گەندکاریەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تورکیا. وەرگێرانی: محەممەدی فەقێ عەلی

هێرشی گروپ و دەستە شاراوەکانی دەزگا ئیتلاعاتیەکانی ئێران بۆ شێواندنی باری ئەمنیەتی تورکیە و تێکدانی بنەماکانی پەیوەندیە کۆمەڵگایەکانی ئەم وڵاتە دەستی پێکردوە. ناوەندەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە بانگ هێشت کردنی دڵفراوان و خەرجیەکی زۆر بۆ کەسانی ڕادیکاڵ و دەستە و تاقمی فریودراو و هەروەها خستنە داویان لە چوارچێوەی بە شەرعیکردنی لەشفرۆشی لە ئێران لە ژێر ناوی سیخە دا خەریکە بەرنامەیەکی ترسناک دژی وڵاتی تورکیە و ئازادیەکانی و بنەماکانی بەیەکەوە ژیانی گەلان و ئاینەکان لە وڵاتە بەڕێوەدەبات.

ڕۆژنامەی میلیەت دەنوسێ: “سپای پاسداران بە پکک گوتوە، ئەگەر ئامادەبێ لە قوڵای خاکی تورکیە نەکشێتەوە ، چەکی قورس و هاوکاری مادی و معنەوەیەکانی دەخاتە خزمەت.” بەڵام لەوەش بەدەر دەزگای سەرکوتکەر و گێرەشێوێنیەکانی ئێران لە ناو قوڵای خاکی تورکیە دا دەستیان بە هەڵسوڕان کردوە.

بوونی ناوەندەکانی گێرەشیوێنی ئێران لە تورکیە دا بۆیە وا بە نەهێنی ماوەتەوە و لە چاوی کۆمەڵانی خەڵک دوورە، چونکە ئێران لە لایەک، زۆر گرینگی بەوەدەدات کە بە نەهێنی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی بە دروستی بپێکێ و لە لایەکی دیکەشەوە چالاکیەکانی لە ژێر پەرەدەی ڕێکخراوەکانی خێرخوازی، هونەری، پەروەردەی و فێرکردندا دەشارێتەوە.

لە کردەوەشدا هەروایە، ئێران ئێستا چالاکیەکانی لە ژێر ناو نیشانی جۆراوجۆر دا لە تورکیە، بۆ شێواندنی ئەم وڵاتە بە تایبەتی شێواندنی باری ئەمنیەتی و تێکدانی شیرازەی بەیەکەوە ژیانی گەلان و ئاینەکانی ئەم وڵاتە بە تووندی دەستپیکردوە. ئەوە خەتەرێکی یەکجار زۆر گەرورەیە لە سەر تورکیە کە هێندێک کەس لە سەر ئەو بڕوایەن کە، لە بۆمبە ئەتۆمەکەی کە ئێران قەرارە ببێتە خاوەنی زۆر ترسناکترە بۆ ئەم وڵاتە.

ئەم ترسانە هەروا لە خۆوە نیە، بەڵکو لە سروشتی ئەو سیاسەتە ڕوخێنەرانەیەوە سەر دەگڕێ، کە کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا گورتویەتە پێش و هەوڵی جیدیان بۆ بەڕیوبردنیان دەدات، کە زۆر بە دیقەت و بە بەرنامەوە بیان باتە پێشەوە و دوور لە چاوی حکومەت و گەلانی ناو ئەم وڵاتە پلە بە پلە دەیانباتە پێش، ئەویش تێکدانی شیرازە کۆمەڵایەتیەکانە بە تایبەتی لە بەینی ئاینەکان یان لق و پۆپەکانی ئاینی ئیسلام لەم وڵاتە دا، کە بە دڵنیایەوە دەبێتە هۆی شیواندنی باری کۆمەڵایەتی و بێ متمانەی خەڵک بە یەکتر لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە بە حکومەتی تورکیەو ناوەندە دەوڵەتیەکانی.

وەک نمونەیەک بە پێی دەزگا هەواڵگریەکانی تورکیە، ئێستا ئێران پەیوەندیەکی توندو نەهێنی لە گەڵ عەلەوەیکانی ناوچەی سیواس پەیدا کردوە، کە ئەم ناوچانە لە سەردەمی عوسمانیەکانیشدا پەیوەندی و نەهێنیکاریان لە گەڵ ئێرانیەکان دا هەر هەبوەو لاینگریان لەم وڵاتە کردوە.

ئێران باش دەزانێ، کە تێکدانەی متمانە بە یەکتری بوونی خەڵک دەتوانێ جێ پێی ئێران لەم ناوچەیەدا بەربەرینتر بکاتەوە و بۆ ئامانجە گڵاوەکانی کە تێکدانی بالانسی بەیەکەوە ژیانە لەم دەڤەرە بە جیدی هەوڵ دەدات. بەتایبەتی هەموو هەوڵی ئەویە کە کێشەیەک لە بەینی سونی و عەلەویەکان دروست بکات. بۆ ئەم مەبەستە، لە گەڵ چەند دەستە لە عەلەویەکان لە پەیوەندی بەردەوام دایە، لەم ڕێگایەوە دەیهەوێت ڕەگی حەیاتی تورکیە بگرێت و لە ناو خودی تورکیەدا، کێشەیەک بنێتەوە، کارێک بکات کە تورکیە لەم ڕێگەیەوە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی.

ترسەکە کاتێک زیاتر دەبێتەوە کە، بەداخەوە دەبیندری دەستدرێژیەکانی دام و دەزگا ئیتلاعاتیەکان و سپاسی پاسدارانی ئێران دەمێکە دەست بە کار بوون و وا هەست دەکرێ کە ئەم چالاک بوونەیان وەک بوورکانێکی تازە تەقیو سێڵاوێک لە ئاگر و بەدبەختی بە سەر ئەم ناوچانەدا بخاتە رێگا و ئارام ئارام ببێتە خەتەرێکی تەواو لەم ناوچەیە، نیشانە کردنی خانوبەرەی عەلەویەکان لە یەک دوو شاری ئەم ناوچەیە، تاقیکردنەوەیەکی ئێران بوو کە ترس و خۆفێکی تەواوی لە ناو خەڵکی ناوچەکەدا دروست کرد و هەر لەو کاتەشدا بەشێک لە کارمەندەکانی ئیدارەکانی ئەم ناوچەیە توانیان ئەم شتە وەک مەبەستی ئێران بوو، کەم ڕەنگ کەنەوەو بە کاری چەند منداڵێکی نەفامیان لە قەڵەم دا،ئەوە سەرتایەکە بۆ دەستپێکێکی ترسناک لەم ناوچەیە بە ڕێبەری دەزگا سەرکوتکەرو گێرەشێوێنەکانی ڕێژیمی کۆماری دژی بە یەکەوەژیان ئیسلامی ئێران.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران خەریکی دۆستگرتنە لە ڕیزەکانی تێکۆشەرانی پکک دا بۆ تێکدانی پرۆسەی ساوای ئاشتی لەو وڵاتە دا.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەوە هەر بە هەڵکەوت نیە کە وەها پرۆسەیەک لە مەرزی تورکیە و سوریەش دەستی پێکردوە، لێکۆڵەرەوەکانی کاری دەزگا هەواڵگریەکان لە ئانالیزە کردنی ئەم کارە دا ، لە سەر ئەو بڕوایەن ، کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەنیا یان بە هاوکاری ڕێژیم و دارودەستەکانی بەعسی سوریە کە لە ژێر سوڵتەی کەمینەی مەزهەبی عەلەویەکان دایە و بەشار ئەسەد لەو کەمینە مەزهەبەیە، دەستیان هەیە لەم کارە دا و بۆ گێرە شێوێنی لەم وڵاتە دا و بۆ تێکدانی پرۆسەی بە دیمۆکراتیزەکردنی تورکیە هەوڵی جیددی دەدەن. کارێک کە لەم ناوچەیە دەستی پێکردوە هەر هەمان نمونەیە کە لە ناوچی سیواس دا کۆماری ئیسلامی دەستی داوەتێ، ئەویش ترساندنی عەلەویەکانە، بە پێی هێندێک زانیاری گوایە بەشێک لە عەشیرەتە عەلەویەکان بە ناوی بەرگریکردن لە خۆیان ئێستا چەکدار بوون .

