سه‌باره‌ت به هه‌وڵی چالاکانی کورد له نێوخۆی وڵات بۆ دامه‌زراندنی حیزبێكی “قانوونی”. ئاسۆ حەسەن زادە
یه‌كێک له پێشمه‌رجه هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی به‌شداریی سیاسی، مافی دامه‌زراندنی رێکخراوه‌کان و ئازادیی پارته سیاسییه‌کانه. ده‌قه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی پێوه‌ندیدار به مافه سیاسییه‌کانی مرۆڤ و ئۆرگانه‌کانی چاوه‌دێر به‌سه‌ر جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ده‌قانه‌دا، به‌ڕه‌سمی ناسین و جێبه‌جێ کردنی به‌کرده‌وه‌ی ئازادیی رێکخراوه‌کان به پێوه‌ری سه‌ره‌کیی پلورالیزمی سیاسی که هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی دێموکراتیکی پێ ده‌ناسرێته‌وه له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حیزب و رێکخراوه‌کان ئامرازی هه‌ره گونجاوی کانالیزه کردنی باس و خواسه سیاسییه‌کان و خه‌مڵاندنی بیروڕای گشتی و ئه‌کتیڤ کردنی تاک له‌نێو به‌ستێنی گشتیدان، ته‌نانه‌ت واقیعییه‌تی زۆر له مافه‌کانی دیکه‌ش وه‌ک ئازادیی راده‌ربڕین و ئازادیی خۆپێشاندان و راست و دروستیی هه‌ڵبژاردنه‌کان به ئازادیی دامه‌زران و تێکۆشانی حیزب و رێکخراوه‌کانه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه.
له ئێرانی ژێر حاکمییه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا، سه‌ره‌ڕای بوونی کۆمه‌ڵێک بنه‌مای ده‌ستووری و قانوونی سه‌باره‌ت به چالاکیی حیزب و رێکخراوه‌کان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که به‌درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌و رێژیمه به‌ڕواڵه‌ت هێندێک حیزب و رێكخراو له چوارچێوه‌ی نیزامدا دامه‌زراون، به‌هۆی ماهیه‌تی ئیدئۆلۆژیکی ئه‌و رێژیمه که هه‌میشه زه‌رفییه‌ته سیاسی و قانوونییه‌کانی به‌رته‌سکتر کردۆته‌وه، له کرده‌وه‌دا هه‌رگیز ئازادیی ئه‌حزاب جێبه‌جێ نه‌کراوه. نه‌ک هه‌ر ئه‌و رێکخراو و پارته سیاسییانه‌ی ملکه‌چی بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌کانی کۆماری ئیسلامی نه‌بوون مۆڵه‌تی دامه‌زران و بواری چالاکیی ئازادیان پێ نه‌دراوه، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت ئه‌و حیزبانه‌ش که له چوارچێوه‌ی رێژیم‌دا له‌لایه‌ن باڵ و ژێر باڵه‌کانی نێوخۆی ئه‌و رێژیمه‌وه پێک هاتوون وڵامده‌ری ئه‌و رۆڵه نه‌بوون که حیزبێکی سیاسی ده‌بێ بیگێڕێ؛ له‌سه‌ریه‌ک ره‌وته سیاسییه‌کان له ئێرانی ژێر حاکمییه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا به‌تایبه‌ت له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا نه‌ک به‌ده‌وری حیزبه‌کاندا، به‌ڵکوو هه‌میشه به‌ده‌وری که‌سایه‌تی و سیما ناسراوه‌کانه‌وه که رابردوویه‌کیان له به‌رپرسایه‌تیی گه‌وره له رێژیم‌دا هه‌بووه، شکڵیان گرتووه.
تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته له ته‌کفیر و له مه‌یدان وه‌ده‌رنانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی وڵامده‌ر و په‌یڕه‌وی بنه‌ماکانی کۆماری ئیسلامی نه‌بوون زۆر پێش ئه‌وه‌ی حیزبه “سه‌راسه‌ری”یه‌کانی ئێران بگرێته‌وه، رێکخراوه کوردییه‌کان و له‌نێو وان‌دا به‌رابردووترین رێکخراوی سیاسیی کورد له ئێران واته حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی به ئامانج گرت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که ئه‌و حیزبه له ره‌وته سیاسییه‌کانی پاش ئینقلاب و هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی‌دا چالاکانه له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی نوێی تاران له مامه‌ڵه‌دا بوو و له کاتی وتووێژه‌کانی هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی کورد له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تیش له دیالۆگ و دانوستاندا بوو، هه‌رگیز ئه‌و حیزبه به‌شێوه‌ی قانوونی ده‌ره‌تانی تۆمار کرانی نه‌درایه و به‌پێچه‌وانه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سپێکردنه‌وه‌ی شه‌ڕی کوردستان کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی بڕیاری به “هه‌ڵوه‌شاوه” راگه‌یاندنی ئه‌و حیزبه‌یان ده‌رکرد. ده‌سته‌واژه‌یه‌ک که تا ئێستاش له‌لایه‌ن ده‌زگا ته‌بلیغاتییه‌کانی رێژیم و ئه‌و به‌رپرسانه‌یه‌وه که له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌کانی پێوه‌ندیدار به کوردستان ده‌دوێن، هه‌روا به‌کار ده‌برێ.
له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی خه‌باتی پارلمانیی کورده‌کانی باکووری کوردستان و دامه‌زرانی رێکخراوی سیاسیی ره‌سمی و قانوونی‌یان (هه‌ر جاره‌ی به ناوێک) بۆ بردنه پێشی خه‌باتی ئه‌وان له به‌ستێنی مه‌ده‌نیدا، ئه‌و بیرۆکه‌یه له‌لای کۆمه‌ڵێک له چالاکانی کورد له نێوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش که‌ڵکه‌ڵه‌ی کرد که بۆ به‌قانوونی کردنی چالاکیی سیاسیی خۆیان له چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا هه‌وڵ بده‌ن، به‌تایبه‌ت که ئه‌و سه‌رده‌مه هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ر کاری باڵی ناوزه‌دکراو به ریفۆرمخواز که که‌مکردنه‌وه‌ی فشار بۆ سه‌ر خه‌ڵکی خستبووه نێو مه‌رامه سیاسییه‌کانی خۆیه‌وه و له کوردستانیش بوارێکی هه‌رچه‌ند سنووردار بۆ چالاکیی فه‌رهه‌نگی و رووناکبیری پێک هاتبوو. به‌ڵام دواجار سنووره قانوونی و سیاسییه‌کانی چالاکیی سیاسیی رێکخراو له‌ژێر حاکمییه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا بوونه هۆی ئه‌وه که سه‌ره‌ڕای دروستبوونی ژماره‌یه‌کی زۆر ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی له شاره‌کانی کوردستان و ته‌نانه‌ت دامه‌زرانی هێندێک فۆرۆم و پێکهاته بۆ وه‌خۆگرتن و هه‌ماهه‌نگ کردنی چالاکیی سیاسیی نوێنه‌رانی کورد له مه‌جلیس و به‌گشتی بژارده‌کانی کورد له ناوه‌ند، نه کۆماری ئیسلامی رێگه‌ی به تۆمارکردنی یاسایی ئه‌و پێکهاتانه دا که سروشتێکی سیاسی‌یان هه‌بوو، نه نوێنه‌ر و چالاکه کورده‌کانیش ئه‌و کاته توانیان شه‌قڵی سنووره گوتارییه‌کانی سه‌پێنراو له‌لایه‌ن رێژیمه‌وه ئه‌وه‌نده بشکێنن که متمانه و سه‌رنج و پشتیوانیی به‌ربڵاوی خه‌ڵکی کوردستان بۆ لای خۆیان رابکێشن.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌هۆی ئاکامه عه‌ینی و ره‌وانییه‌کانی مامه‌ڵه‌ی ئه‌منیه‌تی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کوردستان و نه‌بوونی به‌ستێن و ئه‌زموونی پێویست له هه‌ماهه‌نگی و هاوپێوه‌ندیی نێوان به‌ستێنی مه‌ده‌نی و به‌ستێنی شۆڕشگێریی خه‌باتی کورده‌کان له ئێران، ئۆپۆزیسیۆنی رووخانخوازی کوردیش له‌سه‌ریه‌ک به دوودڵی و ته‌نانه‌ت به چاوی گومانه‌وه له‌م جۆره هه‌وڵانه‌ی ده‌ڕوانی. ئه‌م گومان و دوودڵییه ئه‌وه‌نده‌ی بۆ بێ باوه‌ڕییه‌کی به‌جێ به رێژیم و بێ هیواییه‌کی مه‌نتیقی به کارایی زه‌رفییه‌ته سیاسی و قانوونییه‌کانی نێو سیستمی کۆماری ئیسلامی ده‌گه‌ڕایه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ش به ناهه‌ق به‌رهه‌می ئه‌نگیزه و رێفلێکسه نه‌گوتراوه‌کانی پێوه‌ندیدار به زێهنیه‌تی رکابه‌ری و ئالترناتیڤ سازی بوو.
ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ هاتنه‌سه‌رکاری رووحانی و دوابه‌دوای ئه‌وه که به‌شێک له بژارده‌کانی کوردی نێوخۆی وڵاتیش تێکه‌ڵی ئه‌و فه‌رایه‌نده بوون که هه‌ڵبژێرانی ناوبراو به سه‌رکۆماری لێ که‌وته‌وه، مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی رێکخراو یا رێکخراوگه‌لێکی قانوونی له ئێران بۆ رێکخستنی تێکۆشانی سیاسیی کورده‌کان له‌لایه‌ن هێندێک له چالاکان و پێکهاته تائێستاش ناڕه‌سمییه‌کانی کوردی نێوخۆی وڵاته‌وه خراوه‌ته‌وه روو و ئه‌و پرسه که‌وتۆته‌وه نێو رۆژه‌ڤی باس و بیری سیاسیی کوردی رۆژهه‌ڵات. له سه‌رده‌مێکدا که کۆماری ئیسلامی هه‌روا خۆی له هه‌ڵێنانه‌وه‌ی هه‌رچه‌شنه هه‌نگاوێک له‌پێناو کرانه‌وه‌یه‌کی سیاسیی ئه‌وتۆدا که ده‌رفه‌ت به تێکۆشانی ئازاد و ئاشکرای ئۆپۆزیسیۆنی نه‌ریتیی خۆی بدا ده‌پارێزێ (شتێک که جارێ نه له کورتخایه‌ن و نه ته‌نانه‌ت له دووره‌دیمه‌نیشدا رێی تێ ناچێ)، له سه‌رده‌مێکیشدا که به‌ڵام کۆمه‌ڵێک تابوو و به‌ربه‌ستی زه‌ینیی نێوخۆی بزوتنه‌وه‌ی کورد شکاون و بوارێکی له‌بارتر بۆ له‌یه‌كتر تێگه‌یشتنی بژارده‌کانی هه‌ردوو به‌ستێنی مه‌ده‌نی و شۆڕشگێڕی ره‌خساوه، جێی خۆیه‌تی که پێداچوونه‌وه به چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی دامه‌زراندنی رێکخراوی قانوونیی کورده‌کان له ئێران لانیکه‌م له یه‌کێک له‌و دوو گۆشه نیگایه‌دا که له سه‌ره‌وه باس کران بکرێ.
تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر گۆشه نیگای کۆماری ئیسلامی، هه‌روه‌ک گوترا هه‌تا ئێستا ئاڵ‌وگۆڕێک له‌و بواره‌دا له سیاسه‌تی رێژیم‌دا پێک نه‌هاتووه. کۆماری ئیسلامی ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی باوه‌ڕی به تێکۆشانی سیاسیی کورده‌کان بۆ کارکردن له‌سه‌ر مه‌رامه جه‌وهه‌رییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێران هه‌با، بواری تێکۆشانی ئازاد و ئاشکرای له‌پێشدا بۆ ئه‌و حیزبانه ده‌ڕه‌خساند که رابردوویه‌کیان له خه‌بات و تێکۆشان بۆ خستنه‌ڕوو و وه‌دیهێنانی ویست و داوا ره‌واکانی ئه‌و گه‌له‌دا هه‌یه و له یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنی پارلمانیدا که ئه‌و رێژیمه بۆخۆی رێکی خستبوو متمانه‌ی خه‌ڵکی کوردستانیان وه‌رگرت و به‌گشتی له خه‌مڵاندنی پرسی کورد له ئێران‌دا رۆڵێکی مێژووییان گێڕاوه. خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت هه‌نگاوی له‌م چه‌شنه ته‌نیا رێکخراوه‌کانی دامه‌زراو له‌لایه‌ن چالاکانی کوردی نێوخۆی وڵاته‌وه‌ش بگرێته‌وه، ئه‌مه – به هه‌موو که‌میی خۆیه‌وه- ناکرێ به خراپ بزانرێ و پێشوازیی لێ نه‌کرێ. به‌ڵام هه‌روه‌ک گوترا هه‌تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌کی روون و بڕیارده‌ر سه‌باره‌ت به پێداچوونه‌وه‌ی رێژیم به سیاسه‌تی خۆی له‌و بواره‌دا ته‌نانه‌ت له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێکهاته کوردییه‌کانی نێوخۆی وڵاتیش به‌دی ناکرێ. به‌پێچه‌وانه‌وه، نه‌ک هه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌م دواییانه‌دا له‌ژێر ناوی حیزب دروست کردندا هاتوونه‌گۆڕ، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت ئه‌و پێکهاتانه‌ی پێشووش که له قالبی نه‌رمتردا گه‌ڵاڵه کرابوون و ده‌مێکه له فه‌زای گشتیدا ناویان هه‌یه، تا ئێستا مۆڵه‌تی یاساییان وه‌رنه‌گرتووه.
له‌و شوێنه‌دا به‌ڵام که پێداچوونه‌وه و دووباره هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه خۆی ده‌سه‌پێنێ گۆشه‌نیگاکه‌ی دیکه، واته مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌کانی نیشتمانپه‌روه‌رانی کورد له نێوخۆی وڵات له‌م بواره‌دایه. به‌درێژایی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوو، یه‌کێک له که‌موکوڕییه‌کانی کاری سیاسیی کورده‌کانی ئێران (به هه‌موو رووبه‌ره‌که‌یه‌وه) ئه‌وه بووه که هه‌ماهه‌نگی و هاوپێوه‌ندیی نێوان بژارده‌کانی هه‌ردوو به‌ستێنی مه‌ده‌نی و شۆڕشگێڕی وه‌ک زۆر پرسی دیکه به ناهه‌ق که‌وتۆته ژێر کاریگه‌ریی پرسی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی به‌و ماهییه‌ته نادێموکڕاتیک و دژه ئینسانییه‌وه که هه‌یه‌تی. راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که نه‌ک هه‌ر قازانجی له‌مه‌یداندابوونی هاوکاتی بژارده‌کانی کورد له هه‌موو به‌ستێنه‌کاندا و به‌هێزکردنی فاکته‌ری کوردی له هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانی کاری سیاسی‌دا، به‌ڵکوو پێویستیی نۆژه‌نبوونه‌وه‌ی به‌ستێنی شۆڕشگێڕی و گرێدرانه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی رووخانخواز به واقیعییه‌ته‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا له‌م قۆناغه‌دا و زه‌رووره‌تی ته‌مرین کردنی هه‌ر له ئێستاوه‌ی پێکه‌وه حاوانه‌وه و کاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كتر دانان بۆ قۆناغی پاش کۆماری ئیسلامی‌یش ئه‌وه ده‌خوازێ که بژارده و پێکهاته‌کانی هه‌ردوو به‌ستێنی مه‌ده‌نی و شۆڕشگێڕی له‌مه‌ولا به دیدێکی ئاوه‌ڵا و داماڵراو له گومان و دڕدۆنگییه‌وه بۆ رۆڵ و ریساله‌تی یه‌کتر بڕوانن و له‌گه‌ڵ جیاوازیی سروشتیی نه‌خش و کارکردیان، خۆیان به ته‌واوکه‌ری یه‌كتر بزانن.
