین ، وایان لێدەکات کە بێزاربن و حەز لەو وانەیە و لە مامۆستایەش نەکەن کە لەم چەشنە داوایانەیان لێ داوادەکەن .. هەر ئەم مامۆستا بێ ئەزموونانەن کە دەبنە هۆی شکستی فێربوون و پەروەردە .

من لێرەوە داوا لە بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک دەکەم ، کە بە نووسینێکی فەرمی داوا لە هەموو مامۆستایان بکات .. کە ئەرک و داوای نابەجێ و لە توانا بەدەر لە قوتابییەکانیان نەکەن .. سەرزەنشتی ئەو مامۆستایانەش بکەن ، داوای ئەم ئەرک و کارە نابەجێ و قورسانە لە قوتابییەکانیان دەکەن .

لەگەڵ رێزمدا بۆ مامۆستایانی شارەزا و لێهاتوو و خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتوو.