ئێران 35 ساڵ دوای شۆرشی 1357 ی هه‌تاوی. لوقمان زەهرایی
22ی رێبه‌ندانی ئه‌م سال 35 ساڵ به سه‌ر شۆرشی گه‌لانی ئیران دا تێده‌په‌رێ که بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی 50 ساڵه‌ی بنه‌ماله‌ی په‌هله‌وییان تێکه‌وه پێچا‌و و بۆ هه‌میشه به زبڵدانی مێژوویان ئه‌سپارد. له ماوه‌ی ئه‌و 3 ده‌هه و نیوه دا که ئاخونده شیعه‌کان بوونه‌ته ده‌سه‌ڵاتداری ئێران وکۆماری ئیسلامیان به رێفراندۆمێکی پرله ریا وچه‌واشه‌کاری به سه‌ر خه‌ڵکی ئێران‌دا سه‌پاند. لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی پرسیار بکرێ، که خه‌ڵکی ئێران به گشتی وکورد له رۆژهه‌لاتی کوردستان به تایبه‌تی چ ده‌سکه‌وتێکیان له دوای 35 ساڵ ده‌سه‌لاتی ئاخونده شیعه‌کان بووه و ئایا ئاکامی ئه‌و شۆرشه خویناوییه که کوردی رۆژهه‌لاتیش چالاکانه تێێدا به‌شدار بوو، هیچ خێروبێری بۆ به دیاری هێنان؟ بۆ وڵام دانه‌وه به‌و پرسه سه‌ره‌کییه، پێویسته له چه‌ند ره‌هه‌نده‌وه ئه‌و بابه‌ته گرینگه شرۆڤه بکرێ و لایه‌نه‌کانی جۆراجۆری بخرێته به‌رباس.
یه‌که‌م، هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپه‌رینی خه‌ڵک له دژی ده‌سه‌ڵاتی حه‌مه ره‌زاشای په‌هله‌وی له ئێران به گشتی وله کوردستان به تایبه‌تی چ بوون؟ ئایا داواکارییه‌کان وئامانج وهیواکان له کۆی ئێران‌دا وه‌ک یه‌ک بوون؟ ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له سه‌راسه‌ری ئێران‌دا له خۆپێشاندانه‌کاندا به‌شدار بوون ده‌یانزانی بۆچی وله پێناو چیدایه که ده‌بێ شا بڕوا وبه راستی ده‌یانزانی چیان ده‌وێ دوای رۆیشتنی شا و روخانی حکومه‌ته‌که‌ی؟ ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌لێن ” ئاخونده‌کان شۆرشی خه‌لکی ئێرانیان دزی و به تاڵانیان برد” چه‌نده بۆچوونه‌که‌یان نزیکه له راستی وئایا به راستی مه‌لاکان کوت وپڕ هاتنه نێو گۆڕه‌پانه‌که و به بێ به‌رنامه و پلانی پێشوتر سواری شه‌پۆلی ئێحساساتی کۆمه‌ڵانی خه‌لک بوون وبه سیاسه‌تی پۆپۆلیستی” به ئامانجه‌که‌یان که دامه‌زراندنی ده‌سه‌لاتێکی دینی بوو گه‌یشتن وخه‌لکیان وه‌کوو ئامرازی ئه‌و ئامانجه‌یان به‌کار هێنا ودوایه‌ش وڵامی چاکه‌ی خه‌ڵکیان به گرتن وزیندان وکوشتن دایه‌وه؟