لە تورکیە بە داخەوە ئێستاشی دەگەڵ بێ، کەم کاریەکی زۆر نیسبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەکان و مەزهەبەکانی ناو ئەم وڵاتە دەکرێ، هەرچەند لە یەک دوو ساڵی ڕابردوو دا چەند هەنگاوێک نراوە، بەڵام ئەوە بە کافی نابیندرێت بۆ نەهێشتنی ئەم کێشانە و بەربەرست دروست کردن لە سەر ڕێگای گێرەشێوێنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

نوسەری ئەم بابەتە دەڵێ: من لە یەک دوو سەرچاوە ئاگادار کراومەتەوە کە گوایە ئێران بەتایبەتی لە ناو سەرانی پکک کە لە عەشیرەتکانی عەلەوی مەزهەبن دەیهەوێت دۆستگیری بکات و لەم ڕێگایەوە ئەم پرۆسە ساوایەی کە بۆ ئاشتی لە بەینی پکک و تورکیە دەستی پێکردوە تێک بدات. ئێران بە ئیعتیمالی زۆر لەوانەیە تا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دەست ڕاگرێت و بەدوای ئەم کارەدا نەڕوات، بەڵام هەر دوای تەواو بوونی هەڵبژاردنەکان لە ئێران لەوانەیە دوگمەی ستارت لێبدات و بکەوێتە شێواندنی ئەم پرۆسە ساوایە. بۆ ئەم مەبەستە ئێران توانیویەتەی بە داخەوە دەستی بخاتە ناو حیزبوڵڵا کە حیزبێکی کوردیە و لە تورکیە وەک حیزبێکی قەدەخەکراو ڕاگەیەندراوە. سەرانی حیزبوڵڵا پەیوەندیەکی تووند و گەرم و گوڕییان هەیە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەم ڕیژیمە وەک نمونەیەکی ئیسلامی ڕاستەقینە دەبینن و بەتەواوی کەوتونەتە ژێر ڕکێفی ئاخوندەکانەوە. حیزبوڵڵا دوای ئەوەی لە لایەن حکومەتی تورکیەوە کەوتە بەر هێرش و لە چەندین چالاکی چەکداری دا بەشداری کرد، لە سەرتای ساڵی ٢٠٠٠ دا دەستی کرد بە ڕێفۆرم کردن و لە سازمەندەهیەکی تازەدا و بە پشتیوانی هێندێک لە ئۆرگانەکانی هاوکاری و ڕاگەیاندن و هەروەها چەند کارخانە و ناوەندی بازرگانی، توانیان حیزبێکی تازە و لە ژێر ناوی (HÜDA-PAR) لە دیسامبریی ٢٠١٢ دا ڕابگەیەنن. دامەزراندنەوەی ئەم حیزبە زیاتر بە مەبەستی بەربەرەکانی لە گەڵ حیزبی دەسەڵات داری تورکیە (AKP) و هەروەها ڕقەبەریەک لە گەڵ (BDP)لە ناوچە کوردنشینیەکان, کە بە حیزێکی نیزیک لە پکک دەناسرێ.، لە هێندێک ڕاپۆرتی هەوڵگری دا وا هاتوە کە ئێران پوڵێکی زۆر خەرجی ئەم حیزبە دەکات بۆ ئەوەی زیاتر سرنجی سەرانی ئەم حیزبە بۆ لای خۆی ڕاکێشێ.

پرۆسەی بە هێزکردنی دژبەرانی ئەمریکا و هەروەها بە هێزکردنی گروپە ناسیۆنالیستەکانی ناو ئەم وڵاتە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئێران لە گەڵ ئەوەی کە بە هەموو مێتۆدەکان خەریکە کاریگەریەکانی خۆی لە وڵاتی تورکیە بە تایبەتی لە سەر کۆمەڵگاو ڕوداوە سیاسیەکانی زیاتر دەکات، ئەم دواییان زیاتر پەرەی بەم کارەی داوە و لە ژێر سەردێڕی بەرنامەی هونەری و فەرهەنگی و کولتوری جۆراوجۆر دا، هێرشی تەبلیغاتی خۆی بۆ سەر سیاسەتی ڕۆژاوپەسندی و ئەمریکای ویستی تورکیە دەست پیکردوە و لەم بەینەشدا فەلەستینیەکانی کردۆتە بەهانەیەک و بە غەدرلێکردن لە لایەن ڕۆژاوایەکانەوە و سات و سەودای تورکیە لە گەڵ ئەم ڕۆژائاوایانە و بە دوای پیادەکردنی بەرنامە و پلانەکانی خۆی دایە لەم ناوچەیە و فەلەستینیەکان وەک هەمیشە بۆ پەیداکردنی نانی ڕۆژانەی خۆ دەکاتە بەهانەیەک بۆ زیاتر راکێشانی پشتیوانی موسوڵمانەکان لە وڵاتی تورکیە.هەمووی ئەم کارانە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیەوە و ڕاستەخۆ لە تارانەوە بودجەیان بۆ دیاری دەکرێت و بە ملیۆن خەرجی ئەم بەرنامانە دەکرێت.

