“ڕێکخراوی سەربەخۆی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان” پاش 2 ساڵ و چەند مانگ مۆڵەتی یاسایی وەرگرت.

پاش ئەوەی لە رێكەوتی 10/4/2011 دا ، كۆمەڵێك لە چالاكانی بواری مافەكانی مرۆڤ كە خۆیان لە پەنابەرانی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستانن، “رێكخراوی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان” یان دامەزراند،بە خۆشحاڵییەوە لە پاش 2 ساڵ و چەند مانگ لە لایەن حكومەتی هەرێم

ی كوردستانەوە ئەم رێكخراوە مۆڵەتی یاسایی وەرگرت.

لە یەكەم كۆبوونەوەی فەرمیی پاش مۆڵەت وەرگرتنی رێكخراوەكە, بە كۆی دەنگ، هاوڕێ”عەلی زیرەك” وەك وتەبێژی فەرمیی رێكخراوەكە دەستنیشان كرا.

بەرنامە و ئامانجەكانی رێكخراوەكە لە بەشی خوارەوە هاتووە:

ڕێکخراوی سەربەخۆیپەنابەرانیرۆژهەڵاتیکوردستان

پێڕەوی ناوخۆی

ڕێکخراوی سەربەخۆی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان

بەشی یەکەم

ناوو ناسنامەی ڕێکخراو

ماددەی یه‌که‌م / ناو :

یەکەم:ڕێکخراوی سەربەخۆی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان

Independent refugees east Al25instan organization

دووەم: کورتکراوەی ناوی ڕێکخراوە(I.R.E.K.O )

سێیەم: ئارمی ڕێکخراوەکە

ماددەی دووه‌م / سنوری کار کردن :

یەکەم: بنکه‌ی گشتی کۆمەڵە له‌ شاری سلێمانی ده‌بێ.

دووەم: ئەگەر پێویستی کرد بۆ باشتر ئەنجامدانی کارو چالاکیەکانی، لە شار و ‌ شارۆچکە‌کانی تری هەرێمی کوردستان و دەرەوەش لقی زیاتر دەکاته‌وه‌.

ماددەی سێیه‌م / پێناسە:

ڕێکخراوێکی ناحکومی خۆبەشە، كار لە پێناو مافەكانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات. هەوڵ دەدات ئازار و مەینەتيەكانیان كەم بكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن وەك هاوڵاتییەکی ئاسایی هەرێمی کوردستان ژیان بگوزەرێنن.

بەشی دووەم

ئامانج و مەبەستەکان و ئالیەتی کارکردنی ڕێکخراو

ماددەی چوارەم/ ئامانجە گشتیەکان:

ئامانجەكان

1- مافی مرۆڤ و خواستی مرۆڤی پەنابەر:

أ‌. ناساندنەوەی مرۆڤی پەنابەر بە شێوەیەكی هەنووكەیی و دوور لە پڕەنسیپی بەرژەوەندیخوازیی وەك : معامەلەكردن بە گیان و مافی پەنابەرانەوەو ملكەچكردن بۆ هێندێك بریاری سیاسیی نابەرپرسیارانە، كە لە ژوورە داخراوەكاندا و لە دژی مافی پەنابەران و لە قازانجی دیكتاتۆری ملهۆڕی كۆماری ئیسلامیدا دەشكێتەوە.

ب‌. بە پێی بەندی 14 ی یاساكانی مافی مرۆڤ” هەموو مرۆڤێكی لە چەوسانەوە هەڵاتوو مافی پەنابردنەبەر، یان هەوڵدان بۆ پەنابردن بۆ وڵاتێكی دیكەی هەیە” و ئێمەی پەنابەری رۆژهەڵاتی كوردستانیش پەنامان بۆ حكوومەتی برامان ” حكوومەتی هەرێمی كوردستان”هێناوە و بە بەردەوامیش داوامان لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كردووە، كە مافەكانمان لە هەرێمی كوردستاندا دەستەبەر بكەن، یان لە گواستنەوەماندا بۆ وڵاتی سێهەم پشتگیریمان بكەن.