دووهه‌م، ئایا به راستی هه‌موو خه‌ڵکی ئێران دژی ده‌سه‌لاتی په‌هله‌وی بوون و زۆرینه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌شداری شۆرش و خۆپێشاندانه‌کان بوون بۆ ئه‌وه‌ی بوو که باوه‌ریان به دامه‌زرانی حکومه‌تێکی دینی وئیسلامی بوو؟ ئایا ئه‌و خه‌ڵکه لایان وابوو که رێژیمی پاشایه‌تی بنه‌ماله‌ی په‌هله‌وی دژی دین و باوه‌ره دینیه‌کانیانه؟ ئایا خه‌لکی ئێران به گشتی تا پێش سه‌رکه‌وتنی شۆرشی 1357ی هه‌تاوی نه‌یانده‌زانی دینی ئیسلام چیه وهیچ ئاگادارییه‌کیان له‌و دینه نه‌بوو، یان نه‌خێر به پێچه‌وانه‌وه که لایه‌نی راستی مه‌سه‌له‌که‌یه، زۆرینه‌ی خه‌لکی ئێران موسولمان بوون و ڕۆژانه چ له مال وچ له مزگه‌وت ئه‌رکه ئاینیه‌کانی خۆیان به جێ ده‌گه‌یاند وئیسلامیان وه‌کوو ده‌ینی خۆیان قه‌بول کردبوو؟
سێهه‌م، جێگه وپێگه‌ی ئه‌حزابی چه‌پ و سێکولار ودێموکراسی خواز له‌و شۆرشه و له روونکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک که له داوی ئاخونده‌کان نه‌که‌ون چ بوو؟ ئایا چه‌په‌کان وئه‌حزابی چه‌پ وبیروباوه‌ری چه‌پی که به‌شێکی زۆری ئه‌حزابی ئێرانیان به کوردیشه‌وه به خۆیان خه‌ریک کردبوو، چه‌نده له نێو جه‌ماوه‌ر دا جێگه‌وپێگه‌یان هه‌بوو وچه‌نده خه‌ڵک ده‌یزانی که نیزامی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی چیه؟ خه‌ڵک چه‌نده به باوه‌ر وئیده‌کانی وان ئاشنا بوون وچه‌نده سیاسه‌ته‌کانیان خه‌ڵک په‌سه‌ند بوو؟ ئایا ئه‌حزابی چه‌پ به گشتی ده‌یانزانی کێشه و گرفتی خه‌ڵکی ئێران چیه و توانیبویان ده‌رکێکی واقعی له کۆمه‌ڵگای ئێران بکه‌ن وبه‌وجۆره‌ی که هه‌یه بیانناسن؟ ئایا ئه‌حزابی چه‌پ هیچ به‌رنامه‌یه‌کی روون وشه‌فاف وئاشکرایان بۆ دوای نه‌مانی رێژیمی پاشایه‌تی هه‌بووه وبه راستی ئه‌و ئه‌حزابه سه‌ر به‌خۆ بوون یان سه‌ر به یه‌کێتی سۆڤیه‌تی ئه‌و سه‌رده‌م بوون؟
بیچگه له‌و کۆمه‌ڵه هۆکاره‌ی له سه‌ره‌وه باس کرا، مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگ که ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌ی له سه‌ر بکرێ و ده‌بێ به وردی هۆکاره‌کانی شرۆڤه بکرێ، ئه‌و جێگه وپێگه‌یه بوو که ئاخونده‌کان له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک دا هه‌یان بوو، به تایبه‌ت له نێو خه‌لکی گونده‌کان وچینی هه‌ژار ومام ناوه‌ندی شاره‌کاندا. ئه‌و چینانه له لایه‌ن ده‌سه‌لاتی پاشایه‌تی به ته‌واوی پشت گوێ خرابوون وئاستی خراپی ژیانیان ونه‌بوونی خزمه‌تگوزاری پێویست و نه‌خوینده‌واری و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی رۆژ له گه‌ڵ رۆژی حکومه‌تیش له هه‌ژار وچه‌وساوه‌کان رێگای بۆ ئاخونده‌کان خۆش کردبوو که له‌و ده‌رفه‌تانه که‌ڵکی باش وه‌رگرن و ناکۆکیکه‌کانی نێوان خه‌ڵک وحکومه‌ت به قازانجی خۆیان بقۆزنه‌وه و بیکه‌نه ئامرازی ده‌ستیان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی رێژیمی حه‌مه ره‌زاشا بۆهێنانه به‌رباسی خواسته‌کانیان.
پێویسته ئه‌وه‌ش بکوترێ که به هۆی مه‌زهه‌بی بوونی کۆمه‌لگای ئێران و مانه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی سوننه‌تی دا و بێگانه بوون و دوور بوونی به دونیای مودێرنی ئه‌و سه‌رده‌م ، مزگه‌وته‌کان هه‌م جێگای عیباده‌ت بۆوه و هه‌میش جێگای کۆبۆنه‌وه بۆ باس له سه‌ر کێشه سیاسی وکۆمه‌لاتییه‌کان و ئاخونده‌کان به‌رده‌وام خاوه‌نی جێگه وپێگه‌یه‌کی به هێزی کۆمه‌لایه‌تی بوون وخه‌لک هه‌رده‌م متمانه‌یان پێێان بوون وبه قسه‌یان کردوون.
نه‌بوونی ئازادی سیاسی و نه‌بوونی ئازادی ڕاده‌برین وقه‌ده‌غه بوونی ئه‌حزابی سیاسی دژبه‌ری بنه‌ماله‌ی په‌هله‌وی ونه‌بوونی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی به هه‌موو ته‌یف و قشره‌کانیه‌وه ونه‌بوونی رۆژنامه‌ی ئازاد وسه‌ربه‌خۆ و دیکتاتۆری بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌ویش له سه‌روی هه‌مووانه‌وه چێنی روناکبیری کۆمه‌ڵگای خستبوو ته‌نگه‌ژه‌وه و ژوماره‌یه‌کی زۆر له چالاکانی سیاسی و رۆژنامه‌وانان ونوسه‌ران وشاعیران و ته‌نانه‌ت ئاخونده‌کانیشی که‌وتبونه زیندانه‌وه.
له حه‌شیمه‌تی 30 میلیۆنی ئه‌و سه‌رده‌می ئێران رێژه‌یه‌کی یه‌کجار زۆر له خه‌لک نه‌خوینده‌وار بوون و ئاستی خوینده‌واری خوینده‌واره‌کانیش له شاره‌کان دا زۆر نزم بوو. له دێهات ئه‌و رێژه‌یه زیاتر له 90 ده‌رسه‌د بوو وله شاره‌کانیش رێژه‌ی نه‌خوینده‌واری له نێو پیاوه‌کان دا زۆر له سه‌رێ بووه. رێژه‌ی خویندکارانی زانکۆش له ئاستێکی به‌رچاو نه‌بووه، چونکه هه‌موو بنه‌ماڵه‌یه‌ک ئه‌و ئیمکان وده‌رفه‌ته‌یان به تایبه‌تی له بواری مالیه‌وه نه‌بووه که رۆله‌کانیان بۆ خویندنی بالا بنێرن بۆ زانکۆ.
له نێو ژنانیش ئه‌وه هه‌ر باسی ناکرێ که خویندن و مه‌دره‌سه چوونیان نه‌ک هه‌ر ئیمکانی نه‌بوو، به‌ڵکوو له زۆر شوین به گوناح و حه‌رام سه‌یر ده‌کرا. بافتی کۆمه‌ڵگاش له کۆی خۆیدا تایفه‌یی وعه‌شیره‌یی بوو. ده‌ره‌به‌گ وسه‌رۆک عه‌شیره‌ت و ئاغاکان هه‌مه‌کاره‌ی دێهات بوون وله شاریش نفوزی زۆریان هه‌بوو وهه‌مووشیان پشتیان به حکومه‌ت قایم بوو.
