گەورە شاعێری گەلەکەمان کاک شێرکۆ بێکەس کۆچی دوایی کرد.

بە پێی هەواڵ ئەمرۆ یەکشەممە کەڵە شاعیر و شۆرشگێر و ڕووناکبیری گەلەکەمان دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد. کۆچی دوایی مامۆستا و شاعیر، ئەدیب و نووسەر، پێشمەرگەی ناوسەنگەری کوردایەتی خەسارێکی گەورەیە بۆ گەلەکەمان و بە تایبەت بواری شێعر و هۆنراوەی کوردی. کاک شێرکۆ بێکەس یەکێک لەو شاعیرە گەورانەی گەلەکەمان بوو کە هەمیشە لە ناخی دا، لە بیرو هزری دا کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و گەلدۆستی ڕەنگی دەدایەوە و ژیانی پڕاوپڕ بوو لە شانازی و ئیمان بەخۆ بوون.

شێرکۆ بێکەس یەکێک لەو شاعیرە گەورانەی گەلەکەمانە کە هەموو کات بە نەمری دەمنێتەوە و خەرمانەی کتێب و دیوان و شێعر و هەڵبەست و هۆنراوەکانی بۆ ئەبەد لە نێو کتێبخانە و قوتابخانەکانی کوردستان دا وەک وانە دەوترێنەوە و بۆ خۆشی وەک ئەستیڕەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی کوردستان دەدرەوشێتەوە. بە دڵنیایەوە نەوەی ئەمرۆ و داهاتووی گەلەکەمان بە ڕێزەوە لە خزمەت و تێکۆشان و دیاری‌یەکانی ئەو شاعیرە نەمرەی گەلەکەمان دەروانێ و بۆ ڕێزگرتن لە گەورەیی کاک شێرکۆ بێکەس قوتابخانە و شەقامی بە ناو دەکەنەوە و لە ئەزموون و خەبات و تێکۆشان و نووسین و بەرهەمەکانی کەڵک وەردەگرن.

بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک شیرکۆ بێکەس هاوخەمی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەویندارانی ڕێگا و ڕیبازی و هاورێ و هاوخەباتیان و خەڵکی بە ئەمەگ و خۆشەویستی کوردستان و بنەماڵە سەربەرز و شۆرشگێر و ڕووناکبیترەکەیان دەکەم و ئاواتەخوازم کە گەلەکەمان کەڵە شاعیری لە چەشنی کاک شێرکۆ بێکەسی زۆر پەروردە بکات و ڕووحی شاد و جێگای بەهەشت و ڕێگای خەبات و نووسینی پڕ ڕێبوار بێ.

ماڵپەری گیارەنگ