٢٨ی گەلاوێژ ساڵرۆژی فتوای جیهادی خومەینی دژی نەتەوەکەمانە، ئەو رۆژە قەت لەبیر ناکەین. کەمال گروێسی
مەهاباد لەژێر بارانی ئاگردا
مانگی خه‌رمانانی ساڵی 1358ی هه‌تاویی بوو. چه‌ند رۆژێک بوو بۆ سه‌ردانی خزمان چووبومه شاری بۆکان. ئه‌و شاره وه‌ک زۆربه‌ی شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان له‌ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه و هیزه سیاسییه‌کانی کوردستاندا بوو.
به‌یانییه‌کی زوو له كارێژی (گه‌راج) مه‌هاباد له بۆکان تووشی هاواڵێکی گه‌ڕه‌کی خۆمان به ناوی مه‌حمود محاڵی بووم. پاش چاک و چۆنی،هێشتا به‌خیرهاتنیم ته‌واو نه‌کردبوو، کوتی ئه‌وه لێره چ ده‌که‌ی؟ کوتم بۆ؟ کوتی گولله خۆمپاره له حه‌ساری ئێوه که‌وتووه و بابت شه‌هید بووه! حه‌په‌سابووم،نهم ده‌زانی چ بکه‌م، ته‌نیا توانیم سواری مینی‌بووسێک بم که به‌ره‌و ئاوایی بورهان ده‌چوو.
نازانم ئه‌و رێگایه که‌ی ته‌واو بوو وچۆن گه‌یشتمێ. له بورهان سواری جیبێک بووم و هه‌تا ئاوایی دۆستاڵی به‌و جیبه‌ی چووم. له دۆستاڵی را به پێیان به‌ره‌و به‌سری و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و ئاوایی سهیدئاوا به‌رووکاری مه‌هاباد دا داگه‌ڕام. برنوویه‌کی درێژی دارشوشه‌ی ره‌قه‌م حه‌فده‌م پێ بوو. له‌به‌ر ئاوایی سهیدئاوا تووشی ژنێک و دوو منداڵ بوووم.
هه‌روا به‌ده‌م رێگاوه ده‌نگ و باسی شارم لێ پرسی و کوتی ماوی سێ رۆژه له ماڵ وه‌ده‌رکه‌وتووم و چووبووم به دوای هێوه‌ره‌که‌مدا که بێت و مێرده‌که‌م له‌شار به‌رێته‌ده‌رێ، پاشان به‌ده‌م هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵه‌وه کوتی به‌ناشکوری نه‌بێ ئه‌ویش خۆی لێ به‌ساحێب نه‌کردین.یه‌کێک له منداڵه‌کان کیژۆڵه‌یه‌کی چوار، پێنج سالان ده‌بوو و به پێی خۆی ورده‌ورده له پێش ئێمه‌وه ده‌رۆیشت. منداڵه‌که‌ی دیکه به باوه‌شی دایکییه‌وه بوو.
کاتێک گه‌یشتینه لێواری چۆمی ”یه‌رغوو” له نیزیک پێچه‌که‌ی رێگای لاچینێ، هه‌ستم کرد ژنه‌که ماندوو بووه. داوام لێکرد منداڵه‌که‌یم بداتێ ئه‌من بۆی هه‌ڵگرم، کوتی بابه‌که‌م ئاخر ئه‌تۆ ئه‌و هه‌موو تفه‌نگ و فیشه‌کدان و شته‌ت پێیه و بۆخۆشت ده‌ڵێی له دۆستاڵی را به پێیان هاتووی، ماندووی و نابێ. کوتم دایکه‌که‌م ئه‌من ماندوو نیم و منداڵه‌که‌ی دایه ده‌ستم. ئه‌منیش تفه‌نگه‌که‌م له شانی راسته‌م هێناخوار و به لاشانی چه‌په‌م دا سه‌راوبن شۆڕم کرده‌وه و منداڵه‌که‌م به‌سه‌ر شانی راسته‌م‌دادا. کاتێک گه‌یشتینه راسته رێیه‌که و به‌ره‌و ناو شاری مه‌هاباد ده‌چووین، دیتمان سه‌ر گرده‌گڕویی پشت ته‌په‌ی قازی ئه‌رته‌شی لێیه‌و ته‌قه‌ش ده‌که‌ن. سه‌ر شاخی داشامه‌جیدیش پایه‌گای هێزه داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێ‌بوو و له‌وێڕا به کالیبر 50 و دۆشکه و تۆپ و خۆمپاره له شاریان ده‌دا. به ده‌نگی ته‌قه‌کان کیژۆڵه‌که ترسا و ده‌ستی به داوێنی کراسی دایکی گرت و له په‌نا ویی ده‌ڕۆیشت و به‌ده‌نگی هه‌ر ته‌قه‌یه‌ک وێکده‌هات و به چاوه نیگه‌رانه‌کانی ده‌یڕوانییه ده‌وروبه‌ری رێگاکه.