دیکتاتۆری رێژیمی په‌هله‌وی ونه‌بوونی ئازادی سیاسی ونه‌بوونی هێزێکی قانونی به ناوی ئۆپۆزیسیۆن وکۆبونه‌وه‌ی هه‌موو ده‌سه‌لاته‌که له ده‌ستی شه‌خسی شا دا و به‌ستراوه‌یی رێژیمه‌که‌ی به ئینگلیس وئامریکا وهه‌ژاری ونه‌داری وله په‌راوێز خرانی به‌شێکی زۆر له خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگای ئێران و نه‌خویندنه‌وه‌یه‌کی دروست و واقعبینانه‌ی ئه‌حزابی چه‌پی و لاواز بوونی جێگه‌و پێگه‌یان له ناو خه‌ڵکدا، هه‌مووی بوونه هۆی ئه‌وه‌ی که ئاخونده‌کان له نفوز وجێگه وپێگه‌یه‌کی به هێز که له ناو خه‌ڵک داهه‌یان بوو ئه‌و په‌رێ که‌ڵک وه‌رگرن و ببنه مه‌یدان داری گۆره‌پانه‌که و وجله‌وی شۆرشه‌که بگرنه ده‌ست خۆیان و له دوای سه‌رکه‌وتنی شۆرشه‌که‌ش یه‌کسه‌ر ببنه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات وهه‌مه‌کاره‌ی وڵات ودوای قایم کردنی جێگه‌وپێگه‌ی خۆیان که‌وتنه گرتن وڕاوه‌دوونان وکوشتنی نه‌یارانی رێژیمی ئیسلامی به رێبه‌ری خومه‌ینی.
خومه‌ینی له رێگای پروپاگه‌نده‌ی ئاخونده‌کانه‌وه و به هۆی دژایه‌تی کردنی رێژیمی پاشایه‌تی و ته‌بعید کرانی بۆ عێراق و دوایه‌ش وه‌ده‌رنانی له‌و وڵاته ونێردرانی بۆ فه‌رانسه جێگه و پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی وای بۆ خۆی دروست کردبوو که له گۆره‌پانی سیاسی ئێران‌دا وله سه‌رده‌می شۆرشه‌که دا هیچ ره‌قیبێکی نه‌بوو که بتوانێ مل ملانه‌ی له گه‌ڵ بکا و له دژی بوه‌ستێته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌حزابی چه‌پ وکۆمونیستی ئێرانیش که‌وتنه پشتگری ولاینگری له خومه‌ینی و پێیان وابوو که ده‌بێ پشتگری خۆمه‌ینی بکه‌ن بۆ رووخاندنی رێژیمی پاشایه‌تی. غافل له‌وه‌ی که خومه‌ینی نه دیموکراسی خوازه، نه سۆسیالیسته ونه کۆمۆنیسته.
گه‌وره‌ترین حیزبی چه‌پی ئێرانی حیزبی توده بوو که سه‌ربه‌خۆیی سیاسی نه‌بوو. هه‌رچی له مسکۆ پێیان کوترابا بێ سێ ودوو جێ به‌جێیان ده‌کرد وله راستیدا ئه‌و حیزبه زۆرتر له خزمه‌ت سیاسه‌ت وئه‌هدافی یه‌کێتی سۆفیه‌ت دا ده‌جولایه‌وه. هه‌روه‌کوو دیتراش له هه‌ڵسه‌نگاندن وسیاسه‌ته‌کانی به نیسبه‌ت خومه‌ینی وداروده‌سته‌که‌ی به هه‌ڵه چوو. پێێان وابوو، چونکه خومه‌ینی دروشمی دژی ئامریکا ده‌دا، ئه‌وه دۆستی سۆفیه‌ته و نابێ دژایه‌تی بکرێ وده‌بێ پشتگری نیزامی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئێران بکه‌ن. ئاکامی خه‌یانه‌تی حیزبی توده‌ش به کۆمه‌ڵانی خه‌لک وخۆش خزمه‌تیان به کۆماری سێداره بوو به هۆی ئه‌وه‌یکه سه‌رانی ئه‌و حیزبه یه‌ک له دوای یه‌ک بکه‌ونه زیندان وناچار بکرێن که تۆبه بکه‌ن وبه قه‌ولی ئاخونده‌کان ببن به موسولمان.
له رۆژهه‌لاتی کوردستانیش هه‌ل ومه‌رجه‌که به نیسبه‌ت باقی ناوچه‌کانی ئێران به تایبه‌ت له به‌راوه‌رد به شاره گه‌وره‌کانی دیکه گه‌لێک خراپ بوو. کوردستان ناوچه‌یی نیزامی وئه‌منیه‌تی بوو. له بواری ئابورییه‌وه زۆر دواکه‌توو بوو. نه کارگه ونه کارخانه‌یه‌ک ونه زانکۆیه‌کی لێ نه‌بوو. له دوای رووخانی کۆماری کوردستان ودوای تێکشانی راپه‌رینی چه‌کدارانه‌ی ساڵه‌کانی 1347 ـ 1346 به هه‌زاران سه‌رباز و ژاندارم وجاش ته‌نگیان به خه‌ڵک هه‌ڵچنیبوو. خه‌لک نه‌دار وبێکار بوون و ئاستی خوینده‌واریش ته‌نانه‌ت له شاره‌کانیش له‌و ئاسته دا نه‌بوون که ده‌با ببا وژیان وگوزه‌رانی خه‌لکێش به هۆی پشت گوی خستنیان له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه هه‌ر زۆر خراپ بوو. خه‌لک به هۆی ده‌زگای ساواکی رێژیم زۆر له ژێر فشار دابوون و به سه‌دان رۆله‌ی ئازادیخوازی کورد له زیندانه‌کانی رێژیمی حه‌مه ره‌زاشا دابوون. به گشتی کوردستان وه‌کوو وڵاتێکی داگیرکراوی لێهاتبوو.
خه‌بات وتێکۆشانی چالاکانی سیاسی به تایبه‌تی ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان که‌وتبوو ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات له هه‌ل ومه‌رجێکی زۆر دژوار وله ژێر گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌زگای ساواکی رێژیمی په‌هله‌وی له باشوری کوردستان ده‌ژیان و ژوماره‌یه‌کی که‌میشیان به وڵاتانی ئوروپایی دا بلاوببونه‌وه.
هاوکات له گه‌ڵ ده‌ست پێکردنی خۆپێشاندانه‌کانی سه‌راسه‌ری له ئێران دا، له رۆژهه‌لاتی کوردستانیش جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه و ماف پێشڵ کراوی کورد هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌کان وهاوڕا له گه‌ڵ خه‌لکی باقی ئێران تاکوو رووخانی رێژیمی حه‌مه ره‌زاشا له مه‌یدان دامانه‌وه وگه‌ڵیک فیداکارییان کرد وکۆمه‌لێک که‌س بوونه قوربانی. سه‌رکه‌وتنی شۆرشی گه‌لانی ئێران نه‌ک نه‌بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که ئێش وئازاره‌کان ونه‌هامه‌تی و بێ مافیه‌کانی کورد له رۆژهه‌لاتی کوردستان که‌م بێته‌وه، به‌لکوو به پێچه‌وانه‌وه ده‌وله‌تی ئیسلامی شیعه‌ی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو به رێبه‌ری خومه‌ینی فه‌رمانی جیهادی له دژی گه‌لی کورد ده‌کرد وئاکامی ئه‌و سیاسه‌ته چه‌پل وشومه‌ی خومه‌ینی و سیاسه‌تی پاوان خوازانه ودژه دێموکراتی ودژه ئینسانی حکومه‌ته‌که‌ی که له ماوه‌ی 35 سالی رابردووه درێژه‌ی هه‌بووه، هیچ خێروبێری بۆ رۆژهه‌لاتی کوردستان نه‌بووه وبه پێچه‌وانه به‌شی کوردی رۆژهه‌لات له په‌راوێز خستن و سوکایه‌تی وگرتن و زیندان وئه‌شکه‌نجه وئێعدام وپه‌تی سێداره وله‌شکرکێشی وداگیرکا‌ری بووه.
کۆماری ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رده‌سه‌ڵات کۆمه‌لێک سیاسه‌تی گرتۆته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی شۆرشی ئیسلامی به هه‌موو ناوچه‌که ودونیا دابڵاو بکاته‌وه وئاکامی ئه‌و سیاسه‌ته دوای 35 ساڵ ئێرانی تووشی کاره‌سات و قه‌یرانی سیاسی وئابوری و کۆمه‌لایه‌تی زۆر گه‌وره کردووه وئێرانی ئه‌مرۆ له دونیا دا وڵاتێکی په‌راوێزخراو وبێزراوه. بۆ به‌رچاو روونی زیاتر ئاماژه به چه‌ندین خاڵی گرینگ له‌و باره‌وه پێویسته.
-
په‌لامار دانی سه‌فاره‌تی ئامریکا له لایه‌ن کۆمه‌لێک گه‌نجی توندئاژۆی ئیسلامی که خۆیان به ” قوتابیانی رێبازی ئێمام خومه‌ینی ” ده‌ناساند. له‌و کردوه تێرۆریستیه دا 66 دیپلۆمات وکارمه‌ندی سه‌فاره‌تی ئامریکا بۆ ماوه‌ی 444 رۆژ به بارمته گیران وئه‌و کرده‌وه که به ئه‌مروفه‌رمانی خومه‌ینی جێ به جێ کرا، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خه‌بات وشۆرشی گه‌لانی ئێرانی وه‌کوو حه‌ره‌که‌تێکی تێرۆریستی ده‌رخست. خومه‌ینی له‌و په‌یوه‌ندیه دا ده‌لێ ” ئه‌و شۆرشی دووهه‌می ئێرانه ”.
-
شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی نێوان کۆماری ئیسلامی ورێژیمی روخاوی سه‌دام حوسێن. ئاخونده‌کان به پێ داگرتن له سه‌ر ئه‌وه‌ی له ” رێگای که‌ربه‌لاوه ده‌گه‌نه قودس” درێژه‌یان به‌و شه‌ڕه ماڵویرانکه‌ره دا وبه میلیۆن له خه‌لکی ئێرانیان بۆ ئامانجه شومه‌کانیان به کوشت دا وبه هه‌زاران بریندار وبه سه‌دان که‌س به ده‌ستی سپای عێراق به دیل گیران وبه ده‌یان شاری ئێرانی زیانی قورسی گیانی وئابوری به‌رکه‌وت وئاخرێکه‌شی خومه‌ینی ناچار بوو جامی ژه‌هر بخواته‌وه و راوه‌ستانی شه‌ڕ قه‌بول بکا وله ” رێگای که‌ربه‌لاوه نه‌گه‌یشته قودسیش”. ئێستاشی له گه‌ل بێ قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌موو زیان وزه‌ره‌ره‌ی که له ئاکامی شه‌ڕی 8 ساڵه به‌رخه‌لکی شاروگونده‌کانی ئێران که‌وت نه‌کراوه‌ته‌وه وکۆماری ئیسلامی بۆ مه‌به‌سته سیاسیه‌کانی خۆی وبۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌تی شیعه‌ی عێراق له ژێر ئه‌مروفه‌رمانی خۆیدا ڕابگرێ وده‌ستی باڵای هه‌بێ له‌و وڵاته دا بێده‌نگی لێکردووه وباسی وه‌رگرتنه‌وه‌ی خه‌ساره‌ت له ده‌وله‌تی شیعه‌ی عێراق ناکا.
