رێزلێنانی ئه‌کادیمیای کورد‌ی بۆ عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده
ورده‌کارییه‌كانی رێوڕه‌سمی رێزلێنان له عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده له ئه‌کادیمیای کورد‌ی
له‌ژێر ناوی “رێزلێنان بۆ دوو ئه‌دیب و زمان پاراوی ناوداری کوردستانی ئه‌مدیو و ئه‌ودیو عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده و محه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریم”، ئێواره‌ی رۆژی 20ی نۆڤه‌مبه‌ری 2013، ئه‌کادیمیای کورد‌ی که گرینگ‌ترین بنیاتی حکومه‌تی له هه‌رێمی کوردستان له‌بواری زمان و مه‌عریفه‌دایه، به پشتگیری و هاوکاریی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، رێوڕه‌سمێکی به‌شکۆی له باره‌گای ئه‌کادیمیا له هه‌ولێر به‌ڕێوه برد.
له‌م رێوڕه‌سمه که یه‌كه‌مین رێوره‌سمی رێزلێنان بوو که ئه‌کادیمیای کورد‌ی به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، زیره‌ك که‌مال نوێنه‌ری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، د. کاوه مه‌حمود وه‌زیری رۆشنبیری، سه‌عد خالد وه‌زیری کاروباری په‌رله‌مان، ئارام ئه‌حمه‌د وه‌زیری شه‌هیدان، د. سامان سۆرانی به نوێنه‌رایه‌تی له‌لایه‌ن فه‌للاح مسته‌فا سه‌رۆکی فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه، تاهیر عه‌بدوڵڵا جێگری پارێزگاری هه‌ولێر، فه‌رهاد عه‌ونی نه‌قیبی پێشووی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی کوردستان، کورده عومه‌ر به‌رێوه‌به‌ری گشتیی ده‌زگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌دژی ژنان، په‌خشان زه‌نگه‌نه سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان، د. شه‌فیق قه‌زاز سه‌رۆکی پێشووی ئه‌کادیمیای کورد‌ی، و ژماره‌یه‌ک له راوێژکارانی سه‌رۆکی حکومه‌ت و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان و نوێنه‌ری حیزبه‌کان و به ده‌یان مامۆستای زانکۆ و که‌سایه‌تیی ئه‌ده‌بی و رووناکبیریی ناسراوی کورد و مێدیاکانی هه‌رێم به‌شدار بوون.
له سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌که‌دا د. نه‌جات عه‌بدوڵڵا سکرتێری ئه‌کادیمیا و سه‌رۆکی لیژنه‌ی رێزلێنانه‌که له وته‌یه‌کدا وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان وته‌یه‌کی سه‌باره‌ت به هۆکار و مه‌به‌ستی ئه‌م رێزلێنانه پێشکه‌ش کرد.
پاشان د. نووری تاڵه‌بانی سه‌رۆکی ئه‌کادیمیای کورد‌ی باسێکی سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی و خزمه‌ته‌کانی عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده و محه‌ممه‌دی مه‌لاکه‌ریم به بواری زمان و ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی کورد پێشکه‌ش کرد.
ئینجا زیره‌ك که‌مال راوێژکاری سه‌رۆکی حکومه‌ت، به نوێنه‌رایه‌تی له‌لایه‌ن به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد. ناوبراو سه‌ره‌تا وێڕای ئیشاره به‌وه که سه‌رۆکی حکومه‌ت پێی خۆش بووه بۆخۆیشی له‌و رێوڕه‌سمه‌دا به‌شدار بێ به‌ڵام به‌هۆی کار و ئیلتزاماتی تره‌وه بۆی نه‌کراوه، سڵاو و ده‌ستخۆشیی سه‌رۆکی حکومه‌تی گه‌یانده رێزلێنانه‌که. پاشان زیره‌ک که‌مال نامه‌یه‌كی ده‌ستنووسی مامۆستا هێمن بۆ عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده و وڵامی عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده به‌و نامه‌یه‌ی مامۆستا هێمنی بۆ به‌شداران خوێنده‌وه.
