حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌شکۆوه یادی 68 ساڵه‌ی دامه‌زرانی خۆی کره‌وه
حیزبی دێموکراتی کوردستان له 68 ساڵه‌ی دامه‌زرانی خۆی‌دا به به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمێکی به‌شکۆ ڕێزی له دامه‌زرێنه‌رانی حیزب‌و مێژووی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان گرت. له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا که ڕۆژی هه‌ینی، 25 ی گه‌لاوێژ به‌به‌شداریی نوێنه‌رانی 21 حیزب‌و لایه‌نی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵات، باشوور، باکوور‌و خۆراوای کوردستان‌و، کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تیی ئه‌ده‌بی‌و کولتووری‌و پتر له هه‌زار که‌س له کادرو پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامانی حیزبی دێموكراتی کوردستان له باشووری کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، به‌شداران به گه‌رم‌و گوڕییه‌کی که‌م وێنه‌وه یادی 25 ی گه‌لاوێژ، دامه‌زرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیان به‌رز ڕاگرت.
ڕێوڕه‌سمی ساڵڕۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به سروودی نه‌ته‌وایه‌تیی ئه‌ی ڕه‌قیب‌و ڕاگرتنی ساتێک بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له شه‌هیدانی 68 ساڵ خه‌بات‌و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات‌و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی کوردستان ده‌ستی پێکردو دواتر کاک خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌و بۆنه‌یه‌وه وتارێکی گرینگی پێشکێش کرد.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له سه‌ره‌تای قسه‌کانی‌دا به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له مێژووی حیزبی دێموکڕات گوتی ڕاسته حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له مێژووی 67 ساڵ خه‌بات‌و تێکۆشانی خۆی سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و قوربانی‌یانه‌ی داویه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که شانازیی دامه‌زرانی کۆماری کوردستانی پێ بڕا، ماوه‌یه‌کی که‌م مه‌جالی تێکۆشانی ئاشکرای له نێو خه‌ڵک‌دا بۆ هه‌ڵ که‌وتوه‌و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی نه‌بوه که به‌رنامه‌که‌ی پێشه‌وای که کۆماری کوردستانی له‌سه‌ر دامه‌زرا، جارێکی دیکه له مه‌یدانی پان‌و به‌رینی ئێران‌و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌دا دیسان بیخاته‌وه مه‌یدانی قه‌زاوه‌تی خه‌ڵک‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌ڵک. به‌ڵام ڕاسته ماوه‌ی تێکۆشانی ئاشکرای ئه‌و حیزبه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له به‌راورد له‌گه‌ڵ 67 ساڵ ته‌مه‌نی زۆر که‌مه، به‌ڵام ئه‌و حیزبه له بواری رێکخستن، له بواری دیپلۆماسی، له بواری خزمه‌ت به دروستکردنی هێمای نه‌ته‌وایه‌تیی له‌و به‌شه‌ی که به‌شی بوو، له بواری دروستکردنی گوفتومانی سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌و به‌شه‌ی که ئه‌رکی بوو، له هه‌مان کات‌دا جێبه‌جێ کردنی ئه‌رکه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی خۆی حیزبێکی کاراو ده‌وڵه‌مه‌نده.
کاک خالید عه‌زیزی جه‌ختی کرده‌وه حیزبی دێموکڕاتی کوردستان یه‌که‌م حیزبی کوردی بوو که به دامه‌زراوه‌یه‌کی نوێ له چوارچێوه‌ی حیزبایه‌تی‌دا تێکۆشا عه‌قڵییه‌تی سیاسیی کۆمه‌ڵگا بگۆڕێ‌و له چوارچێوه‌ی حیزبایه‌تی‌دا مۆدێڕن‌دا ڕێکی بخا.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به ئاماژه به ڕووداوه‌کانی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان‌و کوژران‌و زیندانی‌و دوورخستنه‌وه‌ی رێبه‌ران‌و هه‌ڵسووڕاوانی حیزبی دێموکڕات تیشکی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی که تا ئه‌و کاته‌ی حیزب له شۆرشی ساڵی 57 دا ده‌ره‌تانی ئاشکرا کردنه‌وه‌ی کاری ریکخستن‌و چالاکی‌یه‌کانی بۆ هاته‌وه پیش، ئه‌وه خه‌ڵکی کوردستان بوون که سه‌ره‌ڕای هه‌موو فشاره‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیان به گیان‌و به دڵ پاراستبوو.