گه‌یشتینه حاندی دارچناره‌کانی پیش” مه‌هدی کودک” باخچه‌ی ساوایان و ده‌ماندیت کچ و کوڕی جحێڵ هه‌رکه‌س په‌ڕۆیه‌کی سپی له باسکی هالاندووه و یارمه‌تی بریندار و لێقه‌وماوان ده‌ده‌ن. هۆشمان هه‌ر له‌و پۆله خه‌ڵکه بوو که له په‌نا دیواری کوچه‌وکۆڵانه‌کاندا به ماته‌ماته و خۆ کووڕکردنه‌وه و جاروبار بۆ په‌ڕینه‌وه له شه‌قامه‌کان تیژ تێده‌په‌ڕین. له‌ناکاو ده‌نگی ره‌گبارێکی قه‌ناسه و هازه‌ی گولله‌کان به‌سه‌ر سه‌ری ئێمه‌دا هات. کچه چکۆله‌که له‌ترسان زریکاندی و به‌ره‌رو پێشه‌وه رای‌کرد.
دایکی هاواری کرد، شادی گیان هه‌ڵمه‌یه هیچ نیه. تازه زانیم ئه‌و کیژه بچکۆله خوێنشیرنه ناوی شادییه. شادی به بیستنی ده‌نگی چه‌ند ته‌قه‌یه‌کی دیکه، خێراتر غاری‌دا و یه‌ک به‌خۆشی ده‌یزریکاند. دایکی له‌تاوان باوی هه‌نگاوه‌کانی خوشتر کرد تا بگاته شادی و هێوڕی کاته‌وه. هێشتا چه‌ند ههنگاوێکی مابوو ده‌ستی بگاته ده‌ستی شادی، ده‌نگی ره‌گبارێکی کورت هات.
دایکی شادی هه‌ر هه‌ڵده‌هات به‌ڵام ئه‌مجار هه‌نگاوه‌کانی وه‌ک پێشوو نه‌ده‌هاویشت و لاتره‌ی ده‌به‌ست. دوای چه‌ند هه‌نگاوێک ئه‌ژنۆکانی نیشتنه‌وه‌و که‌وته سه‌ر زه‌ویی. ئه‌من سه‌ره‌تا وام زانی هه‌ڵه‌نگووتوه. به‌غار خۆم گه‌یانده لای. شادی قامکه گه‌وره‌ی دایکی گرتبوو ده‌یکووت دایه هه‌سته با هه‌ڵێین. ئه‌منیش بن پیلی دایکی شادی‌م گرت که هه‌ڵی هه‌ستێنمه‌وه، دیتم که‌له‌که‌ی لای چه‌په‌ی خوێنی لێده‌چۆڕێ، زانیم ئه‌و ره‌گباره کورته دایکی شادی پێکاوه.
خه‌ڵکی نێوشار که شاهیدی ئه‌و دیمه‌نه بوون به ده‌ست راوه‌شاندن و هه‌را کردن بانگیان ده‌کردین که به‌ره‌و ئه‌وان بڕۆین. مه‌ودایه‌کی 200 میتری‌مان مابوو بگه‌ینه سه‌ری کوچه‌کان و له سێرهی پایه‌گای گرده‌گروێ و داشامه‌جید‌دا نه‌مێنین. که‌س نه‌یده‌وێرا بێت بۆلامان.