ت‌. یەكێك لە ئامانجەكانمان گواستنەوەمانە بۆ وڵاتی سێهەم و ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو پەنابەر قبووڵمان دەكات، با بەو رێژەیەی كە لە وڵاتانی دیكەدا، مرۆڤی پەنابەر بە خاوەنی رێز و ماف و ئازادی دەزانن لە هەرێمی كوردستانیشدا بەو پێیە لەگەڵمان بجووڵێنەوە.

2- مافی ژیان:

أ. مرۆڤی پەنابەر و هەر مرۆڤێكی لێقەوماویش لە كاتێكدا پەنا دەباتە بەر وڵاتێكی دیكە، مافی ژیانكردن لەو وڵاتەدا وەدەست دێنێ‌.

مافی ژیان و گوزەرانی ئاسایی بۆ مرۆڤ، لە “جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ”دا ئاماژەی پێكراوەو ئێمەی پەنابەری دانیشتووی خاكی “هەرێمی باشووری كوردستان”بۆمان هەیە ئەو پرسە گرنگە بەرەڕووی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بكەینەوە.

ب:لە راستیدا بەرپرسانی (un) لە هەرێمدا بە ژیان و چارەنووسی پەنابەر كایەیان كردووە و زۆربەی مافە سەرەكییەكانی ژیانیان لە ئێمە زەوت كردووە و نەیانتوانیوە بچووكترینی ئەو مافانە بۆ ئێمە دابین بكەن.ئیتر ئێمەش پێمانوایە پەنابەر دەبێ‌ راستەخۆ مافەكانی داوا بكات و مافە ژیانییەكانیشی ئەمانەن:

1-شوێنی نیشتەجێبوون :

هەموو مرۆڤێك دەبێ‌ خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی شیاوی ژیانكردن بێت.ئێمەی پەنابەری رۆژهەڵاتیش داوامان وایە بە هاوكاریی وڵاتانی دیكە ئەم مافەمان بۆ بگێڕنەوە.یانی لە راستیدا دروستكردنی كەمپ و شووقە و گەڕەكی خاوەن خزمەتگوزاری بۆ ئێمەی پەنابەر پێداویستییەكی ئینسانییە.

2-خواردن و خواردنەوەی تەندروست:

هەموو مرۆڤێك و بە تایبەت مرۆڤی لێقەوماو و پەنابەر دەبێ‌ لە هەر وڵاتێكدا ببێ‌، ئەم مافە سەرەتایییەی ژیانی لێ زەوت نەكرێ‌.

بەشە خۆراكی مانگانەی ئێمە لە راستیدا ناتوانێ‌ تەواوی پێداویستیەكانی ژیانی ئینسانێك لە مانگێكدا دابین بكات، چونكا هیچ پارە و دراوێكی لەگەڵدا نادرێ‌ و پەنابەریش دەبێ‌ بۆ دابینكردنی سەرەتاییترین مافەكانی ژیانی بكەوێتە مەترسییەوەو لە هەموو پێشكەوتن و ئاسوودەیییەكانی ژیانیش دوابكەوێ‌.بۆیە داواكارین:

أ‌. بڕی بەشە خۆراكی ئێمە بە پێی ستانداردی وڵاتێكی نێونجی دابین بكرێ‌.

ب‌. بڕی پارەی مانگانەی ئێمەی پەنابەر بۆ خۆمان بگێڕدرێتەوە و بژیومان بە تەواوی دابین بكرێ‌.

3- سووتەمەنی و پۆشاك:

مافی خۆمانە شوێنی نیشتەجێبوونی گەرم و پۆشاكی گەرممان هەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش داواكارین:

أ. سووتەمەنیی پەنابەران بە پێی پێداویستییەكانیان دابین بكرێ‌.

ب. بڕی پارەیەكی وەرزانەمان بۆ كڕینی جلوبەرگ بۆ دابین بكرێ‌.