کاک خالید عه‌زیزی له به‌شیکی دیکه‌ی قسه‌کانی‌دا به ئاماژه به مێژووی حیزب له سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕینی 47 – 46 و ده‌سپێکردنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌و به‌شداریی به‌رچاوی حیزبی دێموکڕات‌و شه‌خسی دوکتور قاسملوو له ڕووداوه سیاسی‌یه‌کانی دوای هاتنه سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامی تیشکی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی که حیزب له‌و ده‌رفه‌ته که‌لک وه‌رده‌گرێ تا له گۆڕه‌پانی ئێران‌دا له رێی دانوستان‌و دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بکا. حیزبی دێموکرات به تایبه‌ت دوکتور قاسملوو هه‌موو هه‌وڵێکی قانوونی، به‌رپرسانه‌و شارستانییانه‌ی له‌و پێناوه‌دا خسته‌گه‌ڕ، به‌ڵام به داخه‌وه په‌یامی ئاشتی، په‌یامی پێکه‌وه ژیان، په‌یامی دانوستان‌و وتووێژ، په‌یامی پێکه‌وه ئیداره کردنی ئێران له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستانی ئه‌و کاتی ئێرانه‌وه وه‌رنه‌گیراو شه‌ڕ به سه‌ر حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و پێشمه‌رگه‌کانی‌و گه‌لی کورد‌دا سه‌پێندرا. به‌ڵام حیزب له‌و مه‌یدانه‌ش‌دا، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی ناچار به‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه بووه، به‌رگریی ئازایانه‌ی له خه‌ڵک‌و ئاڕمانجه‌کانی گه‌له‌که‌ی کردوه‌و له‌و پێناوه‌دا له‌گه‌ڵ تۆمار کردنی شانازییه‌کی زۆر، قوربانیی زۆریشی داوه.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی قسه‌کانی‌دا به ئاماژه به سیاسه‌ت‌و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی حیزب له هه‌مبه‌ر به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان‌دا ڕایگه‌یاند که له هه‌موو مێژووی حیزبی دێموکڕات‌دا به تایبه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی له دوورخراوه‌یی‌دا بووه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له زۆر قۆناخ‌دا تووشی فشار‌و زیان‌و خه‌سار هاتوه، به‌ڵام هه‌رگیز له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌کانی باڵای کوردستان ته‌نه‌خی نه‌کردوه‌و هه‌وڵی داوه له هه‌ر کام له پارچه‌کانی کوردستان ئه‌گه‌ر نه‌یتوانیبێ ڕاسته‌خۆ یارمه‌تی له چاره‌سه‌ری پرسی کورد‌دا بکا، ده‌ست له کاروباری نێوخۆیی ئه‌و به‌شه وه‌رنه‌داو کارێک نه‌کا سیاسه‌تی حیزب ببێته ئه‌سبابی کێشه بۆ ئه‌و به‌شانه له کوردستان، هه‌ر بۆیه‌ش له‌و باره‌وه خۆمان به سه‌ربه‌رز ده‌بینین.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی باسه‌که‌ی‌دا که بۆ باس له سه‌ر بابه‌ته سیاسی‌یه‌کانی ئێستای ئێران‌و دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماریی ئێران ته‌رخانی کردبوو، ئاماژه‌ی به گرینگیی قۆستنه‌وه‌ی هه‌ل‌و ده‌رفه‌ته قانوونی‌یه‌کان له پێناو بردنه‌پێشێی دۆزی کورد‌و جێخستنی گوتاری کوردی له ئێران‌دا کرد له قسه‌کانی‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌کیه‌تیی ڕیزه‌کانی حیزب‌و بزاوت‌و جموجۆڵه‌کان له نێوخۆی وڵات‌دا کرده‌وه‌و به ئاماژه به ڕووداوه‌کانی ناوچه‌و ئه‌و شه‌ڕه‌ی له نێوان شیعه‌و سوننی‌دا ڕێ که‌وتوه، تیشکی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پرسی کورد له کوردستان پرسێکی نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌و ئه‌و پرسه ده‌بێ هه‌موو جۆراوجۆری‌یه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی به شیعه‌و سووننی و یارسان‌و جۆراوجۆری‌یه‌کانی دیکه، له سه‌ر ئه‌ساسی نه‌ته‌وه‌یی بوونی پرسه‌که‌مان‌و گوتاری نه‌ته‌وه‌ییمان یه‌ک بین‌و پرسی خۆمان به‌رینه پێشێ.
له‌و به‌شه‌دا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان جه‌ختی کرده‌وه ئێمه له‌و باوه‌ڕه داین که چالاکانی مه‌ده‌نی‌و سیاسیی نێوخۆی وڵات ده‌بێ گوفتومانی کوردیی خۆیان بهێننه گۆڕێ‌و له دانیشتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات له تاران، له‌گه‌ڵ کاربه‌دستان‌و ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئێستا له ده‌سه‌ڵات‌دا نین‌و له ئۆپۆزیسیۆن دان، باسی پرسی کوردیان له‌گه‌ڵ بکه‌ن، پێیان بلێن له کاتێک‌دا له ناوچه پرسی کورد هاوته‌راز ه‌گه‌ڵ ئاڵوگۆره‌کان ده‌چێته پێشێ، کۆمه‌ڵگای ئێران وه‌دوا ده‌که‌وێ ئه‌گه‌ر نه‌توانێ پرسی کورد چاره‌سه‌ر بکاو کێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی تاران کێشه‌ی مافه‌کانی خۆمانه‌و بۆ ده‌سته‌به‌ری ئه‌و مافانه له تێکۆشان به‌رده‌وام ده‌بین.
کاک خالید عه‌زیزی له به‌شیکی دیکه‌ی باسه‌که‌ی‌دا به تاوتوێی بارودۆخی کورد له خۆراوا، باکوور‌و باشووری کوردستان ئاماژه‌ی به گرتنی هه‌وڵ‌و به‌رنامه‌کان بۆ گرتنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کرد‌و جه‌ختی کرده‌وه کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له چه‌ند ڕوو گرینگه، یه‌که‌م ئه‌وه‌ی کاتێک ئێمه ده‌توانین وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ته‌عامول له‌گه‌ڵ خۆمان، له ته‌عامولی له‌گه‌ڵ فارس‌و تورک‌و عه‌ره‌ب، له ته‌عامول له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ورووبه‌رو دنیا بێینه گۆرێ، که یه‌ک‌ده‌ست بین، یه‌ک په‌یاممان هه‌بێ‌و خاوه‌نی یه‌ک گوتاری هاوبه‌ش‌و یه‌ک پێناسه بین‌و ئه‌و پێناسه‌یه نابێ بکه‌وێته خانه‌ی به‌رژه‌وندیی حیزبێک یان ناوچه‌گه‌رایی، یان ئه‌وه‌ی هه‌ر کات‌و ساتێک حیزبێک بیه‌وێ پێناسه بۆ ئه‌و شوناسه بکا.
کاک خالید له‌و به‌شه‌ی قسه‌کانی‌دا جه‌ختی کرده‌وه که هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک له شکڵی سیاسی‌دا دروست نابێ ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگاکه‌و حیزبه‌کانی ئیلتیزام‌و ده‌روه‌ستی‌یان به هێماکانی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان نه‌بێ‌و، سروود، ئاڵا‌و مێژوو‌و که‌سایه‌تیی مێژوویی به‌شێک له‌و هێماو سومبولانه‌ن‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌و هێماو سه‌مبولانه‌ی نه‌بێ به ڕاحه‌تی نابێ به میلله‌ت‌و ئه‌وه ده‌بێ له قوتابخانه‌و زانکۆکان‌و له په‌روه‌رده‌ی حیزبه‌کان‌دا بخوێندرێ‌و ببێته شوناسی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو لایه‌ک.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به جه‌خت‌کردنه‌وه له سه‌ر پڕه‌نسیپی چاره‌سه‌ری ئاشتی‌یانه‌ی پرسی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان‌و هێنایه‌وه‌ی چه‌ندین فاکت له مێژووی خه‌باتی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دو حیزبی دێموکڕات به ئاماژه به‌وه‌ی ئه‌مه یه‌کێک له په‌یامه‌کانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌بێ، پێداگری له سه‌ر ئه‌وه کرد که ده‌بێ ئه‌و مافه بۆ هه‌ر کام له به‌شه‌کانی کوردستان بمێنێته‌وه له جۆری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی ئه‌و به‌شه خۆی بڕیار بدا‌و ده‌ستی ئاوه‌ڵا بێ. له‌و باره‌وه کاک خالید ئاماژه‌ی به‌وه کرد که زۆر جار ده‌گوترێ سه‌رده‌می شه‌ڕی چه‌کداری نه‌ماوه، ده‌گوترێ سه‌رده‌می خه‌باتی پێشمه‌رگه نه‌ماوه، ته‌نانه‌ت ده‌گوترێ خه‌بات ده‌به‌ینه نێو ئێنتێرنێت‌و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان، ئه‌وه‌ش