-
هه‌وڵدانی رێژیمی مه‌لایان بۆ په‌ره‌پێدان وته‌کمیل کردنی پرۆژه‌ی ناوه‌کی بۆ ده‌ست پێراگه‌یشتن به بۆمبی ئه‌تۆمی که له سه‌رده‌می رێژیمی په‌هله‌وی ده‌ستی پێ‌کردبوو، دواجار وای لێهات که کۆماری ئیسلامی به هۆی مل هوری و دژایه‌تی کردنی بڕیارنامه نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کان وشورای ئه‌منیه‌تی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتۆکان وشاردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی به‌رنامه ناوه‌کییه‌کانی له ئاژانسی نێو نه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ناوه‌کی ودرێژ پێدان به پیتاندنی یۆرانیۆم ودانان و به کارگرتنی به هه‌زاران سانتریفوژی نوێ، کۆمه‌لگای نێونه‌ته‌وه‌یی له دژی خه‌لکی ئێران به‌سیج کرد و قورسترین گه‌مارۆکانی ئابوری ومالی وبازرگانی خرایه سه‌ر ئێران وگه‌لانی ئێرانی به‌ره‌و قه‌یرانی یه‌کجار گه‌وره بردووه و هه‌ژاری وبێکاری و نه‌داری به‌رۆکی خه‌ڵکی گرتووه.
-
پشتیوانی ویارمه‌تی دانی گروپه ئیسلامیه توندره‌وه‌کان وگروپه تێرۆریستیه‌کانی شیعه وسوننه له وڵاتانی جۆراوجۆر و له رێگای دابین کردنی چه‌ک وچۆل ودانی پاره وده‌ستێوه‌ردانی له کاروباری ئه‌و وڵاتانه که نموونه‌ی هه‌ره زه‌قی ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه له ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌لاتی فه‌له‌ستینیه‌کان وله وڵاتانی لوبنان، یه‌مه‌ن، به‌حره‌ین،عێراق، ئه‌فغانستان وسوریه یه. پشتگری ویارمه‌تی دانی مالی وسه‌ربازی رێژیمی مه‌لایان له رێژیمی جه‌نایتکارو ئینساکوژی به‌شار ئه‌سه‌د بۆته هۆی ئه‌وه‌یکه زیاتر له 100.000 ئینسانی بێ تاوان بکوژرێن وبه هه‌زاران بریندار‌و چه‌ند میلیۆنیش ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ربن. رێژیمی مه‌لایان بۆ مانه‌وه‌ی خۆی خه‌لکی سورییه‌ی کردۆته قه‌ڵغانی به‌ڵا گێره‌وه وچ باکی له‌وه‌ی نیه ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و وڵاته له گه‌ل عه‌رز ته‌خت بکرێ وتاقه که‌سێکی تێدا نه‌مێنێ. گرینگ ئه‌وه‌یه که سیاسه‌ته شومه‌کانی خۆی له ناوچه‌که به‌رێوه ببا.
-
رێژیمی مه‌لایان به هۆی ئه‌و گوشارانه‌ی که له سه‌رێتی و بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له رووخان وهه‌ره‌س هێنان ڕزگار بکا و به هۆی ئه‌وه‌ی پێویستی به پاره هه‌یه وتووشی قه‌یرانی که‌می پاره هاتووه به ناچار مل که‌چی داواکانی گروپی 5+1 بووه و له ئاخرین کۆبونه‌وه‌ی ناسراو به ژنێڤی 2 تایبه‌ت به قه‌یرانی ئه‌تۆمی ئێران ملی بۆ هه‌موو داواکانی رۆژئاوا شۆڕ کرد و ئاماده بووه که له ماوه‌ی 6 مانگدا هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی که له سه‌ری رێککه‌وتوون جێ به جێ بکا وله به‌رابه‌ر دا برێک پاره‌ی گل دراوی خۆی پێ ده‌ده‌نه‌وه.
-
په‌ره‌پێدانی فه‌ساد وماده سڕکه‌ره‌کان و فه‌حشا له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا ورێژه‌ی خۆکوشتن وته‌ڵاق هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر پێکهاته‌ی بنه‌ماله وکۆمه‌ڵگای ئێران. گرتن وکوشتن وسێداره وتێرۆری ده‌وله‌تی که له لایه‌ن ده‌زگای ئیتلاعات وده‌زگا ئه‌منی ونیزامیه‌کانی رێژیمی مه‌لایان وداروده‌سته‌ی وه‌لی فه‌قی به‌رێوه ده‌چێ، ئێرانیان کردۆته‌وه زیندانێکی مه‌خۆف بۆ ئازادیخوازان وجودابیران. په‌ره‌پێدانی سیاسه‌تی تێرۆریزمی ده‌وله‌تی وتێرۆرکردنی نه‌یارانی سیاسی رێژیم له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران و پێشێل کردنی ئازادی تاک وکۆیه‌کانی مه‌ده‌نی وسیاسی نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یری فارس له ئێران‌دا وله په‌راوێز خستنیان و به‌شداری پێ نه‌کردنیان له ده‌سه‌ڵات و رێگه لێ گرتنیان له به‌رێوه‌به‌ری کاروباری ناوچه‌کانی خۆیان.