4- مافی گرێنتیی ژیان و دڵنیایی

هەموو كۆمەڵگایەكی دادپەروەر ئەو مافەی بۆ پەنابەر داناوە، كە مافی دڵنیایی و بیمەی ژیانی هەبێت.بۆ ئەم مەبەستەش داواكارین:

أ‌. بۆ ئەوانەی نەخۆش و كەم ئەندامن خەرجی دەرمان و نەخۆشخانەو بە گشتی چارەسەری (لە هەر كوێیەك كرا) دابین بكرێ‌.

ب‌. بۆ كەم ئەندامان مافی قەرەبووكردنەوە هەبێت.

ت‌. بۆ بێوەژنان و بێوەپیاوان خەرجی وخزمەتگوزاری هەبێت.

پ‌. بۆ ئەوانەی تووشی رووداوی لەناكاو دەبن، مافی قەرەبووكردنەوە و مافی دڵنیایی كۆمەڵایەتی (بیمەی تایبەت بە لێقەومان) هەبێت.

5- كارو پیشە: ئەگەر وەك پەنابەر لەم وڵاتەدا ناسراوین، داوای كارو پیشەی شیاوی خۆمان و كەسایەتی و لێهاتوویی خۆمان دەكەین و دەمانەوێ‌ لە بنیاتناوەی كۆمەڵگادا رۆڵی ئەكتیڤ و بنیاتنەرانەمان هەبێت.بۆ ئەم مەبەستەش داواكارین:

أ‌. لە پڕۆسەی كارو چالاكیی كۆمەڵگادا بەشدارمان بكەن.

ب‌. لە دامەزراندنەكانی ئۆرگان و دام ودەسگاكانی حكوومەتدا بەشێكی تایبەتیش بۆ پەنابەر دابنێن.

ت‌. لە چالاككردن و خستنەسەركار و ناساندنمان بە وەزارەتەكانی خاوەنكاردا درێغی مەكەن.

3- ئاسایش و پاراستنی ماف و كەرامەتی ئینسانیی پەنابەر:

ئەم خاڵەیان یەكێك لە سەرەكیترین مافەكانی مرۆڤە.

لە راستیدا بە پێی پێویست مرۆڤی پەنابەر لە هەرێمدا ئەو گرێنتییەی نییە، چونكا كۆماری ئیسلامی بە ئاسانی توانیویەتی، ژیانی هەر پەنابەرێك كە لە هەرێمدا بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەو مەترسی بووە، بخاتە مەترسییەوەو زۆر جار دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانیش ژیان و ئەمنییەتی پەنابەری بۆ مەبەست نەبووە و دەیان پەنابەریان رادەستی كۆماری ئیسلامی كردووە كە تووشی خراپترین ئازار و ئەشكنجەكان بوونەتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا داواكانمان ئەمانەن:

أ‌. مرۆڤی پەنابەر گیان ماڵی بپارێزرێ‌ و ئاسایش و دەسگا ئەمنییەكان پارێزەری پەنابەران بن.

ب‌. هیچ دەسگایەكی ئەمنی و حیزبی بۆی نەبێت دەسدرێژی بكاتە سەر مافەكانی پەنابەرو ببنە هۆی ئەوەی، پەنابەران نەتوانن بە پێی پێویست جووڵەی كۆمەڵایەتی و ژیانی بكەن.

ت‌. مرۆڤی پەنابەر نابێ، رادەستی حكوومەتی ئێران بكرێتەوەو ئەگەر هەر تاوانێكیشی كرد، دەبێ‌ بە پێی یاساكانی هەرێم لەگەڵیدا هەڵسوكەوت بكرێ‌.

پ‌. بۆ پەنابەران پارێزەری تایبەت دابنێن، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێكی ئەمنی و حیزبی نەتوانێ‌ بە ئاسانی و بە تۆمەتباركردن و ترساندنی پەنابەر، سزای قورس بەسەریدا بسەپێنن.

4- مافی هاوڵاتیبوون:

ئەم خاڵە یەكێك لە شارستانیترین داواكانی پەنابەرانە و مرۆڤی پەنابەر لە هەر وڵاتێكدا وەرگیرا و ئیقامەی پێدرا، پاش ماوەیەكی یاسایی دیاریكراو دەبنە هاوڵاتی و لە هەموو مافەكانی ناو یاسای ئەو وڵاتە كە بۆ هاوڵاتییان دانراوە، بەشدار دەبێ‌.لە چوارچێوە ئەم خاڵەدا داواكارین:

أ‌. بۆ ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستاندا داوای پەنابەرییان كردووە و پاشان ئیقامەیان وەرگرتووە، داواكارین وەك هاولاتی پلە یەكی هەرێمی كوردستان وەربگیردرێ‌ و مافەكانی : جنسیە و پاسپۆرت و جووڵەی سیاسی و مەدەنی و كلتووری و كۆمەڵایەتیی یەكسانیان لەگەڵ هاوڵاتییانی هەرێمدا بۆ دەستەبەر بكەن.

ب‌. مافی بەشداریكردن لە هەموو پڕۆژەیەكی هەرێمانەدا بە پەنابەر بدەن.یانی پەنابەرانیش بتوانن لە بەڕێوەچوونی بەرنامەی ئاوەدانیی وڵاتدا رۆڵا بگێڕن.

ت‌. لە هەموو مافێكی كۆمەڵایەتی و مەدەنی وەك:دانانی سەندیكا و گرووپی مەدەنیی كارا بۆ خزمەتكردن بە ئامانجە تاكەكەسی و گرووپییەكانی خۆیان بەهرەمەند بن.

پ‌. بتوانن لەسەر ناوی خۆیان، خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری و ماڵ وسەیارە و بنكەی ئابووری و كۆمپانیا و ئیجازەی تەندروستی و… بن.

5- ئازادییەكان :

هەموو پەنابەرێك بۆی هەیە، پەرە بە كلتوور و خواست و ئیرادەی جیاوازی خۆی بدات و لەسەر داواكانی خۆی كە لەسەری قاچاخ بووە هەڵسوكەوت و جووڵەی سیاسی و كلتووریی خۆی و بە گشتی تواناكانی بخاتە گەڕ.بۆیە پەنابەران بۆیان هەیە ئەو مافەش بەرەوڕووی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بكەنەوە و هەرێمی كوردستانیش رێگرییان لێ نەكات.

أ‌. مافی خۆپیشاندانی هەبێت.

ب‌. مافی چالاكی مەدەنیی وەك دانانی كەمپین و سمینار و كۆكردنەوەی دەنگ و ڕای گشتیی بۆ پەرەپێدانی ئامانجەكانی خۆی هەبێت.

ت‌. مافی وەرگرتنی یارمەتیی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێ‌ دەنگی خنكاوو كوژراوی خۆی كاناڵیزە بكات و لە ئامانجە ئینسانییەكانی خۆی دوور نەخرێتەوە.

پ‌. مافی راكێشانی چالاكانی بواری مافی مرۆڤ و رێكخراوە جیهانییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی هاوكاری چارەسەرییانەی كێشەی ڕەوای پەنابەران بكەن.

ج‌. مافی ئەوەی هەبێت، بە بێ‌ ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان رێگری لێبكەن، ئەم وڵاتە بەجێبێڵێ‌ و بەرەو وڵاتی سێهەم بڕوات و ئەگەریش تووشی گرفت بووەوە، ئەوا ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە.

ماددەی شەشەم/ ئالیەتی کارکردن:

1. كردنەوەى خولى گەشەپێدان بۆ پەنابەرانی ئەندام.

2. هەموو شێوازيێكى كارى مەدەنی ئاشتيخوازانە.

3. تۆژینەوە و راپرسی و بەدواداچونی پرسی دابینبوونی بژێو.

