شەپۆلی دوویەم بۆ دەنگ دان یا بووژانەوەی نارەزایەتییەکان. حەسەن حاتەمی

کەمتر لە حەوتوویەکە، هاشمی رەفسەنجانی و ئیسفەندیاری رەحیم مەشایی- دوو کاندیدای جێی سەرنج کە بەڕواڵەت شووڕای نیگابان ئیزنی هەڵبژاردنی کەسی دوویەمی نیزامی پێ نەدان، وەلانران. بەتایبەت وەلانانی رەفسەنجانی- میعماری کۆماری ئیسلامی-، زۆربەی لایەنگرانی “ئاڵۆگۆڕخوازان” لە چوارچێوەی ئەو نیزامە و رووحانییەتی مات کردوە.

ئێستا ئەو بەشە لە دەسەڵاتداران و بێ دەسەڵات کراوان، بە نامە و پشتیوانی کردن لە رەفسەنجانی و دڵداری دانەوەیەکانیان، نەپەرژاون ئاوڕ بدەنەوە، لە کاندایداکانی وەک: حەسەن رووحانی- حیزبی کارگۆزاران و بەرپرسی شووڕای تەناهی میللی دەورانی خاتەمی-، و محەممەد رەزا عارف- جێگری یەکەمی خاتەمی-، کە”ئاڵوگۆڕخواز”ا نێکی دەستە دوون و جارێ تەنیا لە پاڵوێنەی شووڕای نیگابان دەرچوون.

بە سەرنج دان بەو سەردێڕەی رۆژنامەی “ئیعتماد”ی یەکشەممو رێکەوتی٥ ی جۆزەردانی ٩٢(٢٠١٣) کە: نەخشی رووحانییەتی بەرزی دەسەڵات لە هەڵبژاردن دا، کەم بۆتەوە و سێ ئایەتوڵڵا (میسباح یەزدی، مەهدەوی کەنی و هاشمی رەفسەنجانی)، هەریەکەی بەشێوەیەک لە هەوڵەکانیان بێ ئاکام بوون.

میسباحی یەزدی- کە بە پێگەی گرینگی حوجەتییە دەناسرێ-، تەنیا کەسی”اصلح” بە بڕوای ئەو، کامران باقری لەنکەرانی- وەزیری بێهداشتی پێشووی ئەحمەدی نیژاد بوو-، کە بە قازانجی، سەعید جەلیلی- بەربژاری بەیتی رێبەری- کشایەوە یا دەستووری پێدرا بکشێتەوە.

مەهدەوی کەنی- کە بۆ لاوازی کردنی دەسەڵاتی زۆری رەفسەنجانی کرا بە سەرۆکی مەجلیسی خیبرەگانی رێبەری، ئەو نەیتوانی لە نێوان ئیئتلافەکانی ١+٢ (قالیباف، ویلایەتی و حداد عادڵ) و پێج کەسی(موتەکی، ئەبوو توڕابی، باهونەر، ئال ئیسحاق و پور محەممەدی)، کاندیدایەک دەسنیشان بکا و هەوڵەکانی بەهێند نەگیرا.

هاشمی رەفسەنجانیش – کە بەشێوە کوودێتایەکی بەشی زۆری شووڕای نیگابان، ئیتلاعات، سپا و بەسیج-، ولانرا. ئەو بە پێی ئاشکرابوونی گۆشەیەکی بچووک لە نهێنییەکان لە لایەن ئیتلاعات – ئەگەر ئیزنی پێ درابا-، سەرکۆماری یازدەیەم دەبوو.

جگە لەوانە تەنیا کەسی رووحانی لەم دەوەریە دا، حەسەن ڕووحانی یە. ناوابراو بە پێی قسەکەی خۆی کە رەفسەنجانی- پێش وەلانانی-، پێی کوتوە: لە کشانەوە پەلە نەکا. لەوانەیە لەچەند رۆژی داهاتوو دا، ئاوڕی وەسەردەنەوە و جارێکی دیکە شەپۆلێک بەپشتیوانی “جمهووری” ەتی نیزام لەبەرانبەر “ئیسلامی”یەت دا، وەڕێ بخەن.

بەگوێرەی نوسراوەی سایتی پەیک نێت: ئیحتیمالی کشانەوەی عارف لەبەر رووحانی هەیە. ماڵپەڕی “رایحەی ظهور”، یش لە پشتیوانی ئەحمەدی نیژاد لە جەلیلی دواوە. ئەگەر ئەو دوو هەواڵانە ڕاست بن، دیسان بەربەرەکانی رێبەری “مەشرووعەخوازی تەواویەتخواز” و” مەشرووتەخوازی مەشرووعە” بە پێوانەی یاسای بنەڕەتی نێو نیزام دەس پێدەکاتەوە.
بەڵام دەیەیەکە خامنەیی رێبەر، بەیارمەتی دەست وپێوەندکانی و یاسای بنەڕەتی هێلی “مەشرووعەخوازی تەوایەت خواز”ی بە‌هێز دەکا. ئەو لە ساڵی ١٣٨٢(٢٠٠٣) و لە مەجلیسی حەوتەم ڕا، هەوڵ دەدا پێش بە بیری ٢ ی جۆزەردانی و مەجلیسی شەشەم بگرێ- کە دەکرێ بە “مەشرووتەی مەشرووعە” ناوایان ببرێ. خامنەیی تا رادەیەکی زۆر و بە نرخێکی گران لە ئیدئۆلۆژی خۆی دا، سەرکەوتوو بوە. ناوبراو زۆر زەحمەتە ئیزن بە سەرکەوتنی شەپۆلی دوویەم- ئەگەر وەڕێکەوێ، بدا.

مەگەر رەفسەنجانی، خاتەمی و بنەماڵەی ئایەتوڵلا خومەینی (سەید حەسەن خومەینی، زارا مستەفەوی و…)، لایەنگرانیان بە پشتیوانی لە ڕووحانی هان بدەن. ئەوکات “موهەندیسی” کردنی ئەو هەڵبژاردنە دێتە ئاراوە. دەسەڵاتدارانی نیزامی- مافیایی کە شێوە “حکوومەت نیزامی”یەکی نافەرمی لە تاران بەڕێوە دەبن؛ لەوانەیە بە گوێرەی رووداوەکان شارە گەورەکانیش بگرێتەوە و لەژێر فەزای نیزامی و هەڕەشە دا، ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوە بەرن. ئەگەر زۆربەی دەنگدەرانی “خامۆش” لەقینی رێبەر و دەسەڵاتە رەهاکەی شەپۆلێکی زۆر بەهێز وەڕێ خەن – کە دوورە لە خوێندنەوەکانی ئەمرۆ-، سبەینێش ناروونە چ دەبێ؟ رووداوەکان دیاری دەکەن. ئەوکات “موهەندیسی” کردنی دەنگەکان ئاسان نابێ.

هەروەها، دەنگەکانی خەڵکانی خاوەن دەنگ، لەنێوان تەحریم و بەشداری نەکردن دا،- کە هەڵوێستی زۆربەی هەرەزۆری ئۆپۆزیسیۆنە-، و چونی سەر سندووقەکان بەناچاری- کە دەکری دەنگی سپی بێ- و دەنگی دوو لایەنی نالێکی رێژیم- کە لەوانەیە جەلیلی و ڕووحانی بن- دابەش دەبن.

ئەگەر سناریۆی، بێ لایەنی و بەشداری نەکردنی ولانراوانی دەسەڵاتدار بێتە ئاراوە، ئەو تایبەتیمەندیش بەو خولە هەڵبژاردنە زیاد دەبێ کە ئۆپۆزیسیۆن و ئەوان، بەکردوەوە دەکەونە خانەی ناڕازیان. لەم حاڵەتە دا، رێژیم گوشارەکانی خاریجیشی لەسەر زیادتر دەبن و دەکەوێتە ژێر تەنگانەی پتر.

هەرکام لەو حاڵەتانەی سەروو بێنە پێش ئەوکات چ زوو و چ درەنگ، شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایەتی دروست دەبێ. ئەمجارە توێژی بێکاران و برسییەکان، چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و نەتەوە ماف پێشێل کراوەکان، بەهێزترین ناڕازییەکان لەو شەپۆلە دا، دابن.

حەسەن حاتەمی، ئەمریکا.