لەم بەینە دا هەر تەنیا ناوەندە ئیسلامیەکان و نوسەرەکانی ئیسلام گەرا نین، کە ڕۆژانە لە کۆنسۆلگەری ئێران لە ئیستانبول و هەروەها سەفارەتی ئێران لە ئانکارا دەبیندرێن بەڵکوو سەرانی گروپە نێۆناسیۆنالیستەکان و هەروەها ناسیۆنالیستەکانی ناو ئەم وڵاتە زۆر جار لە ژێر پەردەی کاری کولتوری و هەروەها پێشانگای دانانی کتێب و کۆنفرانس و سیمیناری زانیار و شتی لەم بابەتە، لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران دەبیندرێن و لەم ڕێگایەوە خەرجیەکی یەکجار زۆریان لە لایەن ناوەندەکانی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانەوە بۆ دەکرێ و لە مەرزەکان و هەروەها لەهاتوچۆکردنیان دا کارئاسانیان بۆ دەکرێ. چاوەدێرانی سیاسی لەوباوەڕەدان کە ئێران هەر هەمان سیاسەتی دژی ئاڵمانیش گرتۆتەبەر و لە هەوڵی ئەوەدایە کە دژبەرانی ئەمریکای و ناسیۆنالیستەکانی ناو ئاڵمانیش بە کردەوە هاوکاری بکات و بەم شێوەیە بتوانێ لە ئاوی لیڵ ماسی بگرێ تۆڕەکانی گێرەشێوێنی لەم وڵاتەشدا بخاتە گەڕ.

بە هاتنە سەرکاری (AKP) هیندیك هەنگاوی یاسای لە بەینی تاران و تورکیە هاتنونەتە ئاراوە کە دەست ئاواڵای کۆماری ئیسلامی زۆر زیاتر کردۆتەوە بۆ وەها کارێک ترسناکی کۆماری ئیسلامئ ئێران لەم وڵاتەدا. چون بەر لە ماوەی١٠ ساڵ کە حیزبی دەسەڵاتداری ئسێتا لە تورکیە هاتە سەرکار تا ئێتسا چەندین قەرادادی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دا ئیمزاکردوە بۆ هاوکاری دوولایەنانە لە بوارەجۆراوجۆرەکان دا، یەکێک لەم قەراردادانە، ئەوقەراردادەیە کە لە ١٩/٦/٢٠١٢ لە بەینی وەزیرەکانی پەروەردە و فێرکرندی ئێران حامیدڕەزا حاجیبابای و هەروەها وەزیری پەروەردە و فێرکردنی تورکیە عومەر دینجار لە تاران ئیمزاکرا. کە بەم پێیە هەردوک وڵات بۆ هاوکاری لە بوارەکانی پەروەرد ە و پێگەیاندەن دا هاوکاری یەکتری بکەن، ئەم قەرار دادە لە ڕێکەوتی ١٢/١٢/٢٠١٢ لە لایەن پارلمانی تورکیەوە قەبوڵکراو لە ٢٣/١/٢٠١٣ بە یاسای ژمارە ٤٠٧١ بڵاوکرایەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا ژمارەی قوتابی و خوێندکاری ئێرانی لە تورکیەدا چەند بەرابەر بوە و ڕۆژ بەڕۆژیش لە زیادبوون دایە.
بەم پێیە ئێران توانیویەتی لە لایەن یەکێک لە وزاڕەتەکانی و لە ڕێگایەکی تەواو یاسای بنچینەیەک بۆ ئەم کارانەی دابین بکات و وەک کارێکی نایاسای لە وڵاتێکی دراوسێدا ناکڕی سەیریان بکڕێ، لە لایەک ئەوەی لە پشتی پەردەوە دەکرێ زۆر بە ئاسانی دەشیردرێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو حەقە لە پارلمانی تورکیە دەستێنێتەوە کە لە هەموو وردەکاریاکانی بکۆڵێتەوە، چوون ئەو خۆی ئەم حەقەی پێداوە. هەر پێدانی ئەم حەقەش وایکردوە کە دام و دەزگاکانی دیکەی حکومەتی و سیڤیل نەتوانن لەم کارانەی ئێران و ناوەندە هەواڵگریەکانی بکۆڵنەوە . هەردوابەدوای بە یاسایکردنی ئەم هاوکاریانە لە ڕێکەوتی ٨/ ٢/ ٢٠١٣ دانیشگای یوینجوی ییل لە وان قەرادادێکی لە گەڵ دانیشگای تەوریز مۆر کرد بۆ دانانی دانیشگایەکی تورکی ئێرانی لەم ناوچەیە هەروەها دانیشگای تەبا ئەلەمی تەورێزی لە گەڵ دانیشگای گیرسون لە قەراخ دەریای رەش قەراردادێکی ئیمزاکردوە بۆ گۆڕینەوەی خوێندکار لە بەینیاندا. وچەند ناوەندێکی دیکەی فێرکردن و بارهێنان لە ناوچەکانی ئەرزەڕۆم و ئاگریش هەر ئەم کارەیان لە گەڵ ئێران دا کردوە، ئەوانە بەشێکن کە لە چاوی مێدیاکان دیارن و بێگومان بەشێکی زۆریش لە چاوی مێدیاکان شاردراونەتەوە.

سەردانی فاعشەخانەکان بە روحمی ئایەتوڵاکان، یەکێکی دیکەیە لە کارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سرنج ڕاکێشانی تورکەکان و خستنە داویان.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

کاریکی دیکەی ئیتلاعاتی ئێران، کە لەم بەینە دا بۆ دانەخۆرەکردنی کاربەدەستان و کارمەندو خاوەن کارگە و کارخانەکانی تورکی دەیکات، بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر سرنجیان بۆ لای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕابکێشێ و فیلم و موستەنەدیان لێ بگرێ و لە دواڕۆژ دا بیانخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، سیخەکردنی کاتیە کە لە لایەن ئیمامزادەکانی ئێرانیەوە زۆرجار هەیە و بۆ چەند کاتژمێرێک بەڕێوە دەچێت. ئێران لەم کارەیدا هەمو چوارچێوەکانی شەرعی و ئەخلاقی خۆشی بەزاندوە و دەستە دەستە و گروپ لە کارمەندەکان، کاربەدەستەکانی تورکی سەردانی شارەکانی ئێران دەکەن و لەوێ لە لایەن یەکیک لە ئاخوندەکانەوە سیخەی کاتیان دەکرێتە دیاری. ئەمە کارێکی زۆر ترسناکە، چوون ئاخوندەکان و بە تایبەتی دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانی لەم کارانە فیلم و وێنە بە دزی هەڵ دەگرێتەوە و لە دواڕۆژ دا ئەگەر ئەوکەسانە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی نەکەن و بە دەستورەکانی کۆماری ئیسلامی نا بڵێن ، هەڕەشەی بڵاو بونەوەی دەکەن. هێندێک لەم کەسانە لە ژێر ناوی بەشداریکردن لە کۆنفرانس و یا چون بۆ ناوەندە پزشکیەکانی ئێران سەردانی ئێران دەکەن، بەڵام لە ئەسڵ دا مشتری ناوەندەکانی فەعشاگەری ئیمازادەکانی ئیتلاعاتی ئێرانن. ئەوە یەکێک لەم ڕیگایانە بوو کە ئێران لە کاتی خۆی دا توانی لاینگرێکی زۆر بۆ خۆی لە ناو عراق دا پەیدا بکات، لە عێرا‌ق بەشێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان و هیندێک لە کاربەدەستی حکومەتی عڕاق و هەروەها بەشێک لە مەلاکانی کە دەستیان لە ناو خەڵک دا دەڕۆیشت لەم ریگایەوە کردە پشتیوانێ خۆی و لێان بێ خەم بوو کە ناتوانن پشتیوانی لێنەکەن، نا بە بڕیارەکانی ناتوانن بڵێن.

