دوو کورتە چیرۆک …. گۆڕینی .. رەزا شوان

١ـ نەگبەتییەکی گەورە
هاوڕێی یەکەم : کێشەیەکی گەورەم هەیە !
هاوڕێی دووەم : کێشەکەت چییە ؟
هاوڕێی یەکەم : وابزانم .. لە ماڵەکەمدا مشکێکم بەرچاو کەوت .

هاوڕێی دووەم : ئۆی .. باشە تەڵەیەکی بۆ دابنێ .

هاوڕێی یەکەم : تەڵەم نییە .

هاوڕێی دووەم : گرفت نییە .. بڕۆ تەڵەیەک بکڕە .

هاوڕێی یەکەم : پارەم نییە و ناتوانم بیکڕم .

هاوڕێی دووەم : من تەڵەکەی خۆمت دەدەمێ .. دوایی بۆمی بهێنەوە .

هاوڕێی یەکەم : شتێکی باش و بەجێیە .

هاوڕێی دووەم : بەڵام پێویستە کەمێک پەنیر بخەیتە نێو تەڵەکەوە .

هاوڕێی یەکەم : پەنیرم نییە .

هاوڕێی دووەم : ئۆی .. کەواتە پارچە نانێک لە رۆن هەڵکێشە و بیخە نێو تەڵەکەوە .

هاوڕێی یەکەم : رۆنم نییە .

هاوڕێی دووەم : دەباشە .. تەنها پارچە نانەڕەقێک بخەرە ناو تەڵەکەوە .

هاوڕێی یەکەم : نانەڕەقیشم نییە .

هاوڕێی دووەم ( بە زەرخەنەیەکەوە ) : هاوڕێ گیان .. جا پێم ناڵێیت مشک لە ماڵەکەی تۆدا .. چی دەکات و .. چی بخوات .. ؟؟

٢ـ سەرتاشین بە خۆڕایی

رۆژێک گوڵفرۆشێک چوو بۆ سەرتاشخانەیەک و .. سەری تاشی

گۆڵفرۆشەکە : کاکی ئازیزم .. پارەکەت چەند دەکات ؟

سەرتاشەکە : پارەت لێ وەرناگرم .. ئەم هەفتەیە لە خزمەتی گەلەکەم دام .. بە خۆڕایی سەر دەتاشم .

گوڵفرۆشەکە گەشایەوە و پێی خۆشبوو .. لە سەرتاشخانەکە چووە دەرەوە و رۆیشت .

بۆ سبەی بەیانی کە سەرتاشەکە چوو سەرتاشخانەکەی بکاتەوە، لە پێش سەرتاشخانەکەیدا .. چەپکی گوڵی رەنگاوڕەنگی جوان و .. کارتێکی سوپاسکردنی لە گوڵفرۆشەکەوە بۆ دانرابوو .

ئەو رۆژە بازرگانێک هات سەری تاشی .. ویستی پارەی سەرتاشینەکەی بدا .

بازرگانەکە : برای بەڕێزم .. پارەی سەرتاشینەکەم چەندە ؟

سەرتاشەکە : پارەت لێ وەرناگرم .. ئەم هەفتەیە لە خزمەتی گەلەکەم دام .. بە خۆڕایی سەر دەتاشم .

بازرگانە دڵشادبوو .. لە سەرتاشخانەکە چووە دەرەوە .

بۆ بەیانی رۆژی دوایی .. کە سەرتاشەکە چوو سەرتاشخانەکەی بکاتەوە، لە بەردەم سەرتاشخانەکەیدا .. پاکەتێک شیرینی و .. کارتێکی سوپاسکردنی لە بازرگانەکەوە بۆ دانرابوو .

رۆژی دواتر سیاسەتمەدارێک هات و .. سەری تەراش کرد .

سیاسەتمەدارەکە : کاکە گیان .. پارەی سەرتاشینەکەم چەند دەکات ؟

سەرتاشەکە : پارەت لێ وەرناگرم .. ئەم هەفتەیە لە خزمەتی گەلەکەمدام .. بە خۆڕایی سەر دەتاشم .

سیاسەتمەدارەکە زۆر گەشایە و پێی خۆشبوو .. سەرتاشخانەکەی بەجێهێشت و رۆێشت .

بۆ بەیانییەکەی رۆژی دوای تر .. کە سەرتاشەکە چوو سەرتاشخانەکەی بکاتەوە .. بینی سیاسەتمەدارێکی زۆر لە پێش سەرتاشخانەکەیدا ریزیان گرتووە .. چاوەڕیی کردنەوەی سەرتاشخانەکەی دەکەن .. تا بە خۆڕایی سەریان بتاشن .