دواتر دوو کورته فیلم له‌باره‌ی ژیان و که‌سایه‌تی و به‌رهه‌مه‌کانی هه‌ر یه‌ک له محه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریم و عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده نیشان دران. له‌و فیلمه‌دا که له‌سه‌ر مامۆستا حه‌سه‌ن زاده ئاماده کرابوو هه‌ر یه‌ک له د. مه‌حمود عوسمان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق و سیاسه‌تمه‌داری ناوداری باشووری کوردستان، د. که‌ماڵ مه‌زهه‌ر مێژووناسی به‌ناوبانگی کورد، فه‌رهاد عه‌ونی نه‌قیبی پێشووی سه‌ندیکای رۆژنامه‌وانانی کوردستان له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی مامۆستا قسه‌یان کردبوو و ئاماژه به بۆچوونی هه‌ریه‌ک له کریس کۆچێرا، عه‌لیره‌زا نووری زاده، شێرکۆ بێکه‌س، عه‌بدوڵڵا په‌شێو، د. ئه‌وره‌حمانی حاجی مارف و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌باره‌ی عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده‌وه کرابوو.
له به‌شی پانێل‌دا، هه‌ریه‌ک له پرۆفسۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سووڵ سه‌رۆکی پێشووی یه‌كێتیی نووسه‌رانی کورد و جه‌ماڵ عه‌بدوڵ وه‌زیری پێشووتری رۆشنبیری و د. شوکریه ره‌سوڵ مامۆستای زانکۆ سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی و خزمه‌ته‌کانی هه‌ردوو که‌سایه‌تیی رێزلێنراو به چڕ و پڕی قسه‌یان کرد.
له به‌شێكی دیکه‌ی رێوڕه‌سمه‌که‌دا پرۆفسۆری یاریده‌ده‌ر د. هۆگر محه‌ممه‌د فه‌ره‌ج وتارێکی خوێنده‌وه که به‌وبۆنه‌وه له‌سه‌ر ژیانی سیاسی و کاری ئه‌ده‌بیی مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌ی نووسیبوو.
هه‌ر له‌و به‌شه‌دا که‌سایه‌تیی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕێز جه‌لیل گادانی وته‌یه‌کی سه‌باره‌ت به‌و رێزلێنانه و خزمه‌ت و که‌سایه‌تیی رێزلێنراوه‌کان پێشکه‌ش کرد.
ئینجا نۆره گه‌یشته بڕگه‌ی پێدانی خه‌ڵاتی ئه‌کادیمیای کورد‌ی به مامۆستا عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده که له‌سه‌ر ده‌ستی د. نووری تاڵه‌بانی سه‌رۆکی ئه‌کادیمیای کورد‌ی و له‌نێو چه‌پڵه‌ڕێزانی گه‌رم و گوڕی به‌شدارانی رێوره‌سمه‌که‌دا وه‌ری گرت.
پاش وەرگرتنی خه‌ڵاته‌که، عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده وته‌یه‌کی به‌نرخ و مێژوویی سه‌باره‌ت به باری ئه‌مڕۆی زمانی کورد‌ی و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی پێویسته بۆ پاراستنی ئه‌م زمانه و گواستنه‌وه‌ی پوختی و پاراویی زمانی کورد‌ی به نه‌وه‌کانی ئێستا و داهاتووی کورد پێشکه‌ش کرد. حه‌سه‌ن زاده ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خسته نێو چوارچێوه‌ی گشتیی ئه‌م رێڕه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌مڕۆ له‌بواری مافی چاره‌نووس و گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی‌دا گرتوویه‌ته به‌ر. قسه‌کانی حه‌سه‌ن زاده له‌لایه‌ن به‌شدارانه‌وه به سه‌رنج و پێشوازییه‌كی زۆر گه‌رم و چه‌ندین جار چه‌پڵه‌ڕێزانه‌وه وه‌رگیرا.
دوایین بڕگه‌ی رێو‌ڕه‌سمه‌که بریتی بوو له پێشکه‌ش کردنی دوو پارچه موزیکی سه‌نگین و جوان له‌لایه‌ن سێ مۆسیقاژه‌نی به‌به‌هره‌ی سه‌مفۆنیای گه‌نجانی عیراقه‌وه.
پاش رێوره‌سمێک ئێواره‌خوانێک له‌سه‌ر شه‌ره‌فی ئه‌م رێزلێنانه به به‌شداریی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده و ژماره‌یه‌کی زۆر له که‌سایه‌تییه ئه‌ده‌بی و رووناکبیرییه‌کانی به‌شدار له رێوڕه‌سمه‌که‌دا به‌ڕێوه چوو.
پێویسته بگوترێ ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی و یه‌ک له‌وان محه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریم په‌یام و وتاریان بۆ ئه‌م رێوڕه‌سمه ناردبوو که به‌هۆی که‌میی کات پێشكه‌ش نه‌کران. له رۆژانی داهاتوودا ده‌قی په‌یام و وته‌کانی ئه‌م رێزلێنانه بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
بۆ بینینی وێنەکان لە سەر ئەم وێنەیە چرکە بکەن.