مه‌لاله له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان. وەرگێڕانی لە ئینگلیسییەوە: د ئاسۆ حەسەنزادە
به‌ڕێزانی له من گه‌وره‌تر و خوشک و برا خۆشه‌ویسته‌کانم!
بۆ من شانازییه‌کی گه‌وره‌یه که پاش ماوه‌یه‌کی زۆر ئه‌مڕۆ لێره قسه ده‌که‌م. راوه‌ستانم لێره له‌به‌رده‌م که‌سانی ئه‌وه‌نده به‌ڕێز و پایه‌به‌رز ساتێکی مه‌زنه له ژیانمدا.
نازانم قسه‌کانم به چی ده‌ست پێ بکه‌م. نازانم خه‌ڵک چاوه‌ڕوانه که من چی بڵێم. پێش هه‌موو شتێک سوپاسی خوا ده‌كه‌م که له به‌رامبه‌ر وی‌دا هه‌موومان یه‌کسانین و سوپاس بۆ هه‌ر که‌سێک که نزای بۆ من کردووه که زوو چاک ببمه‌وه و ژیانێکی نوێ ده‌ست پێ بکه‌مه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا خه‌ڵک ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویستییان به‌رامبه‌ر به من نیشان داوه که بۆخۆشم ناتوانم باوه‌ڕ بکه‌م. هه‌زاران کارتی ئاره‌زووی چاکبوونه‌وه و دیاریم له سه‌راسه‌ری جیهانه‌وه به‌ده‌ست گه‌یشتووه. سوپاس بۆ هه‌ر هه‌موویان. سوپاس بۆ ئه‌و مناڵانه‌ی به وشه ساده‌کانی خۆیان له‌و ماوه‌یه‌دا منیان دڵگه‌رم کرد و هانیان دام. سوپاس بۆ گه‌وره‌تره‌کانم که دووعاکانیان منیان به‌هێزتر کرد. سوپاسی په‌رستاره‌كانم و پزیشکه‌کان و هه‌موو ستافی نه‌خۆشخانه‌کانی پاکستان و بریتانیا و هه‌روه‌ها حکومه‌تی میرنشینیی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی ده‌كه‌م که یارمه‌تییان دام باشتر بم و هێز و توانای خۆم وه‌ده‌ست بێنمه‌وه.
ئه‌من به‌ته‌واوی پشتیوانی له یه‌که‌م ده‌سپێشخه‌ریی په‌روه‌رده‌ی جیهانی له‌لایه‌ن به‌ڕێز بان کی موون سکرتێری گشتی و هه‌وڵ و تێکۆشانی به‌ڕێز گۆردۆن براون نێرده‌ی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان ده‌كه‌م. سوپاسی هه‌ردووکیان ده‌كه‌م که له‌و بواره‌دا رێبه‌ریمان ده‌که‌ن و هه‌وێن ده‌ده‌نه کار و کرده‌وه‌کانمان.
خوشک و برایانی خۆشه‌ویست! شتێکتان له‌بیر بێ. رۆژی مه‌لاله ته‌نیا رۆژی من نیه. ئه‌مڕۆ رۆژی هه‌موو ژنێکه، رۆژی هه‌موو ئه‌و کوڕ و کچانه‌یه که ده‌نگی خۆیان له‌پێناوی مافه‌کانیاندا به‌رز کردۆته‌وه. به سه‌دان چالاکی بواری مافی مرۆڤ هه‌ن که هه‌ر به قسه باسی مافی مرۆڤ ناکه‌ن، به‌ڵکوو به‌کرده‌وه‌ش بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان له‌بواری په‌روه‌رده و ئاشتی و یه‌کسانیدا خه‌بات ده‌كه‌ن. له‌و رێگایه‌دا هه‌زاران که‌س به‌ده‌ستی تێرۆریسته‌کان کوژراون و به میلیۆن که‌سیش بریندار بوون. ئه‌من ته‌نیا یه‌کێک له‌وانم. که‌وابوو ئه‌من که لێره راوه‌ستاوم، ته‌نیا کچێکم له‌نێو زۆری دیکه‌دا.
ئه‌من ته‌نیا بۆخۆم قسه ناکه‌م، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو ئه‌و کوڕ و کچانه قسه ده‌که‌م. ئه‌من که ئێستا به ده‌نگی به‌رز ئه‌و قسانه ده‌كه‌م مه‌به‌ستم هاوار کردن نیه، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌یه که ئه‌وانه‌ی وا ده‌نگیان نابیسترێ ده‌نگی وانیش ببیسترێ. ده‌نگی ئه‌وانه‌ی وا بۆ مافه‌کانی خۆیان خه‌بات ده‌كه‌ن. مافی ئه‌وه که له ئاشتیدا بژین، رێز له که‌رامه‌تیان بگیرێ، هه‌لی یه‌کسانیان بۆ بڕه‌خسێ و په‌روه‌رده بکرێن.
دۆستانی خۆشه‌ویست! رۆژی 9ی ئۆکتۆبری 2012، چه‌کداره‌کانی تاڵیبان ته‌قه‌یان له من کرد و به گولله‌ی خۆیان لای چه‌پی هه‌نیه‌میان ئه‌نگاوت. ئه‌وان ته‌قه‌یان له هاوڕێکانیشم کرد. ئه‌وان پێیان وابوو که به گولله‌کانیان ده‌توانن بێده‌نگمان بکه‌ن. به‌ڵام نه‌ک هه‌ر له‌و کاره‌دا سه‌رنه‌که‌وتن، به‌ڵکوو دوای ئه‌مه هه‌زاران ده‌نگ له‌نێو بێده‌نگییه‌وه به‌رز بوونه‌وه. تێرۆریسته‌کان پێیان وابوو ده‌توانن ئامانجه‌کانمان پێ بگۆڕن و له خه‌ونه‌کانمان پاشگه‌زمان بکه‌نه‌وه. به‌ڵام هیچ شتێک له ژیانی مندا نه‌گۆڕا، بێجگه له یه‌ک شت : لاوازی و ترس و بێ ئومێدی له مندا مردن. له‌بری ئه‌وه، هێز و توانا و بوێری له‌دایک بوون. ئه‌من هه‌ر مه‌لاله‌که‌ی جارانم. خه‌ون و ئاوات و هیواکانم هه‌ر ئه‌وانه‌ی جارانن و هه‌روا له جێی خۆیان ماون.
خوشک و برایانی خۆشه‌ویست! ئه‌من دژمنی هیچ که‌س نیم. بۆ تۆڵه‌ستاندنه‌وه له تاڵیبان یان هه‌ر گرووپێکی تری تێرۆریست نه‌هاتووم لێره قسه بکه‌م. ئه‌من بۆیه لێره‌م که بۆ مافی په‌روه‌رده‌ی هه‌موو منداڵێک ده‌نگی خۆم به‌رز بکه‌مه‌وه. ئه‌من په‌روه‌رده‌م بۆ کوڕ و کچی هه‌موو توندڕه‌وه‌کانیش به‌تایبه‌تی تاڵیبان ده‌وێ. ئه‌من ته‌نانه‌ت رقم له‌و چه‌کداره‌ی تاڵیبانیش نیه که ته‌قه‌ی لێ کردم. ئه‌گه‌ر هه‌ر ئێستا ئه‌من چه‌کێکم به‌ده‌سته‌وه بێ و ئه‌ویش له به‌رامبه‌رم راوه‌ستێ، ته‌قه‌ی لێ ناکه‌م. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و هاوسۆزییه‌یه که له محه‌ممه‌د پێغه‌مبه‌ری به‌زه‌یی و عیسا مه‌سیح و خودان بوودا فێری بووم. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و میراتی گۆڕانه‌یه که له مارتن لوتێر کینگ و نێلسۆن ماندێللا و محه‌مه‌د عه‌لی جیناحه‌وه به میرات بۆم به‌جێ ماوه. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ی خۆبواردن له توندوتیژییه‌یه که له گاندیی مه‌زن و باچاخان و دایه تێرێزا وه‌رم گرتووه. ئه‌مه هه‌روه‌ها ئه‌و لێبورده‌ییه‌یه که دایک و باوکم فێریان کردووم. هه‌ر ئه‌و شته‌شه که رووحی خۆم پێم ده‌ڵێ: ئاشتیخواز به و هه‌موو که‌ست خۆش بوێ.
خوشک و برایانی خۆشه‌ویست! ئێمه کاتێک بایه‌خی رووناکیمان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که تاریکی ببینین. کاتێك بایه‌خی ده‌نگی خۆمانمان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که بیانه‌وێ بێده‌نگمان بکه‌ن. هه‌ر به‌م چه‌شنه، ئه‌وانه‌ی وا له سواتی باکووری پاکستان ده‌ژین، ئه‌و کاته گرینگیی پێنووس و کتێبیان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که چه‌که‌کانیان دیتبێ.