له کاتێک‌دایه که زلهێزترین وڵات بێ ده‌سه‌ڵاتی نیزامی ناتوانێ بالانسی خۆی له هاوکێشه سیاسی‌یه‌کانی جیهان‌دا ڕابگرێ. له‌و سه‌رده‌مه‌دا که نه‌ته‌وه‌یه‌ک که خه‌باته‌که‌ی نه‌گه‌یوه‌ته دوایین مه‌نزڵگه‌ی خۆی، حه‌قیه‌تی له هه‌موو مێتۆده‌کانی خه‌بات که‌لک وه‌ربگرێ‌و بۆیه ئێمه وه‌ک حیزبی دێموکڕات هه‌ر کاتێ بزانین خه‌باتی چه‌کداری له به‌رژه‌وه‌ندیی بردنه پێشێی دۆزی گه‌له‌که‌مان دایه، ده‌ست به خه‌باتی چه‌کداری ده‌که‌ینه‌وه و ده‌یبه‌ینه‌وه نێو خه‌ڵکه‌که‌مان، به‌ڵام هیوادارین به له‌به‌رچاوگرتنی ئاسه‌واره‌کانی شه‌ڕ، مه‌نتیق‌و دیالۆگ‌و هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تی هه‌موو لایه‌نێک قه‌ت ئێمه بۆ ئه‌و بارودۆخه نه‌باته‌وه.
له به‌شێکی دیکه‌ی رێوڕه‌سمی 25 ی گه‌لاوێژ، ساڵرۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌دا ناوی ئه‌و حیزب‌و لایه‌نه سیاسی‌یانه خوێندرایه‌وه که وێڕای به‌شدارییان برووسکه‌ی پیرۆزباییان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان ناردبوو که بریتی بوون له:
لقی 11 ی پارتی دێموکڕاتی کوردستان، مه‌کته‌بی پێوه‌ندی‌یه کوردستانی‌یه‌کانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، مه‌کته‌بی سیاسیی حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، کومیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، کومیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگیڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خه‌باتی کوردستان، کۆمه‌ڵه _ ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، مه‌کۆی کۆیه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، لقی کۆیه‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی، مه‌کته‌بی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان، مه‌کته‌بی سیاسیی حیزبی ئاینده‌ی ئێران، لقی 24 ی سه‌فینی پارتی دێموکراتی کوردستان، مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی کرێکاران‌و ڕه‌نجده‌ران، مه‌کته‌بی پێوه‌ندی‌یه نیشتمانی‌یه‌کانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی کوردستان، مه‌کته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی دێمۆکڕاتی گه‌لی کوردستان، لقی کۆیه‌ی یه‌کیه‌تیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان، مه‌ڵبه‌ندی 14 ی ڕێکخستنی کۆیه‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی، مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی دێمۆکڕاتی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان قه‌زای کۆیه، یه‌کیه‌تیی دێمۆکراتی کوردستان _ ئێران، ڕه‌وتی سۆسیالیستی کۆمه‌ڵه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده‌ی کۆیه.
شایانی باسه سروودی” گزینگی دا گه‌لاوێژ” له‌لایه‌ن کۆڕسی کۆری هونه‌ریی حیزب، خوێندنه‌وه‌ی شێعری “بۆ گه‌لاوێژ” له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن دانشفه‌ڕ، گۆرانیی ” هیوای دێمۆکڕات” له‌لایه‌ن کۆرسی منداڵانی سه‌ر به ناوه‌ندی منداڵپارێزیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، گۆرانیی ” عاشق مه‌به” له‌لایه‌ن گۆرانیبێژان چرپه‌و که‌ریم، گۆرانیی ” چ که‌ردی” له‌لایه‌ن بورهان جوانڕۆیی، چه‌ند تابڵۆ هه‌ڵپه‌ڕکێی گڕووپی ” شایی باران”ی منداڵان‌و هه‌ڵپه‌ڕکێی گشتیی به‌شدارانی رێوڕه‌سمه‌که، بڕگه‌که‌کانی دیکه‌ی رێوڕه‌سمی 25 ی گه‌لاوێژ، شه‌ست‌و هه‌شته‌مین سالرۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.