ڕۆژی و شوێنی گرتنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دیاری کرا.

ئەمرۆ لە لایەن کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردەوە بریار درا کە لە مانگی داهاتوو لە ڕۆژەکانی ١٥ و ١٦ و ١٧ ی سپتامبری ٢٠١٣ لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەڕێوە بچێ.

کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دوای دانیشتنێکی چەند کاتژمێری ڕایگەیاند کە لە نێوەراستی مانگی سپتامبری ٢٠١٣ دا کۆنگرە دەست بە کارەکانی خۆی دەکا. هاوکات دەستەی ڕاگەیاندنی ئەو کۆمیتەیە باسی لەوە کرد کە ئەندامانی ئەو کۆنگرە ٦٠٠ کەس دەبن کە لە سەریەک بەسەر ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکوور و باشووری کوردستان و کوردانی تاراوگە دا دابەش دەکرێ و ڕێژەی بەشدارانیش دیاری کراوە.

ئەم لیژنەیە ڕێژەی بەشدارانیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند: ڕێژەی ٤٥ لە سەدی بەشداران بۆ پارت و لاییەنە سیاسی‌یەکانی کوردستان، رێژەی ٣٥ لە سەد بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان، ڕێژەی ١٠ لە سەد بۆ کەسایەتی‌یەکانی کورد و هەروەها ڕێژەی ١٠ لە سەدیش بۆ ڕێکخراوەکانی لاوان دیاری کرا. شایانی باسە، کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بریاری داوە کە لە کۆی ئەو ٦٠٠ ئەندامەی بەشدار لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دا، دەبێ ڕێژەی ٤٠ لە سەد ژنان بن واتە دەبێ لە کۆی ٦٠٠ ئەندام ٢٤٠ کەسیان ژنان بن و هەموو پارچەکانی کوردستان دەبێ ڕەچاوی ئەو بریارانە بکەن و ئەندامەکانیان بەم چەشنە بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی بانگهێشت بکەن.

جیا لەوە بریار دراوە کە ئەم کۆنگرەیە بە ئامادەبوونی ٣٠٠ میوانی دەرەکی و ئوروپایی و دۆستانی کورد و پارلەمانتێرانی وڵاتانی جۆراوجۆ کە دۆستی کوردن ببەسترێت.