گه‌ڵاڵه بۆ یه‌کبوونه‌وه‌ی حیزبی دێموکڕات
هاونیشتمانه به‌ڕێزه‌کان!
کۆمه‌ڵانی خه‌باتگێڕی خه‌ڵکی کوردستان!
وه‌ک هه‌موو لایه‌ک ئاگادارن به‌خۆشی‌یه‌وه بۆ دوو ساڵ ده‌چێ که پێوه‌ندیی نێوان دوولایه‌نی حیزبی دێموکڕات پاش چه‌ند ساڵ له دابڕانی ئه‌م دوو به‌شه که‌وتۆته قۆناغێکی نوێوه که هه‌موو دڵسۆزانی کورد به‌خۆشی‌یه‌وه پێشوازی‌یان لێ‌کردوه‌و به‌چاوی هیواوه لێیان ڕوانیوه. ئێمه له حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌دا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ست‌پێکردنی قۆناغی تازه‌ی پێوه‌ندی‌یه‌کانه‌وه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووین که وتووێژێکی ورد‌و جیددی بۆ وه‌سه‌ریه‌ک‌خستنه‌وه‌ی دوو لایه‌نی حیزبه‌که‌مان ده‌ست پێ‌بکه‌ین که بناغه‌یه‌کی پته‌و بۆ پێوه‌ندی‌یه نێوڕێکخراوه‌یی (درون‌تشکیلاتی)یه‌کان دابنی‌و یه‌ک‌بوونه‌وه‌و یه‌ک‌مانه‌وه‌ی حیزبی دێموکڕات مسۆگه‌ر بکا. به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌تا ئێستا نه‌گه‌یشتووینه ئه‌و ئاکامه دڵخوازه.
چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گه‌ڵاڵه‌یه‌کی بۆ وتووێژ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی یه‌ک‌خستنه‌وه‌ی ریزه‌کانی حیزب پێشکه‌ش به لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ی دێموکڕات کرد‌و داوای کرد که یان ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه بکرێته بناخه‌ی وتووێژ بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌که، یان ئه‌وانیش گه‌ڵاڵه‌ی خۆیان ئاماده بکه‌ن‌و بیده‌ن به ئێمه تا به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ردووکیان سیغه‌یه‌کی جێگای په‌سندی هه‌ردوولا بدۆزینه‌وه. به‌داخه‌وه له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بووه چه‌ند مانگ چاوه‌ڕوانیی ئێمه بێ‌ئاکام بووه‌و تائێستا وه‌ڵامێکی هیوابه‌خشمان له‌و هاوڕێیانه‌وه پێ‌نه‌گه‌یشتوه. بۆیه ، لێره‌دا ده‌قی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه ده‌خه‌ینه به‌رچاوی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان. به‌و ئاواته که ئاگاداربوونی ڕای گشتی له بۆچوونه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ یه‌کبوونه‌وه‌ی دێموکڕاته‌کان‌و داوای دڵسۆزانه‌ی هه‌مووان بۆ به‌ره‌وپێش‌بردنی پڕۆسه‌ی یه‌ک‌بوونه‌وه پاڵنه‌رێک بێ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر به جیددییه‌تێکی زیاتره‌وه بێته نێو پڕۆسه‌که‌و ئه‌م ڕه‌وته زووتر به ئاکامی دڵخواز بگا.
ئه‌وه‌ش ده‌قی گه‌ڵاڵه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکڕات
گه‌ڵاڵه بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکرات
پێشه‌کی
بە دوای لێکترازانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، ئەگەر چی هەر دوو لای ئەو حیزبە (حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) درێژەیان بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان داوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا، رابردووی دێموکرات و خۆشەویستی و پێگەی حیزبی دێموکرات لە نێو کۆمەڵانی خەڵک دا، وای کردوە کە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات و زۆربەی خەڵکی کوردستان، یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بە گرنگترین داوا و پرسی خۆیان بزانن، داوایەک کە لە نیو ئەندامان و ڕیزەکانی هەر دوولادا ڕەنگی داوەتەوە و کەوتۆتە قۆناغی بەدواداچوون و دۆزینەوەی ڕێگاچارە.
لە ژێر ڕووناکایی ئەم راستییەدا، بۆ ئەوەی هەر دوو لای دێموکرات بە یەکەوە بتوانن حیزبی دێموکراتێکی بە هێز و یەکگرتوو، بۆ وڵامدانەوە بە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و جێبەجێکردنی رەسالەتە مێژووییەکەی ئامادە بکەن، حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەم گەڵاڵەیە بە مەبەستی وەسەریەکخستنەوەی دێموکراتەکان پێشنیار دەکا:
ئامانجی گه‌ڵاله‌که:
– یه‌کگرتنه‌وه‌ی هەنگاوبەهەنگاوی حیزبی دێموکرات له پرۆسه‌یه‌کی زه‌مانیی دیاریکراودا
(له ڕێککەوتن لە سەر گەڵالەی یەکگرتنەوە تا پێکهێنانی کۆنگره‌ی ١٦).
– دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی حیزبی دێموکرات دا که وه‌ڵامده‌ر و ده‌سته‌به‌ری یەکڕیزی و پێکه‌وه بوون و خه‌بات و تێکۆشانی رۆڵه‌کانی بێت و بەر بە دووپاتبوونەوەی ئەزموونە ناخۆشەکانی لێکدابڕانەکانی ڕابردوو بگرێت.
چه‌ند پره‌نسیبی بناغه‌یی بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکرات:
ئەلف – حیزبی دێموکرات دوای وه‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی یه‌کیه‌تیی خۆی و له کۆنگره‌ی داهاتوو ج(کۆنگره‌ی ١٦) دا، ڕێوشوێن بۆ چۆنیەتیی بەکاربردنی ئەو دەستەواژانە پەسند دەکا کە بە ناو و ناسنامەی حیزبی دێموکرات دەژمێردرێن.
ب – سه‌رجه‌م ئه‌سناد و ئارشیوی هه‌موو ئورگانه‌کانی حیزب له هه‌ر دوولا، ئیمکاناتی ته‌داروکاتی و خه‌ده‌ماتی، که‌لوپه‌لی ئورگانه‌کان، چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی، ئیمکاناتی راگه‌یاندن (رادیۆ و تیڤی، رۆژنامه و سایت، سه‌رچاوه‌ی داهات و دارایی نه‌قدی و سه‌رمایه‌و که‌لوپه‌ل و ئه‌ملاکی حیزبیی هه‌ر دوولا به ڕوونی لیستیان ده‌گیرێ و ده‌بنه مڵکی حیزبی دێموکراتی یه‌کگرتوو).
ج – له ماوه‌ی نزیک به حه‌وت ساڵی ڕابردوودا هه‌ر بڕیارێک له هه‌ر لایه‌ک درابێ که به‌رهه‌می حاڵه‌تی نائاسایی نێوان دێموکراته‌کان بووبێ، هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه و به‌تاڵ ده‌کرێ و له ئیعتبار ده‌که‌وێ.
د – چ له باری سیاسی و پێوه‌ندی و دیپڵۆماسی و هه‌ڵوێست و ڕوانگه‌ی حیزبه‌وه، چ له باری ته‌شکیلات و نه‌زم و ئینزباتەوە، ئایین نامه و هه‌موو شته هاوبه‌شه‌کان یه‌کسان ده‌کرێن و ده‌بن به خه‌ت و رێباز‌و بڕیاری حیزبی یەکگرتوو. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له یه‌کێک له بواره‌کانی سیاسی، ته‌شکیلاتی و مودیرییه‌تی، ئیداری و هتد دا جیاوازییه‌ک به‌رچاو که‌وت، هه‌و‌ڵ ده‌درێ پێش به‌ستنی کۆنگره خوێندنه‌وه‌ی هاوبه‌شیان بۆ بدۆزرێته‌وه، ئەگینا لە کۆنگرە دا بڕیاڕیان لە سەر دەدرێ.
و – پاش هه‌ڵگیرانی هه‌موو هه‌نگاوه‌کانی وه‌سه‌ریه‌ککه‌وتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکرات، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کڕیزییه‌کی پته‌و و واقیعی له نێو حیزب دا بێته ئاراوه و هه‌ر دوولا به‌ته‌واوی پێی پابه‌ند بن، به بڕیارێکی تایبه‌ت، کۆنگره‌ی ١٦ مێژووی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی هەر دوو به‌شی دێموکرات به مێژووی حیزب به‌گشتی دەناسرێ.
قۆناغەکانی یه‌کگرتنەوە(میکانیزم و هەنگاوەکان):
قۆناغی یەکەم (قۆناغی دەسپێک):
وەک دەسپێکی پڕۆسەی یەکگرتنەوە، کۆمیتەی ناوەندیی هەر دوو لا:
١- پرەنسیپە بناغەییەکانی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموكرات و بەرنامە بۆ جێبەجێکردنی، پەسەند دەکەن،
٢- هەیئەتەکانی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی پڕۆسەی یەکگرتنەوە ڕادەسپێرن.
٣- بە هەماهەنگی لە گەڵ یەکتر، لە سەر زەمانی گرتنی کۆنگرەی ١٦، وەک دوا هەنگاوی پڕۆسەی یەکگرتنەوە، ساغ دەبنەوە.
قۆناغی دووهەم (ئامادەکاری بۆ کۆنگرە)
هەیئەتە دیاریکراوەکان:
١- جه‌دوه‌لێک بۆ زه‌مینه‌سازیی خستنه‌وه‌سه‌ریه‌کی ئۆرگانه‌کان و به‌شه هاوشێوه‌کانی هه‌ردوو لا ئاماده ده‌کەن. له‌م پێوه‌ندییه‌ش دا:
– لیستی پێرسۆنیل (کادر و پێشمەرگە)، ئاماری ئەندامانی ئاشکرا (لە کوردستان و دەرەوەی وڵات) لیستی دارایی و ئیمکاناتی ئۆرگان و به‌شه هاوشێوه‌کانی هه‌ر دوو لا و ئاییننامه‌کانیان، له‌گه‌ڵ یه‌کتر ئاڵوگۆڕ ده‌کەن.
– کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه و سمیناری هاوبه‌ش به مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕکردنی ئه‌زموونه‌کان و دروستبوونی دید و تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له باره‌ی کار و ئه‌رکی داهاتوو، له نیوان ئۆرگان و به‌شه هاوشێوه‌کان پێک ده‌هێنن.
– ڕێوشوێنی پێشنیاری بۆ سازماندانه‌وه‌ی هێزی کار‌و شوێنی نیشته‌جێ بوونی هه‌ر ئۆرگان و به‌شێک و هه‌ماهه‌نگی له نیوانیان دا، گەڵاڵە دەکەن.
– به گوێره‌ی زه‌وابیت و پێوانه‌ی وه‌کیه‌ک، پله و پایه و مه‌وقعییه‌تی ته‌شکیلاتیی هه‌ر کادر و پێشمه‌رگه و ئه‌ندامێک (له هه‌ر لایه‌ک له‌م دوو لایه‌نه بێت)، لە لای خۆیان سه‌بت و جێگیر ده‌کەن.
٢- کۆمیته‌یه‌کی هاوبەش بۆ ئاماده کردنی کۆنگره‌ی ١٦ پێشنیار دەکەن. ئەرکی کۆمیتەکە جێبەجێکردنی ئه‌م ئه‌رکانه ده‌بێ:
– گه‌ڵاله‌ی به‌رنامه و پێڕه‌وی نیوخۆی حیزب بۆ په‌سندکردن له کۆنگره‌ی داهاتوودا ئاماده ده‌کا.
– به‌رنامه و میکانیزمی به‌ستنی کۆنفرانسه‌کانی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پێکهێنانی کۆنگره پێشنیار ده‌کا.
– لیستی ئه‌ندامانی ته‌شکیلاتیی هه‌ر دوولا، له کاتی دیاریکراودا دا وه‌رده‌گرێ.
– شێوه و میکانیزمی گونجاو بۆ هه‌ڵبژاردنی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له کۆنگره دا، ده‌دۆزێته‌وه.
– ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی ده‌بێ له کۆنگره دا باسیان له سه‌ر بکرێ و په‌سند بکرێن، گه‌ڵاڵه ده‌کا.
٤- ڕێوشوێنە پێشنیارییەکان و ئەو قەرار و بڕیاڕانەی دوو هەیئەتەکە لەسەری ساغ دەبنەوە، بە پەسەندی ڕێبەریی هەر دوو لایەنی، دەگەیەنن.
تێبینیی١:
کۆنگره‌ی ١٦ به پێی پێڕه‌وی نیوخۆ له ئه‌ندامانی ڕێبه‌ریی هه‌ر دوو لای دێموکرات (هه‌ڵبژێردراوانی کۆنگره و ڕاوێژکارانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی) و ڕێژه‌یه‌ک له نوێنه‌رانی کادرەکان، پێشمەرگەکان و ئه‌ندامان که ئه‌و دوو ڕێبه‌رییه له سه‌ری ساغ ده‌بنه‌وه، پێک دێت.
تێبینیی٢:
بە ئامانجی پێکهاتنی زۆرترین هاوفکری و هەماهەنگی لە بارەی کاروباری پێوەندیدار بە کۆنفڕانسەکان، بەر لە دەستپێکردنی کۆنفڕانسەکانی پێش کۆنگرە، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەریی هەر دوو لا و هەیئەتە دیاریکراوەکان و کۆمیتەی ئامادەکردن پێک دێت.
قۆناغی سێهەم (قۆناغی کۆتایی)
دوای تەواوبوونی کۆنفرانسەکان، هەر دوو کۆمیتەی ناوەندی+ هەیئەتە دیاریکراوەکان و کۆمیتەی ئامادەکردنی کۆنگرە) لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دا:
١- گوێ لە راپۆرتی کۆمیتەی ئامادەکردنی کۆنگرە دەگرن و هەڵی دەسەنگێنن.
٢- ڕاپۆرتی سیاسیی ئامادەکراو بۆ کۆنگرە تاو وتوێ دەکەن و پەسەندی دەکەن.
٣- لە سەر بەڵگەنامە پێشنیارییە ئامادەکراوەکان کە دەبێ کۆنگرە دەنگیان پێ بدا، بڕیار دەدەن.
٤- شێواز و میکانیزمی هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی لەکۆنگرەی ١٦ دا پەسەند دەکەن.
٥- کۆنگرەی ١٦، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان دەبێ و رەسمییەت بە یەکبوونەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دەدا.
تێبینی٣:
ئەو حاڵەتانەی لەوانەیە لە نێوان دوو لایەن دا جێی باس و مناقشە و ناکۆکی بن و لەم گەڵاڵەیە دا نەهاتوون، بە پێی گرنگییان، لە ئاستی هەیئەتەکان یا دەفتەری سیاسیی هەر دوو لا دا، بڕیاریان لە سەر دەدرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی