رێزلێنانی ئاکادیمیای کوردی لە هەرێمی کوردستان لە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە

لە رێورەسمێکی بەشکۆداو بە ئامادەبوونی ژماره‌یه‌کی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسی‌و ئەدەبییه‌کانی کوردی باشوورو رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاکادیمیای کوردی لە هەرێمی کوردستان ڕێزی لە دووکەسایەتیی به‌رزی ئه‌ده‌بی‌و تێکۆشەری مه‌یدانی ئەدەب‌و زمانی کوردی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەو مامۆستا محەممەدی مەلاکەریم گرت.

ئاکادیمیای کوردی لە هەرێمی باشووری کوردستان دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی 29ی خەزەڵوەری 1392ی هەتاوی، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکوومی‌و حیزبی‌و ژماره‌یه‌ک له‌ وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان‌و، هەورەها دەیان کەس لە کەسایەتییە ئەدەبییه‌کانی کورد لە باشوورو رۆژهەڵاتی کوردستان رێزی لە دوو سیمای ناسراوی ئەدەب و زمانی کوردی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەو محەممەدی مەلا کەریم گرت.

لە سەرەتای ئه‌و رێوڕەسمەدا دوکتور نەجات عەبدووڵڵا بە دەقێکی پڕنێوەرۆکی ئەدەبی لە سەر هەردوو بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەو محەممەدی مەلاکەریم کۆڕەکەی کردەوەو دواتر دوکتور نووری تاڵەبانی، سەرۆکی ئاکادیمیای کوردی لە هەرێمی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ کەسایەتیی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەو محەممەدی مەلاکەریم وێڕای وەبیرهێنانەوەی چەند بیرەوەرییەک لە گەڵ ناوبراوان، وتەیەکی بە نرخی پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕی رێزلێنانەکەدا، نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان، بەڕێز زیرەک کەماڵ، قسەی بۆ بەشدارانی کۆڕه‌که‌ کردو، لە سەرەتای قسەکانی دا پێخۆشبوونی کاک نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە دەسپێشخەریی ئاکادیمیای کوردی بۆ رێزلێنان لە دوو کەسایەتیی ناوداری ئەدەبی کوردی، “مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە”و “محەممەدی مەلاکەریم”ی بە بەشداربووانی کوڕەکە راگەیاند.

زیرەک کەماڵ لە درێژەی قسەکانی‌دا نامەیەکی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە، سیمای ناسروای بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌و حیزبی دێموکراتی بۆ شاعیری ناوداری کورد نەمر مامۆستا هێمن خوێندەوە کە کاتی خۆی بۆ ناوبراوی ناردوە.

دواتر لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا دوو کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری لە سەر ژیانی سیاسی‌و ئەدەبێ مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەو مامۆستا محەممەدی مەلاکەریم پیشان دراو لە دڕیژەی کۆڕی رێزلێنانه‌که‌ی ئاکادیمیای کوردی لە هەرێمی باشووری کوردستان‌دا، چەند کەسایەتییەکی ناوداری ئەدەبی‌و سیاسیی کورد بە پێشکەش کردنی وتارو وتەی بەرنرخ باسیان لە سەر کەسایەتیی به‌رزی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەو محەممەدی مەلاکەریم لە بوارەکانی تێکۆشانی سیاس‌ و ئەدەبی‌دا کرد کە بریتی بوون لە:

پرۆفیسۆر دوکتور عێزەدین مستەفا رەسووڵ، مامۆستا جه‌ماڵ عه‌بدول، دوکتور شوکریە رەسووڵ، دوکتور هۆگرو، تێکۆشەری ناسراوی دێموکرات کاک جەلیل گادانی.

له‌و رێوڕه‌سمه‌داو له‌ بڕگه‌ی سه‌ره‌کیی کۆبوونه‌وه‌که‌دا له‌لایه‌ن دوکتور نووری تاڵەبانی، سەرۆکی ئاکادیمیای کوردی‌یه‌وه‌ لەوحی رێزلێنانی ئاکادیمیای کوردی پێشکێش بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەو مامۆستا محەممەدی مه‌لا که‌ریم کرا.

لە بەشی کۆتایی کۆڕەکەدا مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە وتەیەکی پڕنێوەرۆک‌دا کە سەرنجی سەرجەم ئامادەبوانی بۆ لای خۆی راکێشا، وێڕای رێزو سپاس لەم هەنگاوەی ئاکادیمیای کوردی لە هەرێمی کوردستان، بە کورتی پڕژایە سەر بارودۆخی زمانی کوردی لە ئێستاداو، ڕاشکاوانە نیگەرانیی خۆی لەم پێوەندییەدا دەربڕی‌و، بە رەخنەگرتن لە بەرەی نوێی قەڵەم بەدەستانی ئەمڕۆی بواری زمان و ئەدەبی کوردی، شارەزایانی بواری ئەدەب و زمانی کوردی ئەرکدار کرد بەوەی کە بیر لەم بارودۆخە ناله‌باره‌ بکەنەوەو بە پێکهێنانی ئەنجومەنی تایبەت بە پاراستنی زمانی کوردی، زمانی کوردی لە قەیرانێک کە تووشی بووە رزگار بکەن.

مامۆستا حەسەنزادە لە کۆتایی قسەکانی دا بە دەربڕینی رێزو پێزانین لە هەوڵ‌و تێکۆشانە ئەدەبی و زمانەوانییەکانی بەڕێز مامۆستا محەممەدی مەلاکەریم کە بە هۆی نەخۆشییەوە نەیتوانیبوو لە کۆرەکەدا ئامادەبێ، سپاسی سەرجەم ئامادەبووانی کۆڕەکەی کرد.

شایانی باسه‌ کە لە کۆتایی کۆڕەکەدا چەند کیژو کوڕێکی بەهرەمەند بە پێشکەشکردنی پارچە موزیکێکی دڵڕفێنی کوردی زاخاوی مێشکی ئامادەبووانی کوڕەکەیان دا.