حکومەت و مشەخۆرەکانی! تاهیر عبدوڵڵاپوور

ماوەیەکى زۆرە بەشێک لە نوسەران و سیاسەتمەدارانى ئۆپۆزسێون باس لەوە دەکەن کە حکومەتى هەرێم و ئیرادەى هەرێم کۆمەڵگایەکى بەکاربەر، یاخود دەتوانین بڵێین مشەخۆریان دروستکردووە، کۆمەڵگایەکیان دروستکردوە لە ڕەنجدان بێزارە و هەموو هەوڵى تاکەکانى ئەوەیە کەبەبێ ماندووبون و ڕەنجدان و بەڕێگای ئاسان بژێوی خۆی دەستەبەربکات، واتە تاکو کۆمەڵگای کوردستان لە بەرهەمهێنان دوورکەوتونەتەوە، ئەمەش وەکومەترسی گەورە لە سەر ئێستاو ئایندەی گەلەکەمان دیاریکراوە. چونکە ژیان ئەوەی سەلماندووە کە داهێنان و بەرهەمهێنان مەرجی سەرەکی ئیرادە بوون ومانەوەیە، بەپێچەوانەوە هەر تاکێک یاخوود کۆمەڵگایەک بەرهەم و داهێنانی نەبێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەلومەرجی مانەوەو گەشەکردن لەدەست دەدات

بەڵام ئێمەى کورد بەهۆى ئەوەى لەماف و ئازادیەکانمان بێبەشکرابوین زۆرهەستمان بەم لایەنەنەدەکرد و مەترسیەکا نیمان نەدەبینى، هەتا دوای راپەڕینی بەشێک لە کوردستانی باشور  کە دەرهاویشتەکانی ئاشکرا بوو. لە دواى ساڵى (1991)وە پارتە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان و ئیدارەى هەرێمى کوردستان نەک کاریان نەکرد بۆ سڕینەوەى ئاسەوارى ئەم سیاسەتە لە سەر تاک و کۆمەڵگا ى کوردى وبەڵکو بەبەرنامە ئەم سیاسەتەیان درێژە پێدا و کاریان بۆکرد کە لە حوکمەتی بەحس بۆیان مابۆوە

ئەوە بوو هەر پارتەی هەڵیدەدا لە ڕێگەى موچەى بێ بنەماو نا پێویستەوە ژمارەیەکى زۆر لە جەماوەر بەخۆیانەوە ببەستنەوە و هەموو کاتێکیش ئەو موچە یە وەکو کارت لەبەرامبەریاندا بەکاردەهێنرا وەک ئەوەی کە بینیمان لە کاتی هەڵبأردنیە پەڕلەمانیەکەدا هەتا گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئەمڕۆ بووە بەکێشەیەکی سەرەکی کۆمەڵگا و ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

 بەهەرحاڵ ئەم بابەتە نەخۆشییەکى کوشندەیە و پێویستى بەچارەسەرى هەیە، دیاردەیەکى ناوازەیەو لە جیهاندانمونەی نییە. لە وڵاتێکدا 75%ى بوودجەکەى بۆ مووچەى فەرمانبەران خەرجبکرێت، “خۆ ئەگەر مووچەى هێزى چەکدار نەخرایەتەسەر بوودجەى حکومەتى ناوەندى ئەوا هەموو بوجەی هەرێم بەشى مووچەى نەدەکرد”، ئەوەى لەم دیاردە ناوازەترە ئەوەیە کە حکومەت ماوەیەکە هەوڵدەدات بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە ولە جێگەى ئەوەى هەستێت بە گرنگیدان و بوژاندنەوەى کەرتى کشتوکاڵ و ئاودێرى و پەرەپێدانى پیشەسازى خۆماڵی و پشتیوانى کردنى دەستى کارى خۆیى و بڕینى موچەى پیاو ماقوڵانە وخانەنشینى وەزیران و پەرلەمانتاران وئەوانەی دوو مووچە یان زیاتر وەرئەگرن، کەچى دەبینینحکومەتی هەرێم یارمەتی هەژاران دەبڕێت، گرنگى بە سەرمایە گوزارانى دەرەوە دەدات و کارلەو کەرتانەدا دەکەن کەتەنیا قازانجى کاتى بۆ سەرمایەدارەکان تێدایەو ژێرخانێک بۆ گەلەکەمان دروست ناکات و خزمەتى هەژاران ناکات.