4. كۆبوونەوە، سیمینار، کۆنفرانس، ۆرکشۆپ، دیدار و دیالۆگی گشتی.

5. چاپکردنی بەرهەمی پەنابەران و نامیلکەو رۆژنامەو بەڕێوەبردنی مالپەڕ بۆ کاری پێویست.

بەشی سێیەم

ئەندامێتی

ماددەی حەفته‌م / مه‌رجەکانی بوون به‌ ئه‌ندام:

1. ته‌مه‌نی له‌ ١٨ ساڵ که‌متر نه‌بێ.

2. بڕوای به‌ پێڕه‌وی ناوخۆی ‌رێکخراوەکە هه‌بێ و‌ رێنماییەکانی جێ بەجێ بکا.

3. ئابونه‌ی دیاری کراوی ‌ بدا .

4. هەر کەسێک ئەگەر تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر بوو، دەتوانێ ببێتە ئەندامی فەخری، بەڵام مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن و بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ڕەسمیەکانی دەستەی گشتی نیە.

ماددەی هەشتەم / له‌ ده‌ستدانی ئه‌ندامێتی و سزاکان:

يةكةم:سةرثيََضييةكان

1. پابه‌ندنه‌بوون به‌ پێڕه‌وی ناوخۆ .

2. سێ جار ئامادەنەبوون لە کۆبوونەوەکان بێ پرس و بە ئەنقەست.

3. بەکارهێنانی توندوتیژی لەگەڵ ئەندامان.

4. تومەتباربوون لە داداگا بە یەکێ لە تاوانەکان یان کەتنێک.

5. ئەگەر دەرکەوت ناتوانێ هیچ جۆرە بەشداریەک یان داهێنانێک لە پێناو ڕێکخراوەکەدا بکا.

دوهةم:سزاكان

1. سه‌رنجڕاکێشان.

2. ئاگادارکردنه‌وه‌.

3. هەلپەساردن، دوای سێجار سەرنجڕاکێشان یان دووجار ئاگادارکردنەوە.

4. لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی ئه‌ندامێتی بە پێشنیاری ٢/٣ دەستەی کارگێڕی بۆ دەستەی گشتی دەبێ.

5. ١/٣ی دەستەی گشتی و سەرۆک و سکرتێر دەتوانن بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمانی مافی ئەندامێتی کەسێک بدەن.

ماددەی نۆیەم/ مافەکانی ئەندام:

1. مافی سود وەرگرتنی هەیە لە هەموو خزمەتگوزرایەکانی ڕێکخراوەکە.

2. مافی بەشداری هەیە لە چالاکیەکانی ڕێکخراوەکە.

3. مافی دەست لە کارکێشانەوەی هەیە.

4. مافی ڕا دەربڕین و رەخنە و پێشنیار هەیە.

5. مافی بەکارهێنانی ناوی ڕێکخراوەکەی هەیە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیەکان، بەمەرجێ ڕەزامەندی پێشوەختی سەرۆک یان ٢/٣ دەستەی کارگێڕی هەبێ.

6. مافی ده‌نگدان و خۆپاڵاوتنی بۆ ئه‌ندامێتی ده‌سته‌ی کارگێڕی و سەرۆکایەتی و جێگری هه‌یه‌.

7. سەبارەت بە قەرزەکانی کۆمەڵە، ئەندامەکان لە بەرامبەر یاسادا بەرپرسیار نینە، بۆ ئەو مەبەستەش ماڵ و موڵکیان بۆ قەرەبوی ئەو قەرزانە بەکار ناهێنرێ.

8. مافی بەدەستهێنانی زانیاری و بەرزکردنەوەی پڕۆژەیان بۆ ڕێکخراوەکە هەیە.

9. ڕێز لە کەسایەتی و خولیا و ئارەزووە شەخسیەکانی ئەندامان دەگیرێ بەو مەرجەی ئامانجەکانیان زەرەر بە رێکخراوەکە نەگەیەنێت.