دایکی شادی‌م هه‌ڵێنا و ده‌ستیم خسته سه‌ر شانم و منداڵه بچکۆله‌که‌م به‌شانی تفه‌نگه‌که‌م گرت و له‌راستیدا دایکی شادی‌م راده‌کێشا. شادی له‌پێشه‌وه ده‌رۆیشت و خێرا خێرا ئاوڕی ده‌داوه و بانگی دایکی ده‌کرد. دایه…دایه. گه‌یشتینه رێک به‌رێکی باخچه‌ی ساوایان” مهد کودک” و له‌وێ چه‌ند که‌س له‌وانه‌ی پێیان ده‌کوتن” ئیمدادگهر” یارمه‌تیده‌ر به پیرمانه‌وه هاتن. دوانیان کچ بوون و زوو دایکی شادییان لێوه‌رگرتم و درێژیان کرد. کراسه‌که‌یان له‌به‌ردادڕاند.
ریخۆڵه‌کانی هاتبوونه‌ده‌ر و دوای دڕاندنی کراسه‌که‌ی زیاتر خزانه خوارێ. گوێم لێ‌بوو یه‌ک له کچه‌کان کووتی ئه‌وه ناژیی. له‌و ماوه‌دا شادی هه‌ر له‌په‌نا دایکی ره‌ق راوه‌ستابوو. دایکی هۆشی نه‌بوو. ئیمدادگه‌ره‌کان لێیان پرسیم ئه‌م ژنه چی تۆیه؟ کوتم نایناسم و له به‌ر ماڵی سه‌یداوایه تووشیان بووم. به‌ڵام ده‌زانم ماڵیان له کوێیه له رێیه که ده‌هاتین لێم پرسیوه و پێی کوتووم. یه‌کیان کوتی ئه‌گه‌ر وایه به مێرد و کهسو کاره‌که‌ی بڵێ بێن بۆ مزگه‌وتی سه‌عدی. ده‌ستی شادی‌م گرت و کچه چکۆله‌که‌شم له باوه‌ش کرد و به‌ره‌و گه‌ڕه‌کی ته‌کیه‌ی بابه خه‌لیفه‌ی وه‌ڕێکه‌وتین.
له لای مزگه‌وتی سه‌عدی را تا سه‌ر شه‌قامی زه‌ند به بن دیواران‌دا هاتین و مه‌ترسیی گولله‌ی راسته‌وخۆمان له‌سه‌ر نه‌بوو. لای راسته‌ی جله‌کانی من خوێناوی بوون و جار جار به له‌شمه‌وه ده‌نووسان. شادی هه‌ر ئاوڕی ده‌دایه‌وه و ده‌یپرسی دایه که‌نگێ دێ؟ نهم ده‌زانی چیی پێ‌بڵێم، هه‌ر ده‌مکوت دایه نه‌خۆشه و دوایه ئه‌گه‌ر چاک بووه‌وه دیته‌وه بۆ لاتان. منداڵه بچکۆله‌که به‌سه‌ر شانمه‌وه خه‌وی لێکه‌وتبوو.به شه‌قامی زه‌نددا به‌ره‌و ده‌رکی ته‌کیه‌ی بابه خه‌لیفه‌ی داگه‌ڕاین. به گورجی به شه‌قامه‌که‌دا په‌ڕینه‌وه و خۆمان له حه‌ساری ته‌کیه‌ی هاویشت. ته‌کیه دوو ده‌رکی هه‌بوو،یه‌کیان به‌سه‌ر شه‌قامی زه‌نددا ده‌کراوه ئه‌وی دیکه‌یان به‌لای کۆڵانی پشته‌وه‌یدا. له شادیـ‌م پرسی لێڕه‌ڕا ماڵه خۆتان پێده‌زانیی؟ به راوه‌شاندنی سه‌ری تێیگه‌یاندم که ماڵه خۆیان پێده‌زانیته‌وه. کوتم بڕۆ بابچینه ماڵه ئه‌نگۆ.
وه‌پێشم که‌وت، گه‌یشتینه به‌رده‌رگایه‌کی دار. دوانیوه‌ڕۆ بوو. له‌ده‌رگام دا، پاش تاوێک ده‌نگێکی ژنانه له دیوی حه‌سارێ ڕا پرسی کێیه؟ شادی هاواری کرد، داده بیکه‌وه. به‌ده‌نگی پێڵاوه‌کانیڕا دیار بوو به په‌له به‌ره‌و ده‌رگا دێت.
داره‌که‌ی پشت ده‌رگای کێشاوه‌و ده‌رگا کرایه‌وه. کچێکی ته‌مه‌ن شازده، حه‌فده ساڵان بوو. به نیگه‌رانییه‌کی زۆره‌وه منداله چکۆله‌که‌ی لێوه‌رگرتم و لێی پرسیم ئه‌دی دایکم کوا؟ نه‌مده‌زانی چیی پێ‌بڵێم. شادی کوتی دایه نه‌خۆشه خوێنی له‌زگی ده‌هات! کیژه جحێڵه‌که دایه پڕمه‌ی گریان و به‌ره‌و قوڵایی حه‌سارێ چوو. به‌دوایدا چوومه ژوری حه‌سارێ و با‌نگم کرد. ده‌نگێکی لاوازی پیاوانه له بنه‌بانی ژێرزه‌مینێک ڕا پرسی کییه؟ زێنه‌ب کچم ئه‌وه کێیه؟ چیی ده‌وێ؟ بۆلای ده‌نگه‌که چووم. له‌پێش ده‌رکی ئه‌و ژێرزه‌مینه به بڵیندایی ده‌رکه‌که ته‌لیسه خۆڵ هه‌ڵچنرابوون.
که‌لێنێکی ته‌سک له‌مابه‌ینی ده‌رکه‌ی ژێرزه‌مینه‌که و ته‌لیسه خۆڵه‌کان مابۆوه. تفه‌نگه‌که‌م له‌شانم هێناخوارێ و چوومه ژوورێ. سڵاوم کرد و وه‌ڵامی سڵاوی دامه‌وه. پێم کوت مامه گیان ئه‌من له نیزیک ئاوایی سهیدئاوا تووشی خێزانت و ئه‌و دوو منداڵه‌بووم. باقی رووداوه‌که‌م چۆن رووی‌دابوو بۆ گێڕاوه. هه‌ر ده‌یکووت،په‌کوو،په‌کوو، پشتم شکا. ئه‌من به‌و حاڵه‌م چ له‌و منداڵانه بکه‌م؟ به دڵێکی پڕپه‌رۆشه‌وه له ژێرزه‌مینه‌که هاتمه ده‌رێ. له حه‌سارێ کیژه‌که له‌سه‌ر عه‌رزی دانیشتبوو،کچه‌چکۆله‌که‌ی له‌باوه‌ش گرتبوو، شادیش له‌ته‌نیشتییه‌وه سه‌ری وه‌لای که‌له‌که‌ی کردبوو.
