بە بۆنەی کۆچی دوایی گەورە شۆرشگێری گەلەکەمان کاک سەید باقی و نیانی کچی

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە گەورە شۆرشگێری گەلەکەمان خاڵە سەید باقی لە شاری لینشۆپینگی سوئێد کۆچی دوایی کرد. خاڵە سەید باقی هەر لە هەڕەتی لاوەتی‌یەوە پێ دەنێتە کاری سیاسی و دەبێطە ئەندامی حیزبی شیوعی و دواتریش ڕێگای شاخ و پێشمەرگایەتی دەگرێتە بەر و تا دوا هەناسەی ژیانی وەک مرۆڤێکی بە ئەمەگ و شۆرشگێر و سادق و ڕاستگۆ بۆ ئازادی نیشتمانەکەی و بۆ بە دەست هێنانی ژیانی یەکسانی تێکۆشا.

بەرێز سەید باقی نموونەی مرۆڤێکی نەبەز و خۆراگر و شۆرشگێر بوو، ئەو وێرای ئەوە کە دەیزانی شۆرش کردن و شۆرشگێر بوون باجی زۆری دەوێ، زۆر ژیرانە ئەو ڕێگایەی هەڵبژارد و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی لە شۆڕش دا بەشدار کردن و وەک کادرو پێشمەرگەی حیزبی شیوعی کوردستان بە دەیان ساڵ خزمەتی گەلە بەشخوراوەکەیان کرد. سەید باقی لە پێناو ئازادی گەلەکەی دا ئازاری زۆری کێشا و هەر لە ڕێگایە دا کوری شیرینی بە ناوی بایز شەهید بوو. سەید باقی هیچ کات نائومێدی نەدەناسی و seid baqiئەوەندەی هێز و توانای هەبوو بە دڵ فراوانی‌یەوە خزمەتی نیشتمان و گەلەکەی کرد. لە سەریەک بنەماڵەی سەید باقی لە کاتی ئەنفالە شوومەکانی حکوومەتی بەعس و شیمیابارانی شاری هەڵەبجە دا بوونە خاوەنی ١٧ شەهیدی سەربەرز، ئەوە نیشان دەدا کە ئەو بنەماڵە شۆرشگێرە چەندە بە ئیمان و خۆراگر و پۆڵایینن. سەید باقی دوای ئەوەی بە ناچاری ڕێگای هەندەران دەگرێتە بەر لە شاری لینشۆپینگ لە سوئێد دەگیرسێتەوەو لەو شارەش وێرای سەدان کوردی دیکەی نیشتەجێ لەو شارە دەست بە کاری فەرهەنگی و کولتوری و سیاسی دەکا و دەبێتە دۆست و هاورێ و ڕێنیشاندەری گشت لایەک و لە کۆڕو کۆبوونەوەکان دا بە سەداقەتەوە بەشداری دەکرد و ئەزموونی کاری سیاسی خۆی لەگەڵ گشت لایەک بەش دەکرد. هەموو ئەو کوردانەی کە لە شاری لینشۆپینگ دەژین شاهیدی بۆ ڕاستگۆیی و پاکی و بەغەشی ئەو مرۆڤە خۆنەویست و بوێرە دەدەن. نەمر سەید باقی هەمیشە هانی کوردەکانی داوە کە بە یەکگرتوویی بەرەو پێش هەنگاو هەڵبێننەوە و یەکتریان خۆش بوێ و خۆشەویستی و وەفا بکەنە ملوانکەی زێرین بۆ ملی خۆیان.

زۆر بەداخەوە ماوەی چەند ساڵ بوو کە خاڵە سەید باقی پێشمەرگە و کادری ڕۆژە سەختەکانی خەبات و تێکۆشەری ڕێگای ئازادی و یەکسانی بە هۆی پیری و بە ساڵداچوویی و نەخۆشی لە ژێر چاوەدێری پزیشکی و بنەماڵەیی دا بوو و تا دەهات باری تەندرووستی بەرەو خەراپی دەرۆیشت و چاوەدێری پزیشکی و دەرمانیەکانیش نەیان توانی پێش بە کۆچی ناوبراو بگرن و بەداخەوە چاوە پڕ لە هیوا و گەشەکانی بۆ هەتاهەتایە لە سەریەک دانان و دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت. خاڵە سەید باقی بە جەستە لە نێومان دا نەماوە بەڵام بیر و ئەندیشە و یادوارەکانی بۆ هەمیشە لە دڵی هەزاران کەس و بە تایبەت بنەماڵە و کەس و کار و دۆست و ئاشنا و هاورێیانی دا دەمێنێتەوە، هیوادارم کە گەلی کورد نموونەی وەک خاڵە سەید باقی و بنەماڵەکەی زۆر بن بۆ خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە گەل و نیشتمان، ڕووحی شاد.

دیارە هەر لەو پەیوەندی‌یە دا زۆر بە داخەوە خاتوو نیان باقی کچی خاڵە سەید باقی ٣ ڕۆژ دواتر کۆچی دوایی کرد و ئەویش خەمێکی دیکەی خستە سەر دڵی هەموو ئەو کەسانەی کە هاورێ و هاوسەنگەر و دۆست و ئاشنای ئەو بنەماڵە شۆرشگێرە بوون. کۆچی نابەوەختی نیان خان هەموو لایەکی تاساند و ئەوەش ئازارێکی بە ژان و ناخۆش بوو بۆ گشت لایەک و هیوادارم کە ئەو خەمە دوایین خەمی گەورە و ناخۆشیان بێ و هیوای تەمەن درێژی بۆ بنەماڵەی خاڵە سەید، هاوسەرە بەوەفاکەی، کاک ئایاری کۆڵنەدەر و ژیان خانی ئازیز و بنەماڵەی نیان خان و منداڵەکانی دەخوازم و ڕووحی شاد و بەهەشتی بەرین جێگای هەر دوو کۆچکردوو بێ.


به‌ ناوی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ماڵپه‌ری گیاره‌نگ سه‌ره‌خۆشی و هاوده‌ردی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ نێوخۆی وڵات و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی حیزبی شیوعی کوردستان و خه‌ڵکی شاری هەڵەبجەی شەهید ده‌که‌م و ئاواته‌خوازم که‌ ئاوات و ئامانجه‌کانی خاڵە سەید باقی و بنەماڵە شۆرشگێرەکەی که‌ ئازادی کوردستان بوو بێته‌ دی و ڕووحیان شاد بێ و دڵنیام لەوە که‌ هه‌رده‌م لە دڵ و بیرو مێشکمان دا به‌ زیندوویی دەمێنێته‌وه.

حه‌مه‌ره‌سووڵ که‌ریمی

ئاگاداری بۆ کوردانی دانیشتووی شاری لینشۆپینگ و دەوروبەری.

ئاگاداری بە خاکسپاردنی بەرێزان خاڵە سەید باقی و نیان باقی لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٠٤ ـ ٠٧ ـ ٢٠١٣

کاتژمێر ١٤:٠٠

شوێن: Lilla Aska Griftegård

ڕۆژی پرسە و سەرەخۆشی بۆ هەر دوو کۆچکردوو لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد

رۆژ یه‌كشه‌ممه‌ ٠٧ ـ ٠٧ ـ ٢٠١٣

شوێن: Jägarvallsvägen 1 Linköping

کات ١٣:٠٠ تا ١٨:٠٠

ژمارەی پیوەندی

‌٠٧٦٢١٣١٩٦٩ یان ٠٧٠٧٥٦٣١٩٥