ماددەی دەیەم/ ئەرکەکانی ئەندام:

1. دەبێ کار لە پێناو گەشەپێدانی توانای خۆی و هاوڕێیانی بکا.

2. لە بەرژەوەندی گشتیدا کاربکا و ناوی ڕێکخراوەکە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکار نەهێنێ.

3. لە ماوەی ساڵێکدا دەبێ بەپێی توانا چەند کارێک بۆ ڕێکخراوەکە بە خۆڕایی بکا.

4. پابه‌ندبوون به‌ پێڕه‌وی ناوخۆی ڕێکخراوەکه‌ .

5. به‌ پیر بانگه‌واز و چالاکیه‌کانی ڕێکخراوەکە بچێت .

بەشی چوارەم

پەیکەری ڕێکخراو

ماددەی یازدە‌م / پێکهاتەی ڕێکخراو:

پەیکەری کارگێڕی ڕێکخراو پێک دێت لە:

یەکەم/دەستەی گشتی: بریتیە لە سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکە.

دووەم/ئەنجومەنی بەڕێوەبردن: بریتیەلە دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی لقەکان.

سێیەم/دەستەی کارگێڕی: بریتیە لە سەرۆک، جێگری سەرۆک و بەرپرسی بەشەکان.

یەکەم/ده‌سته‌ی گشتی و ده‌سه‌ڵاته‌کانی:

یەکەم/ ١: پێکهاتەی دەستەی گشتی:

دەستەی گشتی پێکدێت لە گشت ئەو ئەندامانەی کە مافی ئەندامێتیان هەیە.

یەکەم/٢:ده‌سه‌ڵاته‌کانی ده‌سته‌ی گشتی :

1. به‌ رێژه‌ی ٢/٣ی ئه‌ندامان دەتوانێ لەگەڵ ڕێکخراوێکی تردا یەکبگرێتەوە یان تۆڕ پێکبهێنی.

2. لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە هەڵبژاردنێکی ئازاد و نهێنی دەتوانێ دەستەی کارگێری هەڵبژێرێ‌ .

3. بە بڕیاری ٢/٣ی دەستەی گشتی، دەتوانرێ ڕێکخراوەکە هەڵوەشێتەوە یان ناوی بگۆڕدرێ.

4. هه‌ر دوو ساڵ جارێک بە ‌ ئاماده‌بوونی ٢/٣ ی ئه‌ندامانی دەستەی گشتی بڕیار لەسەر مانەوە یان هەڵوەشانەوەی ستافی دەستەی کارگێڕی ڕێکخراو دەدا، ئه‌گه‌ر ئه‌م رێژه‌یه‌ نه‌هاته‌ دی، کاتێکی تر دیاری ده‌کرێ، له‌ حاله‌تی ئاماده‌نه‌بوونی٢/٣ ی ئه‌ندامانی بۆ جاری دووه‌میش، ئەوا کۆبونه‌وه‌کە به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی ئاماده‌بوو دەکرێ و دەبێ هەموو ئەندامان پابەندبن بە بڕیارەکان.

5. لەسەر پێشنیاری دەستەی کارگێڕی و بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و بە بڕیاری ٢/٣ ی دەستەی گشتی دەتوانرێ لقی تازە لەشار و شارۆچکەکان یان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.

6. بە پێشنیاری ١/٢ی ئەندامانی دەستەی گشتی دەتوانرێ خول و ڕاهێنان بۆ پێگەیاندن ئەندامان بکاتەوە .

دووەم/ئەنجومەنی بەڕێوەبردن:

دووەم/١: پێکهاتەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن:

ئەنجومەنی بەڕێوەبردن لە دەستەی کارگێڕی و سەرجەم بەرپرسی لقەکان پێکدێت.

دووەم/٢:دەسەلاتەکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن:

1. ئامادەکردن، داڕشتن، پەسەندکردن و بەرزکردنەوەی پڕۆژەکان و بڕیاردان لەسەر نوێنەر بۆ ئیمزاکردنی گرێبەست سەبارەت بە پڕۆژەکان.