نهم ده‌زانی چ بڵێم، بۆلایان چووم و ده‌ستێکم به سه‌ری شادی‌دا هێنا و ماڵ‌ئاوایم لێکردن.له‌ده‌رکه‌ی هاتمه‌ده‌رێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که باره‌که‌م سووک ببوو، هه‌نگاوی لاقم قورس ببوون ولاقه‌کانم به زه‌حمه‌ت به‌دوامدا ده‌هاتن. بیرم له منداڵه چکۆله‌که ده‌کرده‌وه که چیی به‌سه‌ر دێت؟ شادی چلۆن ئه‌و دیمه‌نه‌ی بریندار بوونی دایکی له‌بیر ده‌کا و زۆر پرسیاری دیکه‌ش.به‌کۆڵانه‌که‌دا هاتم و خۆم گه‌یانده کوچه‌ی پشت ” بازاڕی روز” و له‌وێڕا به خێرایی خۆم گه‌یانده گه‌ڕه‌کی” سه‌ربه‌رداشی ” و به‌وێدا به‌ره‌و ژوور رۆیشتم. بیرم له بابم ده‌کرده‌وه و نهم ده‌توانی باوه‌ڕبکه‌م شه‌هید بووه و ده‌مگوت، مه‌حموود جوانی نه‌دیتووه و لێی تێکچووه. جار جاریش که دایکی شادی و منداڵه‌کانیم وه‌بیرده‌هاته‌وه، کزه‌م له‌جه‌رگی هه‌ڵده‌ستاو دڵم پڕده‌بوو.به‌ده‌م بیروخه‌یاڵانه‌وه گه‌یشتمه لای مزگه‌وتی ” سه‌ید نیزام” و به کوچه‌که‌ی‌دا هاتمه سه‌ر شه‌قامی ”فه‌ره‌ح” و به‌ره‌و شه‌قامی ”وه‌ره‌هرامی شه‌رقی” وه‌ره‌هرامی رۆژهه‌ڵات چووم.له رێک به‌رێکی کوچه‌ی ”مه‌نسووری” له گه‌ڕه‌کی ” ئه‌رمه‌نییان” ئامبوڵانسێک له نێوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که راوه‌ستابوو. ده‌رکی لای شۆفیره‌که‌ی کرابووه‌وه. به پارێزه‌وه لێی چوومه پێش و دیتم شۆفیره‌که‌ی سه‌ری به‌لای ژوری ئامبوڵانسه‌که‌دا سووڕاندووه. با‌نگم کرد وه‌ڵامی نه‌داوه. ده‌ستم له‌سه‌ر شانی‌دانا و کوتم کاکه کاکه، وه‌ڵام نه‌بوو. هه‌ستم کرد بۆنی ئاسنی ژه‌نگاوی دێت، دیتم به‌رپێی شۆفیره‌که پڕبووه له‌خوێنی مه‌ییو.
دیاربوو له‌مێژه شه‌هیدکراوه و خوێنه‌که‌ی مه‌یوه. به‌جێم هێشت و به کووچه‌ی مه‌نسووری‌دا به‌ره‌و ماڵه خۆمان له لای مه‌یدانی حه‌سه‌نزاده و رووبه‌ڕووی ماڵه ”خات نارنجێ” وه‌رێ که‌وتم. له‌سه‌ر کووچه‌ی خۆمان که‌لاوه‌یه‌کی لێ‌بوو، گوێم هه‌ڵخست، قروسکه‌ی سه‌گێک ده‌هات. به‌پێش کهلاوهکهیدا تێپه‌ڕیم و چوومه نێو کووچه‌ی خۆمان . له حه‌ساری خۆمان چرای هیچکام له ماڵه‌کان نه‌داییسا. ئێمه له‌و حه‌ساره‌ی‌دا چوارماڵ بووین. شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌کان زۆربه‌یان شکابوون. له حه‌سارێ دوو قووڵکه‌ی گه‌وره دروست ببوو.ترومپای حه‌سارێ له جێی خۆی بوو. گوڵه‌کانی باخچه‌ی هه‌ڵپه‌رتوابوون.