ئه‌و زانایه‌ی ده‌یگوت “پێنووس له شمشێر به‌هێزتره” راستی ده‌کرد. توندڕه‌وه‌کان له کتێب و پێنووس ده‌ترسن. هێزی په‌روه‌رده ئه‌وان ده‌ترسێنێ. ئه‌وان له ژنان ده‌ترسن. هێزی ده‌نگی ژنان ئه‌وان ده‌ترسێنێ. هه‌ربۆیه‌شه ئه‌وان ماوه‌یه‌ک له‌مه‌به‌ر له هێرشێکدا له کوێتا چارده کچه خوێندکاری بێگوناحی پزیشکییان کوشت. هه‌ربۆیه‌شه له خیبێر پۆختوون خوا و فاتا ژماره‌یه‌کی زۆر ئافره‌تی مامۆستا و په‌ره‌ستاری نه‌خۆشیی ئیفلیجیان کوشت. هه‌ربۆیه‌شه هه‌موو رۆژێک قوتابخانه‌کان ده‌ته‌قێننه‌وه. هۆیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌وان له گۆڕان و یه‌کسانییه‌ک که ئێمه بۆ نێو کۆمه‌ڵگای خۆمانی دێنین ده‌ترسان و ده‌ترسێن.
وه‌بیرم دێ له قوتابخانه‌که‌مان رۆژێکیان رۆژنامه‌وانێک له کوڕێکی پرسی “بۆچی تاڵیبان دژی خوێندنی ئێوه‌ن؟”. ئه‌و له وڵامدا زۆر به ساده‌یی قامکی له‌سه‌ر کتێبه‌كه‌ی دانا و گوتی: “تاڵیبان نازانن ئه‌م کتێبه چی تێدا نووسراوه”. ئه‌وان پێیان وایه که خودا بوونه‌وه‌رێكی ئه‌وه‌نده چووک و لاواز و که‌م چیکڵدانه‌یه که ته‌نیا به تاوانی ئه‌وه که کچان ده‌چنه قوتابخانه ره‌وانه‌ی جه‌هه‌ننه‌میان ده‌كا. تێرۆریسته‌کان له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیاندا که‌ڵکی خراپ له ناوی ئیسلام و کۆمه‌ڵگای په‌شتوون وه‌رده‌گرن. خه‌ڵكی په‌شتوون په‌روه‌رده‌یان بۆ کچ و کوڕه‌کانی خۆیان ده‌وێ. ئیسلامیش ئایینی ئاشتی و مرۆڤایه‌تی و برایه‌تییه. ئیسلام ده‌ڵێ خوێندن نه‌ک ته‌نیا مافی هه‌ر منداڵێکه، به‌ڵكوو ئه‌رکی سه‌رشانیشیه‌تی.
جه‌نابی سکرتێری گشتی! بۆ په‌روه‌رده ئاشتی پێویسته. له زۆر شوێنی جیهان به‌تایبه‌تی له پاکستان و ئه‌فغانستان، تێرۆریزم و شه‌ڕ و ناکۆکییه‌کان پێش به‌وه ده‌گرن که مناڵان بچنه قوتابخانه. ئێمه به‌ڕاستی له‌و شه‌ڕانه ماندوو بووین. ژنان و مناڵان له زۆر شوێنی جیهان به زۆر شێوه ئازار ده‌کێشن. له هیندستان، کار به مناڵانی هه‌ژار و بێگوناح ده‌که‌ن. زۆر له قوتابخانه‌کانی نیجێریا وێران کراون. خه‌ڵکی ئه‌فغانستان ده‌یان ساڵه به‌ده‌ست ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌وه ده‌ناڵێنن. مناڵانی کچ وه‌ك خزمه‌تکاری نێو ماڵ کاریان پێ ده‌کرێ و ناچار ده‌كرێن زوو شوو بکه‌ن. ژنان و پیاوانی ناوچه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ کێشه‌ی هه‌ژاری و نه‌زانی و بێعه‌داڵه‌تی و ره‌گه‌ز په‌رستی و بێبه‌شی له مافه سه‌ره‌تاییه‌كانیان به‌ره‌وڕوون.
هاوڕێیانی خۆشه‌ویست! ئه‌مڕۆ ئه‌من زۆرتر پێداگری له‌سه‌ر مافی ژنان و په‌روه‌رده‌ی کچان ده‌كه‌م، چونکه ئه‌وان له هه‌موو چین و توێژه‌كانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا زیاتر ئازار ده‌كێشن. سه‌رده‌مێک ژنانی چالاکی کۆمه‌ڵایه‌تی داوایان له پیاوان ده‌کرد که له‌پێناوی مافه‌کانیان دا هه‌ستنه سه‌ر پێ. ئه‌من ناڵێم که هه‌وڵدان بۆ مافه‌کانی ژنان کاری پیاوان نیه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌وه جه‌خت ده‌كه‌م که ژنان ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ بن و بۆخۆیان خه‌بات بکه‌ن.