2. پەسندکردن و بەرزکردنەوەی پێشنیاری دەستەی کارگێڕی بۆ دەستەی گشتی بۆ کردنەوەی لقی تازە.

3. دانانی بودجەی ساڵانەی ڕێکخراو هەروەها پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بودجەى ساڵی پێشوو.

4. پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی کاروچالاکی ڕێکخراو لە ماوەی ساڵی رابردوو، هەروەها دانانی پلان و بەرنامەی تازە بۆ داهاتوو.

5. تاوتۆکردن و هەڵسەنگاندن و پەسەندکردنی سەرجەم بڕیارەکانی دەستەی کارگێڕی تایبەت بە لقەکان.

6. دابەشکردنی کارەکان و ئامادەکردنی هێزی مرۆیی بۆ ئەنجامدانی چالاکی و پڕۆژەکان.

7. بڕیاردان لەسەر کاتی کۆبوونەوەی دەستەی گشتی و دیارکردنی کات و شوێنەکەی.

8. کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنی بەڕێوەبردن لەلایەن سەرۆکی ڕێکخراو ئیدارە دەدرێ.

9. سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجومەن بە زۆرینەی دەنگ ٥٠+١ دەبێ.

10.بە ڕێژەی ٢/٣ ئەندامانی ئەنجومەن دەتوانرێ ئەندام وەربگیرێ یان سزابدرێ.

11.بە بڕیاری٢/٣ ئەندامانی ئەنجومەن دەتوانرێ داوابکرێ دەستەی گشتی کۆبوونەوەی نائاسایی سازبدا.

12.بە ڕێژەی ٢/٣ی ئەندامانی ئەنجومەن دەتوانرێ لقەکان ناچاربکرێن کە بەرپرس یان ئەندامانی دەستەی کارگێڕیان بگۆڕن.

13.بەڕێژەی ٢/٣ ی ئەندامانی ئەنجومەن دەتوانرێ لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون و کارەکان پێک بهێنرێ.

سێیەم/ ده‌سته‌ی کارگێڕی :

سێیەم/١: پێکهاتەی دەستەی کارگێڕی: دەستەی کارگێری پێکدێت لە؛

– سەرۆکی ڕێکخراو.

– جێگری سەرۆکی ڕێکخراو.

– بەرپرسی بەشەکانی دارایی، کارگێڕی، هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و …….. هتد.

سێیەم/٢:دەسەڵاتەکانی دەستەی کارگێڕی:

1. دەستەی کارگێری لە نێوان دوو هەڵبژاردندا بەرپرسە لە کاروباری کارگێڕی و دارایی ڕێکخراوەکە، کە بە شێوه‌ی دەنگدانی نهێنێ له‌ لایەن دەستەی گشتیەوە هەڵبژێردراونو کاره‌کانیان به‌ رێگه‌ی ته‌وافق لەسەر بنەمای لێهاتووی و شارەزایی له‌ یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی دوای کۆنگره‌ لە بەرپرسێتی بەشەکان دادەنرێن، جگه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆک و جێگره‌که‌ی کە بەهەڵبژاردنێکی ئازاد و نهێنێ لە نێوان ئەندامانی دەستەی کارگێری دەبێ.

2. دەستەی کارگێری بڕیار لەسەر پێکهێنانی لێژنەی پڕۆژەکان دەدا، کە لێژنەیەکی کاتی يه.

3. داواکاریەکان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌ندامی نوێ یان سزادانیان بۆ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بەرز دەکاتەوە .

4. سه‌رپه‌رشتی به‌شه‌کان و لقەکان ده‌کا و کاره‌کانیان دابه‌ش ده‌کا.

5. بڕیاردان لەسەر سەرف و کاروباری دارای ڕێکخراوەکە دەردەکا.

6. دوای ڕەزامەندی ئەنجومەنی بەڕیوەبردن سەرپەرشتی خولەکانی ڕاهێنان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەکا.