رۆژ ئاوای کوردستان لە مڵملانێی سیاسی دا…. تاهیر عبدوڵڵاپوور
تا بێت بارودۆخی ناوخۆی سوریا ئاڵۆزتر ده‌بێت و ململانێكان خوێناویتر و تووندتر ده‌بنه‌وه، له‌م نێوه‌نده‌شدا هاووڵاتیان به تێكڕای نه‌ژاد و پێكهاته‌كانه‌وه ڕووبه‌ڕووی مه‌رگه‌ساتی زیاتر ده‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوانكراوی مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌ده له ده‌سه‌ڵاتدا، كه له‌وه‌شدا وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌شێكی گه‌وره‌ی به‌رپرسیاریەتییه‌كه‌یان ده‌كه‌وێته سه‌رشان، چونكه هه‌ر وه‌كو چه‌ند سیاسی و نووسه‌رێكی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتیش پێشبینییان ده‌كرد، ئه‌گه‌ر وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوكاریی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نه‌كه‌ن له دژی ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و به زوویی كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د نه‌یه‌ت، ئه‌وا ئه‌و وڵاته ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی تووندوتیژی و خوێنڕێژی، بێگومان هه‌رواش ده‌رچوو، ئێستا سوریا بووەته جێگه‌ی ململانێ و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی به‌رژە‌وه‌ندیی هێزه هه‌رێمی و جیهانییه‌كان، ئاسۆیه‌كی ڕوونیش بۆ ئاینده نییه. به پێچه‌وانه‌ی لیبیاوه كه توانرا له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌سه‌ڵاتی موعه‌ممه‌ر قه‌زافی كۆتایی پێبێت و هه‌ڵبژاردن بكرێت و ورده ورده به‌ره‌و سه‌قامگیریی سیاسی هه‌نگاو بنێت
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، ڕۆژئاوای كوردستان كه‌وته نێو ئه‌و ململانێیه‌وه. ماوه‌ی مانگێكه زۆرترین چاوی له‌سه‌ره و ڕۆژانه ڕووداوی ناوچه كوردییه‌كان هه‌واڵی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه. به وردبوونه‌وه له ڕە‌وتی ڕووداوه‌كان، ململانێی ناوخۆیی هێزه كوردییه‌كان و تێكه‌ڵبوونیان به ئه‌جێندای هه‌رێمی، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی كردووه‌ته سه‌ر قووڵبوونه‌وه‌ی ململانێكان و تاوسه‌ندنی ناكۆكی. دوو هێز و كاراكته‌ری سه‌ره‌كیی كوردی ئه‌و هه‌رێمه به‌سه‌ر پارتی و په‌كه‌كه‌دا دابه‌شبوون، ، ئه‌وانیش له چوارچێوه‌ی دنیابینیی حیزبییه‌وه ده‌ڕواننه ئاینده‌ی ڕۆژئاوای كوردستان، هه‌ریه‌كه‌شیان یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به رێگری له به‌رده‌م هاتنه‌دیی ئامانجه‌كانی كورد له‌و پارچه‌یه، له‌و نێوه‌نده‌شدا دۆزی كورد زیانی پێگه‌یشتووه
تێڕوانینی ته‌سك بۆ دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، بۆ ناو ڕیزه‌كانی یه‌كێتی و پارتی شۆڕبووه‌ته‌وه. پارتی سنووره داده‌خات و ڕایده‌گه‌ێنێت ڕازی نابێت په‌یه‌ده بێته سه‌ر حازری، به‌ڵام سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی چه‌كه تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی به دیاری ده‌داته نوێنه‌ری ئه‌و پارته و نه‌یاره‌كه‌ی پارتی، ئه‌مه‌ش وه‌كو پشتیوانییه‌ك لێی و كورد وته‌نیش دوژمنی دوژمنم دۆستمه. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم گومان له‌سه‌ر ڕاستیی كۆمه‌ڵكوژیی كورد له‌و ده‌ڤه‌ره زیاتر ده‌كات
له ئێستاشدا كه ئاماده‌كاریی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێت، گرنگه دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان به هه‌ند وه‌ربگیرێت، سه‌رجه‌م پارته كوردییه‌كان له ڕۆژئاوا به هه‌ستكردن به به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن، پارته‌كانی پارچه‌كانی تریش له جێی قووڵكردنه‌وه‌ی ململانێی ئه‌و هه‌رێمه و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حساباتی خۆیان، به خه‌م به‌دیهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌كه‌یانه‌وه بن. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وێش به هه‌مان شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و ده‌یان ساڵ باجی هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده و پارته‌كانیان ده‌ده‌ن. مێژووش له هه‌ڵه‌ی كه‌س نابوورێت……