هەر ئەم کارەی کۆماری ئیسلامی کە واوێدەچێ، هەر بە بەرنامەی ئیتلاعاتی ئێران بوبێ، لە سوریەش ئەنجام دراوە، بۆ نمونە شتێکی سەیر و سەمەرە نەبوو کە، خاتوو بوتاهینا شەعبان یەکێک لە راوێژکارەکانی بەشار ئەسەد لە مانگی ١٢ی ٢٠١١ دا گوایە دەبێ هەڕەشەی کردبێ کە فیلمە سێکسیەکانی کاربەدەست و دەسەڵاتدارەکانی وڵاتەکانی ناوچەی کەنداو بڵاو دەکەنەوە، ئەوە لە زاری یەکێک لە بەشدارانی هەیئەتێکەوە بیسراوە کە سەردانی سوریەیان کردبوو، ئەم کەسە گێڕاویەتەوە و ئەم هەڕەشەیەش لە لایەن ئەم خاتونەوە زۆر شتێکی جیدی بوە، بۆ سەر هێندێک لە شیخەکانی عەڕەب لە وڵاتەکانی کەنداو دا، کە گوایە دەبێ گوتبێتی ئەگەر بێت و زۆر ئاقڵانە بەرخورد نەکەن ئێمە فیلمەکانیان دانە دانە دەخەینە سەر ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێتی و بڵاویان دەکەینەوە.

بەداخەوە ئەم شیوە کارانە لە بەشەکانی دیکەی سوننی نشینی تورکیەشدا کراون ناوەندەکانی بە ناو بازرگانی ئێران و هێندەێک کارخانەجاتی ئێرانی کە ئەم دواییان هەر وەک کارگ هەڵ دەتۆقن، کاریان تەنیا ئەوەیە کە تورکەکان دەستە دەستە بۆ سەفەری ناو خاکی ئێران ئامادە بکەن و لەوێ لەم جۆرە کارانەیان بۆ ئامادە دەکەن و بە ئیدیۆلۆژی ئیسلامی شیعە و بە قازانجی سیاسەتەکانی ئێران کەڵکیان لیوەردەگرن.

سوننی مەزەهەبەکان بە دژی ئەم کارەی ئێران هەڵوێست دەگرن، بەڵام کەی کاتی ئەوە دێت کە حکومەت و کاربەدەستەکانی ئەم هەلوێستە بگرن؟

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

هەر لەوکاتەدا کە ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی سەرگەرمی ئەوکارەیە، لە ڕێگایەکیدیکەوە مەلاکانی شیعەو کەسانی ئاکادیمی دەنێرێتە تورکیەو لە ژیر ناوی ئاڵگۆڕکردنی زانیاریەکان کۆڕ و کۆبونەوە بۆ خەلک پێک دێنن، هەمووی ئەوانە لە بەینی قسەکانیاندا تەبلیغی ژەهراوی بۆ سیغە کردن لە ئێران دەکەن وا نیشان دەدەن، کە ئەوە کارێکی شەرعیە و لە دینی ئیسلام دا ڕیگا پیدراوە هیچ مخالفەتێکی لە گەڵ شەرعی ئیسلام دا نیە، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بەم کارە نەشیاوەیان بدەن. بۆ نمونە چەند کاربەدەستێکی نێردراوی کۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی زانای بوارە جیاجیاکان لە دانیشگاکانی سیرت و هێندێک شوێنی دیکەی تورکیە بە شێوەیەکی ورد لە سەر ئەم بابەتە بۆ بەشداران قسەیان کردوە، کە لە گەل بەرهەلستی سوننی مەزهەبەکان دا بەرەوروو بونەتەوە، ئەوەی لەو نێوە دا جێگای پرسیارە، بۆچی حکومەتی تورکیە، ڕێگا بەم شیوە کارانە دەدات؟ کە خەتەرێکی گەورەیە بۆ سەر دەسەڵاتی تورکیە و دیمۆکراتیزەکردنی ئەم وڵاتە. بە هەر حاڵ ئەوە کارێکی ترسناکە کە لە دواڕۆژدا کۆمەڵگای تورکیە دەبێ نرخەکەی بدات.

لە ئالمانیەوە بۆ کوردی محەممەدی فەقێ عەلی

سەرچاوە: dtj-online