له رۆژهه‌لاتی کوردستان ده‌سکه‌وتی خه‌لک له ماوه‌ی 35 ساڵ ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی دا زۆر روونه و ڕه‌نگ بێ پێویست نه‌کا که خاڵ به خاڵ باس بکرێ. هه‌موومان به باشی کۆماری سێداره‌مان ناسیوه وباش ده‌زانین که دوژمنی کورده وهیچی بۆ کوردی رۆژهه‌ڵات به دیاری نه‌هێناوه جگه له ته‌حقیر وسوکایه‌تی وجێ به‌جێ کردنی سیاسه‌تی تێرۆری ده‌وله‌تی وتیرۆری رێبه‌رانی کورد و سه‌دان کادروپێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به حیزبه‌کانی رۆژهه‌لات و بێبه‌ش کردنی کورد له هه‌موو مافه مه‌ده‌نی و سیاسیه‌کانی. مه‌سه‌له‌یه‌کی گه‌لێگ گرینگ که ده‌بێ ئاوڕی لێبدرێته‌وه وهه‌ڵوێسته‌ی له سه‌ر بکرێ، دابڕدابڕبوونی حیزبه‌کان وبه یه‌که‌وه هه‌ڵنه‌کردنیان و لێک جیابونه‌وه ولێکدابڕانی ناوخۆی حیزبه‌کانه که کۆمه‌لێک خه‌ساری قه‌ره‌بوو نه‌کراوه‌ی له جه‌سته‌ی زامداری خه‌باتی ڕزگاری خوازی له رۆژهه‌لاتی کوردستان داوه وئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که خه‌باتی کورد له رۆژهه‌لاتی کوردستان به ئاقارێکی نادیار دا بڕوا و کۆماری ئیسلامی بتوانێ بێ هیچ ترس وبه‌ربه‌ستێک له سه‌ر عه‌رزی واقع هه‌مه جۆره سیاسه‌تێک له دژی خه‌لک له رؤژهه‌لاتی کوردستان جێ به جێێ بکا. له راستیدا حیزبه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان له مه‌یدانه‌که وه‌ده‌رنراون و به ته‌واوی بێده‌سه‌ڵات کراون.
هۆکاره‌کانی پاشه‌کشه ولاواز بوونی خه‌باتی ڕزگاری خوازی له رؤژهه‌ڵاتی کوردستان وقه‌تیس مانه‌وه وده‌ربازنه‌بوونی له‌و قه‌یرانه‌ی تووشی بووه، بێ مافی وسوکایه‌تی وته‌حقیرکرانمان له لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانی کۆماری سێداره ده‌بێ هه‌موومان به تاک وکۆ بجولێنێ وله خۆمان بپرسین که چلۆن وبه چ شێوازێک له‌و قه‌یرانه ڕزگارمان ده‌بێ و چۆن وبه چ رێگا و شیوازێک ده‌توانین خه‌باتی ڕزگاری خوازی له رۆژهه‌لاتی کوردستان ببوژێنینه‌وه وبه هه‌وڵ وهیمه‌ت وتێکۆشانی هه‌موومان کارێک بکه‌ین که کوردی رۆژهه‌لاتیش ده‌نگی له نێو ده‌نگان بێ وسه‌ری له نێو سه‌ران بێ.
لوقمان زه‌هرایی
11.2.2014