ئه‌گه‌رچی به‌هۆی درێژه‌کێشانی روانینی ئه‌منیه‌تیی کۆماری ئیسلامی بۆ مه‌سه‌له‌ی کوردستان، دیالۆگ و کاریگه‌ری دانانی ئه‌م دوو به‌ستێنه له‌سه‌ر یه‌کتر هێشتا ناتوانێ دیالۆگ و کاریگه‌ری دانانێکی ره‌سمی و راسته‌وخۆ و هه‌مه‌لاگیر بێ، به‌ڵام هه‌ر ئێستا هه‌ردوولا ده‌توانن به هه‌ڵوێست و کرداری پۆزه‌تیڤ و بنیاتنه‌ری خۆیان، بۆ یه‌كتر و له‌به‌ر چاوی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ئه‌رکساز و متمانه‌به‌خش و له ئاکامدا رێکخه‌ر و بزوێنه‌ر بن. ئه‌وه‌نده‌ی پێویسته به‌ستێنی شۆڕشگێری ده‌ستی چالاکانی نێوخۆ به‌تایبه‌تی له ئاستی ناوه‌نددا ئاوه‌ڵا بکا و هانیان بدا که هه‌موو ئامراز و که‌ناڵه سنوورداره‌کانیش (و یه‌ک له‌وان داوای به‌قانوونی کردنی پێکهاته سیاسییه‌کانی کورد) بۆ ئه‌وه به‌کاربه‌رن که مه‌سه‌له‌ی کورد له‌لای کاربه‌ده‌ستانی رێژیم وه‌ک ده‌غده‌غه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی بمێنێ و کۆمه‌ڵگای ئێرانیش هه‌رچی زیاتر به داواکانی خه‌ڵکی کوردستان ئاشنا بکه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ش به‌ستێنی مه‌ده‌نی له‌سه‌ریه‌تی بۆ به‌زاندنی جه‌غزی گوتاریی داسه‌پاو له‌لایه‌ن رێژیمه‌وه و له‌پێناوی کاریگه‌ری وه‌رگرتنی زیاتر له گوتاری مێژوویی کورد له ئێران ئاماده‌یی له خۆیدا پێک بێنێ و له کرده‌وه‌شدا ئازایانه خه‌للاقییه‌ت له خۆی نیشان بدا. له هه‌ر حاڵ‌دا ئیدی ره‌وا نیه که پێوه‌ندی و کارتێکه‌ریی نێوان ئه‌م دوو به‌ستێنه چیدیکه نه گرفتاری گومان و دڕدۆنگییه‌کانی رابردوو بێ و نه به‌تایبه‌تی کۆماری ئیسلامی‌یش ئاقاره‌که‌ی دیاری بکا.
به‌م چه‌شنه‌یه که ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت په‌ڕاوێزی مانۆڕدانی چالاکانی کورد له نێوخۆی وڵات بۆ به چالێنج کێشانی رێژیم و له‌و نێوه‌شدا بۆ به قانوونی کردنی رێکخراوی سیاسیی کوردی له ئێران زۆر سنووردایش بێ و ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئه‌وان له‌م هه‌وڵانه‌یاندا سه‌رکه‌وتووش نه‌بن، لانیکه‌م پانتایی خه‌باتی کورد له ئێران به‌هۆی تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و خۆده‌رخستنی هه‌ماهه‌نگی بژارده‌کانی کورد له هه‌ردوو به‌ستێندا فراوانتر ده‌بێته‌وه و له ئاکامدا کورده‌کان ده‌چنه نێو فازێکی نوێ له هه‌نگاونانی به‌کرده‌وه بۆ بردنه‌پێشی خه‌باتێکی فره‌ڕه‌هه‌ندی دانه‌بڕاو له پڕۆسه سه‌راسه‌رییه‌کان.
له ژماره ٦١٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه