سوپاس و پێزانینی بنەماڵەی حەدداد سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک ڕەحمان حەدداد

هەروەک ئاگادار بوون کاک ڕەحمان حەدداد وەک کەسێکی خۆشەویستی بنەماڵەکەمان بەداخەوە بە هۆی ڕاوەستانی دڵ لە حەوتووی ڕابردوو دا کۆچی دوایی کرد و ئەو کۆچەش بوو بە هۆی ئەوە کە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەمان خەمبار و بەپەرۆش بین بۆ لەدەستدانی کاکە ڕەحمان.

دوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، دۆستان و ئاشنایان و خزمان و ئەندامانی بنەماڵەکەمان و بە تایبەت خەڵکی شاری سەردەشت و دەوربەری بە شێوەی جۆراوجۆر لە ڕێگای ئێمیل، فەیسبووک، تەلەفوون و هەروەها بە سەردان لە کۆری پرسە و سەرەخۆشی و بە خاکسپاردنی کاکە ڕەحمان دا لە کوردستان و سوئێد و نۆروێژ بە گەرمی بەشداریان کرد. شەپۆلی هاوخەمی و هاودەردی بە ڕادەیەک زۆر بوو کە باری قورسی لە دەستدانی کاکە ڕەحمانیان لەگەڵ بەش کردین و نەیان هێشت ئەم کۆستە گەورە بە تەنیا لە سەر شانی ئێمە بێ.

ئێمە وەک بنەماڵەی حەدداد بە گشتی ڕێز و سوپاسی خۆمان بۆ هەموو ئەو کەسانە دەر دەبرین کە هەر لەیەکەم چرکەکانەوە تا کۆتایی لەگەڵمان بوون، هەر بۆیە لە ناخی دڵمانەوە ڕێز و قەدرزانی خۆمان بۆ گشت لایەک دەردەبرین و ئاواتەخوازین کە ئێمە لە شادی و خۆشی ئێوە ئازیزان دا بەشداری بکەین و ئێوەی ئازیز تەمەن درێژ بن.

لەگەڵ ڕێز و وەفا و خۆشەویستی

بنەماڵەی حەدداد