له په‌راوێزی شکاندنی کێلی گڵکۆی شێرکۆ بێکه‌سی شاعیر دا. قادر وریا
به‌جێ نایێ، ده‌بێ روو که‌ینه سارا
حه‌قی ئادابی مه‌جنوونی له شارا
(مه‌حوی)
ده‌ڵێم سه‌ری خۆم هه‌ڵبگرم و بڕۆم. رووبکه‌مه شاخ و چیایان، چۆل و بیابانان، لێڕه‌وار و دارستانان.
بڕۆم برۆم، له ترۆپکی چیایه‌ک، له لێواری ده‌ریایه‌ک، به ته‌نیا دابنیشم، له رابڕدوو ڕابمێنم وده‌ردی دڵ هه‌ڵڕێژم . ئه‌ژنۆی خه‌م بگرمه باوه‌ش بۆ به‌باداچوونی ره‌نج و مه‌ینه‌تی ئه‌و مرۆڤه ڕووناکبیر و خه‌باتکارانه‌ی له سه‌دساڵ له‌مه‌وبه‌رو ته‌نانه‌ت پێشتریشه‌وه، مه‌شخه‌ڵی زانست و شارستانه‌تی و رووناکییان هه‌ڵگرت و به گژ جه‌هل و تاریکی دا چوون. بۆ ڕه‌نج به‌خه‌ساریی به‌درخانیان، حاجی قادر، مه‌لای گه‌وره، حه‌پسه‌خان، مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان و پیره‌مێرد به په‌رۆش بم، بۆ به فیڕۆچوونی ره‌نجی بێکه‌س و گۆران و جگه‌رخوێن، بۆ هه‌موو پێشه‌نگانی بواری ئه‌ده‌ب و ڕۆژنامه‌نووسی و شانۆ و موسیقا و زانست و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی. بۆ شه‌ونخوونییه‌کانی شاکر فه‌تاح، یه‌ڵماز گۆنای،عه‌لیمه‌ردان، هێمنی موکوریانی و…. بۆ به‌رنه‌گرتنی داری هیوای ڕێبه‌رانی خه‌باتی ئازادیخوازیمان، سمکۆی خاوه‌ن پیانۆ، پێشه‌وای کتێبدۆست، بارزانیی “هه‌ژار”په‌نا، برایم ئه‌حمه‌دی ڕۆماننووس، د.قاسملووی به‌فه‌رهه‌نگ. بۆ ناکامیی هه‌موو ئه‌و ئینسانه باشانه‌ی هه‌ر بیر و ئایدۆلۆژییه‌ک هانده‌ریان بایه بۆ خه‌بات و شۆڕش، ئیسلام بایه یا سۆسیالیزم یا لیبرالیزم، په‌یامی ئازادی و به‌ختیاریی مرۆڤیان لێهه‌لدێنجا.
ئه‌و داهاتووه جوانه‌ی له شێعر و چیرۆک و ڕۆمان و گۆرانی و سروود و تابڵۆی نه‌وه‌کانی پێشوو دا ره‌نگیان دابۆوه، کوا؟
ئه‌و دنیایه‌ی باب و باپیرانی نوێخواز و ئازادیویستمان، ساته‌کانی شه‌وانی ته‌نیا وتاریکی به‌ندیخانه‌کانیان ، به ده‌م دروستکردن و وێناکردنیه‌وه به‌ڕێ ده‌کرد، کوا؟
بۆ سێ چاره‌که چه‌رخ ده‌چێ ڕووناکبیران، تێکۆشه‌ران، شۆڕشگێڕان و نیشتمانپه‌روه‌رانی کورد له هه‌ر کام له به‌شه‌کانی کوردستان، نه‌وه به دوای نه‌وه، ژیان و گیانی خۆیان ده‌که‌ن به قوربانی بۆ ئه‌وه‌ی کۆت و به‌نده‌کانی دیلی و کۆیله‌یی، له ده‌ست و لاقی تاکه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یان داماڵن، چ ئه‌و به‌ند و زنجیرانه‌ی به‌رهه‌می دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌زانینن، چ ئه‌وانه‌ی داگیرکه‌ران له جه‌سته‌مانیان هاڵاندوه.