دوو لقی گه‌وره‌ی داره بوزه‌که‌ی حه‌سارێ شکابوون به‌ڵام لێ نه‌ببوونه‌وه‌و به‌سه‌ر باخچه‌که‌دا شۆڕببوونه‌وه.به‌ره‌و ژێرزه‌مینی ماڵه کاک محه‌مه‌د سه‌قزی جیرانمان چووم. له‌به‌ر ده‌رکی ئه‌و ژێرزه‌مینه‌ش ته‌لیسه خۆڵ له‌سه‌ریه‌ک هه‌ڵچندرابوون. تروسکاییه‌کی که‌م هێزم لێ وه‌دیار که‌وت. چوومه ژورێ. سڵاوم کرد و یه‌کراست چاوم به دایکم که‌وت. کز،خه‌مبار و دۆشداماو له سه‌رووی ژێرزه‌مینه‌که دانیشتبوو. که چاوی به من که‌وت یه‌ک پێ هه‌ستاو له ئامێزی گرتم. ئه‌ولاولای ماچ کردم و پرسی که‌نگێ هاتویه‌وه؟ کوتم ئه‌وڕۆ هاتوومه‌وه. لێم پرسی بابم له کوێیه؟ کوتی جارێ دانیشه ئێستا ئه‌ویش دێته‌وه. سوکناییه‌کم هاتێ. کوتم بۆکوێ چووه؟ هه‌ستم کرد ده‌یهه‌وێ شتێکم لێ بشارێته‌وه. کوتم دایه پێم بڵێ، خه‌ڵک پێیان کوتووم. راسته؟ کوتی نه‌به‌خودای رۆڵه هه‌ر بڕێک ده‌ستی بریندار بووه. له چاوه‌کانیدا ده‌مویست راستیی قسه‌که‌ی بدۆزمه‌وه. له دڵه خۆمدا ده‌مکوت یاخوا وابێ و هه‌ر بریندار بوبێت و شه‌هید نه‌بوبێ.
ئێستا ئیدی برێک هێوڕ ببومه‌وه. دره‌نگانی ئێوارێ بوو.روانیمه ئه‌ولاو لای ژێرزه‌مینه‌که، دیتم کاک محه‌مه‌د سه‌قزی چاوێکی داپۆشراوه‌و ده‌م وچاوی ئه‌ستوور بووه و به‌رچاوی شین بووه‌ته‌وه. له‌ولاتره‌وه فه‌وزییه خانمی خێزانی لاقێکی درێژکردووه و له لای به‌له‌کی برینێکیان بۆ پیچابوو.
هه‌واڵیانم پرسی و ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دامه‌وه‌و تێگه‌یشتم که کاک محه‌مه‌د چاوێکی کوێر بووه. سه‌ره‌ڕای برینداریی خۆیان، دڵخۆشی منیان داوه‌و کوتیان باوکت چه‌ند رۆژ له‌وه‌پێش هه‌ر به‌و گولله خۆمپاره‌ی ئێمه‌ی بریندار کردووه، بریندار بووه و ئه‌ویان به ئامبوڵانس بردووه‌ته نه‌خۆشخانه. له دایکمم پرسی دوای بریندار بوونی بابم هیچ خه‌به‌رت لێی نیه؟ کوتی نا رۆڵه گیان خۆ به‌رۆژ له‌به‌ر ته‌قه و تۆپ باران که‌س ناوێرێ له ماڵ بێته‌ده‌رێ.کاتژمێر 8 ی شه‌و بوو. به دایکمم کوت ده‌چمه نه‌خۆشخانه و بابم ده‌بینمه‌وه و ئاگادارت ده‌که‌مه‌وه.
دایکم هه‌ر ده‌یکوت ئاگات له خۆت بی رۆڵه گیان. له‌گه‌ڵ کێ ده‌چی؟ کێت له‌گه‌ڵه؟ بۆ ئه‌وه‌ی تووشی دڵه‌راوکێ نه‌بێ، کوتم له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کان ده‌چم. له ژێرزه‌مینه‌که هاتمه‌ده‌رێ و له حه‌سارێ تێر چاوم له باخچه‌که‌و ماڵه‌کان کرد، ده‌تکوت تازه نایان بینمه‌وه، هه‌موو لایه‌کیم پێ جوان و خۆش بوو. شتی‌وا سه‌رنجی راده‌کێشام که تا ئه‌وکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حه‌وت هه‌شت ساڵ ده‌بوو له‌و ماڵ و حهسارهی دابوین، قه‌ت وه‌به‌ر چاوم نه‌هاتبوون.
