بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک دژی رژێمی ئیسلامیی ئێران لە ستۆکهۆڵم بۆ نارەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ئێعدامی لاوانی کورد.

دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر لەسەر بانگەوازی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوئێد و هەروەها کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان، خۆپێشاندانێک بەبەشداری کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە کوردستانییەکان، چالاکانی مەدەنی و کەسانی سەربەخۆ، دژ بەو شەپۆلی ئێعدام و لەسێدارەدرانانەی رژێمی ئیسلامیی ئێران لە گۆڕەپانی ” سێرگێل تۆریەت” ی شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.

شایانی ئاماژە پێکردنە کەش و هەوایەکی زۆر گەرم و دۆستانە لە ناو بەشدارانی خۆپێشاندانەکە، هەستپێدەکرا و هەموو بە تامەزرۆییەوە باسی گرینگیی پێکەوە کارکردنیان دەکرد. ئەم کەش و هەوا دۆستانەیە لەناو هەموو بەشداران بە گشتی و لە ناو ئەندامانی هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکراتدا بە تایبەتی، هەستیپێدەکرا.

لەم خۆپێشاندانەدا ژومارەیەک پارلمانتاری سوئێدی وتاریان خوێندەوەو لە قسەکانیاندا بەتوندی ئەو ئێعدام و کوشتنەی چالاکانی سیاسی و زیندانی‌یان لە لایان رژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم کرد و داوایان ئەوە بوو کە سوئێد و یەکیەتی ئوروپا هەرچی زووتر ئەم کردەوانەی رژێم مەحکووم بکەن و رێگایەک بۆ بەرگرتن لەو ئێعدامانە بدۆزنەوە.

دواتر وتاری چەندین حیزب و رێکخراوی دیکەی کوردستانی و هەروەها کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ خوێندرایەوە.
وتاری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزب ” ئەسعەد یۆسفی” خوێندرایەوە کە لە بەشێکی وتارەکەدا پێویستیی هاوکاری و هاودەنگیی هێزە سیاسییە خەباتکارکانی کورد وەک پێداویستییەکی گرینگی هەنوکەیی باسکرابوو.

خۆپیشاندانەکە لە هەوای سارد و تاریکی مانگی نوامبری سوئێد، دوای دوو کاتژمێر بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب کۆتایی پێهات.