زیاتر له نیو سه‌ده‌یه خه‌ون به‌و ڕۆژه‌وه ده‌بینین که چاره‌نووسی خۆمان له ده‌ست خۆمان دابێت، بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بگه‌یه‌نینه ڕیزی گه‌لان. بۆ ئه‌وه‌ی شارمان، قوتابخانه‌مان، گۆڕستانمان ، ماڵمان، حاڵمان وه‌ک خه‌ڵکی دنیای ئازاد بچێ. بۆ ئه‌وه‌ی زاناکانمان، شاعیران و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانمان، چی دیکه به بێنازی و له بێقه‌دری، سه‌رنه‌نێنه‌وه، بێ مه‌زارگه و بێ‌ناونیشان نه‌بن.
چۆن له ناخه‌وه نه‌هه‌ژێم و تووڕه نه‌بم؟ له‌و سلێمانییه‌ی که به ڕابردووی پێشه‌نگانه و نوێخوازانه‌ی خۆی ناو‌و نازناوی پێته‌ختی ڕۆشنبیریی له خۆی حه‌ڵاڵ کردوه، که‌سانێک جورئه‌ت ده‌که‌ن کێلی گڵکۆی شاعیرێکی وه‌ک شێرکۆ بێکه‌س بشکێنن؟ شێرکۆ بێکه‌س، کام بیری، کام کرده‌وه‌ی، کام هه‌ڵوێستی، کام په‌یامی، کام کتێبی، کام خه‌ونی، کام خه‌یاڵی، پارچه‌یه‌ک نین له‌و دنیایه‌ی خه‌ون و خۆزیا و ئاواتی هه‌زاران شه‌هیدی ئه‌م وڵاته‌یان پێک هێناوه؟ ئه‌وانه‌ی دوێنێ کێلی گڵکۆی هه‌ژار و هێمن و ئه‌مڕۆ کێلی گڵکۆی شێرکۆ بێکه‌سیان شکاند، بێجگه له جه‌هل و ڕق و نه‌فره‌ت و کوشتن و وێرانی چ قسه‌یه‌کیان بۆ وتن هه‌یه؟ئایا له په‌یامی ئه‌وان، ئینسانی‌تر، جوانتر‌و پیرۆزتریان پێیه؟ کامه‌یه ئه‌و په‌یامه؟
له نێو هه‌رکۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه و وڵاتێک، ڕه‌نگه شێتێک، نه‌خۆشێک هه‌ڵکه‌وێ له نه‌زانی یا له‌به‌ر تێکچوونی باری ده‌روونی کرده‌وه‌یه‌کی وا ئه‌نجام بدا که له گه‌ڵ نه‌ریت و ڕیوشوێن و به‌هاکانی کۆمه‌ڵ نه‌گونجێ. به‌ڵام کرده‌وه‌ی له چه‌شنی شکاندنی کێلی که‌سایه‌تییه گه‌وره‌کانی بواری فکر و ئه‌ده‌ب وهونه‌ر، یا شکاندن و سوتاندنی هێندێک په‌یکه‌ره و مۆنۆمێنت و شوێن که روخسارێک له ڕوخساره‌کانی جیهانی مودێڕنن، هه‌ڵگری واتا و په‌یامێکی تایبه‌ته که هه‌ڕه‌شه‌یه له ژیان، هه‌ڕه‌شه‌یه له پێشکه‌وتن، هه‌ڕه‌شه‌یه له ئاشتی و ئازادی وجوانی. هه‌ڕه‌شه‌یه له جیاوازییه‌کان و جۆراوجۆرییه‌کان و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردنیان. ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه وا دیاره ژینگه‌یه‌کی له‌بار بۆ په‌لداکوتان و پنج هاویشتن به‌دی ده‌کا بۆیه له خۆی راده‌بینێ به گژ سه‌مبوله‌کانی جوانی دابچێته‌وه! بێده‌نگ بوون له ئاست ئه‌م جۆره سه‌رکێشی وملهوڕی و خۆسه‌پاندنه، یانی ته‌سلیم بوون له ئاست جه‌هل و تیرۆر، یانی ملدان بۆ به فیڕۆچوونی ده‌سکه‌وته‌کانی نزیک به سه‌ده‌یه‌ک خه‌باتی پڕله‌قوربانیدان له پێناوی ئازادی و به‌ختیاریی مرۆڤی کورد.
چ بکه‌ین؟ سه‌ری خۆمان هه‌ڵ بگرین و بڕۆین و واز له بنیاتنانی ئه‌و دنیاجوانه بێنین که‌ده‌یان ساڵه به دوای دا ده‌گه‌ڕێین؟
یا ڕابوه‌ستین و ڕێگا نه‌ده‌ین هیوا وئازادی و جوانییه‌کانمان لێ بستێننه‌وه؟