له ده‌رکی حه‌سارێ چوومه ده‌رێ، به په‌نا کهلاوهکهیدا تیژ تێپه‌ڕیم. گه‌یشتمه شه‌قامی ”وه‌ره‌هرامی شه‌رقی” ئامبوڵانسه‌که هه‌ر له‌وێ بوو. نه‌مزانی شۆفیره‌که‌ی هه‌ر تێدایه یان نا، به په‌له بووم ده‌بوو خۆم بگه‌یه‌نمه نه‌خۆشخانه‌ی شار که له نیزیک” باغی پیشاهه‌نگی” هه‌ڵکه‌وتبوو. به‌ره‌و چواررێی ئازادیی وه‌رێکه‌وتم.
له‌وێوه به شه‌قامی ” شاپور” دا به‌ره‌و شاره‌داری رۆیشتمه خوارێ. دیمه‌نی شار زۆر سه‌یر گۆڕابوو. ده‌توانم بڵێم که‌م ماڵ مابوو شوشه‌ی ساغی له په‌نجه‌ره‌ی‌دامابێ. له‌سه‌ر شهقامو پیاده‌ره‌وه‌کان شوشه‌ی شکاو و قاپۆڕه‌فیشه‌ک و له‌تکی گولله تۆپ و خۆمپاره عه‌رزی داپۆشیبوو. داره‌کانی قه‌راغ شه‌قامی شاپور زۆربه‌یان لق و پۆپه‌کانیان شکابوون. له‌بن هێندێک له داره‌کان خوێن مه‌یبوو، پشیله‌و سه‌گه‌به‌ڕه‌ڵای برسی ده‌میان تێنابوون. ئه‌و شه‌قامه که سه‌رده‌مێک زۆر جوان و بۆن خۆش بوو، ته‌نیا بۆنی خوێن و دوکه‌ڵ و باڕووتی لێده‌هات. گه‌یشتمه رێک به‌رێکی ” که‌وشی میللی” و هه‌ورازی سینه‌ما ” ئاریا”. زرێپۆشێک تێکشکابوو و سه‌ری له ده‌رکی قه‌یسه‌ریان رۆکردبوو. به‌هه‌ورازی پێش سینه‌ما ئاریادا به‌ره‌و ”دوخانیات” وه‌سه‌رکه‌وتم. ئه‌و رێگایه نێو‌بڕ بوو. به کوچه‌ی هوتێلی ”جام‌جهان‌نما”ی سه‌ید مهجیدیدا داگه‌ڕامه‌خوارێ بۆ سه‌ر شه‌قامی په‌هله‌وی به پێش مه‌حکه‌مه‌ی پێشهوایدا تیپه‌ڕیم و پاش ماوه‌یه‌ک گه‌یشتمه ده‌رکی خه‌سته‌خانه‌ی. پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌به‌ر ده‌رکه‌ی بوو. خۆم پێناساند و چوومه حه‌ساری خه‌سته‌خانه‌ی. خه‌سته‌خانه هێنده‌ی خه‌لکی بریندار لێ بوو، ژووره‌کان پڕببوون و ساڵۆنه دوورودرێژه‌کانی پێش ژوره‌کانیش برینداری لێ داندرابوو. برینداره‌کان جلی شین‌وسپی نه‌خۆشخانه‌یان له‌به‌ر کرابوو.
هه‌روا که به په‌نا برینداراندا ده‌ڕۆیشتم و ده‌مڕوانی، ده‌نگێکی ناسیاو له دواوه بانگی کردم. وه‌رسووڕامه‌وه و بۆلای ده‌نگه‌که چووم. بابم بوو. نه‌مده‌زانی له خۆشیان چ بکه‌م. لێی نیزیک بوومه‌وه.
ده‌ستی چه‌په‌ی به به‌نێک له ئاسنێکی پشت ته‌خته‌که‌ی هه‌ڵاوه‌سرابوو. لیباسی نه‌خۆشخانه‌ی له‌به‌ر کرابوو. باوه‌شم پێداکرد و پرسیم ئه‌وه چت لێ هاتووه؟ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی نه‌دامه‌وه‌و لێی پرسیم، بۆ هاتوویه‌وه؟ کوتم هه‌واڵی بریندار بوونی تۆم پێگه‌یوه و ئه‌و ڕوو له بۆکان را هاتوومه‌وه. پاشان که دڵنیا بوو پیشمه‌رگه هه‌ر له نێو شار ماون، چۆنییه‌تی بریندار بوونه‌که‌ی بۆ گیڕامه‌وه. پڕیشکی خۆمپاره‌ی ئێسکی نێوان ئانیشک و شانی ورد کردبوو.
ده‌ستیان له گێچ گرتبوو و له دوولاوه کونێکیان له گێچه‌که‌دا هێشتبووه‌وه که له‌وێڕا برینه‌که‌یان ده‌رمان ده‌کرد. پێم کوت که دایکم و منداڵه‌کان ساغ‌وسڵامه‌تن و جێی نیگه‌رانیی نیه. کوتی بزانه ناتوانی دایکت بێنی بۆلام. کوتم ئه‌و شه‌و؟ کوتی ئا. کوتم به چاوان و له خه‌سته‌خانه هاتمه‌ده‌رێ.
به پێشمه‌رگه‌که‌ی به‌ر ده‌رکه‌م گوت ده‌چم دایکم دێنم بۆلای بابم. پرسی ماڵتان له کوێیه؟ کوتم له گه‌ڕه‌کی ئه‌رمه‌نیانه. کوتی ده‌بێ په‌له‌ی بکه‌ی ره‌نگه سبه‌ینێ ئه‌رته‌ش بێته ناو شار. کوتم زوو دێمه‌وه. وه‌ڕێ که‌وتم. هه‌ر به‌رێگاکه‌ی خۆمدا گه‌ڕامه‌وه هه‌تا لای مه‌یدانی مه‌نگوڕان.له‌وێڕا به کوچه‌ی ناڵبه‌ندان‌دا چوومه‌سه‌ر و له شه‌قامی وه‌ره‌هرامی‌شه‌رقی هاتمه‌وه‌ده‌ر. له حه‌سارێ هێشتا نه‌گه‌یشتبوومه به‌رده‌رکی ژێرزه‌مینه‌که‌ی، له دارێکی هه‌ڵه‌نگووتم. دایکم که هه‌ر نه‌نووستبوو، بانگی کردم.
کوتم دایه گیان نه‌نووستووی؟ کوتی جاکوا ده‌کرێ ئاگاداربم له‌و ته‌قه‌و هه‌رایه‌دا ئه‌تۆ له ناو شاربیی و ئه‌من بنووم؟ کوتم دایه گیان بابم ده‌یکوت بێت بۆلام. کوتی ئێستا دێم. سه‌رێکی ژێرزه‌مینه‌که‌ی دا‌و کوتی خوشکه‌کانت نووستوون. بابڕۆین. دایکم گه‌یانده خه‌سته‌خانه لای بابم. تاوێکیان له لابووم . دایکم به په‌ڕۆی ته‌ڕ ده‌ست ولاقی بابمی خاوێن کرده‌وه.
ماوه‌یه‌ک قسه‌مان کرد، پاشان بابم ئیزنی داین و له‌گه‌ڵ دایکم دیسان به‌ره‌و ماڵه‌وه وه‌رێ که‌وتینه‌وه. کاتژمێر یه‌ک ونیوی شه‌و گه‌یشتینه‌وه ماڵێ. دایکم چه‌ند بابۆڵه‌یه‌کی بۆ ساز کردم و به‌رێی کردم. به کوچه‌کانی گه‌ره‌کی ئه‌رمه‌نیاندا به‌ره‌و گه‌ڕه‌کی مه‌یدانی حه‌یوانان وه‌ڕێ که‌وتم. له کووچه‌ی ماڵه ماملێ را په‌ڕیمه‌وه لای قه‌نادیی (شیرنی‌خانه‌ی) سه‌کری. له‌وێڕا به‌ره‌و مه‌یدانی حه‌یوانان و له‌وێشه‌وه بۆ لای گۆڕستانی شار و له‌وێشڕا به‌ره‌و ئاوایی پشته‌پ. گه‌یشتمه لای به‌رده سپیان سیوادی رۆژێ هه‌ڵیدابوو.
که‌ماڵ گروێسی