کەمپین بۆ راست کردنەوەی راگەیاندنی (ی.ن) . خومەینی نە شەهید و نە پێشەوایە

خەمخۆران و تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان!
مێدیاکانی باشووری کوردستان!
رێکخراوەکانی باشووری کوردستان!
نوێنەرانی پارلەمان و کارگێرانی هەرێمی کوردستان!

هەروەک ئاگادارن لە چەند رۆژی رابردوودا کتێبێک بە ناوی ” پێشەوای مەزن ئیمام خومەینی” لەلایەن مەکتەبی ناوەندی راگەیاندنی ” ی‌ن‌ک ” چاپ و بڵاو کراوەتەوە!.

بێ شک بە دیتنی وێنەی جەلادێکی سەدەی ٢٠ کە فەتوای جیهادی لە دژی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان داوە و بە هەزاران کەسی بێ‌تاوانی شەهید کردووەو ئاسەواری تا دەیان ساڵی دیکە هەر دەمێنێ، ئێمە کورد ئەو ئاکارە دوژمن پەسەندە ئیدانە دەکەین و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لایەنە پێوەندیدارەکانی باشووری کوردستان ئاگادار بکەینەوە و داوایان لێ‌بکەین هۆکاری چاپ کردنی ئەو جۆرە نووسراوانە دەتوانێ چ خزمەتێک بە خەباتی رزیگاریخوازانەی نەتەوەکەمان بگەیەنێ ؟!! چاوەروانین وەڵامدەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بن .

لە کاتێکدا ئەو کتێبە دەگاتە بەردەستی خوێنەران کە بە هەزاران تێکۆشەری کورد لە یادی رێبەری هەمیشە جێی رێزی نەتەوەکەمان دوکتور قاسملوو، خۆیان بۆ ٢٢ی پووشپەر ئامادە دەکەن. نووسەر یا بەرپرسی ئەو لاپەرانە دەبێ کێ بێ کە زیاترلە ٧٠ هەزار شەهیدی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردۆتە قوربانی بڕێک پارە!!

ئێمەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڵ ئەوەی کە ئەو شێوە هەڵسو کەوتانە بە قازانجی کورد نازانین بگرە، بە دەستتێوەردان لە کارو باری ناوخۆی خۆمان دەزانین و بە پیلانی کۆماری ئیسلامیشی دادەنێن .رێز گرتن لە جینایەت کارێکی وەکی خومەینی و بەتایبەت دانانی ناز ناوی ” پێشەوای مەزن”…!! بەبێ رێزی بە خوێنی شەهیدان‌و خەباتی ٣٤ ساڵەی خەلکی کورد لەو بەشەی کوردستان دەزانین. هەر بۆیە داواکارین بەرپرسانی باشووری کوردستان لەوبارەوە لێکۆڵینەوە بکەن و وەڵامی خەڵکی وەزاڵەهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان بدەنەوە.

کەمپین بۆ راست کردنەوەی راگەیاندنی (ی.ن) . خومەینی نە شەهید و نە پێشەوایە.

لاپەرەی بەشداری لە کەمپین لە فەیسبووک