کۆچی دوایی پێشمه‌رگه‌یه‌کی به‌ڕابردووی حیزبی دێموکرات له‌ شاری هه‌ولێر

پێشمەرگەیه‌کی زه‌حمه‌تکێش‌و به‌ڕابردووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌هۆی نه‌خۆشی له‌ شاری هه‌ولێر کۆچی دوایی کرد. دوانیوه‌ڕۆی چوارشەممە،11 ی به‌فرانبار کاک محەممەد سوڵتانی، ناسراو بە حەمە گازۆڵی، پێشمەرگەی زه‌حمه‌تکێش‌و به‌ڕابردووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە هۆی نەخۆشی لە شاری هەوڵیر دڵە پڕ لە ئاوات‌و ئەوینەکەی لە لێدان کەوت‌و ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.

کاک محه‌ممه‌د ساڵی 1337 ی هه‌تاوی له‌ گوندی سه‌یداوای جه‌میانی سه‌ر به‌ شاری بۆکان له‌ دایک بووه‌و له‌ ساڵی 1358 ی هه‌تاوییه‌وه‌ هاتۆته‌ ڕیزی پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکڕاته‌وه‌و له‌ شه‌ری نه‌غه‌ده‌ بریندار بووه‌.

کاکە محەممەد یەکێک لەو پێشمەرگە تێکۆشەرو ماندوو نەناسانە بوو کە لە ماوەی دەیان ساڵ شۆڕشی ئاشكرای حیزبەکەمان‌دا زۆر چالاکانە قۆڵی خزمەت بە گەل‌و وڵاتەکەی هەڵماڵی و بەو پەڕی دڵفراوانی و بێ هیچ چاوەڕوانییەک لە بەشی خەدەماتی حیزب‌و نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ و دواتریش لە ئۆرگانە جیاوازەکانی حیزب دا ئەرکەکانی بەڕێوە ده‌برد.

کاکە حەمە مرۆڤێکی ساکار، قسە خۆش، ڕۆح‌سووک‌و لێو بەبزە و پێکەنین بوو که‌ ساڵی ڕابردووش کوڕیکی بە ناوی شوانە بە ڕووداوی هاتۆچۆ گیانی لە دەست داو مەرگی لە ناکاوی ئەو جگەرگۆشەی خەمێکی قورسی خستە سەرشانی خۆی و بنەماڵەکەی.


بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە تێکۆشەر و شۆڕشگێرە بە ئەمەگەی گەلەکەمان کاک محەممەد گازۆلی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە خاتوو خەجیجی خێزانی و شۆڕشی کوڕی و کوردستانی کچی و تێکرای خزم و دۆستان و ئاشنایانی و بە تایبەت هاورێ و هاوسەنگەرانی کاک محەممەد دەکەم و هیوادارم کە خوای گەورە ئەو مرۆڤە سادە و ساکار و بە خزمەتە بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و تەمەنی ئەندامانی بنەماڵەکەی درێژ بکات. ڕووحی شاد.

حەمەرەسووڵ کەریمی