چه‌ند وته‌یه‌ک له‌ مه‌ڕ خۆکاندید کردنی هاشمی ره‌فسنجانی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری. لوقمان زەهرایی

هاتنی هاشمی ره‌فسنجانی بۆ مه‌یدانی کێ به‌رکێێ سه‌رۆک کۆماری له‌ ده‌قیقه‌ی 90 دا کۆمه‌لێک باس و لێکدانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر کراوه‌ وده‌کرێ وبیروبۆچوونی جیاواز له‌و باره‌وه‌ باس کراوه‌. کۆماری ئیسلامی وشه‌خسی عه‌لی خامنه‌یی به‌رێوه‌چوونی نه‌مایشی مه‌سخه‌ره‌ی به‌ ناوهه‌لبژاردنی سه‌رۆک کۆماریان له‌ کات وساتی دیاری کراودا بۆ گرینگه‌ وده‌یانهه‌وێ به‌ هه‌رجۆرێک بێ وبه‌ هه‌رفرت وفێلێک بێ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بکێشێته‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان وده‌نگیان پێ بده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ناچار بکه‌ن بێنه‌ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان، هه‌ردووک هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری وشوراکانی شارودێێان خستۆته‌ یه‌ک رۆژ و‌یه‌ک کات وخه‌لک بۆ هه‌ردوولایان ده‌بێ ده‌نگ بدا.

ئه‌وه‌ی بۆ رێژیمی مه‌لایان به‌ پله‌ی یه‌که‌م زۆر گرینگه‌ هێنانی خه‌ڵکه‌ بۆ سه‌رسندوقی ده‌نگدانه‌ نه‌ک ئاکامی ده‌نگدانه‌کان. به‌ ئاشکرا دیتراوه‌ وروویداوه‌ که‌ رێژیم چۆن به‌ میلیۆن ده‌نگی خه‌ڵکی له‌ هه‌لبژارد‌نی سالێ 1388 هه‌تاوی دزی وخستیانه‌ حیسابی ئه‌حمه‌دی نژاده‌وه‌ وناوبراو به‌ زۆرملی کرایه‌وه‌ سه‌رۆک کۆمار. ئه‌و جاره‌ هێنانی ره‌فسنجانی له‌ ده‌قیقه‌ی 90 دا بۆ نێوئه‌و گه‌مه‌ سیاسیه‌ی ده‌کرێ چه‌ند هۆکاری له‌ پشت بێ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عه‌لی خامنه‌یی وداروده‌سته‌که‌ی دایه‌.

یه‌که‌م: ره‌فسنجانی به‌وپێشینه‌ی که‌ هه‌یه‌تی چ وه‌کوو سه‌رۆکی مه‌جلیس بۆ ماوه‌ی 8 سال وچ وه‌کوو سه‌رۆک کۆمار بۆ ماوه‌ی 8 ساڵان، وه‌کوو که‌سێکی ئه‌هلی سازان ودانوستاندن ناسراوه‌ وبۆ دانوستاندن له‌ گه‌ڵ ئامریکا وئوروپا له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌سته‌یی ده‌توانێ زۆر ده‌وری باشتر له‌ ئه‌حمه‌دی نژاد بگێڕی.

دووهه‌م. ره‌فسنجانی هیچکات رێفۆرم خواز نه‌بووه‌ وهه‌مووکات یه‌کێک بووه‌ له‌ کۆله‌که‌کانی رێژیمی ئیسلامی وهیچکات ریسکی ئه‌وه‌ ناکات که‌ رێژیم به‌ره‌و نه‌مان ببا. جونکه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی وبنه‌ماله‌ ونزیکانی زۆر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێرانی لای گرینگتره‌ وباش ده‌زانێ به‌ نه‌مانی کۆماری ئیسلامی خۆشی وکوڕه‌کانیشی تێداده‌چن.

سێهه‌م. ره‌فسنجانی مه‌ترسی نیه‌ بۆ سه‌ر ده‌سه‌لاتی عه‌لی خامنه‌یی وخه‌ریکه‌ ته‌مه‌نی نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ 80 و ئیدی ئه‌و که‌سه‌ نیه‌ که‌ بتوانێ جێگای عه‌لی خامنه‌یی بگرێته‌وه‌ وببێ به‌ وه‌لی فه‌قیه‌. ئه‌و که‌سێکی زۆر به‌رژه‌وه‌ندی خوازوخۆویست و موحافیزه‌کاره‌.

چواره‌م. هێنانی ره‌فسنجانی له‌ به‌رامبه‌ر داروده‌سته‌ی ئه‌حمه‌دی نژادومه‌شایی بۆ عه‌لی خامنه‌یی گه‌لێک گرینگه‌ وره‌فسنجانی وه‌کوو ئه حمه‌دی نژاد ومه‌شایی نیه‌ که‌ له‌ ئه‌گه‌ری به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌لاتی سه‌رۆک کۆماری ببێ به‌ مه‌ترسی وهه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر جێگه‌ وپێگه‌ی خامنه‌یی. هێنانی ره‌فسنجانی وپشتگری جه‌ماعه‌تی به‌ ناو ” ریفۆرم خواز ” به‌ سه‌رۆکایه‌تی خاته‌می له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عه‌لی خامنه‌یی دایه‌. عه‌لی خامنه‌یی به‌ هێنانی ره‌فسنجانی بۆ ناو گۆره‌پانه‌که‌ ده‌یهه‌وێ به‌وکاره‌ی به‌ تیرێک چه‌ند نیشان ده‌پێکێ. نیشانی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ خه‌ڵک ده‌لێ هه‌لبژاردن ئازاده‌ وهه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ ریفۆرم خوازه‌کانیشه‌وه‌ ده‌توانن کاندیدای خۆیان هه‌بێ وبه‌شداری ئه‌و رقابه‌ته‌ ببن. نیشانی دووهه‌م، ڕاگرتنی ره‌فسنجانی وریفۆرم خوازه‌کان له‌ به‌رامبه‌ر دارو ده‌سته‌ی ئه‌حمه‌دی نژادومه‌شایی. نیشانی سێهه‌م. دانی په‌یامێکی ئه‌وتۆ به‌ ئامریکا وئوروپا که‌ هه‌لبژاردن له‌ ئێراندا دا ئازاده‌ و ته‌نانه‌ت دژبه‌رانی نیزامیش ده‌توانن به‌شداربن وهیچ به‌ربه‌ستێک نیه‌. نیشانی چواره‌م. ئاژاوه‌ ودووبه‌ره‌کی ناننه‌وه‌ له‌‌ نێو ئۆپۆزیسیۆنی سه‌رلێشیواوی به‌ ناو سه‌راسه‌ری. هیندێکیان به‌ ئاشکرا پشتگری له‌ هاتنی ره‌فسنجانی ده‌که‌ن وپێێان وایه‌ که‌ له‌ ئه‌گه‌ری بوون به‌ سه‌رۆک کۆماری ناوبراو، ئیدی کێشه‌کانی ئێران هه‌موو له‌ گه‌ڵ رۆژئاوا چاره‌سه‌ر ده‌کرێ وره‌فسنجانی ده‌توانێ ئێران له‌ شه‌ڕ ڕزگار بکا ووڵات تووشی پارچه‌پارچه‌ بوون نه‌بێ. ئه‌و فکره‌ له‌ نێو لایه‌نه‌ نژادپه‌ره‌سته‌کانی ئێرانی دازۆر به‌ هێزه‌ وبۆ وان مانه‌وه‌ کۆماری ئیسلامی زۆر گرینگتره‌ ، تاکوو گۆرینی ئه‌و رێژیمه‌ له‌ رێگای شه‌ڕه‌وه‌.

ئه‌و هات وهاواره‌ی که‌ هیندێک له‌ به‌ ناو نوێنه‌رانی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی وه‌لی فه‌قی وه‌رێیان خستووه‌ له‌ مه‌ڕ ره‌دی سه‌لاحییه‌تی ره‌فسنجانیش ده‌کری هه‌ربه‌شێک له‌وسناریۆیه‌ی بێ که‌ داوا ده‌که‌ن که‌ شورای نیگابان پێش به‌ هاتنی ناوبراوبگرێ. ده‌نا ئه‌گه‌ر ره‌زایه‌تی عه‌لی خامنه‌یی له‌ سه‌رنه‌با، ره‌فسنجانی نه‌یده‌ویڕا خۆی کاندید بکا. له‌غاوی ره‌فسنجانی ‌له‌ ده‌ستی وه‌لی فه‌قی دایه‌.

که‌لامی ئاخر. له‌ ئه‌گه‌ری بوون به‌ سه‌رۆک کۆماری ره‌فسنجانی، لایه‌نی ئه‌حمه‌دی نژاد پاشه‌کشیان پێده‌کرێ و ره‌فسنجانیش له‌ ئه‌مروفه‌رمانی عه‌لی خامنه‌یی ده‌رناچێ. ئاکام مانه‌وه‌ی رێژیمی مه‌لاکان ودۆڕاوی سه‌ره‌کی ئه‌و گه‌مه‌ سیاسیه‌یه‌ش گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌لاتی کوردستان وگه‌لانی دیکه‌ی غه‌یری فارس وشکستی دیموکراسی خوازان وهه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ خوازیاری نه‌مانی کۆماری ئیسلامین.