خوشک و برایانی خۆشه‌ویست! ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه وه ده‌نگ بێین. هه‌ربۆیه ئه‌مڕۆ داوا له رێبه‌رانی جیهان ده‌كه‌ین که سیاسه‌ت و ستراتژییه‌كانی خۆیان له‌پێناوی ئاشتی و پێشکه‌وتندا بگۆڕن. ئێمه به رێبه‌رانی جیهان ده‌ڵێین که پێویسته رێککه‌وتنه‌کانی ئاشتی پارێزگاری له مافه‌کانی ژنان و مناڵان وه‌به‌رچاو بگرن. هه‌ر رێککه‌وتنێک که به‌دژی که‌رامه‌تی ژنان و مافه‌کانیان بێ، نابێ قبووڵ بکرێ.
ئێمه داوا له هه‌موو حکومه‌ته‌كان ده‌كه‌ین خوێندنی خۆڕایی و ئیجباری بۆ هه‌موو مناڵانی جیهان دابین بکه‌ن. داوایان لێ ده‌كه‌ین به‌دژی تێرۆریزم و توندوتیژی خه‌بات بکه‌ن و مناڵان له ئه‌زیه‌ت و ئازار به‌دوور بگرن. ئێمه داوا له وڵاتانی پێشکه‌وتوو ده‌كه‌ین که پشتگیر و یارمه‌تیده‌ر بن بۆ ئه‌وه که کچانی وڵاتانی دواکه‌وتوو ده‌ستیان به هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌کانی په‌روه‌رده رابگا. ئێمه داوا له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکان ده‌كه‌ین که لێبورده بن و هه‌ر جۆره پێشداوه‌رییه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای چین و ره‌چه‌ڵه‌ک و باوه‌ڕ و ئایین و جێنده‌ر ره‌ت بکه‌نه‌وه. ده‌مانه‌وێ ئازادی و یه‌کسانی بۆ ژنان دابین بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تییان ده‌ربکه‌وێ و گه‌شه بکا. ئێمه هه‌موومان سه‌رکه‌وتوو نابین ئه‌گه‌ر نیوه‌ی ئێمه له پاشکه‌وتوویی‌دا رابگیرێ. داوا له خوشکانمان له ته‌واوی جیهاندا ده‌که‌ین که ئازاد بن، هێزی په‌نگخواردووی ده‌روونی خۆیان ده‌کار بخه‌ن و ته‌واوی پۆتانسیه‌لی خۆیان نیشان بده‌ن.
خوشک و برایانی خۆشه‌ویست! ئێمه قوتابخانه و په‌روه‌رده‌مان بۆ ئه‌وه ده‌وێ که داهاتووی هه‌موو مناڵێک رووناک بێ. ئێمه رێگای خۆمان که رێگای خه‌بات بۆ ئاشتی و په‌روه‌رده بۆ هه‌مووانه درێژه پێ ده‌ده‌ین. له‌و رێگایه‌دا هیچ که‌س ناتوانێ پێشمان پێ بگرێ. بۆ مافه‌کانی خۆمان وه‌قسه دێین و به ده‌نگی خۆمان گۆڕانکاری وه‌دی دێنین. ئێمه ده‌بێ باوه‌ڕ به هێز و توانای وشه‌كانی خۆمان بکه‌ین. وشه‌کانمان ده‌توانن جیهان بگۆڕن، چونکه هه‌موومان پێکه‌وه ده‌بین و له‌پێناوی ئامانجی په‌روه‌رده‌دا یه‌ک ده‌گرین. ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ ئامانجه‌کانمان وه‌دی بێن، ده‌بێ به چه‌كی زانست هێز به خۆمان ببه‌خشین و به یه‌کێتی و پێکه‌وه بوونمان ببینه پشت و په‌نا بۆ یه‌كتر.
خوشک و برایانی خۆشه‌ویست! ئێمه نابێ له‌بیرمان بچێ که به میلیۆن خه‌ڵک به‌ده‌ست هه‌ژاری و ناعه‌داڵه‌تی و نه‌زانییه‌وه ده‌ناڵێنن. نابێ له‌بیرمان بچێ که به میلیۆن مناڵ ناچنه قوتابخانه. نابێ له‌بیرمان بچێ که خوشک و براکانمان چاوه‌ڕوانی داهاتوویه‌كی رووناک و ئارامن. که‌وابوو با خه‌باتێکی جیهانی به‌دژی نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژاری و تێرۆریزم ده‌ست پێ بکه‌ین. با کتێب و پێنووسه‌کانمان تاو بده‌ینێ. ئه‌وان چه‌کی هه‌ره به‌هێزی ئێمه‌ن.
یه‌ک مناڵ، یه‌ک مامۆستا، یه‌ک پێنووس و یه‌ک کتێب ده‌توانن جیهان بگۆڕن. په‌روه‌رده ته‌نیا رێگاچاره‌یه. په‌روه‌رده پێش هه‌موو شتێک.
(وه‌رگێڕان له ئینگلیسیه‌وه: د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده)